كەى دەست لە سیاسەتى ناكۆك و چەواشەكار هەڵدەگرن؟
Saturday, 24/01/2009, 12:00
رۆژى 22-7-2008 یاساى ژمارە (24) ى ئەنجومەنى نیشتمانى عراق دەنگى لە سەردرا،بە پێى ئەو یاسایە دەبوایە سوپاى عراق كۆنترۆڵى بارى ئاسایشى پارێزگاى كەركوك بكات،لەبەر ئەوەى یاساكە دژى بەرژەوەندى گەلى كوردبو،لیستى هاوپەیمانى كوردستانی بە ڕووكەش دژی یاساكە وەستا و دەنگی لە سەر نەدا،دواتر یاساكە لە لایەن سەرۆكایەتى كۆمارەوە رەزامەندى لە سەر نەدرا و گەرێنرایەوە بۆ ئەنجومەنى نیشتمانى عراق و گۆڕانى بەسەردا هات،بەڵام هەر لە گەرمەى ئەو مشتوومڕانەى نێوان لیستى هاوپەیمانى كوردستان و ئەو لیست و لایەنە سیاسیانەى عراق كە داكۆكیان لە یاساكە دەكرد، رۆژى 23-7- 2008 بە رۆژێك دواى دەرچوونى یاساكە، سەردانى كەركوكم كرد،لە شەقامە سەرەكیەكانى شارى كەركوكدا مدەرعەى سوپاى عراقم بینى كە دوو دوو وەستابون و پاسەوانى و چاودێرى جادە و كۆڵانەكانى شارى كەركوكیان دەكرد،بۆمدەركەوت كە یاساىژمارە 24 دەرهەق بە پارێزگاى كەركوك پێش ئەوەى لە لایەن پەرلەمانەوە دەربچێت و رەزامەندى سەرۆكایەتى كۆمارى عراقى لە سەر وەربگیرێت جیبَەجێكراوە،ئەو خۆ گیڤكردنەوەى لیستى هاوپەیمانى و پارتى و یەكێتى و تاڵەبانى، تەنها بۆ چاوبەستنى خەڵكى كوردستان بوو و بۆ ئەوەبوو نیشانى بدەن كە دڵسۆزى گەلى كوردن و كەركوكیان نەفرۆشتووە.
دوانیوەڕۆى رۆژى 15-1-2009لە سلێمانیەوە بۆ كەركوك دەچووم،كە خاڵى پشكنینى (بانمەقان) م تێپەڕكرد،دوو مدەرەعەى سەربازیم بینى كە ئاڵاى عراقیان پێوەبوو،لەگەڵ هاورێكەمدا دوام و وتم ئەوە یەكەم جارە ئەو دوو مدەرعەیە لە خاڵى پشكنی (بانمەقان) دادەبینم،خۆ مدرعەى سوپاى عراقن !!ئەوە لێرەدا چى دەكەن!؟هاورێكەم كە ماشێنى لێدەخوڕى وەڵامى دامەوەو وتى دو مدەرەعە نین چوار مدەرعەن.
رۆژى 18-1-2009 لە یەكەم لاپەرەى رۆژنامەى هاوڵاتیدا مانشێتێكم خوێندەوە: سوپاى عراق دەیەوێت كەركوك بخاتە ژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە،یەكێتى لێژنەى عەمەلیات بۆ حاڵەتى كتوپڕ درووستدەكات.
كاتێك كەوتمە خوێندنەوەى بابەتەكە و لێدوانى بەرپرسانى باڵاى (ى ن ك) م خوێندنەوە،لێدوانەكان لەگەڵ یەكتر ناكۆك بون و راستیەكانیان دەشاردەوە،لە كاتێكدا یەكێتى لێژنەى عەمەلیات بۆ هەر ئەگەرێكى دەستتێوەردانى سوپاى عراق پێكدێنێ و نوێنەرى تاڵەبانى لە فەرماندەیى هێزى پێشمەرگە بە توندى دژى گەرانەوەى سوپاى عراقە بۆ سنورى ئەو ناوچانەى كە پێش رووخانى رژێم لە ژێر دەسەڵاتى سوپاى عراقدا بووە و دەڵێت قبوڵناكەین سوپاى عراق بگەرێتەوە،3 سێ رۆژ پێش بڵاوكردنەوەى ئەو لێدوانە،سوپاى عراق خاڵى پشكنینى بانمەقانیشى كۆنترۆڵكردبو.لێدوانى ئەندامێكى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكى سەر بە لیستى برایەتى كە لە تاڵەبانیەوە نزیكە و بە كادرێكى پێشكەوتووى (ى ن ك) دەژمێردرێت،بە زمانێكى دبلۆماسى رەزامەندى نیشان داوە كە سوپاى عراق بگەرێتەوە شارى كەركوك،ئەم هەڵوێستە ناكۆكانەى نێوان بەرپرسانى (ى ن ك) كە سكرتێرەكەیان سەرەك كۆمارى عراقە و پێیانخۆشە و كار دەكەن بۆ ئەوەى عراق ببێتە عراقێكى ناوەندى و یەكگرتو بۆ ئەوەى دەسەڵاتى تەواویان بە سەر هەموو بستێكى عراقدا بشكێت و لە عراقدا تەنها یەك سەرۆك و یەك حزبى سەرۆك هەبێت و هەرێمى كوردستان و هەرێمى شیعە و سونەى عراق بكەوێتە ژێر دەسەلاتى سەرۆك و دەسەڵاتى حزبەكەیانەوە،لەگەڵ ئەوەدان كە كەركوك بەشێك بێت لە حكومەتى عراق و سیاسەتى راستیان ئەو لێدوانەى ئەندامەكەى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكیانە،بەڵام لێدوانى بەرپرسانى بالاى یەكێتى لە هەرێمى كوردستان كە وا نیشانددەدەن دژى هاتنەوەى سوپاى عراقن بۆ كەركوك و ناوچەكانى تر، لە راستیەوە دورە و تاكتیكە و چەند ئامانجێكى لە پشتەوەیە:
1.بە شێوەیەكى گشتى لە هەر كات و شوێنێكدا ئامانجى لێدوانى ناكۆك و چەواشەكار لە لایەن هەرر لایەنێكى سیاسى نادیموكراتەوە بۆ چەواشەكردن و سەرلێتێكدانى جەماوەرە، بۆ ئەوەیە جەماوەر سەرى لێبشێوێت و لە دڵەراوكێدا بژیت و فێرى سیاسەت نەبێت و لە بریارى سیاسیدا بەشدارى نەكات و شوێن قسەى چەواشەكاران بكەوێت.
2.سەركردایەتى (ى ن ك) دەزانێت گەلى كورد بەو سیاسەتە عراقچیەیان رازى نابێت و دژیان دەوەستێتەوە،بۆیە لە كاتى جێگیربوونى سوپاى عراق لە كەركوك و دەوروبەریدا،هەندێك تەكتیكى وەك پێكهێنانى لێژنەى عەمەلیات و لێدوانى ورووژێنەر دكاتە بابەتى رۆژ بۆ ئەوەى رق و تووڕەیى گەلى كوردستانى پێدامركێننەوە.
3.سەركردایەتى (ى ن ك) دەزانێت بەرامبەر بەو ستراتیجە عراقچیەیان ئەگەرى ئەوە هەیە گەلى كورد بە سیاسەتێكى پێچەوانەى كوردستانى وەڵامیان بداتەوە،بۆیە لە یەك كاتدا لە كەركوك هەڵوێستى رازیبون و لە هەرێم هەڵوێستى نارازیبوون دەگرێتەبەر،بۆ ئەوەى لە یەك كاتدا لە عراقدا عەرەب و توركمان لە خۆى رازیبكات و وەك دەسەڵاتدارێكى عراقى دڵسۆز خۆى نیشانبدات،لە هەرێمیش گەلى كورد رازیبكات و وەك ئۆپزسیۆنێكى دەسەڵاتى حكومەتى عراق هەڵسووكەوت بكات و رێگە لە درووستبونى هێزێكى ئۆپۆزسیۆن بگرێت و سیاسەتە دوفاقیەكەى خۆى بەردەوام بكات.
دكتور فائیق محەمەد گوڵپى
19-1-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست