کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بۆ بەرزراگرتنى ساڵیادى 17 شوبات،رەخنە لە خۆ گرتن وپەیمانى نوێ پێویستە

Friday, 17/02/2012, 12:00







وا ساڵیادى 17 شوبات و رۆژانى دوایى تێپەرى،بۆ بەرز راگرتن و بە زیندوهێشتنەوەى ئەو روداوە، بەخۆداچونەوە و هەڵسەنگاندن و رەخنە گرتن و بریارى نوێ پێویستن.لە درێژەى كار و چالاكى نارەزایى و خۆپیشاندانەكاندا،بۆچون و هەڵوێست و گروپى جیاواز دەركەوتن،نیشاندانى نیاز و بەرنامەى ئەو گروپانە،وەستان لەسەر كەم و كوریەكانیان،كارێكى پیۆیستە و هەنگاوێكە بۆ رێگرى لە دوبارەبونەوەى ئەو كەم و كوریانە.
دەسەلات بە گوێرەى هاوسەنگى هێز،سێ هەڵوێستى هەبو،كاتێك بە خۆیدا دەنازى، هێزى سەربازى بۆ سەركوتكردنى خەڵكى نارازى بەكاردەهێنا،كاتێكیش دەیبینى لاوازە و فشارى زۆرى لەسەرە،هەندێك نەرمى دەنواندا،ئەگەر ئەو دوو شێوازەش بەشى نەكردایە،لە رێگەى نوێنەرە شاراوەكانیاوە لە ریزى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى و لە ریزى خۆپیشاندەراندا،ئاژاوەی دروستدەكرد.
هەرچى لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن بون،بە شێوەیەكى تەكتیكى سەیرى خۆپیشاندانى 17 شوباتیان دەكرد،ئامانجیان ئەوەنەبو داخوازیەكانى خەڵكى نارازى بهێننە دى،ئامانجیان ئەوەبو لە ژێر سێبەرى نارەزایى خەڵكى كوردستاندا دەسكەوت بچننەوە،لە سەرەتادا لەگەڵ خۆپیشاندان نەبون،دواتر كە بینیان توورەیى خەڵك نانیشێتەوە،لە رێگەى نوێنەر و دۆستەكانیانەوە بەشدارى خۆپیشاندانیان كرد.كاتێك دەسەڵات بە زەبرى هێز خۆپیشاندانى سەركوت كرد،ئۆپۆزسیۆن بێ هەڵوێست مایەوە،تەنها كارێك كە كردى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى هەڵوەشاندەوە و جارى كۆتاییهێنانى خۆپیشاندانى دا و ژمارەیەك لە چالاكوانەكانى خۆپیشاندانى كردە موڵكى خۆى.
لە ناو ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادیدا گروپێك هەبون، بە رۆژ لەگەڵ خەڵكى نارازی و خۆپیشاندەردا بوون،بە شەویش لەگەڵ دەسەڵات دادەنیشتیان دەكرد،ئەم گروپە بروای بە ئیرادەى تێكۆشانى خەڵك نەبو ، بروای بە خۆپیشاندان نەبو،كەوتبونە ناو بەرەى خەڵكى نارازى و خۆپیشاندانەوە، نەیاندەزانى چۆن خۆیان لە خۆپیشاندان و بەرەى خەڵكى نارازى رزگار بكەن،لەگەرمەى خۆپیشاندانەكاندا چەند جارێك هەوڵیاندا ئەنجومەنى كاتى هەڵوەشێننەوە و كۆتایى بە چالاكى بێنن، بەڵام تێكۆشەرە راستەقینەكانى ئەنجومەن، بەرەنگاریان دەبونەوە و بەرنامەكەیان پوچەڵ دەكردنەوە،كاتێك دەسەڵاتى هەرێم لە رێگەى هێزى چەكدار و دەستگیركردنى چالاكوانانەوە خۆپیشاندانى سەركوت كرد،دەرفەت بۆ ئەم گروپە رەخسا لە 26-4-لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن ئەنجومەن هەڵوەشێننەوە و بە بێ رەخنە و سەرزەنشت بچنەوە ماڵەوە و ئۆخەى بكەن.
لەبەرامبەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و گروپە سازشكارەكەى ناو ئەنجومەنى مەیدانى ئازادیدا،گروپێكى تر لە ناوخۆپیشاندەراندا هەبون، بروایان بە شۆرش و گۆرانكارى و ئیرادەى خەڵك هێنابو،ئامانجیان جێبەجێكردنى داخوازیەكانى خەڵكى نارازى كوردستان بو.لەگەڵ دروستبونى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادیدا،بۆ سەرپەرشتى كردنى نارەازیى و خۆپیشاندانەكان،ئەم گروپە لە رێكخستن و بەرێوەبردنى كارەكانى ئەنجومەندا رۆڵی بەرچاویان هەبو،ئەنجومەنیان كردە چەند كۆمیتەیەك و كۆمیتەكانیان چالاك كرد،كۆمیتەى سیاسى ئەركى كۆكردنەوە و دارشتنى داواكارى خۆپیشاندەران بوو.كۆمیتەى راگەیاندن ،ئەركى دەركردنى رۆژنامەى رۆژانەى خۆپیشاندان بو،كۆمیتەى پەیوەندیەكان،ئەركى پێوەندى بو لەگەڵ لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن،وە پێوەندى لەگەڵ ئەو كۆمیتانەى لە شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا،كۆمیتەى رێكخستن ئەركى رێكخستنى چالاكیى رۆژانەى مەیدانى ئازادى بو.ئەم گروپە بروای بەوەبو لە دەرەوەى ئیرادەى حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و دەسەڵاتدا،لە پێناوى بەرژەوەندى خەڵكدا، درێژە بە كار و چالاكى بدات،بۆیە كاتێك خۆپیشاندان لە لایەن دەسەڵاتەوە بە زەبرى هێز سەركوتكرا،نوێنەرانى ئۆپۆزسیۆن و هەندێك لە چالاكوانانى تر، بریارى كۆتاییهێنانى ئەنجومەنیان دا،ئەم گروپە لەگەڵ سستكردن و هەڵوەشانەوەى ئەنجومەن نەبون و درێژەى بە كار و چالاكیەكانى ئەنجومەن دا.
لەگەرمەى خۆپیشاندانەكاندا، ئەندامانى ئەم گروپە لە لایەن دەسەڵاتەوە روبەروى زۆرترین دەستگیركردن و فەلاقە بونەوە،لە لایەن راگەیاندنەكانى ئۆپۆزسیۆنیشەوە،ئەم گروپە بە شێوەیەكى بەرنامە بۆ دارێژراو پەراوێز دەخران.كاتێك بەرزترین دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان داواى دیدار و گفتوگۆى لەو گروپە كرد،بۆ شوێنكەوتنى داواكاریەكانى خەڵك،بۆ گەران بە شوێن چارەسەرى ئاشتیانەى كێشەكاندا،بۆ دڵنیابون لە دید و بۆچونى دەسەڵات بەرامبەر بە داواكارى خەڵك و گۆرانكارى،بۆ قوتاربون لەو گۆشەگیریەى ئۆپۆزسیۆن و میدیاى ئەهلى بەسەریدا سەپاندبون،دیداریان رەد نەكردەوە و داواكاریەكانى خەڵكیان گەیاندە دەسەڵات،وەك چۆن لە كاتى خۆپیشاندانەكاندا تەسلیمى ئۆپۆزسیۆن نەبون،لە كاتى دیدار و گفتوگۆشدا تەسلیمى دەسەڵات نەبون.ئەو كۆبونەوەیەى لەگەڵ سەرۆكى هەرێمدا ئەنجامیاندا،خوێندنەوەى داواكاریەكانى خەڵكى نارازى كوردستان و خۆپیشاندەران بو،دواى كۆبونەوەى شەش نوێنەرى ئەو گروپە لەگەڵ سەرۆكى هەرێم،ناوەرۆكى كۆبونەوەكە بۆ راى گشتى باسكرا و ئاشكرا كرا،ئامانجى سەرەكى ئەو گروپە لە پێوەندیكردن بە دەسەڵاتى هەرێمەوە یەكەم بۆ زیندوكردنەوە و بەدوادچونى داواكاریەكانى خەڵكى كوردستان بو كە لە رۆژى 19-4 خامۆش كرابو،دوەم بۆ ئەوەبو ئەو گروپە خۆى بە هەمو هێزەكانى هەرێم بناسێت و باش خۆى رێكبخات و لە كاتى پێویستدا دەست بە چالاكى خۆپیشاندان بكاتەوە.بەڵام لایەنەكانى ئۆپزسیۆن لەبەر ئەوەى هەڵگرى هزرى سیاسەتى نادیموكراسین، بە هەمو تواناى خۆیانەوە دەستیان دایە دژایەتى ئەو گروپە،دەسەڵاتیش هەوڵى ئەوەى دەدا ئەم گروپە دژى ئۆپۆزسیۆن بەكاربێنێت،لە لایەن خەڵكى نارازیشەوە رەخنەى ئەوەمان لێگیرا كە لە ئەنجومەن جیابوینەتەوە و سەرادنى سەرۆكى هەرێممان كردوەا،بۆیە وەك حسابكردن بۆ راى خەڵك و هەست كردن بە بەرپرسیارێتى بەرامبەر بە ئەو رەوشە ناسكەى ئۆپۆزسیۆنى پێدا تێدەپەرى،بۆ ئەوەى دەسەڵات سودمان لێوەرنەگرێت،گروپ خۆى بە ناوى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستان راگەیاند و دواى ماوەیەك چالاكیەكانى خۆى سست كرد.
لە ساڵیادى خۆپیشاندانەكانى 17 شوبا ت و رۆژانى دوایدا، كاتێك بینیمان ئەو كەس و لایەنانەى پاڵیالن پێوەدەناین لە ساحەكە بچینە دەروە،خۆشیان ساحەكەیان چۆڵكردوە،ئێمە وە ئەركى ئەخلاقیمان بە گونجاوى دەزانین لە ساڵیادى خۆپیشاندانى 17 شوبات و رۆژانى دواییدا جاریكى تر بێینەوە مەیدان و رەخنە لە كەم و كوریەكانى خۆمان بگرین و رەخنە لە ئۆپۆزسیۆن بگرین و پەیمان بدەین بۆ گۆرینى سیستەمى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى هەرێمى كوردستان تێكۆشەرێكى سەرسەخت و ماندو نەناس بین، داكۆكى لە مافى خۆپیشاندەران بكەین،خاوەندارى لە خوێنى شەهیدانى 17 شوبات و رۆژانى دوایی بكەین،وە پەیمان دەدەین هەر كارو چالاكیەك ئەنجام بدەین بیخەینە خزمەتى بەرژەوەندى گشتیەوە.
بەڵام بۆ زیاتر ئاشنابونى خەڵكى نارازى كوردستان بە كار و چالاكیى و رەوشى ئەو گروپە،بە پێویستم زانى ئەم خاڵانەى خوارەوە بخەمە رو.
1.بەشداریكردنى ئێمە لە چالاكیەكانى 17 شوبات و رۆژانى دواییدا،بۆ مەبەستى دەسكەوتى سیاسى نەبوە،لە لایەن هیچ لایەنێكى كى سیاسیەوە ئاراستە نەكراوین بۆ ئەوەى بەشدارى خۆپیشاندان بكەین،ئەگەر هەر لایەنێكیش خۆى بە كوێخاى ئێمە زانیبێت ئێمە بە كوێخایەتى رازى نەبوین .
2.لە گەرمەى خۆپیشاند\انەكاندا،ئەندامانى گروپ لە لایەن دەسەڵاتەوە روبەروى زۆرترین هەرەشە و لێدان و زیندانیكردن بونەتوە.
3.لە لایەن راگەیاندنى ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنى ئەهلیەوە كار و چالاكى گروپەكە نەخراوەتە رو و گرنگى پێنەدراوە
4.سەردانى گروپ بۆ لاى سەرۆكى هەرێم بە رەزامەندى ئۆپۆزسیۆن بوە،لە ریگەى كەناڵێكى میدیاى ئەهلیەوە سەردانەكە رێكخراوە.بەرپرسێكى یەك لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بە ئێمەى وت تا ئێستە دوو جار لەگەڵ پارتیدا رێككەوتوین،یەكێتى هەڵیدەوەشێنێتەوە،بەرپرسێكى ترى ئۆپۆزسیۆن پێى وتین مەسعود بەرزانى و نێچیراون بەرزانى و مەسرور بەرزانى ئامادەن چاكسازى بكەن،یەكێتى و تاڵەبانى ناهێڵن.پێش ئەوەى سەردانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بكەین،دو برادەرى گروپەكە سەردانى نەوشیروان مستەفایان كرد بۆ ئەوەى راوبۆچونى لەسەر سەردانى ئێمە بۆ لاى سەرۆكى هەرێم وەربگرێت،ئەو پێى باش بوە سەردان بكەین.
5.بەڵام كاتێك لە سەردانەكەى سەرۆكى هەرێم گەراینەوە،ئۆپۆزسیۆن و میدیاكەى،ئەو میدیا ئەهلیەى كەئێمەى بۆ چاوپێكەوتن دەستنیشانكردبو،تەنها ئەو هەواڵ و رەخنانەیان بڵاودەكردەوە كە لەسەر ئێمە دەوتران و دەنوسران،هەواڵەكانى ئێمەیان بلاونەدەكردەوە،لێرەدا دەبێت هەڵوەستەیەك بكەین و لە سەر ئەگەرى پیلانگێرى یان موئامەرە بوەستین،كە لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و میدیاى ئەهلیەوە لێمانكرابێت.
6.لەگەڵ ئەوەشدا كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كەمینیان بۆ ئەو گروپە یاخیە دانابو تا لە روى سیاسیەوە بیانكوژن،بەڵام گروپ بە سەركەوتویى لە كەمینەكە دەربازى بو،ئەوە نەبێت هەندێك لە دۆستانى خۆمان لە ناو خۆپیشاندەر و خەڵكى نارازیدا لێمان زویر بون.لە لایەن سەرۆكى هەرێمەوە بە گەرمى پێشوازى كراین و پاش خوێندنەوەى داواكاریەكانى خەڵك نزیكەى دو سەعات ئەوەى لەدڵماندا بو بە سەرۆكى هەرێممان وت و گوێى لێكرتین و بەرێزەوە بەرێ كراین،بەڵام ئێمە خۆمان نەدایە دەست تەلیسمى دەسەڵات، وەك زۆرێك لە رۆشنبیرانى یاخى و ئۆپۆزسیۆن لە دورەوە زۆر قسەیان كردوە و هەڵوێستى توندیان دژى دەسەڵات نیشانداوە،بەڵام كاتێك گەیشتونەتەوە خزمەتى سەرانى دەسەڵات، خۆیانداوە بەدەستەوە.بەو شیچوەیە بۆ خەلچكى كوردستانمان سەلماند كە ئێمە بۆ تێكۆشانى دبلۆماسى ئامادەین بەڵام بۆ سازش و خۆبەدەستەوەدان ئامادە نین.
7.لە سەردانەكەماندا بۆ لاى سەرۆكى هەرێم، بنەمایەكى ترى سیاسەتى سەردەممان رەچاوكرد،ئەویش ئاشكرا وتن و ئاشكراكردن بو (شەفافیەت) ،ئەو قسەو باسەى لەگەڵ سەرۆكى هەرێمداكردمان،بۆراى گشتیمان ئاشكرا كرد،مانشێتى رۆژنامەى ئاوێنەى رۆژى 10-5-2011 كە وەفدى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى بە دەستى بەتاڵ لە لاى سەرۆكى هەرێم گرانەوە،ئەوە لێدوانى خۆمان بو،مەبەستمان ئەوەبوو خەڵك دەستەخۆرۆ نەكەین بە سەردانەكەى ئێمەوە بۆلاى سەرۆكى هەرێم و بەپەیمانەكانى سەرۆكى هەرێمەوە، بەڵام لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەى گۆران و سەرۆكى هەرێم و پارتى و یەكێتى ،تا ئێستە چەندان كۆبونەوەى دو قۆڵى و پێنج قۆڵیان كردوە كەس نازانێت باسى چیان كردوە ولەسەر چى رێككەوتون، هیچیان بۆ راى گشتى ئاشكرا نەكردوە.
8.رۆژى 15-2-2012 بە بۆنەى ساڵیادى 17 شوبات و رۆژانى دواییەوە، 28 كەس كە ژمارەیەكیان ئەندامانى گروپى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادین، لەگەڵ كۆمەڵێك رۆشنبیرى تر بەیاننامەیەكمان دەركرد، بۆ هەمو كەناڵەكانى راگەیاندنمان نارد،زۆربە داخەوە كەناڵەكانى راگەیاندنى ئۆپۆزسیۆن و ئەهلى هەرێمى كوردستان جارێكى تر هەواڵى بەیاننامەكەى ئێمەیان پەراوێز خست و بڵاویان نەكردەوە.
9.لاى ئەو كەسانەى بەیاننامەكەمان ئیمزاكردەوە و لاى خەڵكى ترى كوردستانیش، لە دەرەوەوى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئیرادەیەك دروستبوە،درێژە بە كار و چالاكى مەدەنى دەدات،داوا لە دەسەڵات دەكەین ئاستەنگى بۆ چالاكیەكانمان دروست نەكات،بە گوێرەى یاسا و مافى هاوڵاتیبون لەگەڵماندا بجوڵێتەوە،داوا لە ئۆپۆزسیۆنیش دەكەین بۆ دژایەتى ئێمە پەنا نەباتە بەر هزرى پیلانگێرى وچەواشەكردنى خەڵك دەربارەى ئێمە،داوا لە راگەیاندنى ئەهلى هەرێمى كوردستانیش دەكەین بەخۆیاند بچنەوە و بە تەنها هەواڵى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بڵاونەكەنەوە،واز لە عەقلیەتى حزبچێتى و ناوچەگەرى و رەفیقایەتى و هەواڵى وروژێنەرى راگەیاندن بێنن و راستیەكان وەك خۆیان بگەیەنن. 
فائیق محەمەد گوڵپى 14-2-2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە