کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


كوردەكانى باكور،گوێ لە كوردەكانى باشور ناگرن!!

Thursday, 31/12/2009, 12:00


باشورى كوردستان بە ناو رزگار بووە،هەرسێ پارێزگاى سلێمانى و هەولێر و دهۆك لە لایەن دەسەڵاتى كوردیەوە بەرێوەدەبرێن،حوكمرانى كورد نزیكەى بیست ساڵە لەو سێ پارێزگایەدا بەردەوامە، بەڵام هەركەسێك لە نزیكەوە بە وردى سەیرى باشور بكات، بۆى رووندەبێتەوە گەلى باشورهێشتا ئازاد نەبووە و تەنها بە شێوەیەكى فیزیكى لە كاریگەرى دەسەڵاتى داگیركەران دابڕاوە.شێوازى بیركردنەوەى خەڵك و دەسەڵاتدارانى باشور،ئەو هزر و چەمكانەى تێپەرنەكردووە كە داگیركەرانى كوردستان لە ناخی خەڵكى كورداستاندا چاندوویانە،ئاكار و هەڵسوكەوتى تاك و پێكهاتەى باشورى كوردستان،ئەو چوارچێوەیەى تێپەرنەكردووە كە كڵتورى داگیركەرانى كوردستان و سیستەمى سەرمایەدارى جیهان بۆیان دەستنیشان كردوون.كاتێك روداوێكى سیاسى، كۆمەلایەتى، ئابورى،لە ئاستى كوردستان، عراق، ناوچەكە و جیهان بەرۆكى كورد دەگرێت،هزر و چەمكە نا لۆجیكیەكان،ئاكار و هەڵسوكەوتە نابەجێكان، لە باشورى كوردستاندا راستدەبنەوە و بە سوودى دوژمنانى كورد،بە زیانى گەلى كورد،لق و پۆ دەردەكەن و ئالۆزیەكى شاز،نەگونجاو بە كات و شوێن و بەرژەوەندى گشت دەخولقێنن.
هزرى دەسەلاتدارانى باشورى كوردستان،لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانى ناوچەكە و جیهاندا،لێوان لێوە لە چەمكى خۆبەدەستەوەدان،دەروونى دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان بەرامبەر بە گەلى كورد،سەردەكات لە قین وپەرچەكردارى توند،بە سادەترین قسەى خۆشى دوژمن دێنە سەما و وەك دۆستى راستەقینەى گەلى كورد نیشانى ئەدەن و سەرى بۆ دادەنەوێنن،بە رەخنەیەكى راستى كوردیش كێوى قینیان دەجمێ و دەڵێن جام پڕبێت لێى دەرژێ و هەرچى لە توانادایە دەیتەقێنن.
لە ساڵانى حەفتاكانى سەدەى بیستدا،كاتێك سەدام حسەین باسى لە حوكمى زاتى كرد،مەلا مستەفا و دەوروبەرەكەى،قوربانى و تێكۆشانى گەلى كوردیان لە بیركرد و بە سەدامیان وت ئەندازیارى حوكمى زاتی،دەیانوت سەدام بە بێ فشارى كورد پێشنیار و بریارى ئاشتى و رێككەوتنى كورد و حكومەتى عراقى كردووە.ساڵى 1984 لە كاتى گفتووگۆى نێوان (ى ن ك) و رژێمى بەعسدا،لە دواى یەكەم دیدارى نێوان سەدام و جەلال تاڵەبانى ،تاڵەبانى راگواستنى گوندەكانى سەرسنورى ئێران-عراق و بە عەرەبكردنى كەركوك و تەرمى شەهاب و ئارام و هەزران شەهیدى ترى لە بیر كردو بە پەیامنێرى گۆڤارى تەلیعەى كوێتى وت: سەدام دادوەرە، دوژمن نیە.
لە نیوەى دووەمى ساڵى 2009دا،لە ژێر فشارى تێكۆشانى هەمە لایەنە و بەردەوامى گەلى كوردا،حكومەتى داد و گەشەپێدانى توركیا ناچار بوو، باس لە كرانەوەى دیموكراتى بە رووى كوردا بكات،هزرى خۆشباوەرى و خۆبەدەستەوەدانى ناخى دەسەڵاتدارانى باشور،جارێكى تر گەشایەوە، لە باتى سەدام، ئەمجارەیان سەمایان بۆ ئەردۆغان كرد و خۆیانیان بۆ چەماندەوە،هەر بەوەوە نەوەستان، هەوڵیاندا بەرپرسانى بزاڤى ئازادیخوازى باكوری كوردستانیش وەك خۆیان لیبَكەن و ناچاریان بكەن بەرە و رووى ئەردۆغان بچەمێننەوە.بەلام گەل و دەسەڵاتدارانى باكور،نەچوونە ژێر بارى داوا نابەجێ و نارەواكەى باشوریەكان،گوێیان لە هزرى خۆیان و دەمى جەماور و بارى سیاسى توركیاو باكورى كوردستان گرت،بە دیدى شارستانى دیموكراتی سەیرى رووداوەكانیان كرد،ئەمجارەش نەكەوتنە ژێر كاریگەرى تێڕوانینە هەڵەكانى دەسەڵاتدارانى باشور،گەلیان نەدۆڕاند و دووچارى هەڵەى كوشندە نەهاتن، هێندەى نەبرد و رووى راستەقینەى ئەردۆغان وەك رووى راستەقینەى سەدام ئاشكرا بوو.
لە سەردەمى خەباتى چەكدارى باشورى كوردستاندا،ساڵانە هەزاران گەنجى باشور شار و گوندەكانى كوردستان و ریزەكانى سوپاى عراقیان بەجێدەهێشت و ڕوویان لە شاخ دەكردە و چەكى شەرەفى پێشمەرگەیان لە شان دەكرد،ئامانجی گەنجەكان ئەوەبو، ببنە خەباتگێرێكى سیاسى و لە شۆرشى رەواى گەلەكەیاندا بەشدارى بكەن،بەڵام ئەو ماوانەى كە گەنجەكان لە شاخ دەمانەوە،لە لایەن بەرپرسانى پێشمەرگە و حزبەوە پەروەردە نەدەكران و فێرى سیاسەت نەدەكران،رژێمى سەدامیش باش لە لایەنى رووحى و هزرى شۆرش و شۆرشگێرانى كوردستان شارەزا بووبو،ناو بەناو بریارێكى لێبوردنى بۆ پێشمەرگە و سەربازى هەڵهاتووە دەردەكرد،لەبەر ئەوەى پێشمەرگە و سەربازە هەڵهاتوەكان ئەو ماوانەى لە شاخ مابوونەوە لە سەر سیاسەتى داگیركەران و رەوایى دۆزى كورد قوڵ نەبووبونەوە،ئەو ماوانە لە سیاسەتى شۆڤێنى و نادیموكراتى سەدام دووركەوتبوونەوە ئەو سیاسەتەیان لە بیردەكرد و هەر كە گوێیان لە بەخشینەكانى سەدام حسێن دەبوو،ملى رێگەى خۆبەدەستوەدانیان دەگرتەبەر و بەرەو ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى رژێم دەگەرانەوە.
لە ماوەى رابوردوودا یەك لە سیاسەتەكانى رژێمى توركیا و هاوپەیمانەكانى ،داخستنى كەمپى مەخمور و بێ مەرج گەرانەوەى ئاوارەكانى باكورى كوردستان بوو،ئەم هەوڵەى توركیا لە لایەن دەسەڵاتداران و هەندێك لە رۆشنبیر و سیاسەتمەدارانى باشورەوە پشتگیرى دەكرا،هۆكارى سیاسى و هۆكارى دەرونیش لە پشت ئەو پشتگیریەى دەسەڵاتداران و كەسانى دەروەى دەسەڵاتیشەوە هەبوو بۆ بەرنامەكەى توركیا،دەسەڵاتداران و برێك لە سیاسەتمەدارانى باشور لە رابوردوودا بە چاوى خۆیان دیاردەى بێ مەرج خۆبەدەستەودانى پێشمەرگە و سەربازى هەڵهاتووى باشوریان دیوە،خۆبەدەستەوەدان و گەرانەوەى ئاوارەكانى كارەساتى ئازارى 1975 و ئاوارەكانى كیمیابارانى هەڵەبجە و ئەنفالیان دیوە و بە لایانەوە ئاسایى بووە،پێیان خۆشە گەریلاكانى هێزى پاراستنى گەل و ئاوارەكانى باكور وەك ئەوانەى باشورى سالانى رابوردوو بە بێ مەرج ملى رێگەى خۆبەدەستوەدان بگرنە بەر و دۆزى رەواى گەلى كورد لە قۆناغى پێش چارەسەریدا لە بار بەرن.
بەڵام ئەنجامى رووداوە سیاسیەكانى باكورى كوردستان بە پێى حەزى كوردانى باشور و بە پێى بەرژەوەندى رژێمى توركیا بەڕێوەنەچوو،شۆرشگێرانى باكور بە خۆشباوەرى و دڵسافى پێشوازیان لە كرانەوەكەى ئەردۆغان نەكرد،وەك سەدامى ئەندازیاى حوكمى زاتى و دادوەر وەسفى ئەردۆغانیان نەكرد،بە لۆژیكى سیاسى لە كرانەوەكەى ئەردۆغان نزیك بوونەوە،ئاوارەكانى مەخمور و گەریلاكانى باكور،وەك ئاوارەكانى باشور و پێشمەرگەكانى باشور،بە بێ مەرج خۆیان بە دەستەوە نەدا،گەریلا، ئاوارە،زیندانى،كوردى راپەریوى شەقامەكانى كوردستان و توركیا و ئەوروپا،هەمووى پێكەوە بە یەك دەنگ،دەست لە ناو دەستى یەكدا، هاوار دەكەن نا بۆ خۆبەدەستەوەدان و گەرانەوەى بێ مەرجى باشور،بەڵى بۆ تێكۆشان تا كرانەوەى دیموكراتى راستەقینە،تا یەكسانى مافى نەتەوەكان لە توركیا و لە رۆژهەلاتى ناوەراستدا،تا ئافراندنى كوردێكى ئازاد و نەتەوەیەكى دیموكرات.
  1-1-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە