لێژنه‌ى لێكۆلینه‌وه بکوژه‌کانی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشکرا ده‌کات، که ناویان (ئا ئا) و (ئا میم)ه
Wednesday, 15/09/2010, 12:00
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی ئه‌و راگه‌یاندنه گاڵته‌جاڕییه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پاراستنه که له که‌ناڵ و سایته‌که‌یاندا بڵاویان کردۆته‌وه.************
KTV ...
راگه‌یاندنێك له‌لایه‌ن لێژنه‌ى لێكۆلینه‌وه‌ى تایبه‌ت به دۆسیه‌ى قوتابى كوژراو (سه‌رده‌شت عوسمان حه‌سه‌ن) :
دوابه‌دواى راگه‌یاندنى سه‌ره‌تاییمان له‌م دۆسیه‌یه له رێكه‌وتى (23/5/2010) بۆ هه‌موو لایه‌ك رایده‌گه‌یێنین كه دواى ئه‌وه‌ى له رێكه‌وتى (4/5/2010) قوتابى كۆلێژى زمان له به‌شى ئینگلیزى (سه‌رده‌شت عوسمان حه‌سه‌ن) رفێندرا له‌به‌رده‌م په‌یمانگاى هونه‌ره جوانه‌كان كه ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر كۆلێژى ئاداب ، دواتر له رێكه‌وتى (5/5/2010) ته‌رمه‌كه‌ى دۆزرایه‌وه له شارى (موسل) و دواى وه‌رگرتنى رێوشوێنى یاسایى و ئه‌نجام دانى پشكنین له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ى پزیشكى دادى (موسل) ، ته‌رمه‌كه‌ى رۆژى دواتر ته‌سلیم به كه‌س وكارى كرا .
له‌سه‌ر فه‌رمانى به‌رێز سه‌رۆكى هه‌رێم لێژنه‌یه‌كى تایبه‌ت به لێكۆلینه‌وه له‌م دۆسیه پێكهێنرا بۆ ئاشكراكردنى بكوژانى تاوانلێكراو ، لێژنه‌كه ده‌ست به‌كاربوو و سه‌ره‌تا هه‌ڵسا به وه‌رگرتنى ووته‌ى چه‌ند شاهێدێكى نزیك له شوێنى رووداو كه به‌چاوى خۆیان بینیویانه چۆن ناوبراو به ئۆتۆمبێلێكى جۆرى هۆندا (مینى پاس) ره‌نگى سپى ژماره (فحس بغداد) بردراوه .
له پاش كۆكردنه‌وه‌و تاوتوێكردن و شیكردنه‌وه‌ى چه‌ندین زانیاری لهسهرچاوهى جیاجیا له‌لایه‌ن لێژنه‌ى لێكۆلینه‌وه ده‌ركه‌وت كه‌سێكی سه‌ر به گروپى (انسار الاسلام) به‌ناوى (هشام محمود اسماعیل) ته‌مه‌ن (28) ساڵ به‌ره‌گه‌ز كورده و دانیشتووى شارى(موسل) پیشه‌ى فیته‌ره له پیشه‌سازى شارۆچكه‌ى (بێجى) ده‌ستى هه‌بووه له شه‌هید كردنى ناوبراو .
له‌ژێر چاودێرى لێژنه‌كه‌وه له رێگاى دادگاوه ئاسایش به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى قه‌زاى (بێجى) توانرا ناوبراو ده‌ستگیر بكرێت و ره‌وانه‌ى لێژنه‌ى لێكۆلینه‌وه كرا .
پاش لێكۆلینه‌وه له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبارى ده‌ستگیركراو دانى نا به‌تاوانه‌كه‌ى كه له رێكه‌وتى (4/5/2010) له‌لایه‌ن بهرپرســـى ئه‌م بانده به‌ناوى (أ . أ) ئاگادار كراوه‌ته‌وه بچێته شارۆچكه‌ى (شه‌رگات) سه‌ر به پارێزگاى (سه‌لاحه‌ددین) له‌وێ په‌یوه‌ندى به ئه‌ندامێكى تر‌ى ئه‌م بانده بكات به‌ناوى (أ . م) كه ئه‌مانه‌تێك هه‌یه وه‌رى بگرێت و بیگه‌ێنێته شارى (موسل) له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناوبراو شاره‌زایى هه‌یه له‌م سنووره ، تۆمه‌تبار ده‌چێته شوێنى دیاریكراو له‌وێ له سێ تۆمه‌تبارى تر‌ى ئه‌م بانده ئۆتۆمبێله‌كه وه‌رده‌گرێت كه تاوانلێكراوى تێدابووه به‌ده‌ست و قاچ و ده‌م به‌ستراوى و بهزیندویى ، ئینجا تۆمه‌تبار خۆى ئۆتۆمبێله‌كه لێده‌خوڕێ و له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبار (أ . م) ده‌چێته شارى (موسل) له گه‌ره‌كى (انتسار) ئۆتۆمبێله‌كه و تاوانلێكراو ته‌سلیم به به‌رپرسى بانده‌كه (أ . أ) ده‌كات .
پاش چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن به‌رپرسى بانده‌كه تۆمه‌تبارى ده‌ستگیركراو ده‌زانێت كه تاوانلێكراویان كوشتووه و به‌پێى ووته‌كانى ناوبراو هۆكارى كوشتنه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه گه‌راندۆته‌وه كه (سه‌رده‌شت عوسمان حه‌سه‌ن) به‌لێنى به‌م گروپه دابوو كه هه‌ندێك كاریان بۆ بكات به‌ڵام كاره‌كانى بۆیان ئه‌نجام نه‌دابوو .
ئه‌وه‌ى شایانى باسه ووته‌ى تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن دادوه‌رى دادگاى لێكۆلینه‌وه‌ى هه‌ولێر دادگه‌ریانه وه‌رگیراوه وه له هه‌وڵى به‌رده‌وام داین بۆ ده‌ستگیركردنى تۆمه‌تبارانى تر‌ى ئه‌م بانده كه به بریارى دادگا فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه و له وورده‌كاریه‌كانى تر و هه‌ر زانیارى و پێشوهچونێكى نوێ سه‌باره‌ت به‌م دۆسیه‌یه ئاگادارى هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه .
هاوپێچ : - وێنه‌یه‌كی تاوانباران
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست