حكومەت و پەرەپێدانى سیاسەتى دووبەرەكى كۆمەڵایەتى (بایكۆتى مامۆستایان وەك نموونە)
Sunday, 22/02/2015, 12:00
ئەگەر بەردەوام تەماشاى پێكهاتەى كۆمەڵگە كوردى بكەین لە چەندین رووى جیاوازەوە دەرك بەوە دەكەین كۆمەڵگەى كوردى گیرۆدەى چەندین گرفت و قەیران و دەرهاویشتەى نەكەتیڤى بووە كە بێگومان ئەگەر حكومەت و سیاسەتى حكومەتى هەرێم هۆكارى دروستكردنیان نەبێت لەماوەى بیست و چوار ساڵى رابردووى فەرمانرەوایی لەم كۆمەڵگەیەدا ئەوا بێگومان هاوكارێكى جدى و كاراكتەرێكى وزەبەخشى ئەكتیڤى گەشەسەندنى ئەو قەیران و شێواندنى كلتورى ئەم كۆمەڵگەیە بووە
هاوڵاتى كورد لە هەر شوێنێك بێت هەر مرۆێكى كوردەو خاوەنى هەمان كەرامەت و رێزە و هەمان دەرد و موعاناتى هەر تاكێكى ترى كوردى هەیە لە هەر جێگەیەكى تر بێت، دڵنیام هەر فەرمانبەرێكى ئەم حكومەتى هەرێمە لە ئێستادا بگرى بەتەواوى لە رووى موعاناتى قەیرانى داراییەوە لە یەك دەچن و هەردووكیان یەك مرۆڤن بەڵام بەداخەوە حكومەتى هەرێم بە تایبەت سیاسەتى پارتى وەك حزبى باڵادەست لە ئێستاى هەرێم كارى جدى دەكات لەسەر پەرەپێدانى سیاسەتى دووبەرەكى ناوخۆیى نێوان تاكەكانى كوردو پارێزگاكانى هەرێم و شێواندنى كەسایەتى كورد
بەداخەوە حكومەتى هەرێم بەتایبەتى پارتى و لە میدیا حیزبیەكانیەوە جارێكى تر كەوتووەتە وێزەى بایكۆتكردن و مانگرتنى خۆرسكانەى مامۆستایان لەبەرامبەر داواكردنى مافى رەواو سەرەتایى خۆیان كە پێدانى موچەیە ئەگەر تەماشاى گردبوونەوە و مانگرتنەكەى مامۆستایان بكەین بەڵگەیە لەسەر خۆرسكى ئەو گردبوونەوانە و هەمەرەنگى بیركردنەوە و جیاوازى بیركردنەوەى ئەو مامۆستایانەى تەنها بەرەوا نەبینى مافەكانیان كۆیكردوونەتەوە نەك بوونى دەست لە پشت ئەم كارەوە كە هەمیشە حكومەت بۆ خۆقوتاركردن و خۆدزینەوە و تەخوینى كردنى بەرامبەر ئەم كارتە بەكاردەهێنێت
ئەوەى ئێستا مایەى شەرمەزارییە بۆ حكومەت و بە تایبەت پارتیش كە هەق وایە بدرێنە دادگاى گەل و لەلایەن ویژدان زیندووەكانەوە شەرمەزار و دادگایى بكرێن هەوڵدانیانە بۆ دروستكردنى دووبەرەكى نێوان پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە لەلایەك و دهۆك و هەولێر لە لایەكى تر كە هەر كەسێك گەر بە ویژادان و لۆژیكیانە بروانێت دەزانێت جوڵاندنى كۆمەڵێك مامۆستای حزبى لە هەولێر و دهۆك لە گەڵ رێز و حورمەتم بۆ تەواوى هاوڵاتیانى ئەو دوو پارێزگایە كە حكومەت و پارتى دەیەوێت پێكەوەژیانى نێوانمان تێك بدات، خێرە ئەو مشتە مامۆستا حزبیە ئێستا بیریان لەوە كردووەتەوە شیرینى دروست بكەن و بیبەنە بەرەكانى شەر بۆ برا پێشمەرگەكان یان مانگرتنى مامۆستایان و دروستبوونى فشارى زۆر لە سەر حكومەت و پارتى ئۆقرەى لێ بریوون و ئەم كارەى پێى ئەنجام داون
لەوەش خراپتر لەتاو تەنگەتاوبوونیان ئەگەر چى بەرپرسەكان هەمیشە لە مەترسیەكاندا بە كردنە قەڵغانى سنگى پێشمەرگەى خێر لە خۆ نەدیو ئازایانە خۆیان قوتارئەكەن وەك هەوڵێكى ترى شێواندن و دووبەرەكى دروستكردن لە نێوان چین و توێژەكانى كۆمەڵگەى كوردى وەك بڵى پێشمەرگە لەوێ خەم و كێشەى نەبێت جكومەت و پارتى كارتى فشارى مامۆستایان كە مانگرتن و بایكۆتكردنیانە دەباتە سەنگەرەكانى پێشمەرگە و لەوێوە دەیەوێت لە رێگەى پێشمەرگەوە خۆى لەو قەیرانە بدزێتەوە و شەرى نێوان مامۆستا و پێشمەرگە دروست بكات وەك چەندین جار لە زارى خودى وەزیر و گزیرەكانەوە دەبیستین پێشمەرگە لە بەرەى شەرە و ئێمەش دەبیت خزمەتى مناڵەكانیان بكەین و بەمەش ئەیانەوێت بڵێن پێشمەرگە ئێوە خۆتان بەخت ئەكەن بەڵام مامۆستا رێز لە شكۆ و مناڵى ئێوە ناگرێت ، كە بەداخەوە ئەم هەڵوێستە ئەگەر لە هەر كەسێك بوەشێتەوە بێگومان و بە دڵنیاییەوە لە مامۆستا ناوەشێتەوە و هەموو قوتابێك بە مناڵى پێشمەرگە ئەزانێت و خوشى پێشمەرگەى مەیدانەكەى خۆیەتى
بەداخەوە یەكێتى مامۆستایانیش كە رێكخراوێكى تەواو حزبییە و كار بو ئەجێنداى حزبەكان دەكات نەك شكۆى مامۆستا و خەمى مامۆستا خەمى بێت ئەحمەد گەرمیانى جێگرى سكرتێرى رێكخراوەكە لە راگەیاندنەكانەوە دەڵێت نازانم مامۆستا بۆ مان دەگرێت ئێمە مامۆستا مانگێكە موچەى وەرنەگرتووە تەنها ئەم مانگەیە ئەو دوو مانگەیەى تر نافەوتى و قەرزە لاى حكومەت نازانم جەنابیان وەرنەگرتنى موچەى بۆ ماوەى زیاتر لە 90 رۆژ بەچى ناوئەبات یان بەدڵنیایەوە مانگ ئەوەندە رۆژە كە حكومەت و حزبەكەى ئەو دیارى ئەكات
ئەرێ جەنابى جێگر لەم وڵاتەى ئێمەدا كە تەنها سەرچاوەیەكى داهات هەبێت ئەو مشتە موچەیەیە و حكومەت و حزبەكان هەموو هەلێكى كاریان لەم وڵاتە لەباربردووە و ئەو مشتە كەرتە بەناو ئەهلیەش هەیە بەرپرسەكانى ئێوە قۆرخیان كردووە لەكوێوە بژێوى ژیانیان دەست كەوێت خۆ بەرێزم ئێمە وەك ئەوانى تر موچەى بندیوار و حزبیانە و شتى ترمان نیە ئەرێ ئێمە لە كوێ بێنین پارویەك بۆ ژەمەكانمان بۆ رۆژانەى مناڵەكانمان پەیدابكەین
ئێمە سەرى بەرزمان بۆ موچە نەوى ناكەین بەمەجێك ئێوەش وەك ئێمە بن و لە پەناى ئەم حكومەتەتاندا نەبووبنە خاوەنى چەندین موڵك و ماڵ و موچەى حزبى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست