کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستە رێز لە ئێرادەی گەل بگیردرێت و دەستگیركراوەكانیش ئازاد بكرێن

Wednesday, 20/04/2011, 12:00


رۆژی 18/4/2011 جارێكی تر توندوتیژی لەسلێمانی روویدا، لەئەنجامی ئەو بارودۆخەدا دەیان كەس بریندار بوون كە بەشێكی زۆریان خوپیشاندەر و بەشێكی تریشیان پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆبوون. سەبارەت بەم روداوە هەرچی دەسەڵات و راگەیاندنەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدارە، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی بەرپرس دەبینن بەرامبەر بەم بارودۆخە. بەپێچەوانەوە راگەیاندنەكانی ئەو لایەنانەش دەسەڵات بەرپرس دەبینن. دوای ئەم روداوە لیژنەی ئاسایشی لە پارێزگای سلێمانی دا لەبڵاوكراوەیەكدا، رایانگەیاند كە ئیدی ئەوان رێگا بەچالاكی بێ مۆڵەت نادەن، بۆ ئەم مەبەستە 19/4 لە زۆربەی بازاڕو شەقامەكانی سلێمانیدا، هێزیان بڵاوكردەوە، ئەمەش دووبارە توندوتیژی لێكەوتەوە و راگەیاندنەكانی هەردوو بەرەش بارودۆخەكەیان توندترو گرژتر كرد لەبەرامبەر یەكتر.
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە بارودۆخەكان بەئاقارێكی توندوتیژیدا نەبردرێت، بەڵام جێگای داخە لەلایەك هەردوو پارتی دەسەڵاتدار ئامادە نیین، هەنگاوێكی جددی بنێن بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی جەماوەرەو هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كە كۆتایی بە چالاكییەكانی جەماوەر بێنن و بڕیاری لیژنەی ئاسایشی سلێمانیش لە 18/4دا بەشێكە لەم هەوڵانە كە ئەمەش نابێتە چارەسەری، بەڵكۆ كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە. لەلایەكی ترەوە، لایەنەكانی گۆران، یەكگرتووو كۆمەڵ لەلایەك لەگەڵ دەسەڵاتدا لەدیالۆگدان بۆ بەشداریكردن لەحكومەتداو لەلایەكی تریشەوە، ناڕاستەوخۆ كار بۆ زیادكردنی مەودای نێوان دەسەڵات و جەماوەر دەكەن. كە ئەمەش بۆ خۆی كینی جەماوەر زیاتر دەكاو ئەمەش شانبەشانی هەڵوەستەكانی دسەڵات زەمینەی توندوتیژی زیاتر دەكات، نەك بارودۆخەكە هێوربكاتەوە، لەم نێوەندەشدا، زیانمەندی سەرەكی جەماوەری گەلەكەمانە. هەر بۆیە ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەوە زیاتر ناتوانین ئەم بارودۆخە پەسند بكەین و ئەو دوو بەرەیە بە بەرپرسیاردەبینین لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا و پێمان وایە كە دەسەڵات و هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان لە ناو شەڕی دەسەڵات و خۆسەپاندندان بەسەر یەكتری و بەسەر جەماوەریشدا، هەر بۆیە داوایان لێدەكەین كە كۆتایی بەم هەڵوێستانەیان بهێنن لەجێگای شەڕی دەسەڵات ودەستكەوت و بەرژەوەندی، باكەمێك خەمی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بخۆن و هەموومان بەیەكەوە پێویستیەكانی ئەم قۆناخە جێبەجێ بكەین. لەم رۆانگەیەوە داوا دەكەین:
1ـ هەرچی زووە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن و بڕیاری لیژنەی ئاسایشی سلێمانی هەڵوەشێتەوە، چونكە بارودۆخەكە گرژتر دەكات.
2ـ داوا لەجەماوەری گەلەكەمان دەكەین كە هۆشیارانە هەڵسوكەوت بكەن و خۆیان نەكەنە سووتەمەنی شەڕی دەسەڵاتخوازانەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی.
3ـ داوا لەهێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی چالاكییە مەدەنەیەكان وپێشمەرگە و هێزی ناوخۆ دەكەین كە بەرپرسیارانە هەڵسەوكەوت بكەن و هێرش نەكەنە سەرجەماوەر، چونكە ئەوە سیمای ئەوان و دەستكەوتەكانیشمان ناشیرین دەكات.
4ـ داوا لەرۆشنبیران، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی ئەو لایەنانە دەكەین كە بایەكەوە كار بكەین بۆ گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی كوردستان.
5ـ ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ گەڵاڵەكردنی پرۆژەی نەخشە رێگایەك دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەم بارودۆخەو بەو هیوایەن كە جەماوەر و لایەنەكان بەهەندی وەربگرن بۆ چارەسەری.

دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
20/4/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە