کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئەنجامى لێژنەى لێكۆڵینەوەى كەیسى سەردەشت عوسمان،یان ئاشبەتاڵى دووەمى پارتى!!

Friday, 17/09/2010, 12:00


هەڵبژاردنى 7-3-2010 ئەنجوومەنى نوێنەرانى عراق،رۆژی سەركەوتنى پارتى دیموكراتى كوردستان بوو،لەبەر ئەوەى لەو هەڵبژاردنەدا پارتى توانى پێش (ى ن ك) بكەوێت و زۆرترین دەنگ بێنێت و زۆرترین ژمارە ئەندام پەرلەمان بنێرێتە پەرلەمانى عراق.دواى دوو مانگ لەو بەروارە،بە هۆى فراندن و كوشتنى رۆژنامەوان سەردەشت عوسمانەوە،خەڵكى باشوورى كوردستان لە سلێمانى،لە هەولێر،لە ئەوروپا و لە شوێنەكانى تر،دژى دەسەڵاتى كوردى چالاكى دیموكراتى و جەماوەریان بەرێوەبرد،چالاكیەكان بۆ ئەوەبوو ئیدانەى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان بكەن،رەخنە لە كەمتەرخەمى دام و دەزگاكانى پۆلیس و ئاسایشى هەولێر بگرن كە نەیانتوانیوە ئاسایشى ناوبراو بپارێزن و تیرۆریستان بدۆزنەوە و دەستگیریان بكەن،لەبەر ئەوەى سەردەشت عوسمان لە سایتەكاندا رەخنەى لە دەسەڵاتى كوردى گرتبوو،وە بە تایبەتى رەخنەى لە دەسەڵاتى پارتى گرتبوو،هەندێك كەس گومانى ئەوەیان هەبوو كە دەسەلاتدارانى پارتى و دەزگاى پاراستن لە پشت فراندن و تیرۆركردنى سەردەشت عوسمانەوە بن،لە قسەو نووسینى چالاكیەكاندا بە شێوەى ناراستەوخۆ ئاماژەى بۆ دەكرا،ئتر لە رۆژى شەهیدبوونى سەردەشت عوسمانەوە، رۆژى شكست و پاشەكشەى جەماوەرى و رووحى و سیاسى پارتى دەستى پێكردووە.
بە گوێرەى لۆژیك،حزبى دەسەڵاتدارى هەولێر،گەورەترین زەرەرمەندى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمانە و لۆژیك دەڵێت ئەبێت دوژمنەكانى پارتى ئەو كارەیان كردبێت،بۆ ئەوەى پێگەى جەماوەرى پارتى لە هەولێرو تەواوى كوردستاندا پاشەكشێ بكات و لە هەڵبژاردنەكانى ئایندەدا پارتى بۆى نەكرێت دەنگى جەماوەر بە دەست بێنێت.واش چاوەروان دەكرا بەرامبەر بە چالاكیەكانى خەڵكى كوردستان سەركردایەتى پارتى هەڵوێستى دیموكراتى نیشانبدات و هەوڵ بدات بە زووترین كات بكوژەكان بدۆزێتەوە و گۆمان لە سەر خۆى برَەوێنێتەوە.
بەڵام پاش چالاكیەكانى خەڵكى كوردستان،بەرپرسانى (پ د ك) و دام و دەزگاكانى حكوومەتى هەرێم لە دەڤەرى دەسەڵاتى (پ د ك) دا،بە چالاكى مەدەنى و رەخنەى خەڵكى كوردستان رازى نەبوون و نیگەران بوون،هێرشى راگەیاندنیان بۆ سەر نووسەران و چالاكوانان و كەناڵەكانى راگەیاندن دەستپێكرد،هێرشەكانیان بۆنى شەرى لێدەهات،لە هێرش و راگەیاندندا شەهید سەردەشتیان بە نووسەر حساب نەدەكرد،دانیان بەوەدا نەدەنا كە پۆلیس و ئاسایشى هەولێر لە كەیسى شەهید سەردەشتا كەمتەرخەم بوون،چالاكیەكانى خەڵكى كوردستانیان بە پیلانى دژى (پ د ك) و حكوومەتى هەرێم لە قەڵەمدا و هەندێك لایەنیان تۆمەتبار كرد كە لە پشتى ئەو چالاكیانەوەن.ئەم هەڵوێستەى سەرانى (پ د ك) و ئیدارەى هەولێرى حكومەتى هەریم،ناوەرۆكى نادیموكراتى حزبى دەسەڵاتدار و حكوومەتى نیشاندا،لەو پەرچەكردارەى حزب و حكوومەتدا، ژمارەى ئەو كەسانە زیادى كرد كە گومانیان هەبوو پارتى لە پشتى تیرۆر كردنى سەردەشت عوسمانەوە بێت.
بۆ هێوركردنەوەى خەڵكى كوردستان،بۆ سنوردانان لە هەڵچوونى دام و دەزگاى حزبى و حكوومى و راگەیاندنى پارتى،سەرۆكى هەرێمى كوردستان، بریارى پێكهێنانى لێژنەى لێكۆڵینەوەى لە سەر كەیسى شەهیدكردنى سەردەشت عوسمان دا.
پاش كەیسى شەهیدكردنى سەردەشت عوسمان،لە مانگى تەمووزدا كێشەى بە قاچاخ بردنى نەوتى هەرێمى كوردستان هاتە پێشەوە،ئەگەرچى قورسایى بە قاچاخ بردنى نەوتى هەرێمى كوردستان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانی دا بوو و راگەیاندنەكانى پارێزگاى سلێمانى لە سەر ئەو سكانداڵە بە شێوەیەكى سەرەكى رەخنەیان لە دەسەڵاتدارانى سلێمانى دەگرت،بەڵام پارتى دیموكراتى كوردستان،لە سەر ئەم كێشەیە بە توندى هاتە وەڵام و خۆى وەك ئامانجى رەخنەكانى خەڵك و راگەیاندنى ئۆپۆزسیۆن نیشاندا.
لە ژێرناوى خۆپاراستن لە بەقاچاخ بردنى نەوت، لە مانگى ئۆگۆستدا،سكرتێرى پارتى دیموكراتى كوردستان، لە سەلاحەدینەوە،بە سكاڵا تۆماركردن، وەك بە تۆپى دوورهاوێژ بوردومانى سلێمانى بكات، رۆژنامەكانى شارى سلێمانى دایە دادگا،لە دادگا سكاڵاى لە سەر رۆژنامەى رۆژنامە و رۆژنامەى هاوڵاتى و رۆژنامەى ئاوێنە و گۆڤارى لڤین تۆمار كرد،بەڵام سكاڵاكانى پارتى سنورى یاساو مەنتقیان تێپەراند،بەوەى كە هەر لە سەرەتادا پاریزەرى (پ د ك) داواى بڕى پارەیەكى خەیاڵى لەو رۆژنامە و گۆڤارانە دەكرد،بە بڕواى من ئەم بوردومانەى فازل میرانى لە سەلاحەدینەوە بۆ سەر سلێمانى،ئامانجى سەرەكى ئەوەبوو كەیسى سەردەشت عوسمان لە بیرى خەڵكى كوردستان بباتەوە،ئەو كەناڵانە سەركوت بكات كە باسیان لە تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان كردووە، بۆ ئەوەى واز لە كەیسى سەردەشت عوسمان بێنن.ئامانجێكى ترى ئەو بوردومانەى فازل میرانى ئەوەبوو كە ناوى (پ د ك) لە پارێزگاى سلێمانیدا بخاتە ناو ناوانەوە و ناوى بدا بە گوێى خەڵكدا و پارتى بكەن رۆژەڤى خەڵكى پارێزگاى سلێمانى، بۆ ئەوەى پارتى بتوانێـت سوود لەو پشێوەیەى نێوان بزووتنەوەى گۆڕان و (ى ن ك) وەربگرێت كە لە سلێمانیدا درووستبووە و كەمێك جێ پێى خۆى لەو شارەدا قایم بكاتەوە.
شانبەشانى بوردومانى تۆپە دوورهاوێژەكانى فازل میرانى لە سەحەدینەوە بۆ سەر كەناڵەكانى راگەیاندنى پارێزگاى سلێمانى،دام و دەزگا ئیستخباراتیەكانى پارتى،بە ئاشكراو بە نهێنى دژى رۆشنبیران و سیاسەتمەدارنى پارێزگاى سلێمانى،چالاكى تەشهیركردن و سەركوتكردن و هەرەشەكردنیان گرتۆتە بەر،گۆڤارى ململانێ كاروكاسبى نیە بێجگە لە تەشهیركردنى نەوشیروان مستەفا و كەسانى تر،ئەو بەیانەى لە لایەن كەسانى نەناسراوە وە بە ناوى كۆمەڵێك گەنجەوە لە دژى كۆڤارى لڤین و سەرنوسەركەى بلاوكرایەوە،نموونەیەكى ترى شەرفرۆشتنى پارتیە بە نووسەرانى شارى سلێمانى،هەر لە درێژەى چالاكیە نهێنیەكانى دام و دەزگا ئیستخباراتیەكانى پ د ك دا، رۆژى 9-7-2010 كەسێك بە ناوى (نزار ناشاد) وەك رۆژنامەنووس هاتەلاى من و بە چەند پرسیارێكى ئیستخباراتى بەرۆكى گرتم،چەند پرسیارێكى لێكردم بۆ گۆڤارى چاوگ،یەك لەپرسیارەكان وتى بە بۆچوونى تۆ سەردەشت عوسمان كێ كشتوویەتى؟ منیش وتم هێشتا ئەنجامى لێژنەى لێكۆڵینەوە دەرنەچووە،بەڵام مەنتق دەڵێت كە پارتى سەردەشت عوسمانى كوشتووە،مەرج نیە هەموو كردەیەكیش مەنتقى بێت، رۆژنامەنوسەكە وتى ئەى تۆ ناترسى پارتى بتكوژێت،منیش وەڵامم دایەوە،لە كۆتایى چاوپێكەوتنەكەدا وتم دەبێت ئەو ریپۆرتاجە وەك خۆى بڵاوبكەیتەوە،وتى باشە،بەڵام وا دوو مانگ بە سەر ریپۆرتاجەكەدا تێپەرى و بڵاویان نەكردەوە،سەیر ئەوەیە ئەو رۆژنامەنووسە بە ناوى پەیامنێرى گۆڤارى چاوگ چاوپێكەوتنى لەگەڵ كردم،دەرچوو سەرنوسەرى گۆڤارى چاوگ سكرتێرى سەندیكاى رۆژنەمنوسانى كوردستانە كە لە دواى دەرچوونى ئەنجامى لێكۆڵینەوەكەى كەیسى سەردەشت عوسمان بە ناوى سەندیكاوە لە سایتى ئاوێنەدا دەڵێت: ئێمە هیچ هەڵوێستێكى رەسمیمان لە سەر ئەنجامى لێكۆڵینەوەكەى لێژنەى كەیسى سەردەشت عوسمان نیە.وادیارە ئەو بە ناو رۆژنامەنووس و سەرنووسەر و سكرتێرى سەندیكایانە،ئەو زانیاریانەى لاى من و لاى خەڵكى تر بۆ دام و دەزگا هەواڵگریەكانى پارتى كۆدەكەنەوە و دەیانەوێت بەرنامەیەكى ترى لە سەر دارێژن.

رۆژى 15-9-2010 ئەنجامى سەرەتایى لێكۆڵینەوەى ئەو لێژنەیە دەرچوو كە بۆ كەیسى سەردەشت عوسمان پێكهێنرابوو،ئەنجامى لێكۆلینەوەكە جاریكى تر سەردەشت عوسمانى شەهید كردەوە،بەڵام شەهیدكردنى ئەم جارەیان لە ناوبردنى فیزیكى سەردەشت نەبوو،لە شەهید كردنى ئەم جارەدا هەوڵى كوشتنى رووحى و مەعنەوى سەردەشت عوسمان و خێزانەكەى و دۆست و هاوبیرەكانى دراوە،خەڵكى كوردستان جارێكى تر هەڵویستیان نیشاندایەوە و بە نوسین و بەقسە و بە چالاكى پەرلەمانى و ئیمزاكۆكردنەوە، دژى ناوەرۆكى لێكۆڵینەوەى لێژنەكە وەستانەوە.
بریارى ئەو لێژنەیە هێندەى تر خەڵكى كوردستانى بەرامبەر بە یاساى هەرێم و بێ لایەنى دام و دەزگاكانى حكوومەتى هەرێم رەشبین كرد،بریارى ئەو لێژنەیە هێندەى تر بێ ویژدانى دەسەڵاتداران و بێ رەحمى دەسەڵاتدارانى بەرامبەر بە تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردستان خستە روو،ئەنجامى راگەیەنراوى ئەو لێژنەیە نیشانى دا كە ئەوەى ویژدان بێت نەبۆتە میوانى هیچ یەك لە ئەندامانى ئەو لێژنەیە،ئەگەر وا نەبێت چۆن بە سیناریۆیەك جوانەمەرگێكى رۆشنبیرو نووسەرێكى هزركراوەى گەنج، دەكەنە تیرۆریست و بە دەستى تیرۆریستانیش شەهیدى دەكەن.
لەبەر ئەوەى ئەنجامى لێكۆڵینەوەى لێژنەكە بە مەنتقى خەڵكى كوردستان و بە راستینەى ژیانى سەردەشت و بنەماڵەكەى لە راستیەوە دوورە،كەم و كوڕى یاسایى لە بریارى لێژنەكەدا بە زەقى دیارە،لێژنەكە پشتى بە راپۆرتى پزیشكى دادوەرى نەبەستووە وپزیشكى دادوەرى تەرمى شەهید سەردەشتى نەدیوە و راپۆرتى خۆى بۆ پۆلیس نەناردووە،ناوەرۆكى بریارى لێژنەكە لە رووى سیاسى و لە رووى یاسایى و لە رووى زانستى پزیشكی دادوەریەوە بەتاڵە،ئامانجى بریارى لێژنەكە سووك كردنى شەهید زەردەشت و سووك كردنى هەموو تاكێكى كوردستانە،ئامانجى بریارى لێژنەكە چەواشەكردنى خەڵكى سادەى كوردستانە،ئامانجى لێژنەكە دەمكوت كردنى ئەو ئەندام وكادر و بەرپرسانەى (پ د ك) یە كە لە سەر شەهید كردنى سەردەشت عوسمان رەخنەیان لە حزبەكەیان گرتووە.لە هەمان كاتدا،ئەنجامى ئەو لێژنەیە ژمارەى ئەو كەس و لایەنانەى زیاد كرد كە لەو باەروادن سەردەشت عوسمان لە لایەن دەسەڵاتدارنى پارتیەوە تیرۆركراوە. بەڵى بەو شێوەیە دەبینین حزبێكى دەسەڵاتدارى سەركەوتووى باشوورى كوردستان،لە باتى ئەوەى گەشە بە سیستەمى دیموكراتى و مافى مرۆڤ و ئازادى بیرورا دەربرین بدات و لەوێوە زیاتر خۆى پێشبخات،بە تیرۆرى فكرى بەربۆتە گیانى رۆشنبیرو سیاسەتمەدار و راگەیاندنە سەربەخۆكانى كوردستان،لۆژیك دەڵێت ئەگەر حزبێكى دەسەڵاتدارلە گەشەكردندا بێت، نابێت پەنا بۆ تۆقاندن و كوشتن و چەواشەكردن ببات،بەڵام وا دیارە تێگەیشتنى خەڵكى كوردستان بۆ سەركەوتن و پێشكەوتنى پارتى،لە تێگەیشتنى سەركردایەتى ئەو حزبە جیاوازە،دیارە پارتى خۆى باش خۆى دەناسێت و دەزانێت ئەو سەركەوتن و گەشەكردنەى ئەم ساڵانەى دوایى حزبەكەى،كە لەپارێزگاى هەولێر و دهۆك و مووسڵ بە دەستى هێناوە،بە سەركوتكردن وچەواشەكردن و تۆقاندن و كوشتنى خەڵكى ئەو دەڤەرە بووە،بۆیە وا بەرنامەى دارشتووە لە پێناوى سەركەوتنى زیاتر و گرتنەوەى سلێمانی و گەرمیاندا، هەمان سیاسەتى تۆقاندن و چەواشەكردن و كوشتن پەیرەو بكات.
ئەگەر لە ژێر سێبەرى كەیسى سەردەشت عوسماندا، رەوشى جەماوەرى و سیاسى و یاسایى پ د ك لە هەرێمى كوردستان و لە عراقدا بەو شێوەیە بێت،پارتى نەك هەر بۆى ناكرێت سلێمانى و گەرمیان بگرێتەوە،بەڵكوو لە ماوەیەكى زۆر نزیكدا ئاشبەتاڵێكى تر دەكات.
فائیق محەمەد گوڵپى 16-9-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە