بەیاننامەی لستى پیشەیی مامۆستایانى كوردستان
Monday, 10/10/2011, 12:00
سەبارەت بە بایكۆتكردنی (12) هەمین كۆنگرەى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان
جەماوەرى مامۆستایانى كوردستان
وەك لیستى پیشەیی مامۆستایانى كوردستان پشتگیرى و پەرۆشى خۆمان بۆ بەستنى (12) هەمین كۆنگرەى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان راگەیاند ، هەموو ئەندامانى لیستەكەمان لەگەڵ لیستەكانى دیكەى مامۆستایان وەك یەك تیم لەرۆژانى كۆنگرە بۆ دەوڵەمەندكردنى راپۆرتەكان لەرێگاى گفتوگۆى دیموكراسیانە كارمان دەكرد بەمەبەستى ئەوەى كۆنگرەكە سەركەوتووبێت و لەپێناو بەرەوپێشبردنى رێكخراوى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان كەدووربێت لەدەستێوەردانی حزبی كۆتایی بەكارەكانى بهێنێت.
بەڵام بەداخەوە كارەكانى بەم جۆرە بەڕێوە نەچوو كەچاوەڕێمان دەكرد, بۆیە لەرۆژانى كۆنگرەكە دانمان بەخۆماندا گرت و نەمانویست ئاراستەى كۆنگرەكە بەلایەكى تردا بچێت, پاشان بۆ ئەوەى ئەندامانى لیستەكەمان بەشدارییەكى چالاك و كارایان لە دەوڵەمەند كردنى راپۆرتەكان و گفتوگۆكاندا بۆخزمەتكردنى مامۆستایان هەبێ، سەرەڕاى تێبینى وردمان لەسەركەموكورتییەكان و بەرتەسككردنەوەى دیموكراسییەت وپێشێلكردنى مافى هەر ئەندامێكى كۆنگرە كەهەموویان لەناو كۆنگرە یەكسانن. بەلاًم بەداخەوە چەند جارێك دۆخ و كەشی كۆنگرەكە لەلایەن لیستى كوردستانى و لیستى هاوبەش هەڵبەزو دابەزى بەخۆوە بینى .
ئەو دۆخ و كەشەى ناو كۆنگرەو كۆنتڕۆڵكردنى زۆربەى كارو بابەتەكان وایكرد بەرامبەر گرفتەكان بێدەنگ نەبین , تەنانەت زۆرێك لەئەندامانى هەردوو لیستى ناوبراو گلەیی و گازاندەیان هەبوو كەبۆچى دەبێت كۆنگرەى مامۆستایان بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت؟ بۆیە بەپێوستى دەزانین چەند خاڵێكى گرنگ بۆ جەماوەرى مامۆستایان بخەینە روو كەبووە هۆكاری بایكۆتكردنمان
1-ئێمە خۆشحاڵین بەرێككەوتنى سیاسی و رێكخراوەیى ئەگەر لەدەرەوەى كۆنگرەش بكرێت، چونكە پێمانوایە ئەوجۆرە رێككەوتنانە كارئاسانى دەكات كەرێكخراوەكە ببێتە مایەی نزیكبوونەوەى بیرو راكان, بەڵام بەمەرجێك رێككەوتنەكە كاریگەرى سەلبى لەسەر گفتوگۆو ئاڵوگۆڕكردنى راو بۆچوونەكان لەناو كۆنگرەدا نەبێت، نابێت هیچ لایەنیك راى خۆى بسەپێنێ، بەڵكو دەبێ راكانمان لەبەر ژەوەندى مامۆستایان و پەروەردەو فێركردندا یەكخەین.
2- دەستەى سەرۆكایەتى لەهەر كۆنگرەیەك چ حزبی بێت یان رێكخراوەیی كاریگەرى گەورەى لەسەر بەڕێوەچوونى كۆنگرەو گفتوگۆكان و دەنگدان لەسەر هەموو راپۆرتەكان دەبێت , لەهەمانكاتدا ئێمە دەمانویست دەستەى سەرۆكایەتى بەهەڵبژاردن پێكبهاتایە , نەك بەدانانى سەرۆكى لیستەكان و بەگوێرەى ئەو رێككەوتنەى لەنێوان (لیستى كوردستانى) و (لیستى هاوبەش) ئەنجام درا.
لەهەموو كۆنگرەكانى جیهانى دەستەى سەرۆكایەتى لە(3 بۆ 5) ئەندام پێكدێت، نەك بەم زۆرییە كە(11) ئەندام بێت.
3- ئێمە لەگەڵ ئەوەنەبووین و پێمان باش نەبوو دەستەى سەرۆكایەتى كۆنگرە لەماوەى (4) رۆژى كۆنگرەكە لەلایەن مامۆستایەكى بەڕێزى لیستى كوردستانییەوە ئیحتكار بكرێت و بوار نەدا (11) ئەندامەكەى تر لەدەستەى سەرۆكایەتى رۆڵ ببینن , كەى ئەمە كارێكى دیموكراسییە؟! ئەمەو نوێنەرمان چەندین جار پێشنیارى كرد كەبالیژنەى سەرپەرشتى بەنۆرە (متناوب) بێت و هەرجارەى یەكێك بەڕێوەى ببات، بەڵام گوێمان لێنەگیراو هەربۆیە لەدەستەى سەرۆكایەتیش كشاینەوە.
4- لەهەموو كۆنگرەیەك دەبێت سەرۆك لیژنەكان و جێگرەكانى و بڕیاردەرەكانى بە هەڵبژاردن پێك بێت، نەك پشت ببەسترێ بەو رێككەوتنە سیاسییەی لەدەرەوەى كۆنگرە بڕیارى لەسەردراوەو بەگوێرەى دەنگەكانى هەڵبژاردن لیژنەكان دابەش بكرێت . جێى ئاماژەپێدانە راپۆرتەكانى (پەیڕەوى ناوخۆو یاسا) ى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان كەبە بڕبڕەى یەكێتى مامۆستایان دادەنرێن بەبێ خوێندنەوە تەنها بەرێككەوتنى لیستى كوردستانى و لیستى هاوبەش بەرێكران , ئەم كارەش زۆر دوورە لەنەریت و بنەماكانى كۆنگرە، تەنها لیستى پیشەیی مامۆستایان بەم ئالییەتە رازى نەبوو، لەمەشدا لەهۆڵى كۆنگرە رەخنەمان گرت و هاتینە دەرەوە .
5- وەك مافێكى پیشەیی و شەرعى لیستى پیشەیی مامۆستایانى كوردستان لەرۆژى 27/9/2011 پڕۆژەیەكى خۆمان پێشكەش بەلیستى كوردستانى كرد كەداواكارییەكانى ئێمەى لەخۆ گرتبوو، بەڵام لەو رۆژەوە تاچوارەم رۆژى كۆنگرەكە هیچ وەڵامێكى فەرمیمان لەلایەن لیستى كوردستانییەوە پێنەگەیشت , تەنها بەزارەكى وەڵامیان داینەوە. بۆیە هەر لەسێیەم رۆژى كۆنگرەكەوە جارێكى تر داواكانمان بەنووسراو پێشكەش كردن و سەقفى كاتیمان بۆ لیستى كوردستانی دانا بۆ ئەوەى وەڵامى فەرمى و روون و ئاشكرامان بدەنەوە، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێكى روون و نوسراویان نەبوو , ئامادەش نەبوون بەدانیشتى فەرمى لەگەڵ لیستەكەمان كۆببنەوەو وەڵاممان بدەنەوە، بەڵكو گوتیان ئەمە لەدەست ئێمە نەماوەو رێككەوتنى ئێمە لەگەڵ لیستى هاوبەش لەنێوان سەركردایەتى حزبەكانمان مۆركراوە. بۆیە ئێمە وەك (لیستى پیشەیی مامۆستایانى كوردستان) بەروونكردەوەیەك بۆهەموو ئەندامە بەڕێزەكانى كۆنگرەكە لەچوارەم رۆژى كۆنگرەكە بەرێزەوە بایكۆتمان كردوو هیواى سەركەوتنیشمان بۆ خواستن.
لسیتى پیشەیی مامۆستایانى كوردستان
11/10/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست