بڕیاری ژینوسایدناسینی كیمیابارانی هەڵەبجە هەنگاوێكی گرنگە بۆ كوردان
Wednesday, 03/03/2010, 12:00
كیمیاباران كردنی هەڵەبجەو ئەنفال دووكارەساتی ژینوسایدن و هۆڤانەترین رفتارەكانی سیستمی دەسەلاتداری رژێمی بەعس بوو لەپێناو توانەوەی ناسنامەو بێ ئیرادە كردنی گەلەكەمان بەرێوە چوو. ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەماوەی رابردوو یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانمان و بڕیارە گرنگەكانی كۆنگرەكانیشمان كار كردن بوو بۆ بە ژینوساید ناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجەو ئەنفال گۆندنیشینان. لەكاتێكدا دۆسیەی هەڵەبجە لەدادگای باڵای تاوانەكانی ئێراقی گفتۆگۆی لەسەركرا وەكو تاوانێك لەبەرامبەر بە مرۆڤایەتی پەسەند كرا. ئێمە نارەزاییەكی توندمان لەبەرامبەر بەم بڕیارە نیشان دا و وەك بێ رێزی بە ئیرادەی گەلەكەمان بەناومان كرد. دوا بەدوای ئەوەش بەهاوكاری، ونارەزایی دەربرێنی زۆر لە لایەن و رێكخراوەمەدەنییەكان وپارت و كەسایەتییە دیموكراتخوازەكانی توانیان گۆشار لەسەر بڕیاری دادگای تاوانەكان دروست بكەن بۆهەڵًوەشانەوەی ئەم بڕیارە و بەتایبەتی دەستەی پارێزەران بۆ داكۆكی لەدۆسیەی هەڵەبجە، هەوڵێكی بێ پایانیان داو، ئێمەش وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دەستخۆشیان لێدەكەین. ئەم بڕیارەش وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ كوردان دەنرخێنین، هاوكات ئەوەش پشتراست دەكاتەوە كە هەر مەسەلەیەك كارێكی باشی بۆ بكرێت دەتوانین ئەنجامێكی باشی لێ بگرین. لەسەر ئەو بنەمایە جارێكی تر پشتگیری خۆمان بۆ ئەو بڕیارە دووپات دەكەینەوە وهیوادارین لەداهاتوودا لەچوارچێوەی یاسادا دابڕێژرێت و دەنگی یاسایی بە ژینوسایدناسینی ئەنفال وكیمیابارانی هەڵەبجە وەك خاڵی گرنگی یاسا جێگە بگرێت و لەبواری كرداریش دا كار بكرێت بۆ قەرە بووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی كیمیاباران وئەنفال لەرووی ماددی و معنەوییەوە كەئەمەش دەبێتە ئەركێكی سەرەكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق لەخۆلێ پەرلەمانی داهاتوودا.
دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
3-3-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست