کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ به‌رێز ئەنجوومەنی كاتی سەرای ئازادی

Sunday, 13/03/2011, 12:00


ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنمانەوە لە 5/3/2002ەوە هەتا ئێستا هەمیشە لەبەرەی جەماوەردا بوین ورابردوو، كردار وئێستاشمان گەواهیدەرن. هیچ كاتێك لەسەربچووكترین مافی گەلەكەمان سازشمان نەكردووەو نایكەین. راستگۆو یەك ڕوو بوین، هەرچی دیدوبۆچوون و هەڵوێستكێمان هەیە بەئاشكرا دەرمانبڕیوەو دەری دەبڕین. لەبەرئەمەش باجی زۆرمان داوە. سەرەڕای كاروچالاكی نەتەوەیی ودیموكراتیمان رووبەرووی فشاروناحەقی زۆر بوینەت ەوە لەلایەنی دەسەڵاتی كوردییەوە. ئەوەتا لە 3/11/2007ەوە بارەگاكانمان داخراوە لەلایەنی حكومەتی هەرێمەوە وهەتا ئێستاش بەشێوەیەكی یاسایی مامەڵەمان لەگەڵدا ناكەن و لەپێش ئەو بەروارەوە ودوای ئەو بەروارەش سەركردایەتی وكادیروئەندام ولایەنگرانمان رووبەرووی زۆرترین فشارو دەستگیركردن بوونەتەوە. واتە ئێمە پارتێكین بووینەتە قوربانی سیاسەتی نادیموكراتیانەی دەسەڵاتی كوردی، كە رووبەڕووی زۆرترین سزای سیاسی بوینەتەوە لەكوردستاندا. ئێستاش دەبینین هەوڵدانێك هەیە بۆ پەراوێزخستنمان لەرووداوەكان، ئەمەش نیگەرانمان دەكات، چونكە ئێمەش هاوشێوەی پارت ولایەنە كوردستانیەكانی تر خۆمان بەخاوەنی ئەم وڵاتە دەبینین وپێمان وایە مافی ڕەوای خۆمانە بەشداری پرۆسەی سیاسی كوردستان بكەین و ئەركی خۆمان جێبەجێ بكەین. بەڕاستی نابینین لەپرۆسەی پلاتفۆرم ودانیشتندا نە ئێمە، نەهیچ لایەنێكی تر پەراوێز بخرێت. ڕەنگە دەسەڵات بەهەربیانوویەك بێت بخوازێت ئێمە پەراوێز بخات، بەڵام ئێوەو ئەو لایەنانەی كە ئۆپۆزیسیۆنن بێگومان گرنگە كە لەم بوارەدا خاوەن هەڵوێستی جیاواز بن و ئێوەش لەكاتی پلاتفۆرم و چارەسەركردنی پرسەكاندا تەنیا باسی ئەو لایەنانە نەكەن كەلەپەرلەماندان یاخود لەلایەنی دەسەڵاتەوە مۆڵەت پێدراون. هەر بۆیە پێشنیارمان وایە كە ئێوەی بەڕێز لەلێدوان وروونكردنەوەكانتاندا كاتێك ئاماژە بۆ پرۆژەو هەڵوێستی لایەنەكان دەكەن، ئاماژە بەپرۆژەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان و هەڵوێستەكانمان بكەن كە تێیدا پشتیوانیمان لە ئێوەو داخوازییەكانی جەماوەر كردووە. بۆ چارەسەریش سەرەڕای ئەو پرۆژەیەی كەبڵاومان كردۆتەوەو لەبەردەستی بەرێزیشتاندایە، ئەم پێشنیارە كردارییانە دەخەینە بەردەم بەرێزتان:
یەكەم: ئەنجومەنی كاتی سەرای ئازادی كار بكات بۆ لەیەك نزیككردنەوەی هەموو لایەن و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و بەرفراوانكردنی رێپێوان و چالاكیەكان بەشێوەیەكی دیموكراتی و گەیاندنی بەهەموو شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان. لەهەمان كاتدا ئەنجوومەنی كاتی سەرای ئازادی كار بكات بۆ دروستكردنی پلاتفۆرمێكی كراوە كە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان"ئەوانەی لەپەرلەماندان وئەوانەشی لەدەرەوەی پەرلەمانن، ئەوانەی حكومەت مۆڵەتی پێداون وئەوانەشی حكومەت مۆڵەتی پێ نەداون و پەراوێزی خستوون" بەشدار بن تێیدا.
دووەم: نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وپێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگا بەشداری ئەو پلاتفۆرمە بكەن.
سێیەم: نوێنەری سەرجەم خۆپێشاندانەكان لەشارەكانی كوردستان بەشداری ئەم پلاتفۆرمە بكەن.
چوارەم: هەموو لایەنەكان لەسەرئاستی بەرپرسیاری یەكەم بەشداری پلاتفۆرمەكە بكەن.
پێنجەم: پلاتفۆرمەكە لەلایەنی كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆوە كە نوێنەری جەماوەر بن بەڕێوە ببرێت.
شەشەم: پلاتفۆرمەكە سەرجەم ئەو پرۆژانەی كە خراونەتە ڕوو، كۆیان بكاتەوە وبیانكات بەئەجیندای گفتوگۆ.
حەوتەم: لەچوارچێوەی ئەو پرۆژانەی كە خراونەتە ڕوو گفتوگۆی تێرو تەسەل ئەنجام بدرێت بۆ هەنگاونان لەم بوارانەدا:
1 ـ پێداچوونەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان وهەمواركردنی وئامادەكردنی بۆڕاپرسی جەماوەر.
2 ـ پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ویاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان بكرێت وبەو پێیە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت.
3 ـ پێداچوونەوە بەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ورێكخستنی كاری پەرلەماندا بكرێت.
4 ـ پرۆژە یاسایەك بۆ رێكخستنی كاری كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ئامادە بكرێت كەسەربەخۆیی كۆمیسیۆنەكە گەرەنتی بكات و بەوپێیە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم دروست بكرێت.
5 ـ پرۆژە یاسای رێكخستنی كاری حكومەت گەڵاڵە بكرێت، بەشێوەیەك كە پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس ودەزگای هەواڵگری نیشتمانی لەسەربنەمای خزمەتی نیشتمانی وپسپۆری رێكبخرێت وسەربەحكومەت بن.
6 ـ یاسای رێكخستنی پارتەكان هەموار بكرێت و رێگە لەبوونی ئەو پارتانە بگیرێت كە "چەكدار، ئاسایش، هەواڵگری" تایبەتیان هەیەو سەرجەم ئەو دەزگا حیزبیانە هەڵبوەشێنێتەوە.
7 ـ یاساكانی رێكخستنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، یاسای رێكخستنی خۆپێشاندان رێكبخرێتەوە.
8 ـ یاسای باری كەسێتی، رەگەزنامە، لەشفرۆشی و سزادان سەرلەنوێ رێكبخرێتەوە بەشێوەیەك كە هاوتایی ڕەگەزی بەبنەما بگرێت.
9 ـ بەرنامەیەك بۆ هەمواركردنی سەرجەم ئەو یاسایانە دابنرێت كە پلاتفۆرمەكە پێویستی دەبینێت.
10 ـ ئەو پلاتفۆرمە دەستەیەك ئەركدار بكات بۆ گەڕاندنەوەی موڵكی گشتی لەلای هەرلایەن و كۆمپانیاو كەسێك بێت.
11 ـ ئەم پلاتفۆرمە ئەركەكانی خۆی لەماوەی كەمتر لە سێ مانگدا جێبەجێ بكات.
هەشتەم: ئەم پلاتفۆرمە حكومەتێكی كاتی كەهەموو لایەك رازی بكات ئەركدار بكات بۆ ئەوەی هەتا پێش كۆتایی مانگی دە(10) ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی خاوێن بكات و ئەو بڕیاروراسپاردانەی كەپلاتفۆرمەكە گەڵاڵەی كردوون پێكی بهێنێت.
نۆیەم: ئەو پلاتفۆرمە هەتا ئەنجامدانی هەڵبژاردن وراگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكان وتەسدیقكردنی كارەكانی بەردەوام ببێت و دوایی هەڵبوەشێتەوە.
هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین، لەپێناوی سەركەوتندا ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاریەكین.

دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
13/3/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە