کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تا دەولەتی سەربەخۆمان نەبێت،ئەگەری دوبارەبونەوەی ئەنفال هەیە

Thursday, 19/04/2012, 12:00







بیستو چوار سال لەمەوبەر،رژێمی بەعسی عراق، لە رێگەی پرۆسەکانی ئەنفالەوە، هەلمەتێکی کۆمەلکۆژی گەلی کوری دەستپێکرد،لەو پرۆسانەدا کە نزیکەی ٨ هەشت مانگی خایاند و بە ٨ هەشت قۆناخ تەواو بو،بە چەکی کلاسیکی و بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەرناوچە گۆندنشینەکانی ژێر دەسەلاتی هێزی پێشمەرگە لە سنوری هەر چوار پارێزگای کوردستان،لەو هێرشانەدا،چەکدار و یێچەک،گەورە و بچوک،مرۆڤ و ئاژەل بونە قوربانی پەلامارەکانی سوپای رژێمی بەعس،کورد لە شەرگەدا دەکوژرا، ئاوارە دەبو، دەستگیر دەکرا، ئەنفال دەکرا و لە گۆری بە کۆمەلدا دەنێژرا.
لە دوای ئەنفال تیكۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی گەلی کورد بۆ ماوەی ٢ سال خامۆش بو.پاش راپەرینی بەهاری سالی ١٩٩١ ،جارێکی تر هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان هاتنەوە مەیدانی خەبات،بەلام بە بێ ئەوەی ستراتیجێکی رون و یەکگرتویان بۆ دۆزی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان هەبێت،بە گوێرەی بەرژەوەندی و پێوەندیەکانیان لەگەل رژێمی عراقی دوای راپەرین،لە دۆزی ئەنفال نزیک دەبونەوە،هەر کاتێک پێوەندی دبلۆماسیان لەگەل حکومەتی عراقی ناوەندیدا باش بوایە،بە زەحمەت یادی ئەنفالیان دەکردەوە،هەر کاتێکیش پێوەندیەکانیان لەگەل دژەکانی حکومەتی عراقدا باش بوایە، بۆنەکانی ئەنفال و کیمیابارانیان بۆ ریسواکردنی رژێمی بەعس بەکاردەهێنا.
پاش روخانی رژێمی سەدام لە بەهاری سالی ٢٠٠٣دا،بەرپرسانی ئەمریکا و حکومەتی دوای رژێمی سەدام،دادگای بالای تاوانەکانی عراقیان دامەزراند،بۆ ئەوەی سەرانی رژێمی سەدام لەسەر ئەو تاوانانە دادگایی بکەن کە دەرهەق بە پێکهاتەکانی عراق ئەنجامیان داوە.٢ دو لەو تاوانە گەورانەی رژێمی بەعس، ئەنفال و کیمیابارانی هەلەبجە بون،کە لە کۆتاییدا دادگا بریاری دا ئەنفال و هەلەبجە تاوانی کۆمەلکۆژی (جینۆساید)گەلی کورد بون.سالی ٢٠١١ پەرلەمانی عراق بریاری دادگای بالای تاوانەکانی عراقی دەرهەق بە ئەنفال و هەلەبجە قبول کرد،بەلام تا ئێستە حکومەتی عراقی ناوەندی بریاری دادگا و بریاری پەرلەمانی لەسەر ئەنفال و هەلەبجە قبول نەکردوە.لە لایەن حکۆمەوتی هەرێمی کوردستان ونوێنەرانی کورد لە عراق، هەولێکی جدی نیە بۆ ئەوەی حکومەتی عراق و کۆمەلگای نێودەولەتی، ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێ.
یەک لە کێشە بە گرفتەکانی تری دۆزی ئەنفال لە هەرێمی کوردستاندا،ئەوەیە کە ژمارەیەک بەرپرسی رژێمی بەعسی عراق لە پرۆسەکانی ئەنفالدا ناویان هاتوە و دادگای بالای تاوانەکانی عراق داوای کردون بۆ لێکۆلینەوەو دادگایی کاردن،دەسەلاتی هەرێمی کوردستان نەک هەر ئاسانکاری ناکات بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو تاوانبارانە،بەلکو ژمارەیەک لەو تاوانبارانەی لە ژێر دەسەلاتی خۆیدا پاراستوە و بە ئاشکرا داکۆکیان لێدەکات، دەسەلاتی هەرێم ژمارەیەکی تری تاوانباری ئەنفالی لە زیندانەکانی هەرێم ئازاد کردوە و ئاسانکاری بۆ کردون بۆ ئەوەی عراق بەجیبهێلن لە ولاتانی تر خۆیان بشارنەوە،هەندێک لەو تاوانبارانەش لە حکومەتی دوای روخانی رژێمی سەدامدا پۆستیان هەبو،ئەوانیس لە لایەن نوینەرانی کورد لە حکومەتی عراقدا ئاسانکاریان بۆ کرا تا لە عراق دەرچون و خۆیان لە لێکۆلینەوەی دادگا دزیەوە.لە رۆژانی رابوردودا دەسەلاتدارانی عەرەبی عراقیش دەستیان بە ئازاد کردنی ئەو تاوانبارانە کردوە کە لەسەر تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان دەسگیرکرابون سزادرابون.
لە ماوەی ٢١ سال حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا،دەسەلاتی هەرێم لە بەرنامەی کاری خۆیدا کەمترین حسابی بۆ ماف و داواکاری خەلکی ئەو ناوچانە کردوە کە بەر هێرشی ئەنفال و کیمیاباران کەوتون،ئەو کەمە خزمەتگوزاریانە کە لە ریگەی حکومەتی هەرێمەوە بۆ خەلکی ئەنفالکراو دابینکراوە، لەگەل ئەوەشدا کە لانی کەمی پێویستی دابین ناکات،لە ژێر فشاری شەقام و خۆپێساندانەکانی خەلکی نارازی کوردستاندا بوە،ئەگینا حکومەتی هەرێم تا ئێستا بەرنامەیاکی تایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئەنفالکراوەکانی کوردستان نیە.حکومەتی هەرێم چاوەروانی ئەوە دەکات حکومەتی عراقی ناوەندی بە فەرمی ئەنفال وەک جینۆسایدی گەلی کورد بناسێت و تەعویزی خەلک بکات و ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە.
هەلوێستی دەسەلاتی کوردی بەرامبەر بە دۆزی کۆمەلکۆژی ئەنفال لە دوای راپەرین،هەلوێستی دەسەلات لە کەیسی دادگای ئەنفال و کیمیاباراندا،هەلوێستی دەسەلات لە بەرامبەر ماف و داخوازی بنەمالەی ئەنفالەکان و خەلکی ناوچە ئەنفالکروەکاندا،لە هەلوێستی هیزێکی سیاسی کوردی ناچێت کە ئامانجی چارسەرکردنی کێەشەکانی خەلکی کوردستان بێت.لە هەلوێستی هێزێکی دەسەلاتخواز دەچێت کە سەرتاپای دۆزی کورد بکاتە قوربانی مانەوە و بەهێزکردنی دەسەلاتی خۆی.
ئەو هاوکێشە ناکۆکەی کە دەسەلاتی کوردی لە عراق و لە هەرێمی کوردستاندا لە سەر دۆزی ئەنفال دروستی کردوە،لە لایەکەوە خۆی بە خاوەنی کێشەی کورد دەزانێت و رێگە نادات هێز و لایەنی سیاسی تر وەک نوێنەری کورد خەبات بکەن،لەولاشەو لە هەمو ئاستێکدا وە بە تایبەت لە ئاست کۆمەلکۆژی ئەنفالدا،هیچ نیشانەیەکی دلسۆزی لە بەرنامە و کارەکانیدا بۆ کورد بەدیناکریت،هاوکێشەیەکی ناجێگیری سیاسی ناوخۆیی دروستکردوە و گەلی کوردی بەرامبەر دەسەلات رەشبینکردوە و خستویەتە ناو جولەیەکی سیاسیەوە بۆ گەران بە دوای هیزی سیاسی دلسۆزی ئەنفال و کیمایاباران و دلسۆزی گستی دۆزی نەتەوەیی کوردا،خۆپیشاندانەکانی شوباتی ٢٠١١ هەولێکی سەرەتایی خەلکی کوردستان بو بۆ دەربرینی نارەزایی لە دەسەلات و بۆ گەران بە شوێن بەدیلی سیاسیدا.
* بۆ ئەوەی ئەنفال دوبارە نەبێتەوە،با کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەین
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دروستکردنی دەولەتی عراق لە دو پێکهاتەی نەتەوەیی سەرەکی کورد و عەرەب و هەندێک پێکهاتەی تری نەتەوەیی،عراق بو بە ولاتیکی سەرو نەتەوەیی یان فرە نەتەوەیی،سەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەمیش سەردەمی بونیاتنانی دەولەتی نەتەوەیی بوە و تا ئەمرۆش ئەو دیاردەیە بەردەوامە،لەو کاتەوە لەبەر پێکهاتەی تیکەلی نەتەوەیی عراق،عەرەبی عراق نەیتتوانی لەم عراقەدا دەولەتیکی نەتەوەیی یەکگرتو و بەهیز دامەزرێنیت،کوردیش نەیتوانی لە چوارچیوەی ئەم عراقەدا مافە نەتەوەیەکانی خۆی بەدەستبێنیت، لە سالانی ١٩٦٣ و ١٩٦٨ کاتێک حزبی بەعسی عەرەبی نەتەوەیی بوە دەسەلاتداری عراق،ئامانجی ئەوە بو لە عراقەوە کار بۆ یەکێتی نەتەوەیی و ئازادی و یەکسانی عەرەب بکات،بەلام بینی وا نەتەوەیەکی تر لە عراقدایەو،داوای ماف و ئازادی دەکات وئاستەنگیەکی جدی بۆ پەیامی نەتەوەیی حزبی بەعس و پرۆژەکانی دروستکدەکات.
بەعس بینی کورد لە عراقدا پێکهاتەیەکی نەتەوەیی تایبەتە،لەگەل پرۆژە نەتەوەییەکەی بەعسدا نیە و دژی بە عەرەبکردنی عراقە و ئەگەر دەسەلاتدارانی بەعسی عراقیش دیمۆکراتیانە لەگەل کوردا نەجولێنەوە،کورد دەتوانی گەورەترین کێشە بۆ دەسەلاتی بەعس دروستبکات و پرۆژەکەشی تێکبدات.بۆیە دەسەلاتی بەعس لە عراقدا بە ستراتیچیکی دوسەرە بەرامبەر دۆزی کورد دەستی بە کار کرد،سەری یەکەمی ستراتیجەکەی ئەوەبو،بە دەستکەوتی لایەنی کەمی مافی نەتەوەیی و سیاسی و بەرێوەبردن،وەک حوکمی زاتی ناوچەی کوردستان و بەشداری لاوەکی لە حکومەتی ناوەندی عراقدا،کورد بکاتە هاوپەیمانی پرۆژە نەتەوەییەکەی خۆی.ئەگەر ئەم سیاسەتە بەشی نەکرد و کورد بەو مافانەی لانی کەم رازی نەبو و رژێمی بەعسی سەرقال کرد بۆ ئەوەی نەیپەرژێتە سەر پرۆژە نەتەوەیییەکەی و زیانی بە ئاسایشی نەتەوەیی عراق و عەرەب گەیاند،سەری دوەمی ستراتیجەکەی پەیرەو دەکات، کە بریتیە لە پرۆژەی بە عەرەبکردنی باشوری کوردستان بۆ ئەوەی هێزی کوردی عراق بە شێوەیەک بچوک و لاواز بکرێت،تا زیان بە پرۆژەکانی بەعس نەگەیەنێت.سیاسەتی حکومەتی بەعس لە راگواستنی خەلکی کورد لە ناوجە سنوریەکانی باشوری کوردستان و عەرەبستان، لە خانەقین و کەرکوک و موسل ،وە نیشتەجیکرنی خەلکی عەرەب لە شوێنی کوردە راگوێزراوەکان.راگواستنی گوندە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان بە قولایی ٢٠-٣٠ کیلۆمەتر لەگەل سنوری ئێران و تورکیا. وە کارکردن بۆ بە بەعسیکردنی خەلکی کورد،هەولێک بو بۆ دورخستنەوەی مەترسی کورد لەسەر ئاسایشی عراق و عەرەب،وە هەولێکی درێژخایەنێش بو بە کەمکردنەوەی کورد لە عراقدا و بۆ بەزاندن و ملکەچپێکردنی کورد لە ئاست پرۆژە نەتەوەییەکانی بەعسدا.
لە هەلمەتاکانی ئەنفالی ١٩٨٨دا،کاتێک رژێمی بەعس بینی کورد بۆتە هزێکی وا کە مەترسیەکی راستەوخۆی بۆ سەر ئاسایشیی عراق و عەرەب دروستکردوە،بە تایبەت لە سالانی کۆتایی شەری عراق-ئێراندا کاتێک هێزی پیشمەرگەی لایەنە سیسیەکانی کورد لەگەل هێزی پاسدارانی ئێراندا هاوپەیمانی سەربازیان پێکهێناو، جەندان جار لە قولایی خاکی کوردستاندا، پێکەوە پەلاماری سوپای عراقیاندا،سیاسەتی لاوازکردنی دەسەلاتی کورد و بچوککردەنوەی گەلی کورد ،لە لایەن دەسەلاتی بەعسی عراقەوە هەنگاوێکی تر پێشکەوت و چوە قۆناخی قەلاچۆکردنی بە کۆمەلی گەلی کوردەوە،ئتر رژێمی بەعس بە بەکارهێنانی جەکی کیمیاو ی و جەکی کلاسیکی،بە خستنەگەری هەمو دامودەزگاکانی حکومەت و بە پشتیوانی دۆستەکانی، هەلمەتەکانی کۆمەلکۆژی ئەنفالی ئەنجامدا.
من لەو باوەرەدام تا کورد لە چوارچێوەی عراقێکی نادیمۆکراتی عەرەبیدا بژیت،تا کورد لەو عراقە نادیمۆکراتەدا داوای ماف و ئازادی نەتەوەیی خۆی بکات،مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عراق دروست دەکات و ئەگەری دوبارەبونەوەی ئەنفال هەیە.لە دوای روخانی رژێمی بەعس،دو هێزی سیاسی بالیان بەسەر پەیامی سیاسی و بەرنامەی کاری سیاسی عراقدا کێشاوە،یەکەمیان پرۆژە نەتەوەییەکەی بەعسە کە لە یەک کاتدا بە دو شێوە، شێوەی ئاشكرای سیاسی و پەرلەمانتاری نەتەوەی عەرەب، وە بە شێوەی رێکخراوی نهێنی ئاینیی و تیرۆریستی خۆی دەنوینێت،هەر کاتێک ئەم هێزە دەسەلاتی وەرگرتەوە وبینی کورد مەترسی بۆ سەر پرۆژەی ئەم هێزە دروست دەکات،ئەگەری زۆر ئەوەیە جارێکی تر کورد لە لایەن ئەم هێزەوە روبەروی ئەنفال ببێتەوە. هێزی سیاسی دوەم شیعەگەری نوێیە کە ئێران لە ناوچەکەدا رێبەرایەتی دەکات و لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە دەسەلاتی عراقی بە دەستەوەیە،ئامانجی ئەم هیزە سیاسیەش دیەوێت عراق بکاتە ناوەندێکی تری بلاوەپێکردنی ستراتیجی شیعەگەری لە ناوچەکەو جیهاندا،هەر ماف و داویەکی رەوای گەلی کورد لە عراقی نادیمۆکراتدا گێچەل بۆ پرۆژە مەزهەبیەکای هێزە شیعەکانی عراق دروستدەکات و ئەگەری ئەوە هەیە جاریکی تر کورد لە ژێر دەسەلات حوکمی شیعەدا دوچاری راگواستن و بە عەرەبکردن و بە شیعە کردن و ئەنفال ببێتەوە،شیمانەی راست ئەوەیە لە عراقی ئایندەدا، عەرەبە نەتەوەییەکان، یان شیعە دەسەلاتدار بن،هەر کە کورد داوای مافی خۆی کرد،زیان بە پرۆژەی دەسەلاتدارانی عراق دەگەیەنێت و ئاسایشی تەتەوەییان دەخاتە مەترسیەوە و دەرفەتی دوبارەبونەوەی ئەنفال دروستدەبێتەوە،بۆیە باشترین چارسەر بۆ ئەوەی جارێکی تر گەلی کورد لە باشوری کوردستان روبەروی ئەنفال نەبێتەوە،دەبێت کورد لە عراق جیاببێتەوە و دەولەتی سەربەخۆ رابگیەنیت،بۆیە باشترین کارێک لە لایەن کوردەوە بکرێت بۆ رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەنفال کارکردنە بۆ دەولەتی سەربەخۆی کوردی.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە