من و سەرۆك و كچەكەی

Tuesday, 25/05/2010, 12:00



پرسیاری یەكەمی سەردەشت
سەرۆكی هێژا كاك مەسعود من گەنجێكی رۆژنامە نووس و قوتابی ئاسایم و هەموو هێزیك من هەمبێ قەلەمێك و بیر كردەنەوەیەكی ئازادە , ,تۆش سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارتی و چەك و جبەخانە و هۆز و عەشرەت و حزب و میلیشیا و ئاسایش و پاراستن و جاش قەڵەم و ملیارەها دۆلاری دزیت هەیە , من رۆژانە بە خۆم و قەڵەمێك و كتێبەكانمەوە و سەربەرز و بێ ترس دەچوم بۆ كۆڵیج , تۆش بە خۆت و لەشكرێك پاسەوان و جرو جانەوەرەوە بە ترس و گومانەوە دەچیت بۆ بارەگاكەت ,ئێستا دەمەوێت لە جەنابت بپرسم چی حیكمەتێكە وای كردووە كە من لە كەس ناترسم و سڵ ناكەمەوە و تۆش لە هەموو شت دەترسیت و تەنانەت سڵ لە سێبەرەكەی خۆشت دەكەیتەوە ؟!! چی حیكمەتێكە من هەركیز بیرم لە تیرۆر كردنی تۆ نەكردۆتەوە بەڵام تۆ هەموو ئەو هێزانەت خستبووە ئامادە باشیەوە بۆ تیرۆر كردنم و كردیشتان ؟!!

پرسیاری دووەمی سەردەشت

سەرۆكی هێژا ..من ناوم سەردەشتە و باوكێكی نەخوێنەوار ئەو ناوە كوردیە جوانەی لێناوم ئەگەر مەبەست لە ناوەكەم سەردەشت بێت ئەوە جەنابت ئەزانی شارێكی كوردی كوردستانی رۆژهەڵاتە و ئەگەر زەردەشتیش بێت ئەوە جەنابت رەنگە بزانی ئەگەر كورد شتێكی هەبێت شانازی پێوە بكات ئەوە زەردەشت و ئاڤێستایە .. تۆی سەرۆكیش باوكی سەرۆكت بە هەموو كوردایەتی خۆیەوە ناوی ناوی مسعود, مەسعود ناوێكی عەرەبیە بە مانای دڵخۆشی دێت , ئایا قەت نەتپرسیوە بۆچی ئەبێت سەركردەی شۆرشێكی نەتەوەیی پێی شەرم بێت ناوێكی كوردی لە منالەَكەی بنێ ؟!! توخوا ئەگەر ئەو كاتە باوكی رەحمەتیت ناوی كوردی لە هەموو مناڵەكانی بنایە ئێستا ئەوەشتان بە سەروەریەكی تری باوكت پێ نەدەفرۆشتینەوە ؟؟!! دیارە سەرۆكی باوك بەردەوام دڵی خۆش بووە بۆیە تۆی سەرۆكی ناو ناوە دڵشاد (مسعود) لە سەردەمی سەرۆكی باوكدا كۆماری مه هاباد دەروخێت , سەرۆك بە غار لە ئاوی ئاراس دەپەڕێتەوەو سەری خۆی قوتار ئەكات و سەری سەرۆكی كوردستانیش (قازی) بۆ پەتی قەنارە جێ ئەهێلێ و زمانی كوردی لە كوردانی كوردستانی باكور قەدەغە ئەكرێت و چوار ئەفسەرە كوردەكە لە سێدارە ئەدرێن و كەچی سەرۆكی باوك زۆر دڵخۆشە و ئەم دڵخۆشیەشی لە ناوی مناڵەكەیا رەنگدەداتەوە و سەرۆكی بچكۆلە ناو دەنێت (مەسعود) !!, لە (74) شۆرشی كورد ئاشبەتاڵ ئەكات و سەرۆكی گەورە وەكو پیشەی هەموو جارێكی سەری خۆی قوتار ئەكات و میللەت بە جێ ئەهێلێت و دوایی سەرۆكی باوك لە ئاوارەیی ئەمرێت و سەرۆكی بچوك بێ هیچ پرس و رایەك دەبێت بە سەرۆك و شەرێكی كورد بە كورد هەڵدەگیرسێنێ و هەزاران رۆڵەی كورد دەبێتە قوربانی و كوردستان بەر كیمیایی دەدرێت و ئەنفال دەكرێت كەچی تۆی سەرۆك كوڕەكەت ناو دەنێی (مەسرور)كە ئەمەش هەر مانای دڵشادە ؟!! من نازانم ئێوەی سەرۆك زادە بۆ ئەوەندە دڵشادن ؟؟!!! دوای ڕاپەرینیش كورد برسێتی و گەمارۆ برستی لێ بڕیبو كەچی تۆی سەرۆك خەریكی شەڕی كورد بە كورد بوون و هەزاران رۆڵەی ئەم میللەتەتان شەڵاڵی خوێن دەكرد و هەزاران هەزار گەنجی ئەم میللەتەتان ئاوارەی ووڵاتان كردو ئێستاش بێباكانە دەستتان دەچێتە خوێنی گەنجەكانی ووڵات دڵنیام ئەگەر سەرۆكی بچوك (مسرور) كوڕێكی بوبێ ناوی ناوە (سعید) ئەوەش نازانم كە چەند كچتان بە ناوی (سعاد و سارە و سعدیە و سعادە) ەوە هەیە .؟!! ئەرێ سەرۆكی هێژا دەكرێت پێمان بڵێی ئەم دڵشادیەی ئێوە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟!!

پرسیاری سێیەمی سەردەشت

سەرۆكی هێژا ... من مەگەر بەس خۆم بزانم چەند خەمم لەوە خواردووە كە خوشكەكەم شەرم دەكات بچێتە بازار و چەند حەزم دەكرد خوشكەكەم لە زانكۆ بوایە و باسی لە ئازادی مرۆڤ و یەكسانب بكردایە و لە زانكۆش لەگەڵ هاورێ كچ و كورەكانی گەشت و سەیران و نوكتە بەریئەكانی زانكۆی بكردایەو بە دڵی خۆشی ئەو مرۆڤەی هەلبژاردایە كە ژیانی لەگەڵ بەسەر دەبات منیش ئەبووم بە هاورێی , ئەی چی حیكمەتێكە تۆی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حیزب و باوك تا دێت كچەكانت لەو دیوی شورا بەرزەكانەوە زیاتر زیندانی تر ئەكەیت و تەنانەت یەك كەسی ئەو میللەتەش كە تۆ بە زۆر خۆت كردووە بە سەرۆكیان نازانێت چەند كچت هەیە و ناویان چیە و لە كوێن و چكارەن و تەنانەت ئامادەی ئەو مرۆڤانەش تیرۆر بكەی كە بیانەوێت ببن بە هاوسەریان ؟!! من وەكو گەنجێك ئەوەندە جورئەتم هەیە كە بڵێم خوشكەكەم مرۆڤە و ئارەزو و ئاوات و خولیای هەیە و حەز لە خۆشەویستی دەكات و بیر لەو كورە جوانانەش دەكاتەوە كە بە شەقامەكەمانا پێدەپەڕن و رەنگە هەر شەوێكیش وێنەی ئەو كوڕە لە ناخیدا بكێشێ كە ئەبێتە هاوسەری و بیر لە ماچ و ئامێز و شەوە گەرمەكانیش ئەكاتەوە ئەی تۆ سەرۆكی هێژا ئایا تۆی سەرۆكی هەرێم و حیزب و هۆز قەت بیرت لەو حەقیقەتە كردۆتەوە كە دواجار كچەكانی تۆش هەر وەكو خوشكەكەی من مرۆڤن و هەموو ئەو ئارەزوانەیان هەیە رەنگە زیاتریش ؟!! ئایا قەت لە كچەكانت پرسیوە كە ئەیانەوێت شوو بە كێ بكەن ؟!! من قەت گلەیی لە تۆ ناكەم چونكە تۆ پێش ئەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارتێكی دیموكرات بی سەرۆكی هۆزێكی كە هەر ئەوەندە لە مافى ژن تێدەگات و تا ئێستاش ئافرەت بوون بە عەورەت بوون تێدەگات , بەڵام ناكرێت لەو هەزاران هەزار ئافرەتە لە پێش هەمووشیانەوە لە (دكتۆرە كوردستان موكریانی) نەپرسم كە چی حیكمەتێكە ئەندامی رێكخراوێكی پارتێكی سیاسین كە سەرۆكەكەیان تا ئێستاش پێی شەرمە كچەكانی خۆی تیا بكات بە ئەندام ؟! باشە ئەگەر رێكخراوی ئافرەتان مسقاڵە زەڕەیەك بەهاو رێز و سومعەی لای سەرۆك هەبوایە ئایا یەكێك لە كچەكانی یان ژنەكەی خۆی نەدەكردە سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە ؟! ئایا سەرۆكێك نەتوانێ ئازادی بە ژن و كچەكانی خۆی بدات دەتوانێ چی ئازادیەك بە ئافرەتانی میللەتەكەی ببەخشێ ؟!! ئایا سەرۆكێك پێی شەرم بێت میللەتەمەی تەنانەت ناوی كچەكانی یزانن دەبێت چی تێروانینێكی بۆ كچێكی وەكو ئەڤین ئاسۆ هەبێت كە هەموو بینیمان چۆن لە بەرنامە كۆمەڵاتیەكەیەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردەنەكانا هەموو شەوێك بە خەڵكی ئەوت بەڵێ بەڵێ .. هەزار جار بەڵێ بۆ سەرۆك بەرزانی ؟!! باشە ئەڤین بۆ نایە جارێك ئازایەتی خۆی و دیموكراسی سەرۆكەكەی تاقی بكاتەوە و داوا بكات جارێك كچێكی سەرۆك بكاتە میوانی بەرنامەكەی تاوەكو ئێمەش بزانین كچەكانی سەرۆك چۆن بیر لە ژیان و مافی مرۆڤ ئەكەنەوە ؟!!
 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە