کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


كۆچى دوایى جەوهەر نامق، زیانى لە پرۆسەى دیموكراتیكردنى كوردستان دا

Wednesday, 23/03/2011, 12:00



بە داخ و پەژارەیەكى زۆرەوە، رۆژى 22-3-2011 پێشمەرگە و سیاسەتمەدار و یەكەم سەرۆكى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان لە نەخۆشخانەیەكى ستۆكهۆڵمى پایتەختى سوید كۆچى دوایى كرد،جۆرى نەخۆشیەكەى و هۆكارى مردنەكەى تا ئێستە بۆ راى گشتى و كەناڵەكانى راگەیاندن روون نەكراوەتەوە،بە گوێرەى رێساى سیاسى و كۆمەڵایەتى، بۆ ئەوەى هیچ كەس و لایەنێك سوود لە مردنى ئەو جۆرە كەسایەتیانە وەرنەگرێـت و هیچ لایەنێكیش بە كوشتنى ئەو جۆرە كەسایەتیانە تاوانبار نەكرێت،دەبێت هۆكارى گیان لە دەستدانى هەر كەسایەتیەك لەو ئاستەدا بۆ راى گشتى ئلشكرا بكرێت.
لە شۆرشى ئەیلولدا جەوهەر نامق وەك پێشمەرگەیەك و وەك سیاسەتمەدارێك، كاریگەرى پۆزەتیڤى لەسەر بزوتنەوەى رزگاریخوازى گەلى كورد هەبووە،دواى كارەساتى 1975 ،جەوهەر نامق یەك لەو بەرپرسانەى پارتى دیموكراتى كوردستان بوو كە ورەى تێكۆشانى نەروخا و لە پێكهێنانەوەى سەركردایەتى كاتى پارتى دیموكراتى كوردستان و هەڵگیرسانەوەى شۆرشى گوڵاندا رۆڵى كاریگەرى هەبوو.وەك وەڵامدانەوە بۆ سیاسەتى نانەتەوەیى سەركردایەتى پارتى دیموكراتى كوردستان و نارزاى بوونى بەوەى هێزى پێشمەرگەى باشوورى كوردستان شەرى پێشمەرگەى رۆژهەڵاتى كوردستان بكات،ساڵى 1979 لەگەڵ چەندان سەركردەى ترى پارتى دیموكراتى كوردستان ریزەكانى ئەو حزبەیان بە جێهێشت و پارتى گەلى دیموكراتى كوردستانیان(پارتى گەل) دامەزراند.پاش گۆرانكارى لە سیاسەتى گشتى پارتى دیموكراتى كوردستاندا،جەوهەر نامق و چەندان كەسى تر لە بەرپرسەكانى پارتى گەل گەرانەوە ناو پارتى دیموكراتى كوردستان و لە ئاستى سەركردایەتى و مەكتەب سیاسی (پ د ك)دا پۆستى باڵایان وەرگرت.
ساڵى 1986 لە كاتى ئاشتبوونەوەى هێزەكانى باشوورى كوردستاندا،جەوهەر نامق و فازل میرانى و عەبدوڵا ئاغا لەو كەسانە بوون كە بۆ جێبەجێكردنى پرۆسەى ئاشتبوونەوەى نێوان (ى ن ك) و (پ د ك) هاتنە ناوچە رزگاكراوەكانى باشوورى كوردستان و لە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسەكانى (ى ن ك) دانیشتن و گفتوگۆیان كرد و ئاشتبوونەوەكەیان خستە بوارى كردارەوە.
دواى راپەرین و هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان،جەوهەر نامق بوو بە یەكەم سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان،لە كۆكردنەوەى پەرلەمان و لە بەرێوەبردنى كۆبوونەوەكانى پەرلەماندا،لە دەركردنى یاساو بڕیارەكانى پەرلەماندا، خاوەنى لۆژیكێكى سیاسى و یاسایى بوو توانایەكى لە رادەبەدەرى دەنواندا،. لە هەڵگیرسانەوەى جەولەى شەرى ناوخۆیى دواى راپەرین،جەوهەر نامقى سەرۆكى پەرلەمان و ئەندامى مەكتەبى سیاسى (پ د ك)، هەوڵى زۆرى دا بۆ ئەوەى پەرلەمانى كوردستان لە شەرى ناوخۆوە دووركەوێتەوە و پەرلەمان بێ لایەن بكرێت و رۆڵى راستەقینەى خۆى ببینێت،مانگرتنى هەندێك لە ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان بە فراكسیۆنى سەوز ز زەردەوە لەگەڵ جەوهەر نامقى سەرۆكى پەرلەمان هەولێكى جدى ئەو كاتەى پەرلەمان بوو بە سەرۆكایەتى جەوهەر نامق بۆ ئەوەى شەرى براكوژى بەرۆكى پەرلەمان نەگرێت و لە رێگەى پەرلەمانەوە كۆتایى بە شەرى ناوخۆ بهێنرێت.
لە كاتى خیانەتى 31 ئابدا، یەكەم سەرۆكى پەرلەمان، هێنانى سوپاى بەعسى بۆ پایتەختى هەرێم و بۆ سەر پەرلەمانى هەرێمى كوردستان ئیدانە كرد،ئتر لەو كاتەوە ناكۆكیەكانى نێوان جەوهەر نامق و سەركردایەتى (پ د ك) دەستیپێكرد،دواى رووخانى رژێمى سەدام و فەرامۆشكردنى ماف و ئازادیەكانى گەلى كورد لە لایەن سەركردایەتى سیاسى باشوورى كوردستانەوە،ناكۆكى نێوان جەوهەر نامق و دەسەڵاتى باشوورى كوردستان هێندەى تر پێشكەوت،لە ئەنجامدا خوالێخۆشبوو دەستى لە پۆستى سكرتێرى مەكتەبى سیاسى(پ د ك) كێشایەوە. ئتر لەو كاتەوە جەوهەر نامق وەك كەسایەتیەكى سیاسى هووشیار و بە ئەزموون،چالاكى سیاسى سەربەخۆى خۆى بە سیاسەتێكى نەتەوەیى و دیموكراتى روون و ئاشكرا پەرەپێدا،لە ئاستى باشوورى كوردستاندا پێى لە سەر كوردستانیبوونى كەركوك دادەگرت و رەخنەى لە دەسەڵاتى باشوورى كوردستان دەگرت لەبەر ئەوەى لە ئاستى مافە نەتەوەەیەكانى گەلى باشوورى كوردستاندا لە بەرامبەر پۆست و مدەدا كەمەتەرخەم و سازشگارن.لە ئاستى تێكۆشانى نەتەوەیى گەلى كورد لە باكور و رۆژهەڵات و رۆژزئاواى كوردستاندا،جەوهەر نامق سیاسەتمەدارێكى نەتەوەیى بوو،پشتیوانى لە یەكێتى نەتەوەیى نێوان گەلى كورد دەكرد.لە ئاستى سیستەمى سیاسى هەرێمى كوردستان و شێوازى حوكمرانى گەلى باشوورى كوردستاندا،جەوهەر نامق تێكۆشەرێكى جوامێرى رێگەى دیموكراتیكردنى سیستەمى سیاسى و ئیدارى هەرێمى كوردستان بوو،بە ئاشكرا رەخنەى لە سیاسەتى گەندەڵ و نادیموكراتى هەرێمى كوردستان دەگرت و پشتیوانى لە سیاسەتى ئۆپۆزسیۆن دەكرد.
لە كۆتاییدا سەرى رێزو نەوازش بۆ گیانى پاكى جەوهەر نامقى تێكۆشەر دادەنوێنم و بەشدارى خەمى خێزان و بنەماڵەكەى دەكەم،بە بەرپرسانى باڵاى پ د ك دەڵێم ئەگەر گوێیان لە رەخنە و پێشنیارەكانى جەوهەر نامقى خوالێخۆشبوو بگرتایە،حاڵیان بە حاڵى ئەمرۆ نەدەگەیشت كە رێگەى هات و نەهات چاوەڕێیان دەكات.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە