یەكێتى نیشتمانى و كام ئەنجومەنى ناوەند.؟
Thursday, 28/01/2010, 12:00
گوتارى زۆرێك لە كادرەكانى هەر دوو حیزبى دەسەڵات شێكردنەوەیەكى خەیاڵى ئەو دەست كەوت و داهێنانە زۆر و زەوەندە خەیاڵیانەیە كە پارتەكانیان بەدەستیان هێناوە یان داهێنانیان تێدا كردوە، كەچى میللەت دڵى پێ خۆشناكاو چاوى نایبینێت، بۆ یەكەمجار (یەكێتى و پارتى) یان كابینەى پێنجەم لە كەناڵەكانى راگەیاندنەوە وێنەى هەناردەكردنى نەوتى كوردستانیان پیشانداین، بە جۆرێك باسیان لێوەكرد كە ئەمە ئەو خەونەیە كە چەندین ساڵە بە ئاواتەوەین بێتەدى و چیتر دەبە و بەمیل لە ماڵەكانماندا نابینین (نەوت و غاز) مان بە بۆرى بۆ رائەكێشن بۆ ماڵەكانمان، چیتر هەژارى نابێتە هۆى ئەوەى كە سەرما زۆرمان بۆ بێنێت، كەچى ئێستا سوتەمەنى لە پێش هەناردەكردنى نەوت زۆر گرانترە.! سەرەڕاى ئاشكرابوونى چاوبڕكێ ئابوریە تەماویەكانى نیوان (دى ئێن ئۆ) و (وەزیرى سامانە سروشتیەكان)، بۆ چەندین جار مژدەى چارەسەربوونى گرفتى كارەبایان پێداین كە چیتر منداڵە چاوگەشەكانى كوردستان لە تاریكیدا كات ناگوزەرێنن، كەچى ئێستا دۆخى كارەبا لە هەموو كات خراپترە، لەوەش سەیرتر بڕیارى كەمكردنەى ماوە و نرخ و تا لابرنى مۆلیدە ئەهلیەكانیان دەركرد، چەندین داهێنانى خەیاڵى لەمجۆرە رۆژانە لە میدیاى دەسەڵاتەوە دەبیستین، نوێترین داهێنان كە لە پلنیۆمى (ى.ن.ك) دا بڕیارى لێدرا پێكهێنانى (ئەنجومەنى ناوەند) بوو، یەكێتى بە حوكمى ئەو كارەساتە شۆكهێنەرەى لە هەڵبژاردنەكانى (25/7) ى ساڵى رابردوو توشى بوو، چەندین رێگەى بەمەبەستى بەخۆدا چونەوە و هاتنەوە سەر سكەى سروشتى سیاسى گرتەبەر لە وانە واژۆ كردنى (پەیمانى ئاكار) و پێكهێنانى (ئەنجومەنى ناوەند) بوو، كە هەردوو بڕیارەكە جێگەى پرسیار بوون، پەیمانى ئاكار بەو ئاراستەیەى كە ئەم رێكخراوە پەیڕەو و پڕۆگرامى هەیە زۆر نا تەندروست بوو، چونكە ئەم پەیمانە لە پلنیۆمدا واژۆ كراوە و پلنیۆمیش لە كۆنگرە گەورەترنیە، لە هەمان كاتدا پەیمانى ئاكاریش لە پەیڕەو و پڕۆگرامى ناوخۆ مەزنتر نیە، رونتر ئەگەر كەسێك پەیڕەو و پڕۆگرام پێشێل بكات وەك چۆن لەوەتەى یەكێتى هەیە پێشێل ئەكرێت، ئەوا پیشت گوێ خستنى پەیمانى ئاكار زۆر ئاسانترە، دۆخى دووەمیان (ئەنجومەنى ناوەند) جیاوازە، لەبەر ئەوەى یەكەم ئەم ئەنجومەنە هامشكراوى كۆنگرەى دووەمە و دەساڵە كارى پێنەكراوە، دووەم ئەندامانى ناو ئەنجومەنكە دانراون و هەڵنەبژێردراون، سێیەم زۆربەى ئەندامە دانراوەكان بەسەركردنەوەیان پێوە دیارە و كاریان بۆ دۆزراوەتەوە، تیایاندایە پێشتر بە هەر هۆیەك لابراوە، تیایاندایە تا سەر ئێسقان تەكەتولى كردوە، سەرەڕاى ئەم تێبینیانە وا چاوەڕوان دەكرا ئەم ئەنجومەنە ئۆرگانێكى جیاوازى یەكێتى بێت لە ئۆرگانەكانى تر، بڕیار وابوو كە ئەم ئەنجومەنە تایبەت بێت بە چارسەركردنى دۆخى نا تەندروستى ئێستاى یەكێتى، ئەوەى كە چاوەڕوان نەدەكرا ئەوە بوو ئەم ئەنجومەنە پەلبهاوێت بۆ تەكەتول و ئەو شەڕى راگەیاندنەى كە هەموو یەكێتى پێوەى سەرقاڵن، كەچى دەست پێكى كارەكانیان دیسان هێرشكردنە سەر گۆڕان بوو، پاش یەكەم كۆبونەوەى ئەم ئەنجومەنە (مامە خەفە) و (ئاوات عەبدولخەفور) كە دوو ئەندامى ناو ئەم ئەنجومەنەن ئاڵانە شەڕە ئیعلامیەكەوە و بە تایبەت (ئاوات عەبدولخەفور) بەردەوام هێرش دەكاتە سەر گۆڕان، سەیرە تۆ بڵێى ئەم ئەنجومەنەش لیژنەى تایبەت بە هێرشكردنە سەر گۆڕانیان دانابێت، ئەى ئەبێت لیژنەى پێشوازیكردن لە گۆڕانخوازە گەڕاوەكانیان كێبن.؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست