ئەلبومەكەی (زەكەریا عەبدوڵڵا) لەنێوان خەرجییەكی خەیاڵی و خێر و بێرەكەی بۆ منداڵانی ئەنفال !!
Saturday, 24/04/2010, 12:00
سازان قادر پێنجوێنی
دوای ئەوەی ئەلبومی گۆرانی گۆرانیبێژ (زەكەریا عەبدوڵڵا) بڵاو بوویەوە، هەر لەسەرەتای ریكلام كردن بڵاو بوونەوەی ئەو ئەلبومە دەركەوت ئەو واتە (زەكەریا) داهاتی ئەو ئەلبومەی بۆ مندڵانی ئەنفال كراوانە !
بەڵام ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە ئەو كارەی (زەكەریا) واتە ئەو پرۆژە بەناو خێر خوازییە ناچێتە عەقلی مناڵێكیشەوە، چونكە ئەوەی ئێستا من بۆ ئێوەی خوێنەرانی بەڕێزی دەخەمە روو پێم خۆشە هەر خۆتا شیكارێكی بۆ بكەن بزانن ئەو كارە چەندی بەچەند و چ دەر ئەنجامێكی لێدەردەچێت.
هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ بۆ گێرامەوە و سوێندی بۆ خواردم، كە ماوەیەك بەر لە ئێستا سەردانی وڵاتی توركیای كردووە بۆ ئەوەی ئەلبومێكی گۆرانی ئامادە بكات لەوێ، گوتی كاتێك سەردانی ئەو گروپە موزیكیانە و ستۆدیۆكانی توركیام كرد، نرخێكی ئەو تۆیان بۆ كارەكانم دانا، كە بەهیچ جۆرێك عەقل قەبولی نەدەكرد و تووشی سەر سورمان هاتم !!
بەڵام ئەوان لە وەڵامدا بە پێكەنینەوە پێان گوتم ئێوە ماشاڵڵا پارەتان زۆرەو بۆچی بەو شێوەیە ئەو نرخەت لەلا زۆرە ؟!
منیش گوتم كێ پارەی زۆرە من هونەرمەندێكی گۆرانیبێژم جگە لە مووچەیەك هیچ شك نابەم، لەكوێ بێنم ئەو هەموو پارەیە ؟
لەوەڵامدا گوتیان بروابكە زۆر خاترمان گرتووی، ئاخر ئەوەتا گۆرانیبێژی دیكە هاتوون پارەی زۆر لەوە زیاتریان داوە بە ئێمە بۆ ئەلبومی گۆرانییەكانیان، منیش گوتم كیە ئەو گۆرانیبێژە ؟ لەوەڵامدا گوتیان (زەكەریا... زەكەریا) منیش گوتم چۆن و چەند پارەی داوە ؟
ئیتر سوێند بە كوردستان بە بەڵگەوە نیشانیان داوم كە (زەكەریا عەبدوڵڵا) بۆ دواهەمین ئەلبومی گۆرانییەكەی (000 240) واتە (24) دەفتەر دۆلاری ئەمریكی، ئەمەو جگە لەوەی گوتیان ئێستاكە ماوەی چەند رۆژێكە كلیپێكی بۆ یەكێك لە گۆرانییەكانی لەگەڵ یەكێكە لە كۆمپانیاكانی كلیپ كاری كردووە و بە (45000) واتە بە چوار دەفتەر و نیو دۆلار تەنها وێنەی یەك گۆرانی ناو ئەلبومەكەی بۆ گیراوە، ئیتر من یەكسەر حەپەسام و گوتم خوایە هونەرمەندی كورد لە وڵاتەكەی من تائێستا دۆعای ئەوە دەكات سیدیەكانی بەسەلامەت بفرۆشێت و چیتر كۆپی نەكرێت، ئاخر ئەی هاوار ئەو پارە خەیاڵیە لە كوێ و چۆن هاتووە، كەچی ئەو برادەرە موزیكژەن و خاوەنی ستۆیۆكەی وڵاتی توركیا گوتی ناوی ئێمە مەهێنە و رسقەكەمان مەبڕە چونكە كاك (زەكەریا عەبدوڵڵا) موشتەری بەردەوامی ئێمەیە، ئەوەمان بۆ ئەوە بە تۆ گوت تاوەكو تۆش پێت وانەبێت ئێمە غەدر لە تۆ دەكەین.
منیش بارگەو بنەم پێچایەوە و هاتمەوە بۆ كوردستان، ئیتر لە رێگا هەر دەم گوت ئاخر هونەرمەندی وامان هەیە خێری پێدەچێت لەم وڵاتە، ئاخر ئەوەتا ماویەك بەر لە ئێستا لە گۆڤاری ئاوێنەكان و لە رۆژنامەی رووداو خوێدمەوە تائێستا هونەرمەندی گەورەی كورد مامۆستا (كەریم كابان) كرێچی شارەوانییە، ئاخر چۆن شێت نەبم هونەرمەندێك بەو هەموو تەمەنەوە دوای (86) ساڵ تەمەن كەچی تاكە ئاواتی ئەوەیە ببێتە خاوەنی خانوێكی خۆی !!
كەچی هونەرمەندی گۆرانیبێژی وامان هەیە ناز بەسەر ئەرز و ئاسمان و خەڵكی بەش مەینەتی ئەو وڵاتە دەكات و شەق لەپارە هەڵدەدات و پارەی (4) خانوو ئەم وڵاتە ئەداتە موزیكژەنان و ستۆدیۆكانی تورك، كە گاڵتەوە باسیان دەكرد و منیان پێ سەرسام دەكرد.
ئەوەتا هونەرمەندێكی وەك (بورهان مەجید) بە ئۆرگێكەوە هاتووە سیدیەكی كردووە، نەیتوانییوە بچێتە ستۆدیۆیەك لە هەولێر كار بكات نەك ئەستەمبوڵ، كەچی بۆ هەندێكیش پارە ئەوەندە زۆرە خەریكە لە سمێڵان دەدرێت !!
سەیر بكەن هونەرمەندێكی وەك (حەمەی نێرگز) لەماڵەوە كەوتووە، بەدەم نەخۆشیەوە دەناڵێنێت كەچی هەموو دەسەڵات و حكومەتی كوردی بە گوڵێكیش سەردانی ناكەن و دڵنەوایەكی بدەنەوە !!
ئاخر من تێناگەم بەڕێزان تێ ناگەم (28) دەفتەر دۆلار و نیوی ئەمریكی ئەوە جگە لە چاپ و ئەو هەموو پۆستەرەی چاپكراوە بۆ بەرهەمەكەی ئەم جارەی (زەكەریا عەبدوڵلا) لەو بازاڕ جوانیەی كوردستان چۆن دێتەوە دەست ئەو پارەیە ئەی هاوار چەواشە كردنی خەڵك نەبڕایەوە نۆبەی مناڵانی ئەنفالە؟؟!!
ئاخر هیچمان نەما گاڵەتە بە هەستی خەڵك نەكەین ئەوە نەبێت داهاتی ئەلبومێكی گۆرانی بۆ مناڵانی ئەنفال بێت، ئاخر هەموو سیدیەكی كاك (زەكەریا عەبدوڵڵا) دوای شەش مانگ بڵاو بوونەوەی لە بازارەكان نرخی دەبێتە (1000) دینار لەو پارە چاپەی عێراقی كە ناكاتە (1) دۆلار ئاخر چۆن ئەو هەموو پارە خەیاڵیە دێتەوە دەست و دەبێتە دەستمایە و قازانج و خێر و بێرەكەی كێ تەخشان و پەخشانی دەكات بەسەر مناڵی ئەنفال ؟!!.
سلێمانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست