کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان: رژێمی ئێران پێویستە واز لەسیاسەتی سێدارە بهێنێت وگوێ بەداخوازییەكانی گەلانی ئێران بدات

Saturday, 25/12/2010, 12:00


رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی چەند ساڵێكە، لەدژی داخوازییەكانی گەلانی ئێران وبەتایبەتی گەلی كورد، سیاسەتی توندوتیژیی و بەدوور لەپێوانەكانی دیموكراسییەت و شارستانی گرتووەتە بەر، ئەم شێوە هەڵسوكەوتەی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر بە داخوازییەكانی گەلان، خۆی لەخۆیدا، بەپێچەوانەی راستینەی مێژوویی و فرەكەلتووری ئێران و پێكەوە ژیانی برایانەی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی نێو ئێرانە. ئێران پێناسەی كەلتوورێكی چەند هەزارساڵەی پێكەوە ژیانی گەلانە لەرۆژهەڵاتی ناویندا و خاوەن هێزێكی پتەوی شارستانییە كە ناوەڕۆكی خۆی لە رۆحی برایەتی و تێكەڵاوی كەلتووری لەئاستێكی هەری بەرزدا دەنوێنێت و ئەم هێزەش، بۆتە هەوێنی پێكەوە ژیانی گەلان. بەڵام بە داخەوە، ئەوە چەند ساڵێكە، رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ناوی، بیروڕای جیاواز و دژایەتی خواستەكانی گەلان و ئامانجە پیرۆزەكانی ئیسلامییەت، هەوڵ دەدات دەنگی ناڕەزایەتی گەلان و لەناویشیاندا، دەنگی گەلی كورد بێدەنگ بكات.
دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، ساڵی پار لەرێگەی لەسێدارەدانی چەند چالاكڤانی سیاسی ـ مەدەنی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان، هەوڵی دا كە بەتەواوەتی دەنگی ناڕەزاییەتی گەلی كورد، بێدەنگ بكات و لە داخوازییە ڕەواكانیان كە گەیشتنە بەئازادی دوور بخاتەوە، هەر بۆیەش، بە پەیڕەو كردنی سیاسەتی سێدارە و بەئامانجی چاوترساندنی لاوان و ژنان وئازادیخوازانی گەلەكەمان. بەرپرسانی ئێران لەجێگای ئەوەی وانە لە ئاكارە سیاسیەكانی ساڵی پار وەربگرن، بەپێچەوانەوە، بەردەوامی بەم سیاسەتە دەدەن و بەپێی ئەو هەواڵانەی كە لەلایەنی پارێزەری حەبیبوڵا لەتیفییەوە بڵاوكراوەتەوە بڕیارە رۆژی 26-12-2010 ناوبراو لەسێدارە بدرێت، ئەمەش بەواتا ئەوەیە جارێكیتر، خۆیان لەبازنەی،سیاسەتی سێدارەی رژێم ـ سەرهەڵدان گەل تاقی دەكەنەوە، چونكە، گەلانی ئێران ولەناویدا، گەلی كورد، لەپاش سێدارەدانی لاوانی كورد، لە 9-5-2010 لەزیندانی ئەوین، نە، بەو شێوەیە كە رژێم چاوەڕوانی دەكرت، بێدەنگ بوون، بەڵكو بووە هۆی یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی هێزو لایەنە ئازادیخوازەكانی ناوئێران و بەتایبەتیش، شەقامی كوردی. هەر ئەمەش وای لە گەل كردووە كە بەرۆحی سەرهەڵدان ـ ئازادی پەرە بەتێكۆشانی بێ وچانی خۆیان بدەن، هەتاكو گەیشتنە بەئامانجە پیرۆزەكانیان لەوانە، دیموكراسییەت و بەدەستهێنانی مافە زەوتكراوەكانی خۆیان. ئەگەر بەهەر شێوەیەك رژێمی كۆماری ئیسلامی دەستبەرداری هەوڵە بێ ئاكامەكانی خۆی نەبێت و جارێكی تر، هەوڵی، تاقیكردنەوەی سیاسەتی بێدەنگ كردن بدات، لەبەرامبەریدا، گەلانی ئێران لە خواستەكانیان كە دیموكراسییەت و ئازادییە پاشگەز نابنەوە. ئەم شێوە، سیاسەت و هەڵسوكەوتەی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵی جوداخوازی و پارچەكردنی گەلان و لەناوبردنی ئەو هێزە دینامیكییەی كۆمەڵگای ئێرانە، هەرچەندەش ئەم سیاسەتە پەرە بستێنێت، دەبێتە هۆی بێ متمانەیی گەلان لەنێو یەكترداو رێگا خۆشكەر دەبێت بۆ هێزە هەژموونگەرەكانی جیهانی و بەتایبەتیش دەبێتە هۆی دەستێوەردانی هێزەكانی دەرەكی لەكاروبارەكانی ناوخۆیی ئێراندا. لەكاتێكدا كە رژێمی ئێران خۆی بە قەیرانێكی قوڵی سیاسی ، ئابووریدا تێپەڕ دەبێت و لەلایەكی تریشەوە، ئاستی گەمارۆكان لەسەر رژێم رۆژبەرۆژ پەرە دەستێنێت، پەیڕەو كردنی ئەم شێوە سیاسەتە، دەبێتە هۆی لاوازی پێكەی هەرێمی وجیهانی ئێران و بەقازانجی كەس نییە، تەنها ئەوە نەبێت كە دەكەوێتە خزمەتی هێزە دەرەكییەكانەوە. ئەمەش لەهیچ روویەكەوە، خزمەت بە گەلانی نێو ئێران و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگای ئێران ناكات.
هەر بۆیە، ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، لەكاتێكدا، كە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەگەری مەترسیدار بوونی سیاسەتی لەناوبردن و تواندنەوە و هاوشێوەی ئەم سیاسەتانە كە دژ بە داخوازییەكانی گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەل كورد وئازادیخوازان بەرێوەدەچێت هۆشیار دەكەینەوە، هاوكاتیش داوا دەكەین، كە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران ئیدی واز لە سیاسەتی، رەشبگیری و كۆشتنەكانی بكەری نادیار و سیاسەتی سێدارە بهێنن و گوێ بۆ داخوازییەكانی گەلان و بەتایبەتیش گوێ بە داخوازییەكانی گەلی كورد بدەن و لەجێگای سیاسەتی سێدارە، پەیڕەو كردنی سیاسەتێكی دیموكراتیانە، كە رێز لە داخوازییەكانی گەلان بگرێت، هەنگاو بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی بەتایبەتی پرسە هەڵواسراوەكانی خۆی بنێت. هیوادارین كە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، حوكمی لەسێدارەدانی چالاكڤانی سیاسی ـ مەدەنی كورد، (حەبیبۆڵا لەتیفی)هەڵوەشێنێتەوە، چونكە رژێم تەنها بەم شێوەیە دەتوانێت خۆی لە قەیرانی سیاسی و گەمارۆە جیهانییەكانی بپارێزێت و ئەمەش بە پەیڕەو كردنی سیاسەتی دیموكراتیانە مسۆگەر دەبێت و دەبێتە مایەی بەهێزكردن و پتەوكردنی رۆحی برایەتی لەنێوان گەلان و رزگاری دەوڵەت وحكومەتی ئێران لە قەیرانە سیاسیەكان و لەهەمانكاتیشدا، دەبێتە هێزی بەرگری لەبەرامبەر بە دەستێوەردانەكانی هێزە مۆداخەلەگەرەكانی ناوچەكە. لەهەمانكاتیشدا، داوا لە جەماوەری گەلەكەمان دەكەین، بە هەموو شێوەیەك، پشتیوانی خۆیان بۆ بەدەستخستنی داخوازییە ڕەواكانی گەلەكەمان لەبەشەكانی تری كوردستان لەوانەش رۆژهەڵاتی كوردستان، درێغی نەكەن و بەچالاكی جەماوەری خۆیان، ببنە، ئاستەنگ لەبەرامبەر سیاسەتی سێدارەی كۆماری ئیسلامی ئێران و قەڵغانی پاراستنی كەرامەتی نەتەوەیی ـ دیموكراتی گەلەكەمان هاوكاتیش، داوا لە حكومەت و پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە لەچواچێوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی خۆیاندا، داوا لە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، كە حوكمی ناعادیلانەی (حەبیبۆڵالەتیفی)و هەموو چالاكڤانانی سیاسی ـ مەدەنی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان هەڵوەشێننەوەو گوێ بە داخوازییەكانی گەلەكەمان بدەن.

دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
24/12/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە