کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


چەكى كیمیاوى سەرى سەدامى خوارد،تۆ بلێى ملى ئەردۆگانیش نەشكێنێت!!

Tuesday, 07/09/2010, 12:00


لە سێ مانگى رابوردووى ساڵى 2010دا، گۆرەپانى سیاسى باكوورى كوردستان و توركیا گۆرانكارى جدى بە خۆوە بینى،لە سەرەتاى مانگى حوزەیراندا كۆما جڤاكى كوردستان(ك ج ك) و كۆنگرەى گەل، بریارى ئاگر بەستیان كۆتایى پێهێنا و بە چەند چالاكیەكى سەربازى، بۆ دۆست و دوژمنى سەلماند،كە هێزى گەریلا هەردەم پارێزەرى گەلى كوردستانە و لە پێناوى مافەكانى گەلەكەیدا رووحى لە سەر لەپى دەستى داناوە.لە مانگى تەموزدا، كۆما جڤاكى دیموكراتى(ك ج د) پرۆژەى خۆسەرى دیموكراتى(سەربەخۆیى دیموكراتى) باكوورى كوردستانى راگەیاند و سەرنجى كوردستان و توركیاو جیهانى بۆ لاى دۆزى كورد راكێشا.لە 13-8-2010دا،كۆماجڤاكى كوردستان بۆ حەوتەمین جار بە چەند مەرجێك تا 20-9-2010 بریارى بێ چالاكى هێزى پاراستنى گەلى راگەیاند.
بێ چالاكى ئەم جارەى (ه پ گ) لە لایەن توركیاوە بە بێ وەڵام نەمایەوە،هەفتەى رابوردوو سەرۆك وزیرانى توركیا رایگەیاند كە نوێنەرانى حكوومەتى توركیا،چاویان بە هەر یەك لە عەبدوڵا ئۆج ئالانى سەرۆكى ك ج ك و بەرپرسانى ترى پ ك ك كەوتووە،هەر دواى لێدوانەكانى ئەردۆگان، ئیلكەر باشبوغى سوپا سالارى توركیا رایگەیاند،كە سوپاى توركیا لە توانایدا نیە بە شەڕ پ ك ك لە ناوببات.ئەم لێدوانانەى ئەردوغان و باشبوغ ئەگەر تاكتیك نەبێت و نەیانەوێت بەو لێدوانانە سۆزى گەلى كورد بە لاى خۆیاندا راكێشن بۆ ئەوەى بەشدارى ریفراندۆمى رۆژى 12-9-2010 بكەن،نیشانەى باشن بۆ دەسپێكردنى گفتووگۆ لە نێوان نوێنەرى حكومەتى توركیاو نوێنەرى گەلى كوردا.
لەگەڵ گۆرانكاریەكانى سەرەتاییەكانى كوردستان و توركیادا،سەرەتاى گۆرانكاریەكی تریش لە ئەوروپاوە بە دیدەكرێت،لە راگەیاندنە بە ناوبانگەكانى ئەوروپاوە،هەواڵى ئەوە بلاودەكرێتەوە كە سوپاى توركیا دژى هێزەكانى پاراستنى گەل، چەكى كیمیاوى بەكارهێناوە.لە ناوەراستى مانگى ئۆگوستدا،گۆڤارى دیرشبیلى بە ناوبانگى ئەلمانى، هەواڵێكى بڵاوكردەوە كە تیایدا روونكرابۆە،لە ئەیلولى 2009دا سوپاى توركیا دژى هێزەكانى گەریلا،چەكى كیمیاوى بەكارهێناوە. رۆژى 31-8-2010 رۆژنامەى نیوز ویكى بە ناوبانگى روسیا،هەواڵێكى بلاوكردەوە كە جارێكى تر باسى لەوە كردووە سوپاى توركیا لە دژى هێزەكانى گەریلا لە ئەیلولى 2009دا چەكى كیمیاوى بەكارهێناوە.
هاتنە وەڵامى دووكەناڵى راگەیاندنى گرنگى ئەوروپا لە سەر كورد،بە باسكردنى بەكارهێنانى چەكى كیمیاوى لە لایەن سوپاى توركیاوە دژى هێزەكانى گەریلا،گۆرانكاریەكى پۆزەتیڤى راگەیاندنى ئەوروپایە بە سوودى دۆزى رەواى گەلى كورد.تێگەیشتنى راست لەو هەڵوێستە نوێیەى راگەیاندنى ئەوروپا،مەرجە بۆ ئەوەى لە كارى دبلۆماسیدا ،سیاسەتى نوێ و هەنگاوى نوێ پەیڕەو بكەین،گفتووگۆكردن لە سەر ئەوە بابەتە و بە رۆژەڤكردنى ئەو بابەتە لە راگەیاندن و لە ناو رۆشنبیر و سیاسەتمەداراندا، تێگەیشتنمان لە سەر هەڵوێستى نوێى راگەیاندنى ئەورووپا پێشدەخات.

لەم كاتەدا دەتوانین دەستپێشخەریەكانى گۆڤارى دیرشبیلى ئەڵمانى و رۆژنامەى نیۆز ویكى رووسى بەم شێوەیە شرۆڤە بكەین:
1.ئەو كارە بەرى رەنج و تێكۆشانى كەناڵى دبلۆماسى بزاڤى ئازادیخوازى گەلى كوردستانە،كە یەك لە كارەكانیان هاندانى رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارو رێكخراوەكامى مافى مرۆڤى ئەوروپایە بۆ ئەوەى سەردانى توركیا بكەن و لە نزیكەوە ئاگادارى بارى سیاسى كوردستان بن و بە چاوى خۆیان تاوانەكانى حكوومەت و سوپاى توركیا بینن كە بەرامبەر بە گەلى كورد ئەنجامى دەدەن.
2.بڵاوكردنەوەى هەواڵ لە سەر بەركارهێنانى چەكى كیمیاوى لە لایەن سوپاى توركیاوە دژى هێزى گەریلا،سەرەتایەكە بۆ ئەوەى سەرنجى گەلان و حكومەتەكانى ئەورووپا بە لاى دۆزى كوردا وەرچەرخێت،لە كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا تێگەیشتنێكى راست لە سەر دۆزى كورد بێتە ئاراوە،زلهێزەكانى جیهان لە سەر دۆزى كورد پێداچوونەوە بكەن و چى تر ئەوروپا و ئەمریكا ئاستەنگى بۆ چارەسەرى كێشەى كورد درووست نەكەن و بریارى تیرۆر لە سەر بزاڤى ئازادیخوازى باكوورى كوردستان هەڵگرن.
3.بلاوكردنەوەى هەواڵى بەركاهێنانى چەكى كیمیاوى لە لایەن سوپاى توركەوە،كاركردنە بۆ ئەوەى زەمینەیەكى لە بار برەخسێت،بۆ كۆتایى هێنان بە بەكارهێنانى چەك و توندوتیژى لە چارەسەركردنى كێشەى كوردا لە باكوورى كوردستان.
4.بەدوادچونى راگەیاندنى نووسراوى ئەورووپا،لە سەر بەكارهێنانى چەكى كیمیاوى لە لایەن سوپاى توركیاوە،پێگەى سوپاى توركیاو دەوڵەتى توركیا لە نێوان كۆمەڵگاى ئەوروپى و دەسەڵاتى ئەوروپیدا لاواز دەكات،ئەگەرى ئەوە هەیە توركیا روبەروى سزاى یاسایى و دبلۆماسى ببێتەوە و پێوەندى نێوان توركیاو ولاتانى ئەوروپا ساردى تێبكەوێت و وەرگرتنى توركیا لە یەكێتى ئەوروپا هێندەى تر دووربكەوێتەوە.
5.لە ئاستى هەرێمى كوردستان و عراقدا،لووتى توركیا دەشكێ و ناتوانێت وەك جاران دەست لە كاروبارى كەركوك و هەرێمى كوردستان و عراق وەربدات و مەرجە نارەواكانى خۆى لە سەر حكومەتى هەرێم و عراق بسەپێنێت.
6.ئەگەر توركیا زوو فریاى خۆى نەكەوێت و گۆڕانكارى ئەنجام نەدات،تاوانى بەكارهێنانى چەكى كیمیاوى سوپاى توركیا،دەبێتە كەلەپچەیەكى ترى مەچەكى دەوڵەتى تورك و دەچێتە سەر جینۆسایدى گەلى ئەرمەنى ساڵانى1914-1915 جەنگى جیهانى یەكەم و كۆمەڵكوژى دەرسیمى ساڵى 1939و توركیا بەرەو دادگایى و سزاى گران دەبات،بەو شێوەیە توركیا دەبێتە رژێمێكى بەرچاوكەوتوى كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رۆژ لە دواى رۆژ پێگەى خۆى لە دەست دەدات و چارەنووسى لە چارەنووسى رژێمى سەدام نزیك دەبێتەوە..
  1-9-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە