بەیاننامەی دەستەى ژنانى چالاکى راپەرین بە بۆنەی8 مارس رۆژی جیهانی ژنان
Sunday, 08/03/2009, 12:00
رۆژى 8ی مارس زادەى قبوڵ نەکردنى ستەم و زوڵم جیاکارییە دەرهەق بەژنان و نیشانەى بەرەنگارى و خەباتى بەردەوامە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و بەرەنگاربونەوەى نایەکسانى. رۆژێکە بۆ بەرزنرخاندنى رۆڵى ئەو ژنە تێکۆشەرانەى کە دژى هەموو ئەو کۆت و بەندانە وەستانەوە کە لەبەرامبەریان ئەنجام دەدرا، بەمەش بونە سوتماکى خەباتى نابەرابەرى و کرانە سیمبوڵى خەباتى ژنان بۆ ژیانێکى باشتر کەتێیدا رێز لە بەهاکانى مافەکانى مرۆڤ و ئازادیدا بگیرێت. هەر بۆیە سەد ویەک ساڵ زیاترە ژنان لەهەموو جیهان یادى ئەم ڕۆژە دەکەنەوەو خەباتى ئەم ژنانە بەرز دەنرخێنن.
ئەمڕۆ پرسى ژنان لەجیهاندا بۆتە پرسێکى گشتگیر و کراوەتە پێوەرێک بۆ خەباتى هەمەچەشنەى ئازادى و رێزگرتن لەمافەکانى مرۆڤ و بنەماکانى دیموکراسى و لەوڵاتاندا. لە کوردستانیشدا، دواى ڕاپەڕین و هاتنە مەیدانى دەیان سەنتەر و دەستە و گروپى ژنان و رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، ساڵانەش بەچالاکى جۆراجۆر یادى 8 مارس دەکرێتەوە. بەمەش لەگەڵ ئەوەى ئامادەیى ژنان لە کوردستاندا لەسەرجەم بوارەکان بەرەو پێش چونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام ئەوەى جێگاى داخە تاکو ئێستاش هەواڵى خۆسوتاندن وکوشتن و توندو تیژى جۆراوجۆر دەرهەق بە ژنان دەبیستین .
بۆیە ئێمە لەدەستەى ژنانى چالاکى راپەرین وێراى ئاراستە کردنى پیرۆزبایى ئەم رۆژە بۆ سەرجەم ژنانى کوردستان وجیهان بە گشتى، جەخت لە هەوڵ و کۆششى زیاتر دەکەینەوە بۆ بەرەنگار بونەوەى هەموو جۆرەکانى توندوتیژى لە بەرامبەر ژنان و خەباتى دەستەبەرکردنى مافە زەوت کراوەکانی ژنان فراوان بکرێت. بێگومان ئەمەش بەپلەى یەکەم دەکەوێتە سەرشانى ژنان خۆیان. کە پێویستە و چالاکتر هوشیارتر و یەکگرتووتربن بۆ گەیاندنى پەیامى راستەقینەى خەباتى ژنان کە خۆى لە یەکسانى کۆمەڵایەتی و نەمانى جیاوازى رەگەزى و هزرى ناتوندوتیژیدا دەبینێتەوە. هەروەک چۆنیش ئەمە ئەرکى تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگاییە کە داکۆکى لە مافەکانى ژنان بکەن. بەتایبەتیش دام و دەزگا باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەر لەسەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان رێکخراوە سیاسیەکان، کە پێویستە هەریەکەیان بەئەرکى زیاترى خۆیان هەڵسن بەرامبەر چاکتر کردنى رەوشى ژنان لەکوردستاندا . با ماف و کێشەى ژن لە پڕۆگرام و گوتاریان ڕەنگ بداتەوە کار بکەن بۆ لابردنى ئەو نادادپەروەرىیەى کە چەندین ساڵە سەپێنراوە بەسەریاندا.
بژى 8 مارس رۆژى جیهانى ژنان لە جیهاندا
نا بۆ ستەم وفشارو توندوتیژی
8_3_2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست