کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێزی دجلە لێدانی زەنگی مەترسیە بۆ هەرچوارپارچەی کوردستان

Wednesday, 21/11/2012, 12:00





نیازی مالکی لە دامەزراندنی هێزی دجلە چەندان سیاسی وسەربازی لە ئێستا و داهاتوودا هەیە. لە پێشدا دەیەوێت لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا لە مانگی چواری 2013 دەنگی عەرەبی سوونە لەناوچەدابڕاوەکان مسۆگەر بکات. بوونی هێزی دجلە دەبێتە هۆی بە هێزکردنی هۆزەعەرەبەکانە لە ناوچەدابڕاوەکان کە لەدوای رووخانی بەعس ساڵی 2003 پێگەیان لەناوچە کوردنیشنەکان لاوازبوو وە زۆرترین زیانیان بەرکەووت و دەسەڵات و زەویوزاری کشتوکاڵیان لەدەستچوو.لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی بە هێزکردنی دەسەڵاتی مالکی لە بەغداو لاوازکردنی نەیارانی . ئەم هۆزانە بەتایبەتی هۆزی عوبێد وجومێل وبەیات ویستیان ئەم دەسەڵاتە لە رێگەی هێزەئیسلامیە تووندڕەکانەوە بەدەست بهێنن، ئەوەبوو تووندڕەووەکان شکستیان خوارد بە تایبەتی دوای شکستی چەکدارە تووندڕەوەکان لە فەلووجە. لەدوایشدا پەنایان بردە بەر حزبە سوونەکانەوە وەکو حزبی ئیسلامی عێراقی و هاوپەیمانێتی علاوی ومتلەگ، بەڵام لەدوای دەرچوونی تاریق هاشمی لە عێراق و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانیە. ئەو هیوایەشیان بڕا . ئێستا دەیانەوێت بە پاڵپشتی مالکی ئەوکارە ئەنجام بدەن .ئەم هۆزانە بەرامبەر بە کورد رابردوویەکی باشیان نییە چەندەها جار دەستیان هەبووە لە تاڵانکردن و کوشتنی کوردەکان. (حەرەس قومییەکان)ی بەعس ساڵی 1963 لەم هۆزانە پێکهاتبوون کە دەستیان هەبوو لە وێرانکردنی گەرەکە کوردنیشینەکانی کەرکوک ودەووروپشتی.
یەکێکی تر لە مەرامی سیاسی و سەربازی مالکی ئەوەیە لەدوای روخانی سووریا ، عێراق ببێتە پشتێنەیەکی بەرگری بۆ ئێرانی شیعە لەبەرئەوە مالکی دەیەوێت لە ئێستاوە ئەو پشتێنەیە درووستبکات.
جێگربوون و دەسەڵاتی هێزی دجلە دەبێتە هۆی نەک لاوازی پێگەی کورد لە عێراق بەڵکو دەبێتە هۆی شکستی هەرێمی کوردستانیش لەدوایدا دەىیتە هۆی لاوازی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان. لەگەڵ ئەو هەموو کەموڕییەو گەندەڵییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە هێشتا پێگەیەکی بەهێزە بۆ پارچەکانی تر
ئەوی جێگەی نیگەرانییە خەمساردی دەسەڵاتی پارتی ویەکێتیە بەرامبەر ئەم پلانە. تاوەکو ئێستا ئەم هێزە لەناوچەکانی نفوسی یەکێتیە!. ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی پارتی گرنگی پێنەدا.
هەرچەندە پارتی لەسوونگەی حزبییەوە ئێستا دژ بە مالکییە، بەڵام بەرامبەر هێزی دجلە هەڵوێستی زۆر لاوازە. پارتی خۆی خستووەتە میحوەری سوونەوە کە تورکیا سەرکردایەتی دەکات. یەکێتیش خۆی خستووەتە میحوری شیعە ئێران سەرکردایەتی دەکات.
دەبێت پارتی ئەوە باش بزانێت بەرژەوەندی ئابووری لەسەرووی هەموو بەرژەوندیکەوەیە. مالکی رێکەوتننامەیەکی لەگەل تورکیا مۆرکردووە بەبڕی 350 ملیۆن دۆلار بۆ کەندنی بیری نەوت لە عێراق. وەکو سەرەتاییەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان هەروەها کەلێن بخاتە نێوان تورکیا و پارتی. تورکیاش گەرچی لەگەل عێراق لەدوو میحوەری جیاوازن، بەڵام تورکیا بەرژوەندی زیاتری لەگەل عێراقدا هەیە وەک لە هەرێمی کوردستان. بەهێزبوونی باشووری کوردستان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی باکووری کوردستان لە دوایددا دەبێتە لاوازی تورکیا .
سەردانەکەی نەوشێروان موستەفا بۆ پارێزگای کەرکوک بۆ ئاگادرکردنەوەی ئەم مەترسیانەیە ، پێویستە ئەم سەردانە ببێتە سەرەتاییەک بۆ کارکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم مەترسیە گەورەیە . ئەگینا سەردانەکە لە مەزایەدەیەکی سیاسی زیاتر تێناپەڕێت.
نابێت پارتی ویەکێتی ئەوەندە بەهۆڵی بودجەو وەزارەتەوە بن. بەرژەوەندی نەتەوەی کورد زۆر گەورەترو چارەنووسازە. ناشبێت لە شەری نێوان کوردستان عێراق بترسن. چوونکە ئەوە شەرێکی نەخوازراوە ئەمڕۆ بێت یان سبەی بەداخەوە یەخەی کورد دەگرێت، هیچ تاکێکی کورد ئاوەتەخوازی ئەو شەڕە نییە هەڵگیرسانی شەر لەبەرژەوەندی مالکی نییە. هەلگیرسانی شەڕ دەبێتە هۆی ئالۆزیی وهەڵوەشانەوەی عێراق و بەهێزبوونی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان لە عێراق. عێراقش چەند هەڵوەشاوە بێت ئەوەندە هیوای درووستبوونی دەوڵەتی کوردستان زیاتر دەبێت بە پێچەوانەوەشەوە عێراق چەند بەهێز بێت ئەوەندە هیوای درووستبوونی کوردستان کەمتردەبێتەوە. تاوەکو ئێستا مێژووی سیاسی عێراق ئەمەی سەلماندووە . بەپێچەوانەشەوە کوردستان و هەولێر سەقامگیرترە هۆیکش دەبێت بۆ زیاتر لەیەکترنزیکبوونەوەی حزبەکانی کوردستان لەگەلیشدا دەبێتە هۆی پاڵپشتی کوردەکانی پارچەکانی تر بۆ هەرێم. هەروەها سەرکەووتنی ئۆپەراسێنەکانی هێزی دجلە سەنتەر بەهێز دەکات وهەرێم لاوازدەکات ، بێهێزبوونی هەرێمش لە قازانجی هیچ لایەکی کوردستان نییە.

لە ژمارە 931 رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبووەتەوە



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە