کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ سەرجەم راگەیاندنەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان و لایەنە سیاسیەكان ورای گشتی

Wednesday, 02/02/2011, 12:00


رۆژی 30/1/2011 كاتژمێر هەشتی ئێوارە بەشێوەیەكی نایاسایی و دوور لە ئادابی سیاسەتی دیموكراتی پۆلیسی هەولێر بە چەند ئۆتۆمبیلێك دەچنە سەر ماڵی هەڤاڵ"شاكر مستەفا" كە ناسراوە بەمام هەژار وئەندامی ئەنجوومەنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانەو بەرپرسی رێكخستنی هەولێرەو دەستگیری دەكەن هەتا ئێستا رێگە نادرێت بەهەڤاڵانی وكەس وكاری بیبینن و هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی سەبارەت بە هۆكاری دەستگیركردنەكەی نادەن و تەنیا ئەوە نەبێت كە دەڵێن كە كۆنسۆڵگەری ئێران لەهەولێر سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووەو دادگای هەولێریش لەسەر ئەو سكاڵایە بڕیاری دەستگیركردنی داوە بەبێ ئەوەی ناوەرۆكی سكاڵاكە ئاشكرا بكەن.
رۆژی 1/2/2011ش لەكاتێكدا هەڤاڵ دكتۆر ناجی هاجی ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بۆ بەدواداچوون ئەم بارودۆخە سەردانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەكات لەدوای گەڕاندنەوەی بۆ ماڵەوە لەحەریر دەستگیر دەكرێت ودەگوترێت كە سكاڵا لەسەر ئەویش تۆمار كراوەو ئێستا بێ سەرۆشوێنن.
بەرێزان:
پۆلیسی هەولێر دەڵێ هەردوو هەڤاڵ "مام هەژارو دكتۆر ناجی" لەسەر ئەوە دەستگیركراون كە رۆژی 29/1/2011 لەبەردەم كۆنسوڵگەری ئێران لەهەولێر چالاكی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام دراوەو گەنجان هێرشیان كردۆتە سەر كۆنسۆڵگەرییەكەو هەندێك زیانیان لەپەنجەرەو جامی كۆنسۆڵگەرییەكەداوە. ئێمە بە گرنگی دەبینین كە ئەم چەند خاڵە روونبكەینەوە.
1ـ لەو یاسایەی كە پێش نزیكەی دوو مانگ لەلایەن پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمە گەڵاڵەكرا باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر چالاكییەك ئەنجام بدرێت وكاری نایاسایی تێدا ئەنجام بدرێت ئەوا رێكخەرانی ئەو چالاكییە لێ بەرپرسیارن. پارێزگای هەولێرو بەرێوەبەرایەتی پۆلیس وئاسایشی هەولێریش ئاگادارن ودەزانن كە "مام هەژار"و"دكتۆر ناجی" نە وەكو تاكە كەس ونە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لایەنی رێكخستنی چالاكییەكە نەبوون و هەڤاڵ"دكتۆر ناجی" لەو رۆژەدا لەشاری هەولێریش نەبووە. نەك بەشدار بووبێت لە رێكخستنی چالاكییەكەداو رێكخراوی كوردۆساید وەكو هەڵویستیكی نەتەوەیی ومرۆیی بەرێكخستنی ئەم چالاكییە هەستاون. كە ئەمە جێگای ستایشە، مام هەژاریش وەكو كەس و لایەنەكانی تر بانگهێشت كراوەو بەشدار بووەو هەڵوێستی خۆیی وپارتەكەی نیشانداوەو بەشێوەیەكی دیموكراتی. هەر بۆیە ئەگەر لەسەر ئەوە گیرا بن كە رێكخەری چالاكی بوون ئەمە كارێكی نایاساییەو نە"مام هەژار ونە"دكتۆر ناجی" بەرپرس نیین لەو رێكخستن وئەنجامەكانی ئەو چالاكییە.
2ـ ئەو چالاكییە چالاكییەكی رێگە پێدراو بوو، زۆر پارت ولایەن وكەسایەتی بەشداریان تێدا كردووە وئەمەش وەكو هەڵوێستێكی بەروومەت بۆیان دەنووسرێت وپێویستە حكومەتی هەرێم دەستخۆشی لە رێكخەران وبەشداربووانی ئەو چالاكییە بكات، چونكە ئەو چالاكیانە ڕووی گەلەكەمان ودەستكەوتەكانمان لەبەرامبەر مێژوو وگەلەكەمان لەپارچەكانی ترو بەها مرۆییەكان سپی دەكاتەوەو نەك لەسەر داخوازی كۆنسۆڵگەری ئێران هەستێت بەدەستگیر كردنیان.
3ـ بەشدارانی چالاكییەكە و بەرێز عەلی مەحمود رێكخەری چالاكییەكە ئاگادارە كە لەكاتی روودانی هێرش بۆ سەر كۆنسۆڵگەرییەكە"مام هەژار" لەجێگەی چالاكییەكەدا نەبووە. ئیتر ئەگەر لەسەر ئەو رووداوانەش دەستگیركرا بێت، ئەوە كارێكی نایاساییە.
لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە ئەو دەستگیركردنە بە دەستگیركردنێكی سیاسی دەبینین و بەرێوەبەرێتی پۆلیسی هەولێر و پارێزگای هەولێر لەبەرامبەر ئەو كردەوەیە بەرپرسیار دەبینین وداوا دەكەین كە بەزووترین كات ئەو هەڤاڵانەمان ئازاد بكرێن و داوای لێبوردن لە پارتیمان وجەماوەری گەلەكەشمان بكەن؛ چونكە ئەركی پارێزگای هەولێر وپۆلیسی هەولێر ئەوە بوو داوا بكەن لەكۆنسۆڵگەری ئێران كە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی ئاگادار بكەنەوە كە كۆتایی بە لەسێدارەدانی گەنجانی كورد وئێرانی بهێنن یاخود هەولێر چۆڵ بكەن، نەك لەسەر داوای ئەوان تێكۆشەرانی كورد بگرن. هاوكاتیش داوا لە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندییدارەكان دەكەین كە سنوور بۆ ئەم جۆرە سیاسەتە دانێنن ، چونكە ئەم سیاسەتە ناكەوێتە خزمەتی گەل و دەسكەوتەكانی گەلەكەمان و دەسەڵاتی هەرێمیشەوە.
ئازادیخوازان:
هەڤاڵ مام هەژار و دكتۆر ناجی لەسەر بابەتێكی شەخسی یاخود حزبی دەستگیر نەكراون، بەڵكۆ لەسەر هەڵوێستێكی نەتەوەیی ومرۆیی دەستگیركراون ودەخوازن كۆتایی بەسیاسەتی سێدارە بهێنرێت، دەخوازن ئیتر گەنجانی كوردیش وەكو گەنجانی دونیا ئازادانە بژین و گوزارە لەخۆیان بكەن. هەر بۆیە ئەركی هەموو لایەنەكانە خاوەندارییان لێ بكەین و بەچالاكی وكەمپین برەو بە تێكۆشانی خۆمان بدەین، بۆ ئازادكردنی "مام هەژار ودكتۆر ناجی" و گەیاندنە سەری ئەو پەیامەی ئەوان لە پێناوی دەستگیركراون.
ئێمە هەمووان"مام هەژار ودكتۆر ناجی"ین
ئازادی دیل ناكرێت.

دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
2/2/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە