ئاگاداریەك بۆ سەرجەم مەلاكانی كوردستان!
Monday, 21/03/2011, 12:00
مامۆستایانی ئایینی!
ئێوە زۆر باش دەزانن كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو شوێنێكی تاریك و نەخوازراو دەڕوا و دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی گیانی هاووڵاتیانی كوردستان دەخاتە مەترسیەوە. لە بەر ئەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ڕۆژەوە دەسەڵاتی سیاسی لەو هەرێمەدا گرتۆتە دەست، هیچ گرنگیەكی بە ژیانی هاووڵاتیان نەداوە. بنەماڵەی بارزانیەكان و دارودەستەكانین و بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و دارودەستە و نۆكەرەكانیان سەرجەم دەسەڵات و سەروەت و سامانەكانی كوردستانیان بۆ خۆیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان گلداوەتەوە.
تەنیا كارێك كە حكوومەت و دەسەڵات بۆ هاووڵاتیانی كوردستانی كردۆتە دیاری، ترس و تۆقاندن، بێ ئیشی و نەبوونی ئاسایش، برسیەتی، گەشە پێدانی زمانی كۆنەپەرستی، زمانی شەڕ و گرژیی و تووڕەیی، زمانی هێرش و پەلامار بۆ سەر شارستانیەت و لۆژیك و سەرەنجام، تیرۆر و ڕەشەكووژی و كوشتنی زمانی دیالۆگ و زمانی ژیاری و زمانی ژیانێكی ڕاستەقینەی هاووڵاتی لە ناو خۆی هەرێمی كوردستان بووە. هەر بەوبۆنەوە، دەسەڵاتی هەرێم، جیا لە خواست و ئارەزووكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بووە. هاووڵاتی هەرگیز نەیوێراوە كێشە وگرفتەكانی خۆی بە ئازادانە و دڵێكی فراوانەوە بەرێتە لای دەسەڵات لە بەر ئەوە زانیویەتی نەتەنیا گوێی بۆ داواكاریەكانی ڕاناگرن، بەڵكوو گیانیشی دەكەوێتە مەترسیەوە.
بۆیە لە نێوان دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و دیكتاتۆریەتی هەرێم و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دیوارێكی مەزن دروست بووە كە ئەم دیوارە بەتەواوی ئەوانی لێك جیا كردوونەوە. ئەم دەسەڵاتەش هەر وەكوو دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەكانی پێشوو جیاوازیەكی زۆری نیە و تەنیا ناوەكەیان جیاوازی هەیە و ئەویش گیان و ژیان و ئاسایشی هاووڵاتی بەلاوە شتێكی بێ نرخ و بێ بەها و پووچە. نموونەی ئەم وتەیە هێرشی بێ شەرمانەی چەكدارەكانی دەسەڵات بەدەستووری خوودی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سەر خۆپێشاندەرانی شاری سلێمانی و شارەكانی هەڵەبجە و كەلار بوو كە لە سلێمانی نزیك بە پەنجا كەس برینداربوون و بەداخەوە چەند كەسێكیش گیانیان لەدەس دا كە زۆرینەی بریندارەكانیش مێرمنداڵانی ژێرەوەی هەژدە ساڵ بوون. لە شاری هەڵەبجەش پۆلیسێك گیانی دا كە زۆر وێدەچێت هەر چەكدارەكانی دەسەڵات بۆ زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان تەقەیان لەو پۆلیسە كردبێت كە چەند كەسێكشیان لە هاووڵاتیان بریندار كردن. چونكە خەڵكی كوردستان شەڕی لەگەڵ چەكدارەكانی دەسەڵات نیە و شەڕ و ململانی جەماوەری كوردستان لەگەڵ بێ ڕێزی و دیكتاتۆریەتی دەسەڵاتە كە چەكدارەكانیش كۆیلەی دەسەڵاتن و دەیانكاتە سووتەمەنی خۆی و لەمپەری هێرشی جەماوەری كوردستان و چەكی خۆپێشاندەرانیش وشەی ژیان و ئاسایش و ئازادیە سەرەتاییەكانی مافی مرۆڤانەیە لە ناو نیشتمانی خۆیاندا كە ئاڕاستەی دەسەڵات دەكرێت. لە كەلاریش هەر بەو جۆرە هاووڵاتیان كەوتنە بەر بێ ڕێزی چەكدارەكانی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و كاتێكیش نوێنەری خەڵكی ئەم شارە لە پەرلەمانی شانۆیی هەرێم دا پشتیوانی لەو خەڵكە هەژار و چەوساوە كرد، كەماڵ كەركووكی بێ ئابڕوو و نۆكەری مەسعوود بارزانی و تاڵەبانی لە هۆڵی پەرلەمان كردیە دەرەوە!
دوا بەدوای ئەوەش دەسەڵاتی گەندەڵ، لەشكری ڕژاندە سەر ئەم شارانە و بەتووندی هەڕەشەی لەو خۆپێشاندەرانە و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان كرد كە ئەگەر جارێكی دیكە شتێكی لەو بابەتە ڕووبداتەوە، هەموو هاووڵاتیانی كوردستان گیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە لە لایەن دەسەڵات! بەڵام دەسەڵات پشتیوانی لەو بریندارانەی كە تەمەنیان لە ژێرەوەی هەژدە ساڵ بوو و لەو لاوە كووژراوانەی كە سەروەت و سامانی گشتی و گرنگی هەرێمی كوردستان بوون و بەدەستووری سەرۆكی هەرێم گیانیان كەوتە مەترسیەوە، نەكرد.
بەوجۆرە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئیتر دەسەڵات نوێنەری هاووڵاتیان نیە و بەڵكوولە دژی ماف و ئازادیەكانی ئەوانیش وەستا و گیانی هاووڵاتی ئەستاند و خوێنی مێرمنداڵانی هەرێمی كوردستانی ڕژت و كەسێكیش كە لە پەرلەمان پشتیوانی لەو جەماوەرە كرد، سەرۆكی پەرلەمان بنەمای دەسەڵاتی گەندەڵ، زۆر بێشەرمانە لەهۆڵی پەرلەمان كردیە دەرەوە!
سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامە نووس و خوێندكاری زانكۆ لە بواری زانستی زمان و وێژە دا، تەنیا ڕەخنەیەكی ئاڕاستەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، كە وەڵامەكەی ئەوە بوو لە ناو ئامێزی زانكۆ و لە بەر دەم زۆرینەی خوێندكاران، خرایە ناو ئۆتۆمبیلی تایبەتی قەوەخاسەی سەرۆك بارزانی و تەرمەكەیان لە شاری مووسڵ دۆزیەوە!
دەسەڵاتی هەرێم لەو كاتانەوە دەسەڵاتی سیاسی گرتۆتە دەس، كارەساتێكی بەسەر جەماوەری كوردستان هێناوە، كە مێژووی مرۆڤایەتی بە سەرسووڕمان و بە پەرۆشەوە بۆ نەوەكانی داهاتووی دەگێڕێتەوە كە هەتا ئێستا مێژووی مرۆڤ و مرۆڤایەتی كەمتر بەخۆیەوە دیتووە.
سەرۆك، یانی باوك و دایكێكی دڵسۆز. كاتێك باس لە دەسەڵاتی پڕشكۆ دەكرێت، یانی دایك و باوكێكی ڕاستەقینە. دایكێك منداڵەكەی خۆی بەبێ شەرت و مەرج خۆش دەوێ. لەبەر ئەوە منداڵی ئەوە. گەرمایی، ئامێزی دایكە، خواردن مەمكی دایكە و هەموو هەست و سۆز و پێداویستیەكانی ژیانی ئەو هی دایكە و دایكیش بەبێ هیچ مەرجێك منداڵەكەی خۆی خۆش دەوێ و تەنیا زەردە خەندەیەكی بچووكی سەر لێوی منداڵەكە وەڵامی هەموو زەحمەت و تێكۆشانەكانی دایكە. باوكیش ئەركیەتی كە مناڵەكە سەرپەرشتی بكا و فێری بكا و مەشق و ڕاهێنانی پێ بدا بۆ ئەوە فێر بێت كە چۆن لەناو كۆمەڵێك كە تێیدا لە دایك بووە، ململانی بكا و فێری جوامێری و بڕوا وخۆڕاگری دەكا. كەوابوو ئەو هەر دووك سەرپەرشتە، سەرپەرشتانی ڕاستەقینەی ئەم منداڵە دەبن و ئەویان خۆش دەوێ و پاداش دانەوەی خۆشەویستی ئەوان، سڵامەتی و باشی و بەختەوەری منداڵەكەیە.
بەڵام ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم و سەرۆكەكانی ئەو بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كوردستان، گرتوویانەتە بەر، ئایا ئەوە هەمان ڕەوشی دایك و باوكێكی دڵسۆزە بۆ منداڵەكەیان، ئایا پاداش دانەوە بۆ دەسەڵاتی پڕشكۆش ئەوەیە كە سەرۆكە دڕندەكانی دەسەڵاتی گەندەڵ بەرامبەر بە جەماوەری كوردستان بەڕێوەی دەبەن و خۆشەویستی بۆ ژیان و بۆ مناڵەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە مەسعوود بارزانی مەغوول و جەلال تاڵەبانی دڵڕەق و درۆزن و بێ ڕەوش و كەماڵ كەركووكی و بەرهەم ساڵەیە كە وەكوو بوونەوەرە دڕندەكان هەر یەكە لە لایەك و بە ناوێك و هەر یەك بە جۆرێك جەستەی ئەم هاووڵاتیانە هەڵدەدڕن.!
بەدڵنیاییەوە ئەوە دڕندەن نەك سەرۆك و سەرپەرشت و دایك و باوكێكی دڵسۆزی هاووڵاتیانی كوردستان. دایك و باوكێكی ڕاستەقینە هەرگیز منداڵەكانی خۆیان نادەنە بەر دەس ڕێژی چەك و گیانیان ناستێنن. دایك و باوكێكی دڵسۆز و خاوەن تایبەتمەندی دایكیەتی و باوكیەتی، جیاوازی لە نێوان منداڵەكانی خۆیان دروست ناكەن و هەموویان وەكوو یەك ڕێز دەگرن.
بەڵام سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك جەلال تاڵەبانی خۆیان بە سەرۆكی جەماوەری كوردستان نازانن و ئەوانە دوو دایك و باوكی ساختەچی و دوو بازرگانی بێ ڕەوش و بێ ئابڕوو و دڕندەن و شارستانیەت و ئازادی و مافی جەماوەری كوردستان بەلای ئەوانەوە پووچ و بێ مانایە و دروشمی ئەوان، دراو و دەسەڵاتە بە هەر نرخ و بەهایەك.
بۆیە وشەكانی مەسعود بارزانی لە ڕۆژی نەورۆز دا هەموو گاڵتە و گەمە بە ژیانی سەرجەم جەماوەری كوردستان و بێ ڕێزی بە مافی خۆپێشاندەران و خوێنە ڕژاوەكانی ئەم دواییانەی كوردستان بوو.
دەسەڵاتی هەرێم، هاووڵاتی كوشت و خوێنی مێرمنداڵانی ئەم نیشتمانەی ڕژت و داواكاریەكانی مافی ژیانی ئەوانی بە گوللەی چەكی پارێزەری دەسەڵات دایەوە. ئیدی نابێ خەڵك بڵێن ئێوە سەرپەرشتیاری كێن. تۆ بڵێی هەر ئاوا ئاسان دایك و باوك و كەس وكار و هاووڵاتیانی كوردستان خوێنی ڕژاوی سەردەشت عوسمان و ئەوانەی لە شاری سلێمانی بەدەستوری مەسعود بارزانی خوێنیان ڕژا، لەبیریان بچێتەوە!
ئایا ئێوە وەكوو مامۆستایانی ئایینی، ئەو ڕەوشەی سەرۆكی هەرێم و سەرجەم دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم، بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كوردستان، لە ڕوانگەی خۆشەویستی بۆ دەسەڵاتی پڕشكۆ، بەرز و بەجێ و دروست دەبینن. ئایا كاتێك منداڵەكانتان لە بەر چاوی ئێوە دەدرێنە بەر دەس ڕێژی چەك و، لە كاتێك دا كە منداڵەكانتان هاوار دەكەن و لەگەڵ هەر هەناسیەكیان لەتكە خوێنێك دێتە دەر، ئێوە هەڵوێستان چ دەبێت!
ئێستا، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی پڕ شكۆوە، مناڵانی كوردستان، مناڵەكانی ئێوەن و ئێوە ئەركی دایك و باوكێكی ڕاستەقینەتان دەكەوێتە سەر شان لەو بارودۆخەدا.
بۆیە پێویستە ئێوە لەو بارودۆخە ناسك و گرنگەدا كە هەرێمی كوردستان و هاووڵاتی گرتۆتە خۆ، دوو ڕێگە هەڵبژێرن. ڕێگەی یەكەم خۆتان بخەنە لای هاووڵاتیانی كوردستان و لای مافی ئەو خوێنە ڕژانەوەی هاووڵاتیان و زمانتان بكەنە زمانی ئەوان و لە ڕێزی پێشەوەی ئەواندا بن. ئەگەر توانای ئەو ئەركە گرنگ و مەزنەتان نیە، زمانتان مەكەنە زمانی دەسەڵاتی گەندەڵ و پڕوپاگەندە بەدژی هاووڵاتیان و بەدژی دەسەڵاتی پڕشكۆ و بەسوودی دەسەڵاتی مەسعوود بارزانی و بەرهەم ساڵەی بێ ئابڕوو مەكەن.
ئێوە ئەم ڕاستیە باش دەزانن كە لە درێژ زەمانەكانەوە ئایین ئامێرێكی گرنگی دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوسێنەرەكان بووە و هەردەم جەماوەری ئازادیخوازیان لەو ڕێگەوە بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ كردووە و بە ئارەزوی خۆیان چەوساندوویانەوە و بەداخەوە هێشتاش جەماوەری چەوساوەی كورد ڕێزی بۆ ئایین هەیە كە ئەمە ناشیرینترین و ترسناكترین دیاردەی كۆمەڵایەتی جەماوەری كوردستانە كە زۆر جار دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر بەو ئایینە، سەری كوتاون و دەنگی بڕیون. بۆیە ئێوە وەكوو نوێنەری ئایین دەتوانن دوو ڕۆڵی گرنگ یاری بكەن، ئەگەر زمانتان زمانی هاووڵاتیانی كوردستان بێت، دەتوانن یاریدەدەرێكی گرنگ و باش بن بۆ ئەوە دەسەڵات نەتوانێت زیاتر ئەم جەماوەرەی كوردستان بێ هێز و لاواز بكا و ئەوان بكەنە كۆیلەی دەسەڵات. ئەگەر ئێوە ئەم ڕۆڵە بگرنە ئەستۆی خۆتان، زیاتر جوامێری و شەڕەف و ڕەوش بەرزی هاووڵاتیانی كوردستان بۆ خۆتان وەدەس دێنن و دەبنە جێگای ڕێزی سەرجەم جەماوەری كوردستان و بەو جۆرە هۆكارێكی گرنگیش دەبن بۆ تێكڕمانی هەموو بنەما گەندەڵیەكانی ناو هەرێم و ئەركی شۆڕشگێڕی هاووڵاتی دەگرنە ئەستۆی خۆتان. كە ئەمە دەبێتە هۆی بەرز كردنەوەی ئەوە كە دەسەڵاتی گەندەڵ كەڵك لە ئایین و لە ئێوە وەكوو ئامێری چەوسانەوە و هەناسە بڕینی جەماوەری كوردستان وەر نەگرێت و هەر لە جێشدا هیوای جەماوەری چەوساوەی كوردستان لەو بارودۆخە ناسك و ئاستەمەدا كە دەسەڵاتی بنەماڵەیی خەریكە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەنە كاڵا و شتوومەك و مامەڵەیان پێ دەكەن، بەرز و بەرزتر ڕابگرن.
ئەگەریش بچنە لای دەسەڵات ئەوە ڕوون و ئاشكرایە كە دەسەڵاتی گەندەڵ زۆر ئاسان دەتانكاتە نوێنەری گەندەڵی و بێ ئابڕوویی خۆی و ئێوەش دەبنە دێوزمێكی ترسناكتر بۆ سەرجەم جەماوەری مافخوراوی كوردستان، كە دەسەڵات دەتوانێت ئێوەش بكاتە سووتەمەنی دەزگای چەوسانەوەی خۆی لە كوردستان و هەر وەكوو پێشوو بە ناوی ئایینەوە، ئازادیەكانی هاووڵاتیان، بكووژێت و تاریكی و نەزانی و كۆنەپەرستی و ژیانی ئاژەڵی بۆ بكاتە دیاری هاووڵاتیانی كوردستان و هەر لە ڕێگەی ئێوەش وەكوو نوێنەرانی ئایین، هەناسەی ئازادیخوازی ئەم جەماوەرە هەژار و چەوەساوە، دەبڕێت و تاوانەكەشی دەداتە ئەستۆی ئێوە، مامۆستایانی ئایینی كوردستان!
ئێوە لە هەموو كەس باشتر دەزانن كە ئایین لە درێژ زەمانەكانەوە ئامێرێكی هەرە بەرچاوی چەوسانەوە بووە لە دەست دەسەڵاتە دیكتاتۆر و چەوسێنەرەكان، نە بۆ ئەوە كە یارمەتی خەڵكی پێ بكەن و هەژار و چەوساوەكانی پێ ڕزگار بكەن، بەڵكوو بۆ ئەوە كە بتوانن ئاسان لەو ڕێگەوە جەماوەر كۆنتڕۆڵ بكەن و ڕێگای چەوسانەوەیان بەسەر دا ئاسانتر بكەنەوە.
هەر بۆیە ئەم جەماوەرە بەتەنیا لە دژی دەسەڵات و گەندەڵیەكانی ئەو دەسەڵاتە ڕانەپەڕێوە، بەڵكوو لەدژی سەرجەم كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵایەتی و گەندەڵیەكانی ئابووری و سیاسی ناوخۆی كوردستان ڕاپەڕیون كە ئەگەر ئایینش بچێتە لای دەسەڵاتی گەندەڵ ئەویش دەگرێتەوە.
دووەمین ڕێگە، ئەگەریش ناچنە لای دەسەڵات و لەگەڵ جەماوەری كوردستانیش تێكەڵاو نابن، باشتر وایە لە بێ لایەن بمێننەوە و مەبنە زمانی دەسەڵات و حكوومەتی مەسعوود بارزانی و پەرلەمانی شانۆیی كوردستان. ئەوەش یارمەتیەكی زۆرە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان لەو بارودۆخە گرنگەدا كە دەسەڵات نەتانكاتە قەمچی و گوورزی كوتانی سەر و گیانی جەماوەری كوردستان. دەسەڵاتێك كە خەریكە هەڵدەتەكێت و تێك دەڕمێت و لەكاتی پەلەقاژە دایە، بۆمانەوە خۆی دەست بۆ چڵەگیایەكیش درێژ دەكا.
سەردەمانێك كە ئەو دەسەڵاتە تێك ڕما، بێ گومان ئێوەش ڕۆڵێكی گرنگتان دەبێ و زمان و تێكۆشانی ئێوەش تێكەڵاوی هاووڵاتیانی كوردستان دەبێت و ئێوەش دەبنە سەرمایەكی گرنگی هاووڵاتیانی كوردستان و ئەمجار لەجێگەی قسەكرد بۆ ئایین، دەبنە وێژەرێكی زمانی ژیان و لۆژێك و زانست و بنەماگرنگەكانی فەلسەفە.
ئێوە دەبینن لە بەردەم مزگەوتەكانی ئێوە و لەبەر چاوی خۆتان، هاووڵاتیان بەدەستی دەسەڵاتی هەرێم دەكوژرێن! دەنگیان دەبڕن و هەستی ئازادی و ژیان و تایبەتمەندیە جوانەكانی ژیان دەكووژن. ئەوان بەجلوبەرگی هاووڵاتی، جەستەی هاووڵاتی بە گوللە كون كون دەكەن و جۆگەلەی خوێنی لێ هەڵدەستێنن. ئەو دەسەڵاتە، تاعوونێكە بۆ دانیشتوانی ئەم هەرێمە، خلۆرەوەیەكە كە هەرچی دێتە بەری دەی هاڕێت و وێرانی دەكا. گازەكەی سەددام حوسێنە و هەناسەی گیانی هەزاران كەسی دیكەی هاووڵاتی بڕیوە و ئاسمانی ژیانی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی تاریك و ڕەش و تاعووناوی كردووە. كێ دەتوانێت تۆزقاڵێك هەست بەژیان و ئاسایش لەو هەرێمەدا بكا. بێگومان تەنیا دەسەڵاتی ڕەها وگەندەڵ و مرۆڤ كووژی مەسعوود و جەلال.
بۆیە هیوداراین ئێوەش ئەركی هاووڵاتی كوردستان بگرنە ئەستۆ چونكە ئێوەش بەشێكن لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەشێكن لە توێژی چەوساوەی دەستی دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێم. ئێوەش بەدڵنیاییەوە، سەربەرزی و ڕەوش بەرزیتان بەلاوە گرنگە. جەماوەری كوردستان سەیری ئێوە دەكا كە ئەگەر سەردەمانێك لە كاتی ڕاپەڕین لە دژی ڕژیمی بەعس دەچوونە ناو مزگەوتەكان و پشتی بڵندگۆكانەوە و خەڵكتان لە دژی ئەم ڕژیمە دڕندە، دنەدەدا و خەبات و شۆڕشتان بەدژی ئەو بەڕەوا دەژمارد، ئێستا كە دەسەڵاتی هەرێمیش چۆتە ئەو ئاستەی ڕژیمی بەعس و ئەم دەسەڵاتەش هەر وەكوو ئەم، هاووڵاتیانی كوردستان دەكوژێت لە كاتێك دا كە داوای مافەكانی خۆیان و داوای ژیان و ئاسایش دەكەن، ئەركی ئێوە چ دەبێت. بەوتەی فەیلەسووفێك، هەركەسێك گیانێك بستێنێت، هەر وەكوو ئەوە وایە كە جیهانێك بڕووخێنێت. هەر كەسێك گیانێك ڕزگار بكا، هەر وەكوو ئەوە وایە كە جیهانێك ڕزرگار بكا. دەسەڵاتی پڕشكۆش هەمووی خۆشەویستی و بەزەییە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم و مەسعوود بارزانی مەغوول، واخەریكە زمانی خۆشەویستی و زەمانی بەزەیی بەتەواوی ببڕێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست