پارتی چارەسەری دیموکراتی کورستان: بڕیاری پەرلەمانی تورکیا ئاماکاری شەرێکی خۆێناوییە
Wednesday, 13/10/2010, 12:00
لەگەڵ ئەوەی گەلەکەمان لەهەرچواربەشی کوردستان، گەیشتووە ئاستێکی بڵند لەتێکۆشاندا، بۆ چارەسەرکردنی دۆزە ڕەواکەی و بەردەوام دەستپێشخەری لەشێوازی ئاشتی ودیموکراتیانە دەکات بەتایبەتی لەباکوری کوردستاندا گەل بۆبەرقەراربوونی ئاشتیەکی بەڕومەت و بەدەستهێنانی مافەنەتەوەی و دیموکراتیەکانی ماندونەناسانە لەتێکۆشاندایە. بەڵام بە پێچەوانەوە، لەلایەن هێزی دەسەڵاتدارەوە بەدژوارترین شێوازی شەڕو سیاسەتی نکۆڵیکردن ولەناوبردن وەڵام دەدرێتەوە. لەماوەی رابردوودا، حکومەتی تورکیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی جیهان، کۆمەڵێک پرۆژەی دوڕویانەو وشەی بریقەداری بەکارهێنا، سەبارەت بە چارەسەر کردنی کێشەی گەلەکەمان لەو بەشەی لە کوردستاندا، بەڵام بێ وەچان ئامادەکاری، بۆ گەلەکۆمەو شەڕێکی خۆێناوی کردووە، لەو ماوەییە دا بێ سنور ئۆپەراسیۆنی سیاسی و سەربازی بەڕێوەبرد و زۆرترین سیاسەتمەدارو کەسایەتی پێشەنگ و ژن ومنداڵی زیندانی کردووەو شانبەشانی ئەمانە داخستنی پارتی سیاسی ورێگەگرتن لە ڕۆژنامەی کوردی و قەدەخەکردنی زمانی دایک لەچوارچێوەی داگیرکەری کلتوریدا ئاڕاستەکردووەو، لەهەوڵ دیبلۆماسییەکانیان بۆ ئەوروپاو ئەمریکاو بەردەوامکردنی گەلەکۆمە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان و گرتنی رۆژتیڤیان کردۆتەوە ئامانج. هاوکات بەسەردانەکانیان بۆ وڵاتانی درواسێ لەوانە، ئێران وسووریەو ئێراق، ئامادەکارییان بۆ کۆکردنەوە دەنگی شەڕو سیاسەتە کۆنەپارێزییەکانیان ئەنجام داوە. بڕیاریگرتنی پەرلەمانی تورکیاش بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هێرشکردنی سوپای تورکیا بۆ دەرەووی سنووروبەزاندنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و بەواتای ردکردنەوەی هەنگاوە ئاشتیخوازانەکەی گەلەکەمان وبزووتنەوەکەی وپێداگرییە لەشەڕێکی خوێناوی بۆ سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کە داگیرکردنی باشووری کوردستان ولەباربردنی دەسکەوتەکانی دەکاتە ئامانجی خۆی.
جەماوەری نیشتمانپەروەروئاشتیخوازان
بڕیاری درێژکردنەوەی مۆڵەتی سوپای تورکیا بۆ بەزاندنی سنوورەکانی هەێمی کوردستان، لەکاتێکدایە کە کۆماجڤاکێن کوردستان"کەجەکە" بۆ جاری هەشتەمینە کە ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاندووەو ئێستاش لەهەڵوێستێکی بێ چالاکییدایە وهەموو تواناکانی خۆی بۆ سەر خستنی پرۆژەی ئاشتی ودیموکراسی خستۆتە گەڕ. ئەم هەنگاوە ئاشتیخوازو مێژووییەی "کەجەکە" لەلایەن زۆرێک لەهێزو لایەنە کوردستانییەوە پێشتگیری لێکراو بەتایبەتیش لەباشووری کوردستانداو بانگەوازی لەدەوڵەتی تورکیا کرا کە وڵامی ئاگربەستی دوولایەنە بداتەوە. ئەم بڕیارەی تورکیا بەواتای گوێنەدانە، بەهەموو بانگەوازییەکان لەپێناو ئاشتیداو پێداگرییە لەسەرهەوڵە پلانگێریەکانی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد .
ئێمە وەکۆ پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، پێمانوایە ئەم هێرش وپەلامارانەی دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی هەمەلایەنەیەوەولەلایەن دەوڵەتانی تری سەردەست لەکوردستاندا پشگیری لێدەکرێت و بە بەشێکی کوردستانەوە سنووردار نامێنێت و هەر بۆیە پێویستی بەهەڵوێستێکی یەکگرتووو نەتەوایانە هەیە. هەر بۆیە داوا لە هەموو جەماوەری گەلەکەمان لەباشووری کوردستاندا دەکەین هەر چۆن لەماوەی رابردوودا، خاوەن هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانەو ناڕەزایی بوون لەبەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو دەوڵەتانی داگیرکەری سەرکوردستان ، ئێستاش لەهەموو کات زیاتر گرنگترە کەدەنگە ناڕەزاییەتیەکانمان یەک بخەین ورێگە نەدەین بەسوپای تورکیا هەتاکۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ببەزێنێت. هەروەها داوا لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بڕیاری درێژکردنەوەی مۆڵەتی سوپای تورکیا بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان رد بکەنەوەو هاوکاتیش، بڕیار بدەن بۆ هەڵگرتن وهەڵوەشانەوەی هەموو ئەو بنکە سەربازییانەی دەوڵەتی تورکیا لەهەرێمی کوردستاندا جێگیرکراون . لە کۆتاییشدا، داوا لە هەموو هێزولایەنە سیاسی لەباشووری کوردستان دەکەین، کە هەموو هەوڵەکانی خۆیان لە پێناو یەکێتییەکی نەتەوەییدا، یەکبخەن و کار بکەن بۆ سەرخستنی پرۆژەی ئاشتی ورێگاگرتن لەهەموو شەڕو ئالۆزییەک.
دەستە کارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان
13-10-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست