پەیام بە كادران و ئەندامانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان
Thursday, 03/03/2011, 12:00
لە بەرەی خەباتی یەكسانیخوازو ئازادیخوازانەی خەڵكی كوردستاندا رابوەستنو ریزی خۆتان لە ریزی سەركردەكانتان جیابكەنەوە!
ئەندامانو كادرانی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان!
ئێوە خۆتان ئاگادارن ماوەیەكە جەماوەری كوردستان بەتایبەتی لاوان، لەدژی نایەكسانی، هەژاری، بێكاری، نەبوونی كارەبا، كەمی خزمەتگوزاریە كۆمەڵایەتیو شارستانیەكان، لە دژی نەبوونی ئازادی، لە دژی دەسەلاتی میلیشیاییو بنەماڵەیی، لەدژی تیرۆری دەنگی ئازادو ئازادیخوازی هاتونەتە مەیدان. شەقامی زۆرێك لەشارەكانی كوردستان بوەتە شانۆی روبەروبوونەوەی خەڵكو هێزەكانی ئاسایشو هێزی چەكداری پارتی و یەكێتی. خۆپیشاندەران لە سلێمانی بەفیشەك وەڵامی وەرگرتەوەو قەسابخانەی رۆژی ١٧ی شوبات لەلایەن هێزی چەكداری پارتیەوە خوڵقێنرا. دواتریش هێزەكانی ئاسایشو دژەتیرۆری یەكێتی بەهاوكاری هێزەكانی پارتی كەوتونەتە فراندن و راونانو دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانو تەقەكردن لێیان. ئەگەرچی هێشتا خۆپیشاندانەكان ناوچەكانی سلێمانی گرتۆتەوە، بەڵام جەماوەری شارەكانی دیكەی كوردستان لەژێرباری سەركوتی پارتیدا ئەو دەرفەتەیان دەست نەكەتوە كە نارەزایەتیەكانی خۆیان بهێننە سەرشەقام، وە بە حەسرەتەوە چاوەرێی ئەوكاتە دەكەن كە بتوانن هێزی جەماوەریو مەزنی خۆیان نیشانبدەن.
ئەوەی كە ئێستا لە كوردستاندا روودەدات بەرهەمی نارەزایەتی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەیە دژی نایەكسانی و سەركوتی ئازادیەكان كە بەبیانوی ئاسایشی نیشتمانی، دەستی دەرەكیو تاپوری پێنجەم، پیلانی ئەم و ئەودژی"تەجروبەی هەرێم" پاساوو پاكانەدەكرا. بەڵام جەماوەری نارازی كوردستان دوای شۆڕشەكانی تونسو میسرو پەرەسەندنی خەباتی جەماوەری دژی بێكاری،نایەكسانی، ستەم و سەركوتی ساسی باوەڕیان بەهێزو بەرەوابوونی خواستەكانو داواكانی خۆیان زیاتربوو، بەو باوەڕە گەیشتن كە دەبێ خۆیان بێنەمەیدان بۆ بەدیهێنانی مافو ئازادیەكانیان. خەڵكی كرێكارو زەحمەتكێشی كوردستان، ئازادیخوازان، لایەنگرانی یەكسانیو عەدالەتی كۆمەڵایەتی، وە لە هەنگاوی یەكەمدا توێژی لاوان، ئەو راستیەیان بە نرخی ژیانو گوزەرانو ئازادیەكانیان تاقیكردەوە كە دەسەلاتی خۆماڵی كوردایەتی هیچ پەیوەندیەكی بە بەرژەوەندی ئەوانەوە نیە، بەڵكو دەسەڵاتی كۆمەڵێك سەرمایەداری چەوسێنەرو بەرپرسی ملیۆنەری ئەو دوو حیزبەو دانیشتوانی فیرعەونئاواو دۆلارئاواكانن.
ئەو دەسەڵاتەی كە ئێستا بەناوی حكومەتی كوردستانەوە حوكمی خەڵك دەكات و بە ناوی ئەزمونی دیموكرتی پێتان دەفرۆشێ، ئەزمونێكە لەدەسەڵاتێكی میلیشیایی بنەماڵەیی سەركوتگەری خاوەن سامانو تاڵانچی داهاتی كوردستان. سەرانی ئەو دووحیزبە سەرمایەدارە هەزاران كەسیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەنیوان یەكتریدا بەكوشت دا كەچی ئێستا پێكەوە سەركوتی خەڵكی نارازیو راپەڕیوی كوردستان دەكەن. ئەوان كاتێك بەرژەوەندیەكانیان وای پێویست دەكرد ئێوەیان دەكردەوە بەگژی یەكتردا، یەكتریان پێدەكوشتن، واشیان تێدەگەیاندن كە ئەوە لە"بەرژەوەندی كورد"ە. ئێستاش دەیانەوێ بتان كەنەوە بەگژ خەڵكی چەوساوەی كوردستاندا، بەگژی هاورێو كەسوكارو دراوسێو هاوشاریو هاوڵاتیانی خۆتاندا هەربەناوی"بەرژەوەندی كورد"ەوە. سەرانی ئەو دوو حیزبە دەسەلاتدارە كە خۆیان لەسەر رەنجو خوێنو قوربانی خەڵكو هەزارانی وەكو ئێوە ملیۆنەها دۆلاریان كۆكردۆتەوەو باڵەخانەو كۆشكەكانیان لەژماردن نایەت، بە پێدانی چەند سەدهەزار دینارێك و یان هەندێ ئیمتیازی بێبایەخ دەیانەوێ ئێوە لەخەڵك جیابكەنەوەو بتانخەنە بەرامبەر ئەوانەوە. ئێوە نابێ ئەو كارە بكەن.
بەشیكی بەرفراوانی ئێوە رۆڵەی خێزانە كرێكاریو بێبەشو زەحمەتكێشەكانی كوردستانن، یان كەسانێكی بێكاربوون كە بۆبەرێوەبردنی ژیان ناچاركراون ببنە ئەندامو چەكداری ئەو حیزبانە، بۆیە شوێنی ئێوە ناو ئەوان نیە، بەڵكو شوێنی راستەقینەی ئێوە ناو خەڵكو پەیوەستبوونە بە خەباتی جەماوەریو رەوای كرێكارانو زەحمەتكێشانو لاوانی ئازادیخوازەوە بۆ یەكسانی، بۆ ئازادی، بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێكی شەرافەتمەندو شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە. ئێمە دڵنیاین كە بەشیكی فراوانی ئێوە ئەو نایەكسانیو زوڵمو ناحەقیانە دەبینن و هەست پێدەكەن. دەزانین كە بەشیكی فراوانی ئێوە لەو بارودۆخە نارازینو ناتانەوێ دژی هاوڵاتیانی خۆتان بوەستنەوە. كاتی ئەوەیە كە لەگەڵ ویژدانو ناخی راستەقینەی مرۆڤانەی خۆتاندا نزیك ببننەوەو لەپڕوپاگەندەی سیاسیی چەواشەكارانەی سەركردەكانتان دوور بكەونەوە. كاتی ئەوە هاتوەو بەدڵنیاییەوە جەماوەری نارازیو راپەریو باوەشتان بۆ دەكاتەوە.
بژی خەباتی رەوای خەڵكی كوردستان بۆ ئازادیو یەكسانی كۆمەڵایەتی!
3/2/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست