کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ژماره‌ى هاوبه‌شى هاوكێشه‌كه‌ عه‌قلانيى بخوێننه‌وه‌!‌

Wednesday, 14/10/2015, 23:15


ئێستا, له‌گه‌ل په‌يتاپه‌يتا خه‌ستبوونه‌وه‌ى بڕى ئاڕاسته‌ى ڕووداوه‌كانى ناوچه‌كه‌, ڕه‌نگه‌ ڕوانينێكى جياوازى ئه‌وتۆ تا ئه‌ندازه‌يه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستيه‌ لاى كه‌س ‌نه‌مابێته‌وه‌ و, هه‌مووانى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك كردبێت دواجار, كه باڵاده‌ستيى تارمايى‌ ئێستاى"پارتى ديموكرات" له‌ئاست گشتێتى كۆى پێشهاته‌ سياسييه‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت ته‌ريبووى هه‌مان بڕ و جۆرى كۆى دروستبووى قه‌يران, پشێويى و ئاڵۆزييه‌ سياسيى-ئابوورييه‌ كانى هه‌رێم بێت تا ئاستێكى زۆر, به‌وپێيه‌ى"پارتى ديموكرات"هێزى ژماره‌ يه‌كى سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسيى ناوچه‌كه‌يه‌ و, هه‌ژموون و خاوه‌ندارێتى سه‌ره‌كيى به‌سه‌ر هه‌ريه‌ك له‌ مه‌له‌فه‌كانى: نه‌وت و دارايى, "ئاسايشى گشتيى", "په‌يوه‌ندييه‌ دبلۆماسييه‌كان"و سه‌رۆكايه‌تيكردنى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌يه‌ و, ده‌شتوانێت ته‌واوى كه‌لێن و گه‌مه‌ مانۆڕييه‌كانى خۆى لێوه‌ ئاوێته‌ى به‌رژه‌ونديه‌كانى بكات. ‌ئه‌وه‌ ڕاستيه‌ش لاى هه‌مووان ڕوون و ئاشكرايه‌ و, ده‌زانرێت كه‌ "پارتى ديموكرات"هێزێكى ته‌واو خێڵه‌كيى-بنماڵه‌ييه‌ و, به‌رژه‌وه‌ندى بنماڵه‌يش مۆتيڤ و هێڵه‌ گشتييه‌كانى سياسه‌تى خودى "پارتى ديموكرات"يش ڕه‌نگڕێژده‌كات. 
كه‌واته‌, ئێمه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م هێزێكداين, كه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ هه‌يكه‌لى حيزبێك‌, زياتره له‌ هێزێكى عورفيى سياسيى و, له‌ به‌رگى ڕتوشيى حيزبدا موماره‌سه‌ى موتعه‌ى پێدراوى هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ ئيماره‌تييه‌ (ميرنشينييه‌) ڕاستقيه‌نه‌كه‌ى خۆى ده‌كات له‌نێو نمايشى ديموكراسيى-پێدراوى ته‌قليديى ژينگه‌ى ناوچه‌كه‌دا و, بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت باڵاده‌ستيى و قه‌باره‌ى غرورى ئێستاى به‌نموونه‌ وه‌ربگرين, كه‌ تا ئێستاشى له‌گه‌ڵ بێت ئاماده‌ نييه‌ يه‌ك هه‌نگاو له‌و داخوازييانه‌ى پێشووى پاشه‌كشه‌بكات, كه‌ بۆ مانه‌وه‌ى مه‌رجى سه‌رۆكى پارته‌كه‌ى له‌پۆستى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمدا, هه‌نووكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ياسا پێى لێقايمكردووه‌ و, ئاماده‌ نييه‌ نه‌ك هه‌ر گوئ بۆ لايه‌نه‌ سياسيه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى خۆى بگرئ, به‌ڵكو باكيشى به‌ كه‌ڵه‌كه‌بووى كۆى پێشهاتى قه‌يرانه‌ سياسيى-ئابووريى و ئيدارييه‌كانى ئيستاى ناوچه‌كه‌ش نييه‌, كه‌ به‌هۆى گرفته‌ سياسيه‌كانى هه‌نووكه‌وه‌ كه‌نارخراوه‌.‌
ڕاستيه‌ك هه‌يه‌ كه‌ ده‌بێت ئيدى بوترێت, ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌, "پارتى ديموكرات"ى كوردستان, وه‌ك هێزێكى سياسيى ته‌قليديى له‌ ئێستاى ناوچه‌كه‌, له‌ڕاستيدا ئێستا له‌ چوارچێوه‌ى فۆڕمى حيزبوون ده‌رچووه‌ (هه‌ڵبه‌ت "يه‌كێتى نيشتيمانيش", به‌ئه‌ندازه‌ى جياواز, هه‌مان جۆر, به‌ڵام به‌هۆى لاوازبووى نفوسى ته‌قليديى ده‌نگى له‌ماوه‌ى ڕابردوودا, ئێستا له ‌سوڕى ئيزديواجێتى متبووندايه‌!). بۆيه‌, هه‌رجۆره‌ ستاندارد و مامه‌ڵه‌يه‌كى سازشييانه‌ له‌گه‌ل ئه‌م هێزه‌دا له ‌ئاستى دانوستاندنى پارتى سياسيى عورفيدا, وه‌ك ئه‌وه‌ى هێزه‌ سياسيه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى خۆى, بۆ جه‌هلاندنى شه‌عب, زنجيره‌ له‌دواى زنجيره‌ له‌سه‌ر مێز له‌گه‌ڵى گرێيده‌ده‌ن ڕۆتينييانه‌, دواجار ده‌كاته‌ نابه‌رابه‌ريى, ناهاوسه‌نگيى و خۆفريودان و, هه‌ڵهاتن له‌و ڕاستيه‌ى, كه‌"پارتى ديموكرات"له‌بنچيه‌ندا نه‌ك حيزب نييه‌, به‌ڵكو ئێستاى دۆخى ميرنشينبوونى پێمان ده‌ڵێت كه‌ ستراكتۆرى بوونيه‌تى حيزبى تێپه‌راندووه‌ و, بۆ ئه‌وه‌ش به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك سود له‌ پێدراوى توانا سيخوڕيى, سه‌ربازيى و ئابوورييه‌  نه‌ست-خێڵه‌كييه زه‌به‌لاحه‌كه‌ى خۆى وه‌رده‌گرێت بۆ كڕين, نه‌خوێندنه‌وه‌ و لێدانى به‌رامبه‌ره‌كانى. 
 پرسيار لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌: چۆن ئه‌م هێزه‌ بۆته‌ خاوه‌نى ئه‌م زه‌به‌لاحێتييه‌ له‌ هێز و هه‌ژموونى حوكمرانى به‌سه‌ر كۆى ڕه‌وشى ئێستاى سياسيى ناوچه‌كه‌وه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م? چۆن ئێستا بۆته‌ هه‌ڵسوڕێنه‌رى سه‌ره‌كيى مه‌له‌فى دارايى نه‌وت, به‌ستنى گرێبه‌سته‌ زه‌به‌لاحه‌كان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر داتا و لوغزى ژماره‌  حسابييه‌كانى?! ئايا ڕێيتێده‌چێت هه‌ر ته‌نيا هێزێك له‌ڕابردووه‌وه‌ بۆ ئێستا بڕياده‌ر و سياسه‌ت-داڕێژه‌رى مه‌له‌فه‌كانى ئێستاى ئاسايشى سياسيى-ئابووريى كۆى ژينگه‌ى سياسيى ناوچه‌كه‌ بێت?! 
له‌دواى"كۆتايهاتنى"ڕووكارى فيزيكيى شه‌ڕى ناوخۆى نێوان پارتى و يه‌كێتيى و ئاشتكردنه‌وه‌يان له‌نێو به‌رژه‌وه‌ندى جه‌برێتى هێزى"ڕێككه‌وتننامه‌ى‌ واشنتن"ى سێبته‌مبه‌رى 1998, ئه‌گه‌رچى درێژه‌ى فيزيكيى و نافيزيكيى ئاسه‌واره‌كانى ئه‌م شه‌ڕه‌ خێڵه‌كييه‌ سياسيى-حيزبييه‌, كه‌ ڕيشه‌ى دروستبووى هۆكارى دابه‌شكارى بڕى به‌ركه‌وته‌ى هێز و غه‌نيمه‌ى سياسيى-ئابووريى زۆنى ته‌سكى ناوچه‌يى بوو, ئێستاش هه‌ستپێده‌كرئ و, تا پێش"پڕۆسه‌ى ئازاديى عيراق"يش( پرۆسه‌ى داگيركاريى عێراق 2003) زۆر به‌زه‌قى و به‌هه‌مان دۆخى پێشووى له‌هه‌نديك باردا درێژه‌ى    هه‌بوو, به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت, پێشينه‌ى جه‌برێتى ڕێككه‌وتننامه‌كه و خوێندنه‌وه‌ى ئه‌گه‌ره‌كانى دوا-پێشهاتى دۆخى ئه‌وكاتى عێراق قۆناغى كلاسيكێتى تۆپزى شه‌ڕى تێپه‌ڕاند و,"ستراتيجييانه‌تر" ئه‌م دوو هێزه‌ى بۆ قوناغى نوێى ئاينده‌ى سياسيى عێراق له‌يه‌كدى كۆكرده‌وه‌! 
قۆناغى دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق, بۆ كۆى هێز و لايه‌نه‌ سياسيى-پيشه‌كانى عێراق, به‌پيشه‌وه‌ره‌ سياسييه‌كانى هه‌رێميشه‌وه‌, قۆناغى چنينه‌وه‌ى كاڵاى‌ ده‌ستكه‌وته‌ سياسييه‌كان بوو, كه‌ له‌دواى 2005 و به‌ به‌ژدارى"نوينه‌رانى كورد"و لايه‌نه‌كانى ترى عێراق له‌ پشكداريى دواترى غه‌نيمه‌ى كۆى ده‌سته‌ڵاته‌كانى عێراق"ديموكراسييانه"‌ ده‌ستپێده‌كات! له‌دواى ئه‌م قۆناغه‌وه‌, هه‌ردوو هێزى ده‌سته‌ڵاتدارى سه‌ره‌كيى هه‌رێم, پارتى و يه‌كێتى, به‌سه‌رپه‌رشتى هه‌ردوو سه‌رۆك و سكرتێرى گشتيى, ڕێككه‌وتننامه‌ى نێوانيان قۆناغى كلاسيكيى ئاشته‌وايى تێپه‌ڕاند و, هاوكات پێينايه‌ ‌ قۆناغێكى ستوونيى-ستراتيجييه‌وه‌, كه‌ به‌هۆيه‌وه‌ زۆنى دابه‌شكاريى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئه‌م دووهێزه‌ ته‌قلدييه‌ به‌سه‌ر به‌ره‌ى هه‌رێم و به‌غداددا سه‌ليمتر دابه‌شكرا و, مه‌وداى ده‌ستكه‌وت و بڕى به‌ركه‌وته‌ى غه‌نيمه‌ سياسيى-ئابوورييه‌كان تێيدا ستوونييانه‌تر له‌ڕابردوو به‌رفراوانتربوون. 
كۆمه‌ڵێك ئيمتيازات له‌نێوخۆى هه‌رێم و به‌غداد به‌شه‌نسيبى به‌ركه‌وته‌ى يه‌كێتى بوو, كه تيايدا نه‌ستى له‌مێژينه‌ى وه‌رگرتنى پۆستى ته‌شريفاتيى سه‌رۆكايه‌تى عێراق بۆ سكرتێره‌ گشتييه‌كه‌ى له سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌ له‌‌دايك بوو. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا, پێدانى پۆستى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێم و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ كۆمه‌ڵێك ماف و ئيمتيازاتى نيوخۆيى بۆ لايه‌نى هاوستراتيجه‌ غه‌نيمه‌ييه‌كه‌ى مه‌رجى به‌رامبه‌ر بوو__ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنه‌ نوێيه‌ى تيايدا پارسه‌نگى هێز له‌نێوخۆى هه‌رێمدا ورده‌ورده‌ ڕووه‌و له‌قبوون به‌لايه‌كدا ده‌چوو. لێره‌وه‌, ئيدى ناوخۆى يه‌كێتى و ئه‌و ته‌كه‌تولاته‌ مێژووييه‌ى پێكهاته‌ى‌ ئه‌م هێزه‌ شوناس په‌رچه‌كردار-به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌ى له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هاويه‌ك كرد بوو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژموونخوازيى نه‌ياره‌ ته‌قليدييه‌ ئه‌زه‌لييه‌كه‌يدا دووچارى په‌رتبوون بۆيه‌وه‌. جێگرى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى به‌فيزيكيى له‌ نێوخۆى ئه‌و هێزه‌دا هاته‌ده‌ره‌وه‌ و, هۆكار و پاساوى به‌شێك له‌م هاتنه‌ده‌ره‌وه‌يه‌ش لێره‌دا, به‌خوێندنه‌وه‌ى بارى ته‌رازووى دۆخى نائاسايى و ناته‌ندروستى سياسيى ئيستاى ناوچه‌كه‌ و ڕه‌گداكوتانى هه‌ژموونگه‌رايى ئێستاى"پارتى ديموكرات" له‌سه‌ر ساحه‌ى سياسيى ناوچه‌كه‌, ده‌كرێت به‌شێك له‌ ڕاستى هه‌مان خاڵى ده‌ستپێكى ئه‌و لاسه‌نگييه‌ بووبێت, كه‌ ئێستا وه‌ك ديفاكتۆيه‌ك له‌سه‌ر ‌نه‌خشه‌ى سياسيى ناوچه‌كه‌دا خۆى نيشان ده‌دات. ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له ‌ڕابردوودا, سكرتێرى گشتيى "يه‌كێتى نيشتيمانيى", له‌پێناو وه‌رگرتنى بڕێك پۆست و ئيمتيازات بۆ خۆى و هه‌ندێك هاونزيكى له‌ به‌غداد, نه‌ك هه‌ر هاوسه‌نگى ئاسايشى سياسيى هه‌رێمى سپارده‌ى ڕێككه‌وتننامه‌يه‌كى ستراتيجيى هاوته‌ريب به‌ بڕى باڵانسى ئاسايشى ماوه‌ى سه‌رۆكايه‌تيه‌كه‌ى خۆى كرد له‌و نێوانه‌دا, به‌ڵكو ئاسايشى كاروبارى نێوخۆى حيزبه‌كه‌شى به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان سپارده‌ى هاو-ستراتيجه‌كه‌ى خۆى كرد. ئاخر, ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت, سروشتى ئه‌م پياوه‌ش, هاوشێوه‌ى سياسييه‌ ته‌قلدييه‌كانى ناوچه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ر, هه‌ميشه‌ كاركردن بووه‌ له‌سه‌ر ئامانجى خۆ-به‌كاريزماكردن, خۆ-به‌ئايكۆنكردن و كۆكۆدنه‌وه‌ى لۆجيكى هێز له‌ده‌ستى خۆيدا و, بۆ ئه‌وه‌ش له‌سه‌رێكه‌وه‌ هه‌م سودى له‌ ويستى پێگه‌ى خۆى وه‌رگرتووه‌ وه‌ك خاڵى كۆكه‌ره‌وه‌ى ده‌نگه ‌جياوازه‌كانى ناو حيزبه‌كه‌ى و, هه‌م له‌سه‌ريكى تريشه‌وه‌, له‌به‌رامبه‌ر بوونى هه‌ر جۆرێك ده‌نگى ناكۆك و شاز له‌ئاست ئايكۆنيزمى پێگه‌ى خۆى سودى له‌ په‌ناگه‌ى هاوپه‌يمانه‌ ستراتيجييه‌كه‌ى خۆى وه‌رگرتووه‌ (جێگرى سكرتێرى گشتيى پێشووى ئه‌وكات و جێگرى سكرتێرى يه‌كه‌مى ئێستاش وه‌ك دوو نموونه‌ى خاوه‌ن نفوسى جوگرافيى له‌نێوخۆى حيزبه‌كه‌دا). ئه‌مه‌ش, ده‌بێت بڵێين, له‌بنه‌ڕه‌تدا جۆرێك دواليزمى ميژووييه‌, كه‌ پێچه‌وانه‌ى سه‌ره‌تاكانى پڕه‌نسيپى دروستبوونى,"يه‌كێتى نيشتيمانيى"و سكرتێره‌ گشتيه‌كه‌ى له‌چه‌ند سالى ڕابردوو و ته‌نانه‌ت ئێستاش تاكتيكييانه‌ له‌ دوو به‌ره‌ى دژبه‌يه‌كى"ركابه‌ر و هاوشه‌ريك" له‌گه‌ڵ خه‌سمه‌ ئه‌زه‌لييه‌كه‌يدا بژێوى سياسيى-حيزبيى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا پئ له‌سه‌ر ئمورده‌كات!  
له‌ 2009 و له‌ گه‌رمه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌يلولى ئه‌و ساله‌دا, كه‌ تيايدا هه‌ڵبژاردن بۆ پۆستى هه‌رسئ سه‌رۆكايه‌تيه‌كه‌ى هه‌رێم و به‌غداد به‌ڕێوه‌چوو, هه‌ردوو هێزى هاوستراتيجى-حيزبيى,"يه‌كێتى نيشتيمانيى و پارتى ديموكرات", له‌به‌ره‌كى ته‌واو ناجۆر و نابه‌رابه‌ر به‌ هێزه‌ ركابه‌ره‌كانى ناوچه‌كه‌, كه‌ ئه‌وكات بزوتنه‌وه‌يه‌كى سياسيى نوێش, كه‌بزووتنه‌وه‌ى گۆران بوو, سه‌ره‌تاى يه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنى بوو له‌نێو كێبركێى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا, له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌ سياسييه‌كانى تردا به‌جۆرێك هاو-ئاويزانى يه‌كدى بوون و كه‌وتبوونه‌ گه‌مه‌يه‌كى ته‌واو نائاسايى كێبركێى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌, كه‌ ته‌نانه‌ت خودى سكرتێرى گشتيى"يه‌كێتى نيشتيمانيى"ش, له‌نێو حه‌مله‌ى بانگشه‌ى سه‌رخستنى كه‌سى يه‌كه‌مى حيزبه‌ هاوستراتيجه‌كه‌يدا, ببووه‌ ده‌نگ و ڕه‌قه‌مێك له‌و نێوانه‌دا, كاتێك سه‌رۆكى هه‌رێمى ئه‌وكات  بۆ دووه‌م جار مافى ياسايى ئه‌وه‌ى هه‌بوو دووباره‌ خۆى بۆ سه‌رۆكايه‌تى كانديد بكاته‌وه‌. ئه‌م هاو-ئاويزانبوونه‌ حيزبييه‌ شازه‌ش له‌نێو كێبركێى گه‌مه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌وكات, ئاشكرايه‌ له‌پێناو حه‌سره‌تى دووباره‌ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار بۆ سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى و ئاينده‌ى غه‌نيمه‌ى دابه‌شكارى بڕى ئه‌و سياسه‌ته‌ نه‌وتييه‌ حيزبيه‌ تازه‌-نمووزه‌جيه‌ش بوو, كه‌ پێش سئ مانگ له‌واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان, بۆ يه‌كه‌م جار له‌ شانۆى ميدياكانه‌وه‌ بينيمان, هه‌ردوو سه‌رۆك و سكرتێرى گشتيى دوو هێزى ده‌سته‌ڵاتدارى ناوچه‌كه‌ قوفڵى  ڕه‌وانه‌كردنى بۆريه ‌نه‌وتييه‌كانيان به‌ڕووى وڵاتانى ده‌ره‌كيدا پانوپۆڕتركرده‌وه‌! ئه‌م دوو هێزه‌ به‌جۆرێك به‌رگرييان له‌ مه‌له‌فى نه‌وتيى هاو-ته‌به‌نيى سياسه‌تى خۆيان ده‌كرد كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌وكاته‌دا خودى كه‌سى يه‌كه‌مى ناو"يه‌كێتى نيشتيمانيى", له‌سه‌ر ڕاپۆرتێك كه‌ له‌لايه‌ن ڕۆژنامه‌ى ڕۆژنامه‌ى ئه‌وكاتى نزيك له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ بڵاوكرايه‌وه‌, له‌سه‌ر پرسى به‌قاچاخ بردنى نه‌وت و ناشه‌فافيى مه‌له‌فى نه‌وت و دارايى نه‌وتيى, بۆخۆى, به‌جيا له‌ خه‌سمه‌ ته‌قليدييه‌كه‌ى, داواى ياسايى له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌كه‌ و خودى ڕاپۆرتسازيش له‌ دادگاكانى تايبه‌ت به‌خۆيان تۆماركرد. چه‌ندين لێدوان و قسه‌ى خودى كه‌سى سكرتێرى گشتيى"يه‌كێتى نيشتيمانيى"هه‌يه له‌و باره‌يه‌وه‌‌, كه‌ چۆن داكۆكيكارانه‌ به‌رگرى له‌ شه‌فافێتى مه‌له‌فى نه‌وتيى و سه‌ركه‌وتن و سه‌رپێخستنى جۆرى پرۆسه‌كه‌ ده‌كات__هه‌مان درێژكراوه‌ى ئه‌و سياسه‌ته‌ نه‌وتييه‌ى كه‌ ئيدى ئێستا سوكانى پڕۆسێسى به‌ده‌ست ده‌سته‌ڵاتى"پارتى ديموكرات"ه‌وه‌يه‌ و, له‌ ئێستاشدا ده‌سته‌بژێرێك له ئاستى باڵاى هێزه‌ نه‌ياره‌ ته‌قليدييه‌كه‌يدا له‌سه‌رێكه‌وه‌ هاو-وه‌به‌رهێنى نێو زۆنى بزنسى ميرنشينى نه‌وتيين و, له‌سه‌رێكى تريشه‌وه‌, له‌ ئاستى كادر و ئه‌ندانامى خواره‌وه‌ى حيزب و ده‌ره‌وه‌ى حيزب, ڕيتۆريكييانه‌ له‌ئاستى ڕووكاردا ڕه‌خنه‌گرين! 
هه‌ربۆيه‌, پێويسته‌ دواجار ئه‌وه‌ بوترێت, ئه‌گه‌ر واقعى ئێستاى بارى ناله‌بارى ئابووريى و دارايى ناوچه‌كه‌ ناتجى سه‌ره‌كى تيايدا يه‌كسانبووى هه‌مان واقعێتى ناڕوونيى, نادياريى و خراپ هه‌ڵسوڕانى ئێستاى سياسه‌تى مه‌له‌فى نه‌وت و دارايى نه‌وتيى بێت, به‌وپێيه‌ى, ئاشكرايه‌, شوناسى داهات له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراقدا به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى بڕى زۆرى ڕانتخۆريى-نه‌وتييه‌ (oil rentier state/rentier state), وه‌ ئه‌گه‌ر واقعى ئێستاى هه‌ژموونخوازيى "پارتى ديموكرات"ى كوردستانيش له‌سه‌ر ده‌ستگرتنى به‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وت و دارايى داتاى نه‌وتيى, سه‌رۆكايه‌تيكردنى نه‌خشه‌ى هه‌رێم, ئاژانسى پاراستنى ئاسايشى هه‌رێم و به‌شى زۆرى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌,  دواجار كۆى ئه‌مانه‌ سه‌رچاوه‌ى گه‌مه‌ى غرورى هێزى ته‌قليديى زه‌به‌لاحى بێت له‌م ناوچه‌يه‌دا‌, كه‌ سه‌رئه‌نجام نائاساێتى به‌جۆر و حه‌جمى پێكهاته‌ى ئه‌م هێزه‌ به‌خشيووه‌ و, به‌هۆيه‌وه‌ ئاسۆى ئاينده‌ى هاوسه‌نگى پرۆسێسى ژينگه‌ى ديموكراسيشى له‌ناوچه‌كه‌ ته‌واو ئيفليج و ڕووه‌وهه‌ڵدێربردووه‌, ئه‌وا پێويسته‌ درێژه‌ى پێشينه‌ى ڕابردووى هه‌موو ئه‌م ئيماره‌تخوازييه‌ سياسيى-ئابوورييه‌ نه‌وتييه‌ى"پارتى ديموكرات" له‌ ئێستا و ئاينده‌ى ژينگه‌ى هه‌نووكه‌ فه‌وزه‌ويى ناوچه‌كه‌دا گرێبده‌ينه‌وه‌ به‌ پێشينه‌ى سياسه‌تى ڕابردوو و ئێستاى لايه‌نێكى ترى هاو-فۆڕم و هاو-پێكهاته‌ى ته‌قليديى ناوچه‌كه‌وه‌و, پاشان بپرسين, ئايا ئه‌مه‌ له‌بنچينه‌دا هاوكێشه‌يه‌كى به‌جێيه‌, هێزێكى وه‌ك"يه‌كێتى نيشتيمانيى" بۆخۆى كه‌ره‌سته‌ى كاراى به‌كۆنكرێتبووى هه‌يكه‌لێتى زه‌به‌لاحى"پارتى ديموكرات" بووبێت له‌ ڕابردوودا و, له‌ ئێستاشدا ڕه‌خنه‌ى له‌سه‌ر جۆرى چه‌رخێتى سيسته‌مى حوكمڕانى ژينگه‌ى ناوچه‌كه‌ هه‌بێت, كه‌"پارتى ديموكرات" به‌پله‌ى يه‌ك له‌ ئێستادا ده‌يگێڕێت, له‌كاتێكدا بۆخۆى له‌ ڕابردوو ته‌نانه‌ت ئێستاش هه‌ميشه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ وێنه‌دانه‌وه‌ى كۆى هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنه‌ و پرسياره‌ جددييانه‌ى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى پاوانخوازيى و هه‌ژموونگه‌رايى په‌يوه‌ست به‌ ناته‌ندروستێتى و نائاساێتى جۆر و پێكهاته‌ى خه‌سمه‌ ئه‌زه‌لييه‌كه‌ى وه‌ك مه‌ترسى جدديى بۆ ئێستا و ئاينده‌ى ژينگه‌ى سياسيى ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ ميديا جياجياكانه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو?! 
تێبينى: هه‌رچه‌ند ناوه‌ڕۆكى ته‌وقيتى ئه‌م نوسينه‌م به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌گونجاو نه‌زانى له‌ ئێستاى دۆخى ژينگه‌ى ناوچه‌كه‌دا, به‌ڵام ناشكرێت ته‌نيا قسه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسى جدديى پشت هه‌ژموونخوازيى ڕه‌قه‌مێكى هێز بكرێت له‌نێو هاوكێشه‌ى سياسيى ناوچه‌كه‌دا و, ڕه‌قه‌مێكى تر له‌ به‌رامبه‌ر هاوكۆلكه‌ى ئه‌م هاوكێشه‌يه‌دا هه‌ڵاوێربكرێت.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە