کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیزب و پەروەردە دوانەى لێكدانەبڕاوى كابینەى پێنجەم.!

Friday, 25/09/2009, 12:00


گەورەترین كارەسات ئەوەیە پەروەردە بە حیزب بكرێت، بەردەوام لەگەڵ هەڵكشانى تەمەنى بێ لۆژیكى حكومەتە دوو حیزبیەكەى هەرێمى كوردستان و پاش ئەوەى حیزب لە هەموو كایە جیاجیاكانى وڵاتى ئێمەدا خۆى قوت دەكاتەوە، خەمى زۆرێك لە مرۆڤ دۆستان و خەمخۆرانە كە رۆژێك لە رۆژان حیزب بەرۆكى تەنها (دادگاكان و سستمى پەروەردە) بەربدات، ئەم گرفتە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە حیزب بە تەسكیەى حیزبى وەزیرى پەروەردە دادەنێت، سەرەڕاى ئەوەش سستمەكە دوو حیزبى یە، لە رابردوودا بچوكترین ئازادى دەنگدان یان راى جیاواز، كۆتایى بە كارو خزمەتى چەندین پەیمانگاى مەڵبەندى مامۆستایان هێنا، تەنها لە پێناوى دور خستنەوەى بەڕێوەبەرى پەیمانگاى مەڵبەندى مامۆستایانى سلێمانى، ئێستاو پاش تەواوبونى هەڵبژاردنەكانى 25/7 گۆڕینى بەرێوەبەرانى بیروڕا جیاواز دەستى پێكردوە، جەنابى وەزیریش لە چوارچێوەى گۆڕینى سستمى پەروەردەدا دەیخەمڵێنێت، هاوڕێیان لە وەزارەتى پەروەردە چ خەبەرە.؟ جەنابى وەزیر زویر مەبە جیاوازى لە نێوان بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەكان و لق و مەڵبەندى حیزبەكاندا زۆر كەم بۆتەوە، تەنها لەماوەى 24 كاتژمێردا جەنابت وتت"لابردنى ئەو ژمارە بەڕێوەبەرە پەیوەندى بە سیاسەت و بیروڕاى جیاوازەوە نیە" بەڵام پێش ئەوەى رۆژنامەكان فریا بكەون وتەكەى جەنابت چاپ بكەن و بڵاوى بكەنەوە، جەنابێكیتر وەك بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى وتى (بەڵێ ئەوەى گۆڕان بێت دەرى دەكەین، ئەگەر ئێوەش هاتنە دەسەڵات ئێمە دەركەن) ،چ بكەین؟ لە وڵاتێكى پڕ لە جەنابدا گوزەران هەروا دەبێت، ئەوەتا ئەو مامۆستایانەى لابراون ئەوانەبوون كە سەرى بەرزیان بۆ موچەى رژێم نەوى نەكرد، جەنابەكانى پەروەردە دڵنیابن كە سەرى بەرزیان بۆ موچەى ئێوەش نەوى ناكەن، من تەنها داواتان لێدەكەم سستمى پەروەردە زۆر لە وەزیر و وەزارەت گەورەترە واى لێمەكەن، من دەپرسم جەنابى وەزیر تۆ وەزیرى.؟ من زیاتر وەك بەرپرسى مەڵبەند یان كۆمیتەیەك تۆ دەبینم.! چونكە بڕیارەكانت لەو جۆرەن، بڕوات بێت وەك مامۆستایەك پێم ناخۆشە كەوا دەڵێم و دەپرسم "تۆ وەزیرى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى یان تەنها سلێمانى.؟ بە لێشاو پەیمانگا مەڵبەندیەكانت لە سلێمانى داخست بەڵام لە هەولێر نەماندى.! كە ئێستا پاكتاوى مامۆستایانى بیروڕا جیاواز دەكەیت، چەند مامۆستات لە هەولێر گۆڕیوە.؟ كام گۆڕانت لە سلكى پەروەردەدا كردوەو چۆن كردوتە؟ بایى چەند ملیۆن دینار كتێبى بە هەڵە چاپكراوتان سوتاند؟ تا چەند لە سنورى هەرێمى ئەولا دەتوانیت بڕیار بدەیت؟ گۆڕینى ناوى سەرەتایى بۆ بنەڕەتى بێناوەڕۆك، گۆڕینى ناوى پۆلى (یەك و دوو و سێ)ى ناوەندى بۆ (حەوت و هەشت و نۆ)ى بنەڕەتى بێ ناوەڕۆك، سەیر نەبێت لەلاتان بە سەدان هەڵە لە زۆربەى كتێبە چاپكراوەكاندا هەیە، بێئومێدبوم لەم سستمە كاتێك كتێبى فیزیاى پۆلى هەشتەمى بنەڕەتیم بینى كە هاوپێچ لەگەڵیدا مەلزەمەیەك بۆ راستكردنەوەى هەڵەكانى ناوى هاتبوو، بڕوابكەن زیاتر لە 300 هەڵەى چاپى تیایە ئەگەر نابینایەكى بەڕێزیش بینوسیبا ئەوەندە هەڵەى تیا نەئەبوو، سەرنج بدەن ئەمەیە گۆڕانى پەروەردەیى، ئەمەیە سستمى سویدى لە خانوى قوڕدا، ئەمەیە وەزیرى پەروەردە، ئەمەیە وەزیرى تەسكیەى حیزبى، بۆیە راستتر وایە لە پاڵ ناوى (د.دڵشاد) بنوسرێت وەزیرى پەروەردە-سلێمانى-یەكێتى نیشتمانى كوردستان.!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە