پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان داوا دەكات پێداچوونەوە بە سەرژمێری و چۆنێتی دابەش كردنی كورسیەكانی پەرلەمانی ئێراقدا بكرێت
Friday, 13/11/2009, 12:00
لە لێدوانێكدا دیار غەریب سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە دابەشكردنی كورسیەكانی پەرلەمان و ئەو سەرژمێرییەی پشتی پێ بەستراوە گومان دروست دەكات كە نە سەرژمێریبەكە بێ لایەنانە كرا بێت و نە دابەشكردنی كورسیەكانیش بێ لایەنانە بێت. چونكە بەپێی ئەو زیادكردنەی بۆ كورسیەكانی پەرلەمان لە هەر پارێزگایەكدا كراوە لەهەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستاندا كە نزیكەی %17 ی دانیشتوانی ئێراق پێكدێنێت تەنیا 300 هەزار كەس زیادی كردووە، بەڵام لە پازدە پارێزگاكەی تری ئێراق نزیكەی 4,5 ملیۆن كەس زیادی كردووە. بەمڕەنگە لە 307 كورسی پەرلەمان كە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراوە سێ پارێزگاكەی هەرێم تەنیا %12 یان بەردەكەوێت و ئەمەش لەگەڵ راستی رێژەو سەرژمێری كوردستاندا یەكناگرێتەوە. هەر بۆیە بەپێویستی دەزانین كە سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی ئێراق پێداچوونەوە بۆ ئەم بابەتە بكەن و هەڵە یاخود ناڕاستی لەكوێدایە راست بكرێتەوە. ئەگەر نا ئەوە دەبێتە سەرتایەك بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورد پێگەی كورد لەئێراقدا. لەلایەكی ترەوە سەبارەت بە راپۆرتی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نێو دەوڵەتی كە ڕەخنەی ئاڕاستەی كورد كردووە و باس لەوە دەكات كە كورد لەناوچە جێ ناكۆكەكان مامەڵەی دیموكراتی ناكەن لەگەڵ ئەتنیكە جیاوازەكاندا وتی ئێمە پێمان وایە كە پێویست دەكات ئەو راپۆرتە بە جددی وەربگرین و ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەمامەڵەی خۆیدا بچێتەوە. دیار غەریب گوتی ڕەنگە ئەو بابەتەی كە ئەو رێكخراوە باسی كردووە بێ بەڵگە بێت و راست نەبێت، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم و ئیدارەی هەرێم بەگشتی ئەو راستییە دەرك پێ بكەن كە ئەو رێكخراوانە لەژێر كاریگەریی سیاسەتی ئەمریكادان و بە رۆژەڤكردنی ئەو بابەتە لەم كاتەدا فشارێكی ناراستەوخۆیە بۆ سەر ئیدارەی هەرێم هەتا نەچنە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی كە ئەمریكا دایدەڕێژێت. لەهەمان كاتدا دەبێت ئەو راستیە ببینین كە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئێراقدا كورد لەو ناوچانە دەنگی زۆری لەدەست چوو بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2005 ئەمەش بەواتای ئەوەیە كە جەماوەری ئەو ناوچانە لە سیاسەتی دەسەڵاتی كوردی رازی نەبوون. پەسندكردنی ئەم راستییەو كاركردن بۆ چارەسەركردنی هەڵوێستی هەرە راستە، نەك تەنیا لەڕوانگەی خۆ پاراستنەوە سەیری بابەتەكە بكەین. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ڕەنگە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە لەم كاتەدا پەیوەست بێت بەو بارودۆخەی كە لەئێراقدا هەیە بەتایبەتی بابەتی سەرژمێری و دابەشكردنی كورسیەكانی پەرلەمانی ئێراق. لەدرێژەی لێدوانەكەیدا دیار غەریب گوتی كە كورد ئێستا بە قۆناخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەوەتا لە باكوری كوردستان بۆ جاری یەكەمە پەرلەمانی توركیا لەسەر دۆزی كورد كۆ دەبێتەوەو دەخوازێت بڕیار بدات و بەشی زۆری پەرلەمان پێداگری دەكەن جوڵانەوەی كوردی وەكو لایەن پەسند نەكەن و كار بۆ پاكتاو كردنی بكەن و باس لەوە دەكەن كە مستەفا كەمال چۆن ڕووبەڕووی شێخ سەعید و سەید ڕەزا بووەتەوە پێویستە ئەوانیش وەها هەڵسو كەوت بكەن. لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەڕێگەی لەسێدارەدانی ئیحسانی فەتاحیان و هەوڵدان بۆ لەسێدارەدانی 12 چالاكوانی كوردی ترەوە دەخوازن كورد هەنگاو بەرەو دواوە بنێت وبەم كردەوانەیان دەخوازن ئەو پەیامەمان بدەنێ كە هەموو تێكۆشەرێكی ئازادی چارەنووسی هاوشێوەی پێشەوا قازی موحەمەد و ئیحسانی فەتاحیان دەبێت. ئەوەتا لە رۆژئاوای كوردستانیش بچوكترین ماف بۆ تێكۆشەرانی كورد لەزیندانەكانیشدا بەڕەوا نابینن و رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكانیش خۆیان بێ دەنگ كردووە لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانە.
سەرۆكی (پ.چ.د.ك) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەم بابەتانە ئەوە دەگەیەنێت كە سیستەم لەبەرامبەر بەكورد تەنگاو بووە و لەقۆناخی خۆ یەكلایكردنەوەدایە و یان ئەوەتا هەنگاو بەئاڕاستەی پەسندكردنی ناسنامەو ئیرادەی كورددا بنێت یاخود هێرشێكی هەمە لایەنە بكەنە سەر كورد بۆ پاكتاو كردنی. ئەمەش ئەركێكی مێژوویی دەخاتە سەر شانی هەر تاكێكی كورد و بانگی لە رۆشنبیران و رێكخراوەكان و لایەنە سیاسیەكان و حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كورستانیش كرد كە هەرچی زووە كار بكەن بۆ ئەوەی كە سەكۆیەكی نەتەوەیی دروست بكەین و لەو سەكۆیەدا ستراتیژێكب هاوبەش بۆ خۆمان دابڕێژین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست