لەساڵرۆژی راگەیاندنی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانیدا تێكۆشان بۆ چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ بڵندترو بەهێزتر بكەین
Thursday, 09/12/2010, 12:00
رۆژی 10/12، شەست ودوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی لەلایەن جڤاكی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە تێپەڕ دەبێت. راگەیاندنی ئەم جاڕنامەیە بۆ كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەستكەوتێكی بەنرخەولەهەمانكاتدا بەرهەمی ئەو تێكۆشان وقوربانییەی كەلە مێژوودا گەلان لەپێناوی مافی وئازادییەكانیاندا داویانەو بەتایبەتیش راگەیاندنی ئە جاڕنامەیە لەكاتێكدا كەهێشتا مەترسی شەڕی جیهانی دووەم وشیمانەی هەڵگرسانی شەڕێكی تر لەنێو كۆمەڵگادا لەئارادا بوو، گرنگی وبایەخی ئەم جاڕنامەیە زیاتر دەكات. هەر بۆیە یادكردنەوەوبەرز ڕاگرتنی ئەم رۆژە وكاركردن بۆ چەسپاندنی ئەو ماددەو بڕیارانەی لەجاڕنامەكەدا هاتووە، دەبێتە بەشێك لەتێكۆشانی شۆڕشگێڕی ودیموكراتی هەموو تاك وجولانەوەو گەلێكی ئازادیخواز.
ئێمەش وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، ئەمە بەئەركێكی سەرەكی خۆمانی دەزانین لەم ساڵیادەدا خەبات بكەین بۆ ئەوەی كە ماددەوبڕگەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بەراستی ببێتە ماڵی كۆمەڵگاو لەناوژیاندا رەنگ بدەنەوە.
لەكاتێكدا شەست ودوو ساڵ بەسەرجاڕنامەی مافی مرۆڤدا تێپەڕ دەبێت وهەرچەندە لەجاڕنامەكەدا مافی چارەی خۆنووسینی گەلان ومافی خوێندن بەزمانی دایك وپاراستن وپێشخستنی گەلان وەكو ماددەوبڕگەی سەرەكیش تێدا دەستنیشانكراوە، بەڵام لەواقعدا سیستەمی باڵادەستی جیهانی و هێزە سەردەستەكانی سەركوردستان ئەم مافانە وەكو مافی سرۆشتی بۆ گەلان وبەتایبەتی بۆ گەلی كوردیان پەسند نەكردووەو هەتاكۆ ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەسندی ناكەن. ئەمەش بۆ خۆی پێچەوانەی ئەو جاڕنامەیەو لە ژێر ناوی پاراستنی سیستەمی جیهانیدا، بن پێكردنی مافی گەلان وبەتایبەتیش مافی كوردانە. ئەوەتا هەتا ئێستا لەئێراقدا هەرچەندە بەكردەیی كورد لە هاوكێشە سیاسییەكاندا، جێ گرتووە، بەڵام بەشێكی زۆر لەهێزە هەرێمی وناوخۆییەكان لەهەوڵی ئەوەدان كە ئەم یەكە چوارچێوەیەكی یاسایی بەخۆیەوە نەگرێت و وەكو دیفاكتویەك وتاكتیكێك لەگەلیدا مامەڵە دەكەن. لەباكووری كوردستان وتوركیا سەرەڕای هەموو هەوڵێكی ئاشتیخوازانەی كوردان وبزووتنەوە ئازادیخوازەكەی، دەوڵەتی توركیا ئامادە نییە گەلی كورد وناسنامەكەی پەسەند بكات وخوێندن بەزمانی دایك كە سەرەكیترین مافی هەرگەلێكە، بۆ گەلی كوردیش ئەم یەكە پەسەند بكات. لەئێرانیش دا هەرچەندە لەچوارچێوەی یاسای فەرمی دەوڵەتدا نكۆڵی كردنیش نەبێت، بەڵام پەسەند كردن و دەستەبەركردنی ئەو مافانە لەدەستووری دەوڵەتدا نییەوجێیش ناگرێت. لەرۆژئاوای كوردستانیش، هەر بەهەمان شێوەیە، هەتاكۆ ئێستا نەمافی هاووڵاتی بوون، بەڵكۆ، پێناسەی كەسایەتیشیان پێ رەوا نابێنرێت، چ بگەێتە مافی خوێندن ومافە سیاسیی وكەلتوورییەكان.
لەئاستی هەرێمی كوردستانیشدا سەرڕای ئەوەی كە بەتێكۆشانی گەلەكەمان گەلێك دەستكەوت بەدەست خراون، بەڵام هەتاكۆ ئێستاش پەرلەمانی كوردستان بەبەرپرسیارییەتی كار ناكات بۆ داڕشتنی دەستوورێك كە مافی سیاسی ومەدەنی وكومەڵایەتی هاووڵاتیان گەرەنتی بكات وئەو یاسایانەش كەدادەڕێژرێن بەشێك لەماددەو بڕگەكانیان لەگەڵ بنەماكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ناگونجێت و لەدژی یەكترن. بەتایبەتی یاسای رێكخستنی خوپێشاندانە مەدەنی وچالاكییە جەماوەرییەكان نموونەیەكی زیندووو لەبەرچاوانە. ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە دام ودەزگا ئاسایشیەكان وپۆلیس گەلێك جاران مافی تاك وكۆمەڵگا پێشل بكەن ولەئەنجامی ئەم پێشلكارییانەشدا لەلایەك كۆمەڵگای ئێمە دەستكەوتەكانی ببێتە جێ رەخنەو تانەوتەشەری دەزگا نێو دەوڵەتییەكان لەوانە، هیومان رایتس ووچی نێودەوڵەتی و لەلایەكی تریشەوە نموونەیەكی خراپ لەگەلەكەمان نیشانی رای گشتی وجیهانی بدات.
هەر بۆیە، ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەم یادەدا، لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆك وەزیران و سەرۆك پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پەرلەمان ئێراق و سەرۆك وەزیرو سەرۆك كۆماری ئێراق، دیموكراتیخوازان ورۆشنبیران و مافناسان داوا دەكەین كە لەئاستی هەرێم وئێراق ونەتەوەیی ونێونەتەوەیی گۆڕ بەخەبات وتێكۆشانی خۆمان بدەین لەپێناو گەرەنتی كردنی مافە نەتەوەیی و دیموكراتیانەكانمان وپێخستنی ئاستی بەدی هاتنی مافەكانی مرۆڤ.
دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
9/12/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست