مەلا بەختیار لە حەق بێژییەوە بۆ دیماگۆگییەت.!
Thursday, 28/01/2010, 12:00
سەرەتاكانى راپەڕین تا یەكەمین هەڵبژاردنى كوردستان لە 19/5/1992 قۆناغێكى هەستیاربوو كە ئەركى بەڕێوەبردن یان حوكمڕانیكردنى كوردستان لە دەستى هێزەكانى بەرەى كوردستانیدا بوو، ئەگەرچى ئەوێ رۆژ كوردستان و دەسەڵاتەكەى هیچ ئەزمونێكى حوكمڕانیكردن و بەڕێوەبردنیان نەبوو، كە ئەمە وایدەكرد لانى كەم بیانوویەك رەچاوكرێت یان كەمتەرخەمى و گەندەڵى تا ئاودیوكردنى زۆربەى وەسائیلەكانى ئەم وڵاتە هەرچەندە ئاسایى نیە بكرێت، بەڵام بەبەراورد لەگەڵ تێپەڕبوونى (18) ساڵ بەسەر حكومڕانى خۆبەخۆى كوردیدا و بەردەوام بوونى ئەو دۆخە ناسروشتیە هەستیارە وا دەكات كە هیچ پاساوهێنانەوەیەك نابێتە جێى بڕواى جەماوەر و ناچیتە هیچ هاوكێشەیەكى باوەڕهێنەوە، لەم راپۆرتەدا وتەو نوسراوەكانى كەسایەتیەكى سەرسەختى دژ بە دەسەڵاتى ئەوساو، دەسەڵاتدارێكى ئێستا دەخەینە بەر پێنووسى بەراوردێكى رۆژنامەوانیانە، بڕوانن (مەلا بەختیار) كەسایەتى یەكەمى (ئاڵاى شۆڕش) ى ئەو كاتە، وتەبێژ و كارگێڕى مەكتەبى سیاسى (ى.ن.ك) ى ئێستا چۆن باس لە حكومڕانى بەرەى كوردستانى دەكات، ئەم راپۆرتە خوێندنەوەیەكى رۆژنامەوانیە بۆ نامیلكەى (حكومڕانى بەرەى كوردستانى یان دەسەڵاتى دیموكراسى؟).
حكومڕانى بەرەى كوردستانى یان دەسەڵاتى دیموكراسى؟ ئەم نامیلكەیە لە نوسینى (مەلا بەختیار) لەبەروارى 11/12/1991 كە یەكێكە لە بڵاوكراوەكانى (ئاڵاى شۆڕش) بڵاوكراوەتەوە، ئەم نامیلكەیە لە (21) لاپەڕە پێكهاتوەو بە (پێشكەشە بەوانەى نوێترین هەڵوێستى مێّژوویى تۆماردەكەن..مانگرە خۆڕاگرەكان) دەست پێدەكات و بە (نان، كار، ئازادى بێتەدى دەسەڵاتى شوراكان) كۆتاییدێت، لەم نامیلكەیەدا (مەلا بەختیار) سەرسەختانە باس لە حەقیقەتێكى پڕ ئازار دەكات كە ئەو كاتەى دەسەڵاتى بەرەى كوردستانى بێ خەم رێگاى دەدا سەروەت و سامان و سەرجەم پێداویستى كارگە و كارخانەكانى ئەو كاتە و بە دەیان هەزار لیتر سوتەمەنى ئەم وڵاتە ئاودیوى ئێران بكرێت، ئەو كاتە پاشا گەردانى گەشتبووە ئاستى مەترسیدار، هیچ یاسایەك نەبوو لە تەنها جاش و مستەشارێكیش بپێچێتەوە، لەبەشێكى ئەم نامیلكەیەدا (مەلا بەختیار) راستگۆیانە دەست لەسەر برینەكانى ئەو كاتە دادەنێت، ئەوەى ناكۆكە لەگەڵ بابەتەكەدا خوێندنەوەى ئەم نامیلكەیە و تەشەنەسەندنى زیاترى ئەو پاشا گەردانى و گەندەڵیەیە لە كوردستان، لەگەڵ ئەو بەردەوامیە ماڵوێرانكەرە دەبوو ئێستا (مەلا بەختیار) لە هەموو كەس زیاتر نەیار و ركابەرى ئەو دەسەڵاتە و پارتە باڵادەستەكانى ناوى (یەكێتى و پارتى) بوایە،بڕوانن لەو نامیلكەیەدا چى دەڵێت.؟
شۆڕشى كورد و شۆڕشەكانى جیهان.! سەرەتاى نامیلكەكە بە بەراوردى شۆڕشى كورد و بەشێك لە شۆڕشەكانى جیهان دەست پێدەكات، كۆمۆنەى پاریس و شۆڕشى ئۆكتۆبەر و شۆڕشى چین و شۆڕشى ڤێتنام و شۆڕشى كۆریاو لاوس و كەمبۆدیا چەند شۆڕشێكى ناو بەراوردەكەن، مەلا بەختیار لەم بەراوردكاریەدا شۆڕشى سەردەمى شاخى كورد بە خراپترین جۆرى شۆڕش ناوزەند دەكات و پێى وایە كە شۆڕشى كورد هیچ دەسكەوتێكى ئەوتۆى بۆ زەحمەتكێشانى كورد بەدینەهێناوە كە دەیتوانى بەدیبێنێت، سەرەڕاى ئەوەى كە (مەلا بەختیار) لە ناونیشانى نامیلكەكەدا خۆى یەكلایى كردۆتەوە بۆ ئەو بابەتەى كە (حكومڕانى بەرەى كوردستانى) بەهیچ شێوەیەك دیموكراسى نیەو داهێنانى فرە حیزبیش فرە حیزبیەكى بێ دیموكراسیە، وەك چۆن بە دەق لە لاپەڕە (11) نامیلكەكەدا دەڵێت "كە جەنگى درێژخایەنى بەرەنگارى سەر لەنوێ دواى هەرەس بەرپا كرایەوە، زەمانى سیاسى و زەمینەى كۆمەڵایەتى و ئایدۆلۆژى، لە چاو سەردەمى ئەیلول، لە جیهان و ناوچەكە و عیراق و كوردستانیشدا گۆڕابون، ئەم گۆڕانەش كەمێك لە كوردستانیشدا رەنگ و دەنگیان هەبوو، زەقترین گۆڕانكاریش، هاتنە ئاراى سیاسەتى فرە حیزبى بوو، بەڵام فرە حیزبیەكى بێ دیموكراسى" لە هەمان تەوەردا (مەلا بەختیار) زۆر بەتوندى لەسەر یەكێتى ئەدوێ و بە پارتێكى نا دیموكراسى دواى هەرەس ناوى دەبا و دەڵێت "دیموكراسیەت لە ناو ئەم بزوتنەوە چەكداریەى پاش شۆڕشى ئەیلول، هێندە هەبووە، كە لایەكى نەیار و لاواز بكرێ، دەنا گەر بە ئاستەم پایە و پلەى لایەكى سیاسى، یان رێبەرێكى ناودار، لە سەراپاى كوردستاندا كەوتبێتە مەترسیەوە، ئەوەى نەشێ لە فەرهەنگى سیاسەتدا، بەرامبەر بەو لایەى مەترسیەكەى هەیە كراوە " لە درێژەى نوسینەكەدا (مەلا بەختیار) باسى بابەتێكى زۆر هەستیارى ئەو سەردەمە دەكات و دەڵێت"لە كاتێكدا لە بارتەقاى هەر سوكە دەسكەوتێكى پێشمەرگەدا، زیانى كۆمەڵایەتى و گیانى و ماڵى ئەو تۆ لە زەحمەتكێشان دراوە، نەبێتەوە...مەسەلەى داوێن پیسى و ناوزڕاندنیش لەولاوە بوەستێ، لەناو ئەم خەباتە چەكداریەشدا، جگەلەوەى تەنانەت لە یەك ئاغا، لە یەك دەرەبەگیش، ئەرز نەسەنراوەتەوە و نەدراوەتە جوتیارە هەژارەكان، بەڵكو رێزیش لێگیراون و بەهۆى جەنگى ناوخۆشەوە، چاو لە تاوان و جاسوسیشیان پۆشراوە، جگە لەم راستیە، سەدان لێپرسراوى عەسكەرى و سیاسیش، لە رێبەرایەتى حیزبەكانەوە هەتا پلەكانى خوارەوەى ناو حیزب و خەباتە چەكداریەكە، سەدان لێپرسراوى هەڵمەتەكانیش بە تاوان و تاڵان بە چەشنێ دەوڵەمەندبوون، خۆزگە بە كفن دزەكان! "
راپەڕین و ئاستى سەركردایەتیەكان.! كوردستانى بەشى عیراق. لە باسكردنى شۆڕش لە كوردستانى بەشى عیراقدا (مەلا بەختیار) دووپاتى شكستى بەردەوامى شۆڕشەكانى ئەم بەشەى كوردستان دەكاتەوە و دەڵێت"ئەوەتەى بابانەكان بەرسنگیان لە عوسمانیەكان گرتووە، هەرەس بە هەرەس دەسپێردرێت! دواى هەرەسى ئازارى بە ئازارى (1975)یش، وەكو دایكێك ئاخرین منداڵى ببێ، هەرەسەكە هەر زوو ژانى بە درێژخایەنترین خەباتى چەكدارى گرت و ساڵ و نیوێكى نەبرد، ئەم بزوتنەوە بزێوەى بوو، بزێوى بزوتنەوەكەش گەر تەمەنى بزوتنەوەكەى باش راگرتبێ، ئەوا نەیتوانى لە بەسوێترین نسكۆى بپارێزێ، كە نسكۆى دواى زیاتر لە (200) هەزار شەهیدى پاش ئەنفالەكانە، دواى ئەنفالەكانیش بە حوكمى مانەوەى ناكۆكیەكانى نێوان عیراق و ئیران، هێزە سیاسى-چەكدارەكان توانیان مانۆڕى مانەوەى عەسكەرى سیاسیان بە لاوازیەكى زۆرەوە، درێژە بدەنێ" لە دیرێژەی بابەتەكەدا (مەلا بەختیار) بەشێوەیەكى بەرفراوانتر باسى شۆڕشەكانى جیهان دەكات، هەر لەسەرەتاى لاپەڕە (13) دا دەنوسێت" لە ئەدەبیاتى كلاسیكى ماركسیزم و لینینزم دا نەوەك خەباتى چەكدارى درێژخایەن لە شاخەكانەوە بۆ شارەكان، هەرگیز نەكراوەتە یاساى سەرەكى رزگارى كرێكاران و ... گەلان، بەڵكو زۆركەم بایەخ بەم خەباتە دراوە و هێندەى بە پێویستیش زانراوە، تەنها وەكو ئامرازێكى لاوەكى باسى لێوە كراوە و خراویشەتە خزمەتى راپەڕین"، پاشتر دەنوسێت: لە شۆڕشى چین بە دواوە ماوتسیتۆنگ بۆ هەلومەرجى چین و وڵاتانى مانەندى چین (داگیركراوى نیمچە دەرەبەگ) شۆڕشى درێژخایەنى كردە بەشێكى گرنگى بنچینەكانى یاساى رزگاریان، لەسەر هەمان تەوەر درێژە بەنوسینەكەى دەدات و نمونەى چەندین شۆڕشى شكستخواردویتر بۆ بابەتەكەى دەهێنێتەوە و دەنوسێت "بەرە بەرە زەمانە، ئەو گەوهەرە كۆمەڵایەتى و سیاسى و عەسكەریەى خەباتى چەكدارى كە ئەو وڵاتانەیان گەیاندە سەركەوتن، جێهێشت و یاساى شۆڕشى چەكدارى، بەتاڵكرا. چەندین میللەت لەو رێڕەوەدا رێبازى شۆڕشى درێژخایەنیان تاقیكردەوە و سەریش نەكەوتن، لەوانە، بۆلیڤیا، بەرازیل، ئەرژەنتین، پیرۆ، یۆنان، زەفار، فەلەستین و كوردستان...تاد."
ستراتیژى راپەڕین..! لەم بەشەى نوسینەكەیدا (مەلا بەختیار) باس لە داگیركردنى كوێت دەكات و دەنوسێت"دواى ئەوەى جەنگ لەگەڵ ئیرانیش راگیرا و نسكۆش بەسەر بزوتنەوەى كوردا هێنرا، دەریخست كە رژێم لە ترسى تەقینەوەى قەیرانەكانى لە هیچ تاوانێك ناسڵەمێتەوە، ئەم جەنگە زەمینەى زوتر بەرپاكردنى راپەڕینى خۆشكرد و راپەڕینیش، پارسنگى تەقینەوەى نسكۆ چەكداریەكەى دایەوە و سەركردایەتى بە ئەزمونى ناسیۆنالیستى كوردیش، نسكۆ عەسكەریەكەى بە راپەڕین ژدێل (تعویچ) كردەوە"
لە درێژەى نوسینەكەیدا (مەلا بەختیار) باس لە راپەڕینى ئازارى (1991) دەكات و هەموو ئەو هێز و كەسایەتى و لایەنە سیاسیانە بە درۆ دەخاتەوە كە باس لە سەركەوتن و ئامادەكاریەكانى راپەڕین دەكەن و بە بۆچون و نوسینەكەى (مەلا بەختیار) ستراتیژى راپەڕین لاى هیچ لایەك نەبووە و پێشهاتێكى ناوچەیى و ناودەوڵەتى وایكرد كە جەماوەر راپەڕن، هەر بەو مەبەستە لە لاپەڕە (15) ى نامیلكەكەیدا دەنوسێت "ئەگەر بۆ پاش روخانى رژێم لە جەنگى كوێتدا، یان بۆ كاتى سەرلێشێواوى رژێم لە كاتى بەزیندا، لایەنە چەكدارەكان نەخشەى عەسكەرى و سیاسیان بۆ كوردستان داڕشتبێ، ئەوا ستراتیژى راپەڕین لاى هیچ لایەك نەبووە، بۆیە راپەڕین خۆرسكانە بەرپابوو، شانازى جەماوەریشە بە قارەمانێتى خۆیان ورەى گەڕانەوەى بەكۆمەڵى هێزە چەكدارەكانیان ژیاندەوە، بەڵام گەڕانەوەیەكى بێ بەرنامە، بەڵكو دەشتوانین بڵێین سەركردایەتى تەواوى هێزە سیاسیەكان(بەخۆشمانەوە) لە خوار وشیارى جەماوەر بیرمان لە روداوەكان دەكردەوە، هەر بۆیە هەتا راپەڕینیش بەرپاكرا، گەورەترین ئومێدى سیاسى، لەوپەڕى لاوازبوونى رژێمیشدا، دیسان مفاوەزات بوو، بەڵكو سەرەداوى مفاوەزاتیش لە گەرمەى تەپینى سوپاى عیراق و راپەڕیندا، گیرابووە دەستێك و بە دەستەكەى تریش، جەماوەر و پێشمەرگە هاندەدرا. "
لێرەدا جێى خۆیەتى بپرسین ئەو دەستە كێبوو لە گەرمەى تەپینى سوپاى عیراقدا لە لایەكەوە مفاوەزاتى دەكرد و لە لایەكەوە جەماوەر و پێشمەرگەى هاندەدا؟ ئایا (مەلا بەختیار) ئێستا ئامادەیە قسە لە سەر خاوەنى ئەو دوو دەستە دژ بە یەكە بكات، لە هەمان كاتیشدا ئەم دێڕە تەواو هاو واتایە لەگەڵ دواین وەڵامدانەوەى نەوشیروان مستەفا (لە هاو خەباتیەوە بۆ تەخوین) بۆ تاڵەبانى كە لە بەشێكیدا باس لەو رۆژەو لەو دەستە دەكات.
دەست كەوت یان لە دەستدان؟ لەم بەشەى نوسینەكەیدا (مەلا بەختیار) لە راپەڕین لە نێوان دەست كەوت و لە دەستداندا بە گومانە، هەر بۆیە نەك تەنها راپەڕین بەڵكو دەسەڵاتى دواى راپەڕینیش لە هەر دەست كەوتێكى كۆمەڵایەتى بەتاڵ دەكاتەوە و تیایدا دەنوسێت "سەركەوتنە كاتیەكەى راپەڕین و... شكستە كاتیەكەى راپەڕین و... دوورنیە دەسەڵاتى ئێستاش هەر كاتێ بێ، چ دەستكەوتێكى كۆمەڵایەتیان بۆ خەڵك هەبوو؟ هێزێكى چەكدارى دوچارى نسكۆكراو، پێویست بوو لەبەردەم ئەو جەماوەرەى بە راپەڕین نسكۆكەى پارسەنگ دایەوە، كە زاڵ دەبێ بەسەر راپەڕینەكەدا، رۆژانە بە دەستكەوتى گەورە گەورە كڕنوش بەرێ و دواى سەدان دەستكەوتیش، هێشتا خۆى بە قەرزاربارى جەماوەرەكە بزانێ"
لێرەدا جێى خۆیەتى بپرسین ئایا ئەو سەدان دەستكەوتە گەورە گەورەیە كامەیە كە لەماوەى زیاتر لە (15) ساڵى رابردودا حیزبەكەى (مەلا بەختیار) بۆ كوردیان بەدەست هێناوە كە لەو ماوەى (15) ساڵەدا (مەلا بەختیار) ئەندامى مەكتەبى سیاسى حیزبێكى عیملاقى ! وەك یەكێتى بووە؟
ئەگەر لە رابردوودا (مەلا بەختیار) لە دەرەوەى ئەم پارتە دەسەڵاتدارەدا بووە، ئەو كاتەى ئەم بەرێزە داواى دەستكەوتى گەورە گەورە بۆ جەماوەر دەكات، دەسەڵاتى سیاسى و ئیدارى و دارایى ئەو كاتە تەنها (گومرگ) ەكان بووە، بەڵام لەماوەى (15)ى رابردوودا (مەلا بەختیار) ئەندامى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسى پارتە حكومڕانەكە بووە، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتى ئەم دواییە لە روى سیاسى و ئیدارى و داراییەوە زۆر كراوەتر بووە، ئەبێت كەى (مەلا بەختیار) شەڕى ئەم دەستكەوتە جەماوەریانە بباتە مەكتەبى سیاسى و كابینەى حكومەتى پارتەكەیەوە؟
تاوان و تاڵانى بەرەى كوردستانى.! لەم تەوەرەى نوسینەكەیدا (مەلا بەختیار) بە تەواوى دەست دەخاتە سەر برینەكان و دەنوسێت "تاوان و تاڵان بە ڕادەیەك لە سایەى قەڵەمڕەوى (بەرەى كوردستانیدا) پەرەیان سەندووە، لە مێژووى نەتەوەى كورددا، نمونەى نیە" لەهەمان تەوەردا دەنوسێت "وە نەبێ لە كوردستاندا تواناى خزمەت و هێنانەدى دەست كەوت نەبێ نەخێر، گەلێ توانا هەیە! تواناى ئابورى، كۆمەڵایەتى، سیاسى و رۆشنبیرى كەچى لەبرى خزمەتى خەڵك، ئەو توانایانە بەزۆرى دەكرێتە خۆراكى دزە نەهەنگەكان كە بەهیچ تێر ناخۆن."
جۆرى تاڵانیەكانى سەردەمى بەرەى كوردستانى.! لەم تەوەرەدا (مەلا بەختیار) زۆربەى ئەو بابەتانەى كە (نەوشیروان مستەفا) لە درێژەى یاداشتەكانیدا وروژاندونى پشت راست دەكاتەوە، لێرەدا بەخاڵ (مەلا بەختیار) جۆر و رادەى تاڵانكاریەكانى سەردەمى قەڵەمڕەوى بەرەى كوردستانى دەست نیشان دەكات و دەنوسێت "- هەتا ئێستا هیچ كارگەیەك لە سایەى (بەرەدا) بەرهەمى زیاد نەكردووە و نرخى كاڵاكان هەرزان نەكراوە (دزینى كارگەكان لەو لاوە بوێستێ) بچوكترین نەخشەى هەرەوەزى كشتوكاڵ و كێڵان و چاندن بۆ ساڵى ئایندە نیە هەتا لەم ئاستە تەنگە ئابوریەدا ئومێدێ بە خەڵك بدرێ (فرۆشتنى تراكتۆر و دەڕسە و ئامڕازەكانى دیكەش ئاساییە) شەقامەكان، رێوبانەكان، ناو شار و كۆڵان و گەڕەكەكان، خراپتر بون و لوتە شۆفڵێكیان پێ نەهێنراوە، قیر نەكراون و چاڵێك پڕنەكراوەتەوە، (بە ئاسانى شۆفڵ و مەكینەى قیر ئاودیوى سنور دەكرێن) - كارەباى نوێ بۆ گەڕەكێك، گوندێك، شارۆچكەیەك، ئۆردوگایەك، سەیرانگایەك رانەكێشراوە، (بەهەزاران تەنتەلى كارەباو مسى ناو محاولەكان شەوانە قوت دەدرێن) بەنزین، نەوت، گازو گازۆیل، بە رێك و پێكى تەوزیع ناكرێ (رۆژانە دەیان هەزار لیتریان لە بازاڕى رەشدا دەفرۆشرێ) دایرەكان سەیارەیان نى یە كارەكانیان راپەڕێنن، (كاروانى سەیارەى مەسئولەكانیش هەتا دێ زۆرتر دەبێ) ئەم تەوەرە گرنگترین و هەستیارترین بەشى نوسینەكەیەتى، كە تیایدا هەناسەیەك بۆ خەبات و بۆ پاكێتى شكنابات لە دەسەڵاتى یان حكومڕانى (بەرەى كوردستانی) دا، سەرسامدەبیت ئەگەر ئێستا خاوەنى ئەم نوسینە توانیبێتى وا بكات كە خۆى ببێتە بەشێك لەو دەسەڵاتە، ئەو خاڵبەندیەى كە (مەلا بەختیار) لەم نامیلكەیەدا كردویەتى، كۆمەڵێك پرسیارى جەوهەرى دێنێتە ئاراوە كە دەبێت بە ئومێدەوە داواى وەڵامدانەوە لە (مەلا بەختیار) بكەین، ئەگەر بەراوردێكى سەردەمى نوسینى ئەم نامیلكەیەو تێپەڕینى (19) ساڵ لە حوكمى ئەم دەسەڵاتە بكەین، پشت بەست بە لەبەرچاوگرتنى سەقامگیرى زیاتر و ئەزمونى زیاتر و دەسەڵاتى سیاسى و ئیدارى و دارایى زیاتر، ئێستا لەگەڵ ئەو كاتەى كە ئەم نامیلكەیە نوسراوە چى گۆڕاوە؟ جیاوازیەكانى ئەو كاتە و ئێستا بە ئاراستەى خزمەتكردنى زیاترى زەحمەتكێشانى كوردستان چین، ژمارەى ئوتومبیلى بەرپرسان چەند كەمى كردوە؟ سوتەمەنى ئێستا چۆن و بە چ شێوەیەك ئاودیو دەكرێت؟ هاوڵاتیان چیان بۆ كراوە لە روى دابینكردنى سوتەمەنى، كارەبا، تەختكردن و قیرتاوكردنى شەقام و كۆڵانەكان؟ ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان؟ بەگەڕخستن و دامەزراندنى گارگەى نوێ، بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى كوردستان؟ دامەزراندنى دەرچوانى زانكۆ و پەیمانگاكان؟ چارەسەركردنى گرفتى نیشتەجێبوون؟ ئەو كاتە بە نوسینەكەی بەڕێزتدا ئەم وڵاتە تاڵان دەكرا، تاڵان چیەكان كێ بوون؟ ئەى ئێستا وڵات چۆن دەبرێت بەڕێوە؟ ئێستا دۆخى ژیانى زەحمەتكێشان چۆن دەبینیت؟
لە درێژەى نوسینەكەیدا (مەلا بەختیار) بە قورسى لەسەر دیاردەكە ئەدوێت و دەنوسێت "ئەو دیاردانە لە دیاردە زەقەكانى ئێستان، جگەلەوەى هەڵپەى دزین و تاڵانى گەیشتۆتە رادەى تاوان و كوشتنى سەدان بێگوناح لەسەر پارەو سەیارە و ئاڵتونیان، پشوى میللەت گەیشتۆتە سەر ئێسك، میللەت بە چاوى خۆى دەبینێ بازرگانى كورد و قۆنتەراتچى و بۆرژواكانى كاریان نى یە و بازاڕیان كزەو بارى ئابوورى وڵات دژوارە، بەڵام لە بەرامبەردا: -چینى چەتە: بەڵێ... لە بەرامبەر كزى بازاڕى پێویستى خەڵكدا، ئێستا دەكرێ قسە لە چینێكى چەتە، چینێكە مشەخۆر، چینێكى دز و بێ بەرهەم، چینێك كە ئابورى كوردستان تاڵان دەكا... بكرێ." پاشتر دەنوسێت "ئەم چینە... بنەماكانى ئابورى، كار و سەرمایە، هێزى بەرهەم هێنان و پەیوەندى بەرهەم هێنان، دانوستاندن نایانگرێتەوە، بەڵام بە چەتەیى، بە گومرگ، بە دەستەى چەكدار و تفەنگچى، گاڵە و گاڵتە بە پارە و سەیارە دەكەن، موقەدەراتى خەڵكیان خستۆتە ژێر بەرژەوەندى تایبەتیان." بڕوانن (مەلا بەختیار) چۆن باسى یەكەم دەسەڵاتى كوردى دواى راپەڕین و بەرەى كوردستانى دەكات، كە یەكێتى و پارتى لەو كاتەدا لوتكەى هەرەمەكەبوون، بەهەموو پێوانەیەك (چەتەكان یەكێتى و پارتین)، بەهەموو لۆژیكێك (تفەنگچى و تاڵان چیەكانى ئەو كاتە یەكێتى و پارتین)، پرسیارەكە ئەوەیە، پاش تێپەڕبوونى چەند ساڵێكى كەم خاوەنى ئەم نوسینە چوە ریزەكانى (ى.ن.ك) ەوە، ئێستاش كاگێڕ و وتەبێژى مەكتەبى سیاسى یەكێتیە، دەپرسین چ نهێنیەك وایكرد (مەلا بەختیار) بگاتە ئەو بڕوایەى كە بەم هەموو لێكدانەوە و پێناسەیەوە بچێتە ئەو حیزبەو كارى لەگەڵ بكات؟ پاشئەوەى پلەكانى ئەندامى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسى بەدەست هێناو بووە یەكێك لە سەركردە دیارەكانى چیكردوە بۆ كەمكردنەوەى ئەو هەموو دیاردە دزێوەى ئەو سەردەمە؟ ئەگەر ئەو كاتە پشوى میللەت گەیشتبێتە سەر ئێسك وەك لە نامیلكەكەدا ئاماژەى پێداوە، پاش ئەوەى كە ئەو بوو بە سەركردەیەكى دیارى یەكێتى ئێستا پشووى میللەت لە چ ئاستێكدایە؟ ئەگەر سندوقى هەڵبژاردنەكانى (25/7) مەحەك بێت ئەوە ئاشكرایە.
بەراورد..! ئەگەر بەراوردى خیتابى ئەو كاتە و ئێستاى (مەلا بەختیار) بكەین، پێكدادانێكى مەترسیدار لە جیاوازى و دیماگۆگیەتیدا رودەدات، كە ئێستا (مەلا بەختیار) پێى وایە (یەكێتى و پارتى) هێزى مێژوویى و بەدیهێنەر و زامنى دیموكراسین لەم وڵاتەدا، هەر ئەوانیش مرەشەحى یەكەمى گۆڕانكارین و گۆڕانى گەورە هەر بەوان دەكرێت، خاڵێكیترى سەرنج راكێشى ناو نامیلكەكەى (مەلا بەختیار) ئەوەیە، كە لە تەواوى نوسینەكەیدا ئامادەنیە (یەكێتى و پارتى) وەك دوو هێزى سیاسى شۆڕشگێڕ ناوببات و هەمیشە وەك "هێزى چەكدار" ناویان دەبات.
بابەكر دڕەیى: ستراتیژى راپەڕین هەبووە و كەسانێك هەبوون كە ئامادەكارى راپەڕینیان كردوە.!
تایبەت بەم راپۆرتە لێدوانى (بابەكر دڕەیى) مان وەك یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانى سەردەمى شاخى (مەلا بەختیار) وەرگرت و لە لێدوانەكەیدا سەبارەت بە نامیلكەكە و هەڵوێستى ئێستا و ئەوساى (مەلا بەختیار) وتى: ئەو كاتە كاك بەختیار خۆى بە ئۆپۆزسیۆن دەزانى لە بەرامبەر بەرەى كوردستانیدا و حوكمى بەرەى كوردستانیش بە دیموكراسى نازانێت، دیارە كە لەو نامیلكەیەدا باس لە نوێترین هەڵوێستى مێژوویى دەكات بە راى من لە ئێستادا باشترین و نوێترین هەڵوێست رەخنەگرتنە لە سیستەمى بەڕێوەبردنى یەكێتى و پارتى و هەوڵدانە بۆ گۆڕانگارى لە شێوازى كارى حكومەتدا، پاشتر وتى ئەوە راست نیە كە ستراتیژى راپەڕین لاى هیچ لایەك نەبوبێت، بەڵێ كەسانێك هەبوون لە ناو سەركردایەتى یەكێتیدا كە ستراتیژیان هەبووە و كەسانێكى زۆریان رێكخستوە بۆ راپەڕین، لە لایەكى تریشەوە دەركەوت كە بڕیاردان بە میزاج هەم تاكەكەس و هەم میللەت وەك كۆى مرۆڤەكان روەو كارەسات رادەكێشێت و زیانى لێدەكەوێتەوە، كاك بەختیار لەو كەسانەیە كە سەردەمانێكى زۆرى لە تەمەنى خۆى و تەمەنى خەڵكیتر كە ئەودەم ئەزمونى سیاسیان لەگەڵ ئێستا جیاواز بوو بەفیڕۆدا، ئەو دەستى دایە جوڵانەوەیەك كە نەیتوانى رابەرایەتى بكات، پەلامارى كۆڵێكیدا كە تواناى هەڵگرتنى نەبوو، غەدرێكى زۆر گەورەیە كە كەسێكى وەك مەلا بەختیار یان هەر كەسێكى ترى ناو جوڵانەوەى كوردى پێى وابێ كە تەنها ئەو كردارانەى ئەو كردونى راستن و لە بەرژەوەندى خەڵكدابوون، بە ئەزمون دەركەوتووە كە پراكتیكى سیاسى و هەڵسوكەوتى زۆربەى رابەرانى سیاسەتى تەقلیدى كوردى لە بەرژەوەندى خۆیان و تاقمێكى یەكجار كەمى دەوروبەریاندایە و هەوڵدانیان بۆ خۆ نیشاندان وەك قارەمان و فریشتە بۆتە جێى پێكەنینى خەڵك، لە كۆتاییدا بابەكر دڕەیى وتى: هەندێ لەو برادەرانەى لە یەكێتیدا بە پشتگیرى تەكەتول یان سكرتێرى گشتى بونەتە خاوەن پلە و پایە، لە حیزبێكى دیموكرات و یاسامەنددا ناتوانن تەنانەت دەنگى ستافەكانى خۆیشیان لە كۆنفراسێكدا بەدەست بێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست