سەرۆك عەشیرەتێكى عەرەب ووتى: تاڵەبانى چەك و پارەى پێ داین و ووتى((حەقتان هەیە بەرگرى لە خۆتان بكەن)).
Saturday, 14/11/2009, 12:00
كاتێك ڕژێم ڕوخاو ناوچە داگیركراوەكان ڕزگار كران خەڵكێكى زۆرى توركمان و عەرەب ناوچەكانیان بە جێ هێشت، خەڵك وا هەبوو خانوەكەى بە سەیارەیەكى لادەى شڕ گۆڕییەوە و ڕۆشت، بەڵام هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە كەوتنە گەڕان بەدواى هەرچى ئەمن و ئیستخباراتى كاتى ڕژێمى پێشودا هەیەو دەچوونە ماڵەكانیان و دڵنیایان دەكردنەوە كە ئەوەى سەدام بۆیانى كردووە ئەمان دوقات بۆیانى دەكەن، ئەگەر تیاترۆیەكیان شك بردبێ ئەوە موچەیان بۆ بڕیوەتەوەو كوڕ یان بڕا چواردەو پانزە ساڵەكەشیان كردووە بە چەكهەڵگر پاش ئەوەى پێناسەى تەزویریان بۆ كردووەو تەمەنیان بەرزكردووەتەوە، توركمان وعەرەبى وا هەیە لەكوردستان دایان مەزراندووە موچەكەى لە كوردستاندا چوار ملیۆن دینار بە سەرەوەیە، واتە دەتوانێت لە دە ساڵدا هیچ نەبێت دوو خانوو لە كەركەك بكڕێت، باشە ئەم سەركردە گەمژانە توانیویانە قەناعەت بە كورد بكەن تا بتوانن عەرەب و توركمان ڕازى بكەن، باشە ئەو حەقەى بە عەرەب و توركمانى دەدەن بۆ كورد كردوویانە، من دەمەوێت بەم خاڵانە هیچ و پوچی و گەمژەیى سەركردەكانى كورد بسەلمێنم.
ـ باشە ئەم سەركردانە ئەوەندە بڕوایان بەیەكسانى و برایەتى كوردو عەرەب هەیە بۆ ئەوەندە بڕوایان بە برایەتى كورد بە كورد نییە، ئێستاش تەپلى بادینانى و سۆرانى لێ دەدەن بە دەیان پێشمەرگەى كۆن و خەڵكى ئەم وڵاتەیان لەشەڕى ناوخۆدا بەكوشت داوە، برایان كردووە بەدوژمنى براى خۆى. لەسەر قسەى حەق و بیرى جیاواز خەڵك دەكژن و نان بڕاوى دەكەن.
ـ ئێوە ئەگەر ئەتانەویست پێگەى كورد بە هێز بكەن لە هەموو كوردستان بە ناوچە داگیركراوەكانیشەوە، هەروەها لەسەر ئاستى كوردستان و عێراقیش نەدەبوو ئەو هەموو دزو ماڤیایانە بەردەنە سەر زگى ئەو خەڵكە بەو ناوچانەش كە بە حساب ئێوە كارى لەسەر دەكەن بۆ كەسب كردنى توركمان و عەرەب، خەڵكى ئەو ناوچانە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە تەنها هەر باسى سەروەت و سامانى بەرپرسەكانتان دەكەن، نەك سیستەمى جوان و ڕەوشتى جوان و كارى باش.
ئەگەر دەتانەویست خەڵك لێتان ڕازى بێت دەبوایە سیستەمێكى وا دیموكراسى و حوكمڕانى و دادپەروەرانەتان هەبوایە خەڵك خۆى بە خاوەنى دەسكەوتەكان بزانیبایەو عەرەب و توركمانیش خۆیان داواى ئەوەیان بكردایە بخرێنە سەر كوردستان، خۆ ئێستا ژمارەیەكى زۆر عەرب ئەوندە قەناعەتیان بە سیستەم و دادپەروەرى ئەمریكا هەیە ئەوەندە بە كورد وعەرەب نیانە.
ـ شتێكى دەرونى هەیە، هیچ نەتەوەیەكى زۆرینەو سەردەستە بە پارە تەسلیمى نەتەوەیەكى ژێردەستەو كەمینە نابێت لە دوڵەتێكدا، هەموو پارەو وەزیفەى كوردستان بدرێتە عەرەب و توركمان ئەوسا دەنگ بۆ كورد نادەن، باشە خۆ سەدام (300000) چەكدارى كوردى بوو، پارەشى پێیان دەدا، زۆربەى لە كاتى پێویستدا پشتى ملەتەكەى خۆیى گرد كە كورد نەتەوى زۆرینەو دەسەسەڵاتداریش نییە لە عێراقدا، ئێوە دەبوایە سوود لەو ڕابردووەى سەدام وەربگرن، لە جیاتى ئەو هەموو پارەى دەیدەنە عەرەب و توركمان دەبێت لە كوردستاندا ئابوورى كوردستانى پێ بەهێز بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست