کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


شێخ لەیزەر و وتارى، ئەو دەسەڵاتەى هاوڵاتیان بە دوژمنى خۆى دەزانێت

Monday, 29/11/2010, 12:00



لە ماوەى رۆژانى رابوردودا سایتى كوردستانپۆست وتارێكى دوو بەشى بەناوى ئەو دەسەڵاتەى هاوڵاتیان بە دوژمنى خۆى دەزانێت بڵاوكردەوە،هەردوو بەشى وتارەكەم خوێندەوە،دەستخۆشى لە پەیامنێرەكەى كوردستان پۆست دەكەم،منیش لێرەدا دەمەوێت بە هێنانەوەى نموونەیەكى زیندوو لە ناو تەندرووستى پارێزگاى سلێمانیدا زانیاریەكانى ئەو وتارە پشتراست بكەمەوە و بیسەلمێم كە دەسەڵات هاوڵاتیانى كوردستان بە دوژمنى خۆى دەزانێت ئەگینا رێگە نادات فاڵچى و كەڵەشاخچى و بازرگانانى دەرمان بەو شێوەیە بەرببنە گیانى هاوڵاتیانى كوردستان.
ماوەى چەند ساڵێكە كەسێك بە ناوى شێخ نەجمەدین، كە لە ناو خەڵكدا بە شێخ لەیزەر ناوى دەركردووە،لە گەرەكى راپەرینى شارى سلێمانى سەربەخۆ لە لاى خۆیەوە رایدەگەیەنێت كە تیشكى لێزەر لە چاویدا ڕواوە،بۆ دۆزینەوەى نەخۆشى و بۆ چارەسەركردنى نەخۆش تیشكە لێزەرەكەى چاوى بەكاردەهێنێت،خەڵكى هەژاریش بڕوایان كردووە وبۆ دۆزینەوە و بۆ چارەسەركردنى دەردەكانیان سەردانى شێخ دەكەن.بە گوێرەى ئەو زاناریانەى لە نەخۆشەكانى شێخەوە بە دەستمان گەیشتووە،سەرەى ناونووسینى عیادەكەى شێخ سەعات 3 سێى شەو دەست پێدەكات،بینینى نەخۆش لە سەعات پێنجى شەوەوە دەستپێدەكات و سەعات هەشتى بەیانى پشكنینى نەخۆش كۆتایى دێت، لە بەر ئەوەى ئەم شێخە چاو لێزەرە بە پیشە یاریدەدەرى پزیشكە، دواى سەعات هەشت شێخ دەچێتە دەوام لە بنكەى تەندرووستى تاسڵوجە یان لە بنكەى فەرماندەیى گشتى هێزى پێشمەرگە.لە دەمى هاوپیشەكانى شێخ لەیزەرەوە بلاوبۆتەوە،كە پێش ئەوەى لەیزەر لە چاوى شێخ برَوێت،نەجمەدین وتوویەتى بەخوا كارى یاریدەدەرى پزیشكى ژیان مسۆگەر ناكات دەبێت كارێك بۆ خۆم داهێنم ژیان و گوزەرانى خۆم خۆش بكەم.
كاتێك نەخۆشەكان دەچنە لاى شێخ، وەك لە دەمى نەخۆشێكەوە بیستم،سەرەتا شێخ و خێزانەكەى بە سەڵیەیەك جنێوى ناشیرین بەردەبنە گیانى پزیشك و پیشەى پزیشكى،دواى ئەوە شێخ چاوێك دەخشێنێت بە بەشەنەخۆشەكەى لەشى نەخۆشەكەدا و دەستی لێدەدات و بریارێك لە سەر نەخۆشیەكەى دەدات،بۆ نموونە دەڵیت تۆ دووچارى بەردى گورچیلە بوویت و پاش ماوەیەك بەردەكە فرێدەدەیت،یان دەڵێت كاتى خۆى كە كارى نەشتەرگەرى رێخۆڵەكوێرەت بۆ كراوە پزیشكەكە گورچیلەى دەرهێناوى و تا دوایی.
زۆرینەى ئەو خەڵكانەى سەردانى شێخیان كردووە گاڵتەیان بە قسەكانى شێخ كردووە و وەك نوكتە باسى سەردانى عەیادەكەى شێخ بۆ دۆستەكانیان دەگرێنەوە.
تیشكى لێزەر لە چاوى مرۆڤ و هیچ گیانلەبەرێكى تردا ناڕوێت،سەرچاوەى تیشكى لەیزەر تیشكدانەوەى كانزكانە وەك كانزاى كاربۆن و دووەم ئۆكسیدى كاربۆن و یوتریەم و ئەوانى تر.
تا ئێستە شێخ لەیزەر چەندان كێشەى كۆمەڵایەتى و تەندرووستى بۆ چەندان نەخۆش درووستكردووە،بۆ نموونە رۆژى 21-10-2010 مناڵێكى تەمەن 4 چوار ساڵ بە ناوى (رێوان كامل) بە نەخۆش لەكاركەوتنى گورچیلەكانى،لە نەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلێمانى خەوێنرا،كاتێك لە لایەن پزیشكەوە چیرۆكى نەخۆشیەكەى رێوان وەرگیراو پشكنینى سەریرى و تاقیگەیى بۆ كرا،ئاشكرا بوو كە ئەو مناڵە دووچارى نەخۆشى بەردى حالب(بۆڕى میز) بووە، هەر حالبێكى بەردێكى تێدا بووە،پێش چەند مانگێك پزیشكى پسپۆرى میزەرۆ نەخۆشیەكەى رێوانى دۆزیوەتەوە و بە دایك و باوكى رێوانى وتووە كە دەبێت كارى نەشتەرگەرى بۆ بكرێت،بنەماڵەى نەخۆشەكە رازى نەبوون كارى نەشتەرگەى بۆ نەخۆشەكە بكەن و بردوویانەتە لاى شێخ لەیزەر و داوایان لە شێخ كردووە بە لەیزەرى چاوەكانى بەردەكان بتوێنێتەوە و مناڵە كەیان لە كارى نەشتەرگەرى دووربخاتەوە.شێخیش چاوێكى بە مناڵەكەدا خشاندووە و وتوویەتى بیبەنەوە پێویستى بە نەشتەرگەرى نیە و وا بەردەكانم بۆ تواندەوە و چاك بووەوە.كاتێك مناڵە نەخۆشەكە لە نەخۆشخانە بینرا،بەردێك لە نێوان میزڵدانى و حالبى چەپیدا بوو،بەردێكیش لە نێوان گورچیلەى راستى و حالبى راستیدا بوو،كریاتینینى 6 ملغرام بوو،یوریاى 143 ملیغرام بوو،مناڵەكە لە لێوارى مەرگ نزیك بوبوەوە.خۆشبەختانە لە لایەن پزیشكى پسپۆرەوە كارى نەشتەرگەرى بۆ كرا و ژیانى بۆ گرێدرایەوە.
نموونەیەكى تر رۆژى 29-11- 2010 نەخۆشێكى تر بە ناوى حەنیفە، دووچارى گرێى مەك بووە و هاتۆتە سەنتەرى مەمك،كاتێك پزیشكى پسپۆرى سنگ نەخۆشەكە دەبینێت و پرسیارى لێدەكات، دەبینێت شێخ لەیزەر دەرمانى چارەسەرى گرێى مەمكى بۆ ئەمیش نووسیوە،چارەسەرەكە بریتى بووە لە شۆردنى مەمكى بۆ ماوەى دە رۆژ بە سابوونى رەقى،وە خواردنى خورما بۆ ماوەى دە رۆژ، رۆژى حەوت دەنك.ئەمەیە چارەسەرى گرێى مەك و شێرپەنجەى مەمك لە سایەى دەسەڵاتى سەرۆكى كوردستان و ؟؟؟حكوومەتە لیبراڵەكەى بەرهەم ساڵح و وەزارەتە پرۆفیشناڵەكەى تاهیر هەورامیدا.
لێرەدا گرنگە چەند راستیەك هەیە بیخەینە بەردەمى خوێنەران و بەرپرسانى هەرێم و كۆمارى عراق:
1.لەیزەر لە چاوى هیچ كەسێكدا نیە،تیشكى لەیزەر لە كانزاكانەوە بە ئامێرى تایبەتى وەردەگیرێت، وە وەتیشكى لەیزەر بە ئامێرى تایبەت بۆ چارەسەرى نەخۆشى بەركادەهێنرێت.
2.ئەو دوو نەخۆشە كەوەك نمونە هێنامنەوە(رێوان و حەنیفە)،بە درۆكانى شێخ لەیزەر گیانیان كەوتۆتە مەترسیەوە،ئاخۆ چەندانى ترى وەك ئەوان هەبن؟ بەرامبەر بەو مەترسیانەى كە شێخ لە سەر ژیانى خەڵكى كوردستان دروستیدەكات،دەبێت بەرپرسانى هەرێمى كوردستان،سەرۆكى هەرێم،سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزیرى تەندرووستى،داواكارى گشتى هەرێم، لە پێناوى پاراستنى ژیانى خەڵكى كوردستاندا كارى جدى بكەن.
3.وەك لەو بەڵگەیەدا دەردەكەوێت بە بێ ئەوەى شیخ هیچ دۆكیۆمێنتێكى پزیشكى هەبێت،ئامادەیە چەندان جۆر نەخۆشى مەترسیدار چارەسەر بكات،ئەبێت سەندیكاى پزیشكان و وەزارەتى تەندرووستى و وەزارەتى ناوخۆ رێگە بە كەسانى وا نەدەن هیچ جۆرە نەخۆشێك ببینێت.
ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێم هیچ كارێك بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردانە دانەنین و سزاى تاوانباران نەدەن،ئتر ئەو راستیە دەردەكەوێت كە دەسەڵات دوژمنى هاوڵاتیانى كوردستانە.
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە