ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌

Friday, 04/06/2010, 12:00


ده‌مێكه‌ ده‌ڵێن كورد سیاسی و شاعیری زۆره‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئێستا رۆژنامه‌نوس و پێۆلیسیش زۆر بوه‌، به‌تایبه‌تی له‌م دواییانه‌دا ده‌ركه‌وت حیزب هه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك جنێوفرۆشی ناوناوه‌ رۆژنامه‌نوس و رۆژانه‌ به‌ لوتف و مه‌رحه‌مه‌تی خۆیان له‌ تیڤی و رۆژنامه‌كان زمانێكی نوێی جنێوفرۆشتن و زمانی سه‌رده‌می شه‌ڕی كورسی و پاره‌ی نێوان دو حیزب زیندو ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌یری ده‌می سیاسی و قه‌ڵه‌می ئه‌و نوسه‌رانه‌ بكات كه‌ به‌ فیكی سیاسیه‌كان ده‌نوسن و ده‌ڵێن، باسی خه‌بات و قوربانیدان و مێژوی پڕسه‌روه‌ری سیاسیه‌كانمان ده‌كه‌ن و هه‌یانه‌ ده‌یه‌وێت هه‌مو مێژوی خۆی بكاته‌ سه‌روه‌ری و مێژوی خه‌ڵكیش بكاته‌ خیانه‌ت، مێژوی خۆی بكاته‌ حه‌ڵاڵ زاده‌یی و به‌رامبه‌ركانیش حه‌رامزاده‌یی، مێژوی خۆی بكاته‌ كوردایه‌تی و هی خه‌ڵك بكاته‌ كوردكوژی، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزب ده‌یه‌وێت به‌ خشكه‌یی سه‌ركرده‌كانی پیرۆز بكات و بیانخاته‌ سه‌روی ره‌خنه‌وه‌ و ئیدی بیانكاته‌ هێلی سور و بۆ ئه‌وه‌ش هاتوه‌ هه‌مو مێژو و سه‌روه‌ری و پیاوه‌تی و مێرخاسی كورد بكاته‌ موڵكی تاكه‌كه‌س و حیزبێك...

مێژوی سیاسی كورد لاپه‌ڕه‌كانی چه‌نده‌ سورن به‌ ده‌ستی دوژمن هێنده‌ش سورن به‌ ده‌ستی شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ستی كوردكوژی، ئه‌و مێژوه‌ ئه‌گه‌رچی وه‌ك هه‌ندێك روناكبیر ده‌ڵێن: كه‌ ئاوڕی لێده‌ده‌یته‌وه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بینیت و هه‌ندێكیشیان به‌ مایه‌پوچی ناویده‌به‌ن، ئێستا باباكانی حیزب دێن و ده‌ڵێن: ئێوه‌ هه‌موتان له‌ هه‌وای خه‌باتی پڕ سه‌روه‌ری من ده‌خۆن و ئه‌وه‌منم هێنده‌ به‌خشنده‌م ده‌هێڵم به‌ ئازادی هه‌وا هه‌ڵمژن...

له‌ باسی ئازادیدا ئێستا گه‌رمترین قسه‌ (خراپ به‌كارهێنانی ئازادیه‌) هاورێیه‌كم وتی: بیست ساڵه‌ ئه‌وان ده‌سه‌ڵات به‌خراپی به‌كاردێنن، نابێت كه‌س قسه‌ بكات، به‌ڵام كه‌ خۆپیشاندانێك به‌دڵی سوڵتان نه‌بو ئیدی ئازادی خراپ به‌كارهاتوه‌ و وێنه‌ جوان و دیموكراسی و مافی مرۆڤه‌ به‌رزو باڵاكه‌ی ئه‌زمونی كوردستان شێوێنراوه‌...

سیاسیه‌كانی كورد ره‌نگه‌ له‌ هیچ شتێكدا هێنده‌ی تاپۆكردن شاره‌زا نه‌بن، له‌راستیدا ره‌نگه‌ ئه‌و ئه‌زمونه‌یان له‌ تاپۆكردنی زه‌ویه‌وه‌ كۆ كردبێته‌وه‌، ئاخر ئێوه‌ باش ده‌زانن ئه‌وان خۆ پارچه‌ پارچه‌ و دۆنم دۆنم زه‌وی تاپۆ ناكه‌ن ئه‌وان هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌كانی كوردستان تاپۆ ده‌كه‌ن، جا له‌ تاپۆی زه‌ویه‌وه‌ هاتون بۆ تاپۆكردنی مێژو، خوێنی شه‌هیدان، سه‌روه‌ریه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وان هه‌ر رابردویان تاپۆ نه‌كردوه‌ دێن و ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئێستاشین و ئاینده‌شین، له‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ش مه‌ترسیدار تر تاپۆكردنی ئازادیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێیت تۆ ئازادایت، به‌ڵام ده‌بێت به‌دڵی من بجوڵێیته‌وه‌، ئاخر هاوكێشه‌ی وا بۆ ئازادی له‌ قوتوی هیچ عه‌تارێكدا هه‌یه‌ له‌ قوتوی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا نه‌بێت...

له‌وه‌ش زیاتر سیاسیه‌كانی كورد شاره‌زاشن له‌ پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ كاره‌كانیان بۆ نمونه‌ شه‌ڕێكت بۆ ده‌نێنه‌وه‌ هه‌زاران كوری فه‌قیری تیا بچێت، له‌وسه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر مه‌حكه‌مه‌ بكرێین ئێمه‌ له‌ هه‌مو كه‌س بێگوناهترین...

ئێستا ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ سیاسیه‌كانی ئێمه‌ چه‌ند لێهاتون و بۆ هیچ شتێك دانامێنن، خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئێستا لێیان بپرسن ئه‌ی ئه‌گه‌ر هێنده‌ زیره‌كن بۆ حاڵی كورد وایه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن: خۆی هی سه‌رده‌می ئێمه‌ نیه‌ وه‌زعه‌كه‌ له‌ زوه‌وه‌ و له‌سه‌رده‌می باوانه‌وه‌ واهاتوه‌، ده‌گێڕنه‌وه‌ ((پیاوێك دو مناڵی ده‌بێت و شك و گومانی ده‌بێت له‌وه‌ی یه‌كێكیان مناڵی خۆی نیه‌، ده‌چێته‌ لای حه‌كیم و ده‌ڵێت: چارم چیه‌ چۆن بزانم كامیان مناڵی من نیه‌، حه‌كیم پێی ده‌ڵێت شه‌وێك بڕۆنه‌ ده‌شتێك و بازنه‌یه‌ك بكه‌ و خۆت و مناڵه‌كانت له‌ناو بازنه‌كه‌دا بخه‌ون، كه‌ هه‌ستان له‌ خه‌و ئه‌وه‌ی‌ هاتبێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ ئه‌وه‌ زۆڵ یان بیژوه‌ ئه‌وه‌ی ناو بازنه‌كه‌ش حه‌ڵاڵه‌، پیاوه‌كه‌ به‌ قسه‌ی حه‌كیم ده‌كات و كاتێك به‌یانی له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت سه‌یر ده‌كات خۆی و مناڵكانی له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ن، به‌ مناڵه‌كانی ده‌ڵێت: هه‌ستن هه‌ستن دیاره‌ وه‌زعه‌كه‌ له‌ سه‌رده‌می باپیرتانه‌وه‌ تێكچوه‌ و به‌كه‌ڵك نایه‌ت و تازه‌ به‌ من چاره‌سه‌ر ناكرێت...)).
Friday, June 04, 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە