کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


هەڵوێستەكانى زێبارى و تاڵەبانى، زیان بە كێشەى كورد دەگەیەنن

Sunday, 13/11/2011, 12:00






پاش روخانى رژێمى سەدام تا ئەمرۆ، هوشیار زێبارى وەك نوێنەرى كورد لە حكومەتى عراقدا،وەزیرى دەروەیە،كارو چالاكیەكانى ئەو وەزیرە كوردە، سودێكى بۆ دۆزى رەواى گەلى كورد و عراقى نوێ نەبوە،هەڵوێست و لێدوانەكانى، خەڵكى كوردستانى نیگەران كردوە و دوژمنى كوردى دڵخۆش كردوە،بە لێدوانەكانى دژى پەكەكە و پەژاك، دڵى كوردى عادز كردوە و دڵى توركیا و ئێرانى شادكردو،بە هەڵسوكەوتە نادبلۆماسى و تایبەتەكانى،پێگەى كوردى لە عراقدا لاوازكردوە،ئەو پێوەندیە تایبەتەى لەگەڵ وڵاتى كوێتدا هەیبو،وە بێ دەنگ بون لەبەرامبەر دروستكردنى بەندەرى موبارەك،وایكرد كەپێكهاتەكانى ترى عراق گومان لە سەر پاكى ودڵسۆزى كورد دروستبكەن.
12-11-2011 لە كۆبونەوەى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى كۆمكارى عەرەبى لە قاهیرە،چەند بریارێكى سیاسى و ئابورى دژى رژێمى سوریا دەركرا،لەبەر هۆكارى سترتاتیجى و سیاسى لوبنان و یەمەن دژى بریارەكانى كۆمكارى عەرەبى وەستانەوە،هوشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عراقیش بێ لایەنى خۆى بەرامبەر بە بریارەكانى كۆمكار نیشاندا،ئەم هەڵوێستەى هوشیار زێبارى جارێكى تر زۆرینەى خەڵكى كوردستانى نیگەران كرد،وە هێندەى تر عراق و عەرەب و وڵاتە زلهێزەكانى جیهانى بەرامبەر بە كورد بە گومان كرد.
گەلى كورد بەو هەڵوێستەى وەزیرى دەروەى عراق نیگەرانە،لەبەر ئەوەى ئەو هەڵوێستەى هوشیار زێبارى دژى بەهارى عەرەبى و گورانكاریەكانى ناوچەكەیە، گەلى كوردیش چاوەراونی بەهارى كوردى دەكات،لەبەر ئەوەى لە دواى روخانى رژێمى سەدامەوە بۆ هەمو لایەك ئاشكرا بو،بۆ هوشیار زێبارى خۆشى ئاشكرابو كە دەوڵەتى سوریا لە پشتى زۆرینەى كردە تیرۆریستیەكانى ناو عراقەوەیە.*
گەلى عراق و زۆرینەى وڵاتانى عەرەبى بەو هەڵوێستەى هوشیار زێبارى نیگەرانن و گۆمان لە سەر پاكى و دلسۆزى كورد دروستدەكەن،لەبەر ئەوەى هێزە ئەمنیەكانى سوریا رۆژانە 20-30 گەنجى راپەریوى سوریا دەكوژن،رژێمەكەى ئەسەد گوێ لە پرۆژەى چارەسەرەى ئاشتیانەى كۆمكارى عەرەبى ناگرێت كە پێش جەژن پێشكەشى سوریاى كرد،بۆیە ئەو هەڵوێستەى وەزیرێكى كورد،لە لاى عەرەبەكان بە فەرامۆشكردنى خوێنى 3000سێ هەزار شەهیدى سوریا و بە ژێرپێخستنى بریارەكانى كۆمكارى عەرەبى دەژمێردرێت.
لە گەرمەى ملاملانێكانى نێوان راپەرینى خەڵكى سوریا و رژێمى بەشار ئەسەدا،بەرامبەر بە دۆزى كورد لە رۆژئاواى كوردستان هەڵوێستى جیاواز نیشاندرا،ئەنجومەنى نیشتمانى سوریا و ئۆپۆزسیۆن ئامادە نین دان بە مافەكانى گەلى كوردا بنێن،لە بەرامبەردا، بۆ كەمكردنەوەى فشار لە سەر رژێمەكەى، بەشار ئەسەد ئامادەیى نیشانداوە هەندێك لە مافەكانى گەلى كورد بناسێت،هەندێك كەس واى بۆدەچن ئەو هەڵوێستەى هوشیار زێبارى لەوەوە سەرچاوەى گرتوە،بەڵام ئەگەر هەڵوێستى هوشیار زێبارى بۆ پشتیوانى لە رژێمى ئەسەد لەوێوە سەرچاوەى گرتبایە،دەبو لە هەڵوێست و چالاكیە دبلۆماسیەكانى تریدا،پشتیوانى مافەكانى گەلى كوردى توركیا و ئێرانى بكردایە،دەبو لە كۆبونەوەى وەزیرانى دەروەى كۆمكارى عەرەبیدا، داكۆكى لە مافەكانى گەلى كوردى سوریا بكردایە.
ئەو هۆكارانەى لە پشت هەڵوێستە كۆنەپارێزەكانى هوشیارزێباریەوەن،ئەوەیە كە زێبارى كوڕى بنەماڵەیەكى ئاغاى كوردستانە و بە هزرى ئاغایەتى پەروەردە كراوە،هزرى ئاغایەتیش نەك هەر دژى گەشەكردن و گۆرانكاریە،لەگەڵ پاشەوپاشى كۆمەڵگاشە،بۆیە لە ملاملانێى نێوان كۆن و نوێدا لە سوریا، زێبارى لەیەنگرى نوێكارى ناكات.دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان و نوێنەرانى كورد لە عراق بە زێباریشەوە،دژى هەرجۆرە گۆرانكاریەكن لە ناوچەكەدا،لەبەر ئەوەى بە خۆشیان (بە هزر بە سیاسەت) بەشێكن لەو سیستەمە سیاسیانەى ئەمرۆى جیهانى عەرەبى كە رۆژ لە دواى رۆژ پێگەى جەماوەرى لە كیس دەدەن و شوێن بۆ سیستەمى تر چۆَڵدەكەن.بۆیە دەسەڵاتدارانى كورد دژى شۆرشى میسر و سوریا دەوستنەوە و پشتیوانى موبارەك و ئەسەد دەكەن ،نەوەك دواى موبارەك و قەزافى و ئەسەد نۆبەى خۆیان بێت.هوشیار زێبارى وەك وەزیرى دەرەوەى حكومەتى مالیكى،پابەندە بە سیاسەتەكانى حكومەتى مالیكیەوە ،حكومەتى مالیكیش لە عراقدا بەوە تاوانابر دەكرێت كە لە ناوچەكەدا ئەجێنداى ولاتى ئێران جێبەجێدەكات،پێوەندى نێوان رژێمەكانى ئێران و سوریاش، پێوەندیەكى ستراتیجیە و داكۆكى لە یەكدى دەكەن.
سیاسەتمەدارى زانا و دانا،لە هەر هەڵوێست و بریارێكدا، بەرژەوەندیە باڵاكانى وڵات و بەهاكانى كۆمەڵگاكەى رەچاو دەكات، هەڵوێستى ئەمجارەى هوشیار زێبارى،وەك هەڵوێستەكانى جارانى،وەك هەڵوێستەكانى سەرەك كۆمارى عراق، بەردەوام لە بەرژەوەندى گەلى كوردا نەبون،دبلۆماتكارانى كورد لە عراق، هەردەم پشتیوانى هێز و وڵاتانى دكتاتۆر و تاوانبار و دۆڕاویان كردوە،پشتیوانى لە سەرانى رژێمى روخاوى سەدام،پشتیوانى لە موبارەك و ئەسەد،مشورخواردنى بنەماڵەى قەزافى لە لایەن سەرەك كۆمارى عراقەوە،چەند نمونەیەكن لە كارەكانیان،كە نەك هەر سودیان بۆ ناسین و چارەسەركردنى كێشەى كورد نیە،بەڵكى ئەو جۆرە هەڵوێستانە هێندەى تر ناحەز و دوژمن بۆ كورد زۆردەكەن و كێشەكە لە چارەسەرى دوردەخەنەوە

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە