کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مۆدێلی باڵاپۆشی ئیسلامی

Friday, 13/03/2015, 12:00





هەروەك چۆن لە دنیادا رۆژانە مۆدیلی شێوە هەمەچەشنەكانی جلوبەرگ لە رێگای شۆمۆدێلەكانەوە پێشانی خەڵكی دەدرێ و دەچنە نێو كۆگا و شوێنەكانی فڕۆشتنی جلەوە، ئاینەكانیش بۆ ئەوەی لەو رەوەندە وەدوا نەكەون، هەوڵی دۆزینەوەی مۆدێلەكانی شاردنەوەی لەشی ژنان دەدەن. باڵاپۆشی ئیسلامی یه‌کێکه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ دراوه‌ بۆ زیاتر شاردنه‌وه‌ی له‌شی ژنان، جۆرێكە لە پۆشاكی ژنانی موسڵمان. ئەم پۆشاكە گەلێك گۆڕانی تێدا كراوە. بازرگانەكانیش زۆر تازەگەریان تێداكردووە تەنانەت لە ئەڵمانیا بۆ مەلەوانی ژنانی موسڵمان پۆشاكی ئیسلامیان درووست كردووە. هەموو پۆشاكێك له‌ رێگای چاولێكەریکەوه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌، پۆشاكی ئیسلامی یەكێكە لەو راستیانه‌ی چاولێکه‌ری رۆڵی گرنگی بینیوه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی. سه‌ره‌تا په‌یدابوونی ئه‌م دیارده‌یه‌ پێوه‌ندی به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام نه‌بوو، بەڵكو دواجار كە لەگەڵ خواستی ئاین و پیاوسالاریدا گونجێنراوە، خراوەتە ناو چوارچیوەی دەقە پیرۆزەكانەوە. لە پێش ئیسلام ژنانی چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار باڵاپۆشیان كردووە. ژنی شاکانی فیرعەونه‌کان له‌شی خۆیان داپۆشیوە. تەنانەت ژنەكانی پێغەمبەری ئیسلام باڵاپۆشیان نەكردووە، تا ئه‌و کاته‌ی موحه‌مه‌د وه‌کو پاشایەک بووه‌ به‌ خاوه‌نی دەسەڵات. ئینجا ژنەكانی باڵاپۆشییان كرد. واتا بڵاوبوونه‌وه‌ی باڵاپۆشی ئیسلامی جۆرێك بووه‌ لە چاولێكەری.

لەم سەردەمەش هەر بە هەمان شێوەیە لە پێشدا خەڵكی دەوڵەمەند یان كەسێكی بەناوبانگ وەك هونەرمەندێك ئەم باڵاپۆشە دەكات ئیتر خەڵكی تر چاوی لێ دەكەن.. ئەم باڵاپۆشییە لەكوردستان و ناوچەكە تا كۆتایی ساڵەكانی 80 بوونی نەبوو، ژنە دەوڵەمەندەكانی كەنداوی عەره‌بی ئەم باڵەپۆشەیان داهێنا، خەڵكە هەژارەكەش چاوی لێ كرد، ئەگینا هیچ مۆدێلێك لە خەڵكی هەژارەوە دانەهێنراوە، چونكە خەڵكی چاو لە جلی هەژار ناكات. موسڵمانەكانی ئەفگانستان هەژارن لە هیچ جێگایەكی دونیا چاویان لێناكرێ، لەگەڵ ئەوەی باڵەپۆشیەكەیان جوانترە لە باڵا پۆشی كەنداو..عه‌لی وەردی بیرمەندی كۆمەڵایەتی عێراق باس لە یەكێك لە ژنەکانی كۆشكی مەلیكی عێراق دەكات، که‌ سه‌ردانی میسری کردووه‌ و گەراوەتەوه‌ بە تەنورەی كورت و پێڵاوی بەرزەوە سوڕاوه‌ته‌وه‌، كە جاران پێێان دەوت (عەلمۆدە) ، ئەو كاتە وێنەكەی لە رۆژنامەكان دەركەوتووە و باسكراوە پاشان خەڵكی چاویان لێ كردووە. ئەوە گەر ژنە هەژارێك بیكردایە رەنگە زۆر سوكایەتیشیان پێ بكردایە. ئەم باڵەپۆشی ئیسلامیە لە مۆدیەك زیاتر نییە، كاتێك خەڵك لێی تێر دەبێت و مۆدەكەی دەگۆرێت هەروەكو چۆن لە سەردەمی عوسمانیەكاندا عابەوپێچە باوی بوو، تاوەكو كۆتایی ساڵەكانی 70 هەر مابوو، بەڵام دوای ئەوە باوی نەما، ژنەكان شەرمیان دەكرد لەبەری كەن، تەنانەت گەر ژنێك بەعابەوپێچەوە بهاتایەتە بازار دەبووە جێگه‌ی سه‌رنجی خەڵكی وەك بەرگێكی نامۆ تەماشایان دەكرد. عەلی مەردان گورانیەكی لەسەر ئەو عابەو پێچه‌یە هەیە كە دەڵێ پێچەكەت لادە چ وادەی شەرمە. چونكە ئەو عابەوپێچەیە تاوەكو چه‌ند ساڵێک پێش ئێسته‌ش لە ناوچەی گەرمیان باو بوو، عابەوپێچە بۆ ئەوكاتە نیشانەی شارستانیەت بوو، خەڵكی لادێ كە دەهاتنە شار پێیان خۆش بوو عابەوپێچە بكەن، بۆ ئەوەی خۆیان بە هاوچەرخ و شارستانی پێشان بدەن، دوا نەتەوەش كە عەباوپێچەیی فرێدا ، توركمانەكان بوون، چوونكە پاشماوەی سەردەمی عوسمانیەكان بوو شانازیان پێوەدەكرد. هەروەها پەردەی پشت دەرگایی سەركی ماڵان، ئەویش مۆدەیەكی ئیسلامی عوسمانیەكان بوو، ئەمیش لەگه‌ڵ عابەو پێچەدا باوی نەما.
باڵاپۆشی ئێستا مانەوەی لەگەڵ رەوتە ئیسلامییەكانە، بەنەمانی یان لاوازی ئەم رەوتانە ئەم باڵاپۆشیە گۆڕانی بەسەر دێت یان زۆر كەم دەبێتە و چونكە شوێنەواری هەموو مۆدەیەك ماوەیەكی زۆر دەمێنێ،
باڵاپۆشی پەیوندیه‌کی كەمی بە ئایینی ئیسلامەوە هەیە. بەڵكو زیاتر رەنگدانەوەی رەوتی ئیسلامی سیاسییە، خەڵكی ناوچەكە لە پێش ئیستاش هەر موسڵمان بوونە، بەڵام ئەم پۆشاكەیان لەبەر نەكردووە واتا ئەوەندە بووەتە سیمبولێكی سیاسی نەبووەتە سیمبولی ئاینی.
ئەم پۆشاكە زیاتر بریتییە لە دروستكردنی دیوار لە نێوان ژن و پیاو و پاشان زیاتر سەركوتكردنی ژن وەك كەسی دووەمی كۆمەڵ و بە كەم تەماشاكردنی ئەو رەگەزە، بۆیە دیاردەی باڵاپۆشی دیاردەیەكی نامۆیە بە كۆمەڵگاكەی ئێمە.
لە هاولاتی ژمارە 815 رۆژی 7.3.12 بڵاوبووەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە