گەر وا بڕوات گۆڕانیش فت. ..
Thursday, 08/04/2010, 12:00
بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم ئەگەر كەسایەتی كاك نەوشیروان ڕِێبەرایەتی بزوتنەوەی گۆرانی نەكردایە ئەوە لیستی گۆران نە لە 25/7 و نە لە 7/3 ئەو دەنگانەی دەهێنا كە هێناونی , ئەوەی كە هێزو ووزەی بەو بزوتنەوەیە بەخشی و دەبەخشێ كەسایەتی ئەو پیاوەیە , تەنانەت هەڵسوڕاوترین و چالاك ترین كەسی ناو بزوتنەوەكەش ووزە و وورە لە كەسایەتی ئەو پیاوەوە وەردەگرێ, من هەمیشە ووتومە و ئێستاش ئەیڵێم هەموو ئەو كادرانەی كە لە ناو یەكێتیدا پۆستی باڵایان هەبووە و ئێستا لە ناو گۆڕاندان بوون بە بارێكی گران بەسەر بزوتنەوەی گۆرانەوە و پێم وایە ئەو كەسانە خاوەن مێژوو و تێفكرینێكی ئەوەندە ئازاد و دیموكراسیخواز نین بتوانن لە كون فە یەكونێكدا ببنە پیاوی گۆڕانخواز و ئازادیخواز چونكە پرۆسەی گۆڕان خۆی لە بنەڕەتدا ئەوەندە كارێكی ئاسان نیە بە مرۆڤگەلێك بكرێت كە ئەوەندەی شەیدای دەسەڵاتن ئەوەندە بیر لە هیچ شتێكی تر ناكەنەوە . یەكێتی و پارتی وەكو دوو حزب دەیان ساڵە ئیدارەی ململانێی سیاسی و شەڕی خوێناوی كورد بە كورد ئەدەن لە كوردستاندا بێگومان ئێستا باشترین و شارەزا ترین مامۆستای ئەو بوارەن , كاك نەوشیروانیش پیاوێك نیە لە دەرەوەی ئەم فەزا بارگاوییەی كوردستانەوە هاتبێ و بێ ئاگا بێت لەم مامۆستاییەی یەكێتی و پارتی و نەزانێ ئەم دوو پارتە كوردیە چەند درۆزان و چەند شارەزان لە ناشرین كردن و پاشان بچوككردنەوەی ركابەرەكانیان (بێگومان تەنها ركابەرە كوردەكانیان) بۆیە دەبێت كاك نەوشیروان بە راستی زۆر لەوە بە ئاگا تر بێت كە بتوانێ لە بەرامبەر ئەو درۆ شاخدارانەدا خۆی ڕابگرێت كە ئەو دوو حیزبە ئەیانەوێت وەكو ژەهرێكی كوشندە بیڕێژنە جەستەی بزوتنەوەكەوە و پاشان لە قاڵبدانی و بچوككردنەوەی و ئینجا ئیفلیج كردنی و پاشان مل پێكەچكردنی , هەڵبەت من ناڵێم كێشەی نان بڕاوەكان گرنگ نیە . بەڵام ئایا ئامانج لە دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها ئەوەندە بوو كە چەند كەسێك نان بڕاو بكرێت و پاشان هەموو داخوازیەكانی خۆی بهێنێتە سەر ئەوەی كە داوا لە دەسەڵات بكات مووچەی ئەو كەسانە بگەڕێنێتەوە ؟ ئەگەر هەر ئەوە بوو ئەوە بە ڕاستی بزوتنەوەی گۆڕان لە بنەڕەتدا هەر پێویست نەبوو چونكە ئەو نان بڕاوانە پێشتر نانی خۆیان هەبوو . یان دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان داوای ئەوەی بكردایە حیزب لە حكومەت جیا بكرێتەوە و بخرێتەوە سەر سكەی حزبایەتی خۆی و حیزب چاوی لەوە بێت ئەندامەكانی بیژێنن نەك حیزب ببێت بە كۆمپانیایەك بۆ ژیاندنی هەزاران كەسی تەمەڵ و تەوەزەل و ئیش نەكەری بێ بەرهەم و لە كاتێكیشدا وەكو میر و شازادە لەسەر حیزب دەوڵەمەند ببن , دەبوایە گۆڕان داوای كردنی هێزی پێشمەرگەی بە هێزێكی نیزامی بكردایە بۆ ئەوەی چیتر حیزب نەتوانێ بەو هێزە میلیشیایەوە هەڕەشە و چاو لە هاوڵاتیانی كورد و چالاكوانەكانی خودی بزوتنەوەی گۆڕان خۆشی سور بكاتەوە , دەبوایە بزوتنەوەی گۆران بێ پەردە داوای هەڵوەشانەوەی هێزەكانی پاراستن و زانیاری و دژە تیرۆر و هەموو ئەو دامەزراوە نا دەستوریانەی بكردایە كە وەكو چەكوشی ئامادە هەمیشە بە سەر سەری هەموو تاكێكی ئەم ووڵاتەوە هەرەشە و مەترسین . دەبوایە گۆڕان داوای چارەنووسی هەموو ئەو بێ سەرو شوێنانەی بكردایە كە لە شەڕی ناوخۆوە تاوەكو ئێستا بێ سەرو شوێنن و بەوەش دەسەلاتی كوردی ئەوەندە ئیحراج بكردایە كە ڕوی نەهاتایە هیچ داواكاریەك لە گۆڕان بكات ، بەڵكو مەمنون بوایە بزوتنەوەی گۆران زیاتر ئیحراجی نەكات . ئەمانەو زۆر كارتی تری بەهێزی تر بە دەست گۆڕانەوە بوون كە دەیتوانی قاعیدەی جەماوەری خۆی دەیان جاری تر پێ بە هێز بكات و سەرجەم رۆشنبیرانی كورد لە دەوری بزوتنەوەكەی كۆ بكاتەوە . بەڵام بە داخەوە نەیكرد و هەموو داخوازیەكانی خۆی لەوەدا كۆ كردەوە كە مووچەی نان بڕاوەكان بگەرێنێتەوە كە ئەمەش ئەوەندە داواكاریەكی بچوكە ڕەنگە یەك دەوڵەمەنی نیشتیمانپەروەر بیتوانیایە ئەو داخوازیە بە زیادیشەوە دابین بكات نەك ئەوە بكرێتە هەموە ئەجێندای دانیشتنەكانی گۆڕان لەگەڵ دەسەڵاتدا . لە كاتێكدا هیچ گرەنتیەكیش نیە كە سەرۆك تەنانەت ئەو داوا بچوكەش جێبەجێ ئەكات چوونكە باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم بەڵێنە درۆیانەی دەسەڵات ئەزموونی یەكگرتووە لە هەڵبژاردنی 2005 و هەموو بینیمان كە چۆن ئەو كاتە دوای سوتاندنی بارەگاو و كوشتنی ئەندامەكانی یەكگرتوو لە ژێر دەسەڵاتی هەمان سەرۆكدا چۆن بەڵێنی قەرەبووی مادی و مەعنەوی پێدان و تاوەكو ئێستاش هەر بەڵێنەو یەكگرتووش هەر خەون بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەوە ئەبینێ , بۆیە هیوادارم بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو ئامانجانە كار بكات كە هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە لە پێناویدا دەنگی خۆی داوەتێ , كە بریتین لە ... زۆر ئاسانە كە پێویست ناكات من بیانژمێرم ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست