کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئايا هه‌ده‌پ دواجار سه‌ركه‌وتوو ده‌رچوو؟

Saturday, 07/11/2015, 21:06


له‌ باسێكدا, له‌مه‌ڕ پرسى فۆڕمه‌لبوونى پارتى ديموكراتى گه‌لان (HDP) و ئامانجى پشت دروستبوونى  له‌نێو جۆرى ژينگه‌ى ده‌روونى ديموكراسيى-سياسيى ناوچه‌كه‌, تا ئه‌ندازيه‌يك له‌ڕووى فكرييه‌وه‌, مۆتيڤى هێڵه‌ گشتييه‌كانى شيوه‌گرتنى جۆره‌ى ئێستاى ئه‌م پارته‌, به‌جۆرێك باسلێكردووه‌, كه‌ تيايدا, به‌ بڕواى من, له‌سه‌روو هه‌رشێتكه‌وه‌, ئامانجى فيزيكيى ئه‌م پارته‌ تاكتيكييانه‌ هه‌وڵى به‌رگرتن بووه‌ به خه‌ون و خولياى ئه‌و چه‌شنه‌‌ حوكمڕانييه‌ تاك حيزبييه‌ى پارتى داد و گه‌شه (AKP, AK Parti)‌, كه‌ له‌دواى وه‌رگرتنى حوكمى ده‌سته‌ڵاتى وڵات له‌ 2002-2003 بۆيه‌كه‌مجار, وه‌ك پارتى سياسيى و, سه‌قامگيربوونى له‌ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى ڕكابه‌رييه‌ سياسييه‌كانى نێوخۆى وڵات له‌ دواى ئه‌و قۆناغه‌وه‌, تاده‌هات جۆرى ئامانج و ئامڕازى كارى سياسه‌تى ئه‌م پارته‌ گۆڕانى جۆريى خێراى به‌سه‌رداده‌هات, به‌جۆرێك, كه‌ نه‌ك ته‌نيا پێويستى بنچينه‌يى بوو بۆ ئه‌و وه‌ك "پارتى پێشه‌نگ"(حزب القائد) له‌ شانۆى ڕكابه‌رى ديموكراسيى-سياسيى پارتسازيى ناوچه‌كه‌ له ‌ڕيزبه‌ندى پله‌يه‌كى سه‌ره‌وه‌ى ڕمه‌ سياسييه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌, به‌ڵكو خودى غرورى زه‌مه‌نى ئيگۆى ئه‌م پێشه‌نگ مانه‌وه‌يه‌ش, هه‌ڵپه‌ى ئه‌وه‌شى له‌ نه‌ستى ڕابه‌رانى ئه‌م پارته‌دا جێگيركردبوو, كه‌ ئيدى له‌وه‌به‌دوا خواستيبێت بۆ ئاينده‌ بير له‌ گۆڕينى جۆرى سيسته‌مى حوكمڕانى سياسيى وڵات, به‌ ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكايه‌تى ده‌سته‌ڵات-ڕه‌ها, بكاته‌وه‌__ له‌ چه‌ند بۆنه‌يه‌ك له‌ماوه‌ى ڕابردوودا, خودى سه‌رۆكى "فيزيكيى" ئه‌وكاتى پارته‌كه‌, ئه‌ردۆگان, ئه‌مه‌شى به‌ئاشكرا ڕاگه‌ياندووه‌( دياره‌, ئه‌وه‌ش ده‌بێت بوترێت, له‌ ئيستاشدا هه‌ر خۆى برياربه‌ده‌ستى پارته‌كه‌يه‌تى, به‌ڵام له‌ حه‌وشه‌ى پشته‌وه‌ى پارته‌كه‌وه‌!).
هه‌ر له‌ درێژه‌ى ئه‌و باسه‌شدا, خودى مه‌يلى هه‌موو ئه‌و هه‌ژموونخوازيى و په‌له‌قاژێى ئه‌م خواسته‌ سياسييه‌ باڵايه‌ى ئاردۆگان و پارته‌كه‌شيم خستۆته‌ناو چوارچێوه‌ى جۆرى كێبركێى ئه‌و"ديموكراسييه‌-سياسييه‌وه‌", كه‌ له‌ سروشتى ژينگه‌ى ناوچه‌كه‌دا ده‌كرێت له‌ هه‌ر كاتێكدا ديسان مه‌ترسى به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى سته‌مكاريى و تاغێتى سياسيى(طاغيه‌ السياسي) لئ ئه‌نجام بگيرێت(ڕه‌وشى سياسيى چه‌ند مانگى ڕابردووى پێش هه‌لبژاردنه‌كانى 1 نۆڤه‌مبه‌ر به‌گشتيى پێشوه‌خته‌ مايكرۆ-تابلۆيه‌كى جۆرى ئه‌م خواسته‌ بوو). هه‌ربۆيه‌, هاتنه‌ناوه‌وه‌ى پارتى ديموكراتى گه‌لان بۆنيو هه‌لبژاردنه‌كان, بۆ يه‌كه‌مجار, له‌ هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندى تێوريى و پراكتيكييه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌يكى ته‌ريب سه‌ركه‌وتوو دانا ئه‌وكات; وه‌ بێگومان, به‌ واقعيش پاكێجى پرۆژه‌ى ئه‌م پارته‌ له‌ هه‌نگاوى يه‌كه‌ميدا توانى چڕى بڕى ڕێژه‌ى ده‌نگدار له‌ بازنه‌ى سئ پارته‌وه‌ ( ئاك پارتى, جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌) بۆنێو بازنه‌ى چوار پارت بڵاوه‌ پێبكات و, به‌ربگرێت به‌و خێراييه‌ له‌ كاراێتى و قه‌به‌ێتى هه‌ژموونى حوكمڕانيى-سياسيى ئاك پارتى, كه‌ له‌ماوه‌ى هاتنه‌ده‌سته‌ڵاتيه‌وه‌ ته‌مه‌توعى پێوه‌كردووه‌, ئه‌ويش له‌ ڕێگه‌ى سه‌رده‌مييانه‌ دروست-فؤڕمه‌له‌كردنى ژينگه‌ى گوتارى سياسيى پارتى ديموكراتى گه‌لان و ڕاكێشان و كؤكردنه‌وه‌ى هێزى سياسيى ده‌نگده‌ر و دواجار ديموكراسييانه لێدان له ويستى پاوانخوازيى و تاكڕه‌ويى لاى ئاك پارتى. جۆرى ئه‌م هه‌نگاوه‌شم ناولێنا "ديموكراسى ئه‌نتى-ديموكراسيى"و به‌م تێزه‌ دواجار كۆمكرده‌وه‌: كاريگه‌رترين و باشترين كارتى پڕۆژه‌ى سياسيى بؤ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌, لێدان و سستكردنى ئه‌گه‌رى هه‌نگاوه‌كانى پشت خه‌ته‌رى جوڵه‌ى ديموكراسيى خودى ديموكراسييه, له‌ڕێگه‌ى فؤڕمه‌له‌كردنى پارتى سياسيى و خوڵقاندنى ژينگه‌يه‌كى جياواز و له‌بار بؤ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى گوتارى, به ئامانجى ڕاكێشان و كؤكردنه‌وه‌ى هێزى سياسيى ده‌نگده‌ر به‌لاى خۆى و, سه‌رئه‌نجام په‌رشكردن, بڵاوه‌پێكردن و لاوازكردنى"كاراێتى"( فعاليه‌)چڕى گورزى جه‌مسه‌رگيريى هێزى ده‌سته‌ڵات له بازنه‌يه‌كى ته‌سك-مه‌وداوه‌ بؤنێو بازنه‌يه‌كى مه‌ودا-فراوان و كه‌رتكردنى به‌سه‌ر چه‌ند كه‌رت و جه‌مسه رێكى سياسيدا. 
ئێستا, ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ى خواستى منه‌وه‌ يه‌كێك له‌ هه‌ره‌ ئه‌ركه‌ ستراتيجييه‌ گه‌وره‌كانى دروستبووى پارتى ديموكراتى گه‌لان و هه‌ر پارتێكى سياسيى تر بريتيبێت له‌ ئامانجى په‌رشكردن و بڵاوه‌پێكردنى چڕى گورزى هێزى ده‌نگده‌ر له‌ مه‌ودايه‌كى ته‌سكه‌وه‌ بۆ مه‌ودايه‌كى فراوان و سستكردن و په‌رتكردنى مه‌ترسييه‌كانى دواجار گوژمى جوڵه‌ى جه‌مسه‌رگيريى هێزى ده‌سته‌ڵاتى سياسيى به‌سه‌ر چه‌ند قوتبێكى سياسيدا, وه‌ هه‌ده‌پ له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ تائه‌ندازه‌يه‌كى كارا سه‌ركه‌وتووبوبێت له‌ يه‌كه‌م به‌ژداريى سياسيدا, وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌قۆناغى يه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 7 حوزه‌يران بينرا, كه‌ ئاك پارتى ئيدى ئه‌و توانايه‌ى ڕابردووى لێبڕدرا, كه‌ بتوانێت بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ر هێزێكى ترى سياسيى له‌ده‌ره‌وه‌ى خۆى تاكسه‌رانه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت و ئه‌جێنداى سياسيى خۆى به‌گوڕ جوێه‌پێبكات, ئه‌ى ده‌بێت سه‌ركه‌وتووێتى ئه‌م جارى پارتى ديموكراتى گه‌لان له‌ دووه‌م به‌ژدارى سياسيدا چى بووبێت, كاتێك سه‌ڵاحه‌دين دێميرتاش, دوابه‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان, پارادۆكسييانه‌(هه‌ڵه‌به‌ت به‌زمانه‌ فلاتييه‌كه‌ى ئه‌ده‌ب__ده‌نا له‌ڕووى سياسييه‌وه‌ ئه‌وه بۆخۆى جۆرێك  دروستى عورفيه‌تى زمانه‌ له‌كايه‌ى سياسه‌تدا!) باس له‌ كه‌موونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ده‌نگده‌رى پارته‌كه‌ى و سه‌ركه‌وتووێتى به‌ژداريى خۆشيان له‌يه‌ك كاتدا ده‌كات?! ئايا هه‌ده‌پ سه‌ركه‌وتوو بووه له‌م جاره‌ى به‌ژدارى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا?! ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بووه‌, ده‌كرێت كام جۆرى سه‌ركه‌وتن بێت ؟
وه‌ك ده‌زانرێت, بنه‌ماى دروستبوونى هه‌ر پارتێكى سياسيى هه‌ڵگرى سئ ئه‌ركى سه‌ره‌كييه‌: ڕێكخستن و هاويه‌كخستنى په‌رشبووى هێزى به‌رهه‌ڵستكاريى سياسيى شه‌قام; دروستكردنى پردى وتووێژ له‌گه‌ل ده‌سته‌ڵات و ئاڕاسته‌كردنى نماينده‌ى داخوازييان(گه‌ل) له‌نێو پايه‌كانى ده‌سته‌ڵاتدا; دواجار له‌سه‌رووى هه‌موويه‌وه‌, په‌رتكردن و بڵاوه‌پێكردنى جه‌مسه‌رگيريى ده‌سته‌ڵات و مه‌ترسييه‌كانى پشت مانه‌وه‌ى تاكجه‌مسه‌ريى هێزێك يان چه‌ند هێزێك له‌ده‌سته‌ڵاتدا بۆ زياد له‌ پارت و ته‌يارێكى سياسيى. 
له‌نێوخۆى توركيادا, پۆڵێنكردنى جۆرى داخوازى سياسييانه‌ى گه‌ل"عورفييانه‌"به‌گشتيى دابه‌شبووه‌ بۆسه‌ر دوو ئاست: ڕه‌وتى عه‌لمانيى و دينيى. تائه‌ندازه‌يه‌كى باش ڕه‌وته‌ دينييه‌كان كۆكراوه‌ييان پێوه‌دياره‌ و بڕى باشى ئه‌م نه‌زعه‌ دينييه‌ش, ده‌توانين بڵێين, ئاك پارتى سودى باشى لێوه‌رگرتووه‌. له‌به‌رامبه‌ريشدا, هێزگه‌لێكى عه‌لمانيى زۆريش له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌ن, كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر چه‌ند گروپ و پارتێكى سياسيدا, ئه‌مه‌ سه‌ربارى هه‌بوونى ده‌نگده‌رى زۆرى كورد و گروپه‌ ئيتنييه‌كانى تر له‌ ناوچه‌كه‌. هاتنه‌پێشه‌وه‌ى پارتى ديموكراتى گه‌لان له‌يه‌كه‌م به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانيدا ڕێكه‌وتێكى باش بوو له‌م نێوانه‌دا بۆ كۆكردنه‌وه‌ى بڕى باشى هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رسئ پارته‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سته‌ڵات مابوونه‌وه‌. بۆيه‌, دروستبوونى ئه‌م پارته‌, نه‌ك هه‌ر توانى ده‌نگده‌رى كورديى به‌جۆرێك يه‌كبخات, به‌ڵكو توانيى ده‌نگى لايه‌ن و گروپه‌ ئيتنيه‌كانى تريش تائه‌ندازه‌يكى باش بۆخۆى به‌رێت, ئه‌گه‌رچى له‌ دووه‌م به‌شداريدا, ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت, دواتر زۆرێك له‌و ده‌نگانه‌شى به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو له‌ده‌ستدايه‌وه‌, كه‌ به‌ شوێن-نفوسى ته‌قليديى خۆى هه‌ژمارده‌كران( نزيكه‌ى زياد له‌يه‌ك مليۆن ده‌نگ__20 كورسيى په‌رله‌مانيى). به‌ڵام هێشتا, پرسيارى گرنگ ئه‌وه‌يه‌, ئايا هه‌ده‌پ توانى هه‌مان پاكێجى سه‌ركه‌وتنى جارى يه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت ? بێگومان, نه‌خێر. 
له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌ر جۆره‌  ديد و تێڕوانينێكى ناته‌ندروستى: عاتفيى, مه‌زهه‌بيى, ئايديۆلۆژيى, به‌رژه‌وه‌ندخوازيى,  به‌ره‌گيريى, به‌ره‌خوازيى و لێكنزيكايه‌تيى, ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێين, پاكێجى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م جاره‌ى پارتى ديموكراتى گه‌لان(هه‌ده‌پ) پاكێجێكى ته‌ريب سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. كاراێتى(فعاليه‌) يه‌كێك له‌ گرنگترين و ستراتيجترين ئامانجى سه‌ركه‌وتنه‌ سياسييه‌كانى, به‌به‌راورد به‌ مانگى حوزه‌يران, گه‌رانده‌وه‌ خاڵى سفر, ئه‌ويش په‌رتكردنى و سستكردنى جۆرى جوڵه‌ى حوكومه‌تدارێتى ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ سياسييه‌ بوو, كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردووه‌وه‌ بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ر پارتێكى سياسيى حوكمى ده‌سته‌ڵاتى وڵاتى تاكسه‌ره‌ پێكه‌ده‌هێنا, كه‌ پارتى داد و گه‌شه‌( ئاك پارتى)ه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌يدا, پارتى ديموكراتى گه‌لان, ئه‌گه‌رچى توانى به‌ربه‌سته‌ ده‌ستورييه‌كه‌ى وڵات بۆ جارى دووه‌م تيپه‌ڕێنى و, ڕێژه‌ى به‌رزى به‌ده‌ستهاتووى كورسى لاى ئاك پارتى, به‌به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ڕابردووى وڵات, بهێنێته‌خوار, به‌ڵام نابێت نكۆڵى له‌وه‌ بكرێت كه‌ نه‌يتوانى هه‌مان گوژمى مانۆڕى چه‌ند مانگى پێشووى دووباره‌ بكاته‌وه‌. ئاخر, ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت, به‌شداريكردنى پارتى ديموكراتى گه‌لان(هه‌ده‌پ) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا, هه‌ر ته‌نيا ئه‌ركى كۆكردنه‌وه‌ و يه‌كخستنى خواستى سياسيى شه‌قامى كوردستانييانى ئه‌و به‌شه‌ و هه‌ندێك لايه‌نى دژبه سياسه‌تى‌ ده‌سته‌لات نييه‌, ئه‌گه‌ر چى له‌م ئاسته‌شدا ئه‌و خانه‌خوێيه‌ خاوه‌ن نفوسه‌ ده‌رنه‌چوو, هه‌ رته‌نيا دروستكردنى پردى په‌يوه‌ندى دبلۆماسيى و نوێنه‌رايه‌تيكردنى داخوازييه‌ سياسييه‌كانى پارتى كريكارانى كوردسانى له‌ ئه‌ستۆ نييه‌ (تاكتيكى گوتارى ئاشتيى و ديموكراتيى و پڕۆژه‌ى خۆسه‌رى ئيداريى ديموكراتيى له ‌دوا ده‌رچه‌يدا), به‌ڵكو له‌هه‌مووشى گرنگتر, پاراستن و نه‌فه‌سدرێژهێشتنه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتن و هه‌مان ده‌ستكه‌وتى گه‌وره‌ى حوزه‌يرانى ڕابردووش له‌ ئه‌ستۆى كۆى پاكێجى ده‌ستكه‌وت و ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانى بوو, كه‌ ده‌توانرا, به‌به‌هه‌ندوه‌رگرتن له‌قورسايى ناوه‌ڕۆكى ئه‌مه‌ى دواييان, ستراتيجييانه‌تر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 7حوزه‌يران, هه‌نگاوه‌ خێرا و مه‌ترسيداره‌كانى پشت گه‌شه‌ى ژينگه‌ى سياسيى ئاكه‌په‌ى(AKP) هه‌رنه‌بێت بۆماوه‌يه‌كى خوليى زياتر سڕ بكات, كه له‌ئێستادا‌ هه‌تادێت هێز و گوڕى زياتر به‌خۆى ده‌به‌خشئ و, ئه‌كاونتى بۆشايى ئێستاى خه‌باتى كوردستانييان و ئازاديخوازانى ئه‌وبه‌شه‌ له‌ تيكۆشان به‌ره‌ودواوه‌ى چواگۆشه‌ى سه‌ره‌تاى زه‌مه‌نى به‌تاڵده‌كاته‌وه‌. 
ڕاسته‌, له‌چه‌ند مانگى ڕابردوودا, دۆخێكى ته‌واو سياسيى- پۆستاڵيى, ناديموكراتيى و داپڵۆسێنه‌ر له‌ پێش هه‌لبژاردنه‌كانى 1 ى نۆڤه‌مبه‌ر هاته‌پێش, كه‌ له‌ئێستادا ڕه‌وێنراوه‌ته‌وه‌, به‌ڵام پێناچێت وازوو كۆتاى به‌ زهنێتى بێت. ئه‌وه‌ ڕاسته‌, ئه‌ندام, لايه‌نگر و كادرانى باڵاى هه‌ده‌پ ڕووبه‌رووى لێدان و فشارى ئه‌منيى و سه‌ربازيى توندبوونه‌وه‌ و, به‌شێكيشيان تا ئيستا له‌ نيو زيندانه‌كاندان. ئه‌وه‌ش ڕاسته‌, كه‌ توندوتيژيى و كوشتوبڕيى له‌چه‌ند مانگى ڕابردوويدا گه‌شته‌ ترۆپكى بێمۆڕاڵيى خۆى; گه‌مارۆى سه‌ربازيى هه‌ندێك ناوچه‌ و كوشتنى وه‌حشيگه‌رانه‌ى هاوڵاتيان بوونه‌ سه‌ردێڕى هه‌واڵه‌كان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا, ناكرێت له‌ده‌ستدانى ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ له‌ ده‌نگده‌رى هه‌ده‌پ, كه‌ نزيكه‌ى زياتر له‌ يه‌ك مليۆن ده‌نگ ده‌بوو, ته‌نيا بخرێته‌ ئه‌ستۆى به‌رپرسيارێتى دروستبووى ئه‌و دۆخه‌ ناديموكراتييه‌ى له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا تاكتيكييانه به‌پله‌ى ئيمتياز ده‌وڵه‌ت سپۆنسه‌رى كرد, وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ ئێستادا له‌يه‌ك لاته‌نيشته‌وه‌ باسى لێده‌كه‌ن و پاساوى بۆ داده‌تاشن__( زۆرێك له‌و "چاودێر و شيكاريسته‌"ميدياشۆييانه‌ى هۆكارى دابه‌زينى به‌رچاوى ده‌نگه‌كانى(هه‌ده‌پ)مان بۆ ده‌ێگڕنه‌وه‌ بۆ ڕه‌وشى ناديموكراتيى چه‌ند مانگى پێشووى به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان, به‌رله‌ ده‌ستپێكى هه‌ڵبژاردنه‌كان, هه‌ر ئه‌وكات خۆيان نه‌ك پێشبينى كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى(هه‌ده‌پ)يان نه‌ده‌كر به‌و ئاسته‌, به‌ڵكو پێشبينى به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى زياتريشيان به‌به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنى حوزه‌يران ده‌كرد__ئێوه‌ ته‌نيا بڕواننه‌ گالته‌جاڕيى دوێتى ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ كورده‌وارييه‌ى ئينسانى ده‌ستبه‌تاڵى ئێره‌, له‌و دوو بۆشاييه‌ زه‌مه‌نييه‌دا!), به‌ڵكو لايه‌نى په‌رپرسانى هه‌ده‌پ و شانه‌ نوستووه‌كانى پارتى كريكارانى كوردسانيش له‌ناوچه‌كه‌دا به‌رپرسى دووه‌مى تێوه‌خنراوى ئه‌م دۆخه‌ن, كه‌ ده‌بوو له‌و ماوه‌ هه‌ستياره‌ى به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان, لانيكه‌م له‌ جۆرى نه‌ستى هه‌ناسه‌سواريى و په‌لقاژێى ميليتاريى ئاك پارتى باشتر تێبگه‌شتبان و, پشودرێژانه‌ پاريزگارييان له‌ هه‌مان مه‌وداى گوژمى سه‌ركه‌وتنه‌كانى حوزه‌يران بكردبا, كه‌ وادياره ئێستا‌ به‌رپرسانى هه‌ده‌پ ‌له‌م پشووكورتييه‌ى خۆيان تێگه‌شتوون و, بۆ ئاينده‌ى گۆنگره‌ى پارته‌كه‌شيان پێده‌چێت كۆمه‌ڵێك پێداچونه‌وه‌ و مه‌رجى ئينزيباتيى جدديى بۆ ئه‌ندامان و كادرانى خۆيان له‌سه‌رى ئه‌نجام بده‌ن. 
---------------------------------------------------
سه‌رنج ١:
 (دروستبوونى ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ى به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌ك توانى دڵى هه‌ندێك له‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كان دووباره‌ به‌لاى خۆيدا ڕابكێشێته‌وه‌; ئومێدخوازانى چه‌سپاندنى ئازاديى و ديموكراسيى له‌ گرنگى به‌ژداربوون له‌ پرۆسه‌كه‌دا ساردكرده‌وه‌ و كێشايه‌دواوه‌, به‌ڵكو مه‌سجێكى ڕوونيشى دابه‌ گوێى هه‌موو ئه‌وانه‌ى ناخوازن سه‌قامگيريى ڕه‌وشى سياسيى و ئابووريى وڵات له‌ ئێستا و داهاتوشدا له‌دژى خواستى ئه‌وان بشكێته‌وه‌). 
ئێستا, هه‌م لايه‌نى پارتى كرێكارانى كوردستان وه‌ك ڕاگرى به‌ژن و ويقارى سياسيى هه‌ده‌پ و هه‌م ئاك پارتى وه‌ك لايه‌نى ده‌سته‌ڵاتدارى حكومه‌ت دوو لايه‌نى دلگه‌رمى دواى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانن. ئاك پارتى له‌ده‌نگى به‌ده‌ستهاتووى خۆى ئه‌و قايله‌ نييه‌ و, ده‌يخواست ده‌نگى له‌وه‌ زياتر وه‌ك ڕابردوو بهێنێت, كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت بتوانێت ده‌ستى به‌ له‌قاندنى ده‌ستورى وڵاتيشدا بگات, هه‌رنه‌بێت (اضعف الايمان) لانيكه‌م بتوانێت ڕاپرسى له‌سه‌ر گۆڕينى به‌نده‌كانى ناوى, تايبه‌ت به‌ سيستمى حوكمرانيى, بخاته‌ به‌رده‌مى گه‌ل. له‌ولاشه‌وه‌, پارتى كرێكارانى كوردسات له‌ خراپ-په‌لكێشبوونى بۆنێو پشێوييه‌كانى چه‌ند مانگى ڕابردوو و ده‌رئه‌نجامه‌ سياسييه‌كانى پشتى تێگه‌يشت, كه‌ دواجار به‌سودى ئاك پارتى و زه‌ره‌رى خۆيان شكايه‌وه‌. پارتى كرێكارانى كوردستان تێگه‌يشت كه‌ تێكدانى ڕه‌وشى سه‌قامگيريى به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نيا سودى بۆ لايه‌نى ده‌سته‌ڵات هه‌بوو, هه‌ربۆيه‌ له‌حاڵه‌تى  جارێكى تر به‌ واقعبوونه‌وه‌ى شه‌ڕ, پێده‌چێت ئه‌م جاره‌ لايه‌نێكى هێند خه‌مخۆرى ئاشتى نه‌بێت! به‌ڵام, ديسان پرسيار ئه‌وه‌يه, ئايا ئاكامه‌كانى ئه‌م شه‌ڕه‌ش دواجار ده‌گات به‌كوێى ئامانج? ئايا ئاسۆيه‌كى نوئ به‌دواى خۆيدا ده‌هێنێت يان ديسان ته‌حسيل حاسڵى (تحصيل حاصل) هه‌مان سيناريۆى ڕابردوومان بۆ چه‌ند باره‌ ده‌كاته‌وه‌, كه‌ چونه‌وه‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆيه‌ و, سوڕانه‌وه‌ى كاتكوژييانه‌ى بازنه‌ى وتووێژه‌ بێسه‌مه‌ره‌كانه‌? 
سه‌رنج ٢:
 (مادام ده‌وڵه‌تى مير له‌نێوخۆى خۆيدا هه‌م خاوه‌نى هونه‌رى ئاشتييه‌ و هه‌م شه‌ڕ, بۆيه‌ ده‌شتوانێت سود و قازانجيان له‌ بۆشايى و كاتى خۆيدا لێوه‌ربگرێت__ له‌ساتى برسيبوونى ده‌سته‌ڵات[مه‌ترسى له‌ده‌ستدانى ژيانى سياسيى], گوتارى شه‌ڕ بۆ پرژاندنى مه‌ترسى له‌قبوونى سه‌قامگيريى گوزه‌رانى هاوڵاتيان و ملكه‌چكردنى ئاسايشى ژيانيانه‌ بۆ تێربوونى ورگى خۆى__ئاشتيش قۆناغى مڕبوونى ورگى ده‌سته‌ڵاته‌ و پێويستى به‌ پشوو وه‌رگرتن هه‌يه‌ له‌سه‌رى!)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە