کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئایاكۆسرەت رەسوڵ دەتوانێ نەوشیروان مستەفا بباتەوە ناو یەكێتى؟

Monday, 16/02/2009, 12:00


شەوى 13/14-2-2009 هەواڵى وازهێناى پێنج ئەندامى مەكتەبى سیاسى (ى ن ك) بڵاوبوەوە، یەك لەو كەسانە كۆسرەت رەسوڵى جێگرى یەكەمى سكرتێرى (ى ن ك) و جێگرى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بو،لە لایەن گروپى ریفۆرمى ناو (ى ن ك) و كۆمپانیاى وشە و ئەو تاك و پێكهاتانەى كۆمەڵگاى كوردستان كە لایەنگرى ریفۆرم وگۆِرانكارین بە خۆشیەوە پێشوازى لەو وازهێنانە كرا،لە لایەن یەكێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان و ئەو هێزانەى كە دژى ریفۆرم و گۆڕانكارین بە رەشبینى و گۆمانەوە سەیرى روداوەكە كرا.گروپى ریفۆرم و كۆمپانیاى وشە و ڕەگ بە هیوان ئەو پێنج كەسە و دەیان ئەندامى سەركرداەیەتى و سەدان و كادر و هەزاران ئەندامى ترى (ی ن ك) پێوەندیان پێوەبكەن و بەو شێوەیە بەهێزببن و كودەتایەكى سپى بەسەر گروپى تاڵەبانیدا بكەن و دەسەڵاتیان لە دەست وەربگرن.ئەو تاك و پێكهاتە سیاسى و كۆمەلایەتیانەى دەرەوەى یەكێتى و كۆمپانیاى وشە،بە هیوان بەو قەبارەیە دەست لە كاركێشانەوەى ئەندامانى مەكتەبى سیاسى (ى ن ك) بەشى ئەوە بكات كە رێكەوتنە ستراتیجیەكەى نێوان پارتى و یەكێتى بۆ مۆنۆپۆڵكردنى دەسەڵات و ئابورى كوردستان هەڵوەشێنێتەوە و ئۆپۆزسیۆنێكى راستەقینە پێكبێت و دەسەلاتێكى مەدەنى دیموكراتى شوێنى دەسەلاتى بنەماڵەگەرى و خێزانچێتى ئەمرۆى باشورى كوردستان بگرێتەوە و كۆمەڵگاى كوردستان چاوى بە سەرەتاكانى سیستەمى دیموكراتى و دەسەڵاتى یاسا و بنەماكانى مافى رۆڤ هەڵبێنێ.
لە مانگى رابوردودا چوار حزبە سیاسیەكە(كۆمەڵ و یەكگرتو سۆسیالیست و زەحمەتكێش) لە بەیانێكى هاوبەشدا بە ئاشكرا تەحەداى پارتى و یەكێتیان كرد و كەوتنە جموجوڵ بۆ پێكهێنانى لیستێكى نیشتمانى تا لە هەڵبژاردنى19-5 پەرلەمانى هەرێمى كوردستاندا لە گەڵ پارتى و یەكێتیدا كێ برَكێ بكەن،چاودێرانى سیاسى واى بۆ دەچن كە بە كۆبونەوەى جەلال تاڵەبانى لە گەڵ سكرتێرى حزبى زەحەمەتكێشان و حزبى سۆسیالیستدا،سنورێك بۆ یەكریزى ئەو پێكهاتە بەرەییە دانراوە وپارتى و یەكێتى لە مەترسى كێ برَكێى ئەو چوار حزبەە رزگاریان بووە.
هەفتەى پێشووش گروپى كۆمپانیاى وشە بە رێبەرایەتى نەوشیروان مستەفا،رایاگەیاند كە بە لیستێكى سەربەخۆ بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان دەكەن،ئەم بریارەى نەوشیروان مستەفا جەرگى یەكێتى نیشتمانى كوردستانى كون كون كرد و پارتى دیموكراتى كوردستانیشى دوچارى گومان و دڵەراوكێ كرد،دابەزینى نەوشیروان مستەفا بە لیستى سەربەخۆ لەم هەڵبژاردنەدا،بە واتاى ئەوە دێت كە یەكێتى ریزەكانى (ى ن ك) شەق دەبێت و لەوێشەوە هاوپەیمانى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێتى لاسەنگ دەبێت و هاوكێشەكە بە سوودى پارتى دەشكێتەوە،لە لایەكى تریشەوە پارتى كەوتۆتە گومانەوە نەوەك لە دواى هەڵبژاردن لیستى نەوشیروان و لیستى یەكێتى نیشتمانى یەكبگرنەوە و حكومەت پێكبێنن و بە خشكەیى پارتى لە گۆرەپانەكە دەربكەن.بۆیە ئەم دەسپێشخەریەى كۆمپانیاى وشە بە مەترسیدارترین هەرەشەى سەر دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى ئەژماركرا و لە گشت لاوە كارى جدى بۆ بێ كاریگەركردنى دەستى پێكرد.لە ماوەى دوو ساڵى رابوردودا نە سیاسەتە دوسەرى و تاكتیكیەكانى جەلال تاڵەبانى و نە هەرەشە سەرپێیەكانى مەلا بەختیار،سەریان بە ئیرادەى نەوشیروان و هەڤاڵەكانى نەوى نەكرد و لە ڕووبەروبونەوە و بەرپەرچدانەوەى سیاسەتى پارتى و یەكێتیدا بەردەوام بوون تا گەیشتە ئەوەى وەك كیانێكى سیاسى سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستاندا بكات، بۆ بەلاوەنانى ئەم هەرەشە هەرە مەترسیدارەى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى،پلانێكى قوڵ و هەمە لایەنەى نێوان یەكێتى و پارتى و دۆستە ناوچەییەكانیان بە پێویست دەبینرێت.
ئەگەر سەیرى ململانێكانى دو ساڵى رابوردوى ناو (ى ن ك) بكەین،وازهێنانى چوار ئەندامى مەكتەبى سیاسى (ى ن ك) عومەر سەید عەلى،جەلال جەوهەر،مستەفا سەید قادرو عوسمانى حاجى مەحمود،كارێكى چاوەروانكراو بوو، دواى ئەوەى نەوشیروان مستەفا و هەڤاڵەكانى لە ى ن ك دوركەوتنەوە و كۆمپانیاى وشەیان دامەزراند،ئەگەرى وازهێنانى ئەو چوار ئەندامەى (م س) و پێوەندى كردنیان بە نەوشیروان مستەفاوە تا دەهات زیادى دەكرد و لەوەش نەدەچوو كێشەیەكى گەورە بۆ (ى ن ك) دروست بكەن،بەلام وازهێنانى كۆسرت رەسول هەم چاوەڕوان نەدەكراو هەم دۆخەكە زۆر ئالۆز دەكات و كێشەى جدى بۆ یەكریزى (ى ن ك) دروستدەكات،لەبەر ئەوەى كۆسرەت رەسوڵ و ئەو كەسانەى لە ناو یەكێتیدا بە باڵى كۆسرەت ناسراون لە نێوان باڵى تاڵەبانى و باَى نەوشیروان مستەفادا هاوسەنگى ناو یەكێتیان پاراستوە،ئەگەر كۆسرت رەسوڵ بەلاى نەوشیرواندا لابدات ململانێكەبە لاى نەوشیروان مستەفادا دەشكێتەوە،ئەگەر كۆسرت رەسوڵ بە لاى تاڵەبانیدا لابدات ململانێكە بە لاى تاڵەبانیدا دەشكێتەوە.ئەم گۆرانكاریەش وا دەكات نێوەندە پێوەندیدارە كوردستانى و عراقى و ناوچەییەكان شوێن ڕووداوەكان بكەون لە ئەگەرى هەر گۆرانكاریەكدا سەیرى بەرژەوندیەكانیان بكەن.
كۆسرەت رەسوڵ لە چاو تاڵەبانى و بارزانى و نەوشیرواندا، تەمەنى تێكۆشانى سیاسى كورتە،خاوەنى دەسەلاتێكى بنەماڵەیى و ئاینى و سیاسى ناسراو نەبووە،ئاستى رۆشنبیرى و هەژمونى ئایدۆلۆژیشى بەشى ئەوە ناكات لەو رێگەیەوە خەڵك لە دەورى خۆى كۆبكاتەوە،بەڵام لە چاو هاوتەمەنە سیاسیەكانیدا بەرزترین پۆست و پێگەى سیاسى بە دەستهێناوە،هۆكارەكەى ئەوەیە كۆسرەت رەسوڵ پیاوێكى كراوەیە و رێز لە دەوروبەرەكەى دەگرێت وسیاسیەَكى مەیدانیە و لە ئەنجامدانى بەرنامەكاندا بە توانایە،لە كاتى پێویستدا دێتە مەیدان و بۆشایی پڕدەكاتەوە.چاودێرانى سیاسى پێیانوایە بۆ چارەسەرى ئەم كێشەیەش ئەمجارەش كۆسرت رەسوڵ هاتۆتە ناو مەیدانەكە و دەیەوێت لە چارەسەركردنى كێشەى یەكێتى و نەوشیرواندا رۆڵێكى چارەنوسساز وازى بكات.
كۆسرەت رەسوڵ جێگرى سكرتێرى (ى ن ك) و جێگرى سەرۆكى هەرێمى كوردستانە، لە ناو حزبەكەیدا و لە ناو دام و دەزگاكانى حكومەتى هەرێمى كوردستاندا زۆرترین لایەنگرى هەیە،پێوەندیەكى باشى لەگەڵ تاڵەبانى و بەرزانیدا هەیە،بەرژەوەندى لەوەدایە كێشەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان چارەسەربكرێن و یەكێتى پارچە نەكرێت و رێكەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێتى وەك خۆى بمێنێ و بەردەوام بێت،گەورەترین مەترسیش بۆ سەر ئایندەى (ى ن ك) و بۆ سەر رێكەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێتى و گۆرینى سیستەمى سیاسى هەرێمى كوردستان، لە رێگەى لیستى سەربەخۆى هەڵبژاردنى پەر لەمانى هەرێمەوە لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە ئامادەكارى بۆ دەكرێت.كاتێك مرۆڤ دەبینێت بەرژەوەندیەكانى كۆسرەت رەسوڵ لە دو لاوە لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە بەر مەترسى دەكەوێت،بۆى هەیە بپرسێت ئەبێت لەم كاتەدا كۆسرەت رەسوڵى كوڕى تەنگانەى یەكێتى چۆن هەڵسوكەوت بكات ؟ئەبێ كۆسرەت چى بكات بۆ ئەوەى یەكێتى لاواز نەبێت و رێكەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێتى تێكنەچێت و ئەویش لە پلەو پایەكانى خۆیدا بمێنێتەوە؟َ
پێش دەست لەكاركێشانەوەكەى كۆسرەت رەسوڵ و هەڤاڵەكانى بە چەند رۆژێك،جەلال تاڵەبانى لە بەغدا گەرایەوە سلێمانى و لە گەڵ كۆسرت رەسول و ژمارەیەك لە بەرپرسانى لایەنگرى كۆسرەتدا كۆبوەوە،دواى كۆبونەوە و میوانداریەكە هیچ هەواڵێك لە سەر ناكۆكى و ناتەبایى نێوان تاڵەبانى و كۆسرەت رەسوڵ بڵاونەبوەوە،بەپێچەوانەوە دیدارەكەى نێوان تاڵەبانى و كۆسرەت تەبایى و رێكەوتنى پێوەدیاربوو،كاتێكیش هەواڵى وازهێنانى كۆسرەت رەسوڵ بە تاڵەبانى گەیشت، هیچ شڵەژان و تێكچون و سەرسوڕمانێك لە سەر وسیماو هەڵسوكەوت و بریاری تاڵەبانیەوە دەرنەكەوت.پێش دەست لە كاركێشانەوەى كۆسرت رەسوڵ و هەڤاڵەكانى بە دوو رۆژ وەزیرى دەرەوە و وەزیرى ئیتلاعات و وەزیرى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و چەندان پسپۆرێكى دام و دەزگا ئەمنیەكانى ئێران سەردانى عراق و هەرێمى كوردستانیان كرد و لە هەولێر چاویان بە سەرۆكى هەرێم كەوت و لە سلێمانیش چاویان بە جێگرى سەرۆكى هەرێم كەوت،بە گوێرەى هەواڵێك كە لەژمارە 499 ى رۆژنامەى هاوڵاتیدا بَلاوبۆتەوە،جەلال تاڵەبانیش تا ئەو بەرپرسە بالایەى ئێران نەبینێت كە لە 17 -2 دا سەردانى بەغدا دەكات ناگەرێتەوە سلێمانى و لە سەر كێشەكانى وازهێنانى ئەندامانى مەكتەبى سیاسى یەكێتى راناوەستێت،ئەمە نیشانى ئەدات كە تاڵەبانى بۆ بەدواچونى كێشەكە پەلەى نیە و چاوەروانى بۆچونى ئێرانیەكانیش دەكات.ئەمەش وا لە مرۆڤ دەكات وازهێنانى كۆسرەت رەسوڵ و هاورێكانى سیناریۆیەك بێت بە هاوكارى لایەنە پێوەندیدارەكان دارێژرابێت و رۆڵى ئەكتەرى سەرەكى بە كۆسرەت رەسوڵ درابێت.
پێش روخانى رژێمى سەدام دەوڵەتى ئێران لە سەر بەرێوەبردنى كاروبارى عراقى دواى رژێم، لەگەڵ یەكێتى نیشتمانى كوردستان و ئەنجومەنى باڵاى شۆرشى ئیسلامى عراق دا رێكەوتنێكى ستراتیجی هاوبەشیان مۆركردوە،بەڵام لە دواى روخانى رژێمى سەدام، ئەمریكا دەرفەتى بە ئێران نەدەدا بە ئاشكرا و بە فەرمى لە عراقدا سود لەو رێكەوتنە وەربگرێت،دواى هاتنى ئۆباما و دانانى پەژاك لە لیستى تیرۆرى ئەمریكادا و بلاوبونەوەى هەواڵى ئازادكردنى ئەو ئێرانیانەى لە لاى هێزەكانى ئەمریكا دەستگیركراون دەستى ئێران لە عراقدا كرایەوە، دواى ئەوەى قسەكەرى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا رایگەیاند كە دەبێت كوردەكانى عراق بۆ چارەسەركردنى كێشەكانیان روو لە عراقى ناوەندى بكەن،ئاسایە كە پارتى و یەكێتى لە باتى ئەمریكا بە ئاشكرا بە لاى ئێراندا با بدەنەوە وەك هێزێكى پشتیوان پەناى بۆ ببەن، دواى تەحەداكەى نەوشیروان مستەفا،پارتى و یەكێتى هێندەى تر پێویستیان بە هاوكارى و پشتیوانى دەوڵەتى ئێران زیادى كرد وبەمەش بە جارێك دەرفەت بۆ ئێران كرایەوە و كە سود لە رێكەوتنە ستراتیجیەكەى وەربگرێت و لە رێگەى چارەسەرى كێشەكانى هەرێمەوە هێندەى تر دەست لە كاروبارى هەرێم وەربدات.ئێرانیەكان پێوەندیەكى دۆستانەشیان لە گەڵ نەوشیروان مستەفادا هەیە و دوور نیە لە پشتى چاوى كەناڵەكانى راگەیاندنەوە سەردانى ئەویشیان كردبێت و دەربارەى رەوشى نوێ لەگەڵى دوابن و بۆچونى خۆیان لە مەڕ چارەسەركردنى كێشەكەپێدابێت.
مرۆڤ بۆى هەیە لە سەر داكۆكى كردنى كوتوپڕى كۆسرەت رەسوڵ بۆ مانەوەى نەوشیروان مستەفا لە ناو ریزەكانى (ى ن ك)دا گومان بكات و بڵێت ئەو هەڵوێستەى كۆسرەت رەسوڵ لە سەر مانەوە و نەمانەوەى نەوشیروان مستەفا لە ناو ریزەكانى یەكێتیدا، تەنها هەڵوێستێكى ئەخلافى نیە و ئامانجێكى سیاسى لە پشتەوەیە،ئامانجە سیاسیەكەش بۆ بەهێزكردنى بەرەى نەوشیروان مستەفا و لیستى سەربەخۆى هەڵبژاردنى كۆمپانیاى وشە نیە،هەوڵێكى سیاسیە بۆ ئەوەى نەوشیروان مستەفا لە بەرنامەكەى خۆى پاشگەزبێتەوە و بگەرێتەوە ناو رێزەكانى یەكێتى و یەكێتى لە پارچەبوون بپارێزرێت،ئەگینا كۆسرەت رەسوڵ هێند كەسێكى سادە و خۆش باوەڕ نیە لە پیناوى نەوشیروان مستەفا ولە پێناوى گۆرینى سیاسەتى هەرێمى كوردستاندا دەست لە پۆستە باڵاكانى بەربدات و چاڵ بۆ خۆى هەڵكەنێت و بچێتە ژێر باڵى نەوشیروان مستەفاوە كە چەندان ساڵە لەگەلێدا ناكۆكە و چارەنوس و ئایندەشى دیار نیە.ئەو سیاسەتەى كۆسرەت رەسوڵ لە بەرامبەر نەوشیروانداپەیرەوەى دەكات لە سیساسەتەكەى مەلا بەختیار و ئەرسەلان بایز و ئەوانى تردا جیاوازتر و سەركەوتوترە،ئەم سیاسەتە نوێیەى كۆسرەت رەسوڵ بەرامبەر بە نەوشیروان مستەفا،نەك هەر ئازارى دەرونى نەوشیروان نادات،بەڵكوو وازهێنانى كۆسرەت رەسوڵ و ئەندامەكانى ترى مەكتەبى سیاسى لەبەر خاترى نەوشیروان مستەفا، واى لە نەوشیروان مستەفا كردوە هەست بە پێگە و رێز جارانى خۆى بكاتەوە و ئەم هەستكردنەش كاریگەرى لە سەر بریارى چارەنوس سازى نەوشیروان ببێت و نەتوانێت بە بێ قسەى ئەوان بریارى رادیكاڵ َتر بدات و ئەگەرى ئەوە نزیك ببێتەوە بە چەند مەرجێكى تر دەست لە هەڵوێستى خۆى بەر بدا و واز لە لیستى سەربەخۆى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم بێنێ و بگەرێتەوە ناو ریزەكانى یەكێتى و كۆسرەت رەسوڵیش سەركەوتنێكى تر بۆ خۆى تۆمار بكات و پێكەوە قیرو سیا لە ریفۆرم و گۆرانكارى ژیانى سیاسى كوردستان بكەن.
فائیق محەمەد گوڵپى 16-2-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە