کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


پیلانگێریەكى نوێ،لە سەر شۆرشى باكورى كوردستان

Sunday, 07/02/2010, 12:00


لە دواى گەرانەوەى گرووپەكانى ئاشتى بۆ توركیا و دووبارەبوونەوەى بارگرژى و كێشەكان لە نێوان حكومەتى داد و گەشەپێدان و كۆما جڤاكى كوردستان(ك ج ك) دا،سەركردایبەتى ك ج ك، لە بێ دەنگى دەسەڵاتدارانى باشور بە گومانە و لە هەوڵدایە هەڵوێستیان بزانێت،لە چەند رێگەیەكى سیاسى ودبلۆماسیەوە چپاندى بە گوێى دەسەڵاتدارانى باشوردا كەلە ململانێى نێوان كوردى باكور و دەوڵەتى توركد لەگەلً كێدان؟ لە گەڵ كوردن یان لەگەڵ توركن؟.دەسەلاتدارانى باشور هەڵوێستى راستیان نەدركاند و بە دەربرینى نیگەرانى لەسەر رووداوە ناخۆشەكانى توركیا و قەدەغەكردنى (د ت پ) كۆتایان بە بێ دەنگى هێنا.لە هەفتەى رابوردودا وەفدێكى كۆنگرەى نەتەوەیى كوردستان (ك ن ك) سەردانى باشورى كوردستانى كرد،ئامانج لە سەردانى وەفدەكە ئەوەبوو كە پشتگیرى دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان بۆ كوردانى باكور دەستەبەر بكەن،وەفدەكە داواى كرد با لە ململانێى نێوان كوردەكانى باكور و دەوڵەتى توركدا،لایەنە دەسەڵاتدارەكانى باشورى كوردستان وەك گەلى باشور،پشتگیرى بزاڤى ئازادیخوازى گەلى كورد بكەن و پشتگیرى حكومەتى داد و گەشەپێدان نەكەن.
لەهەفتەى كۆتایى مانگى یەكى 2010 دا،تۆپخانەكانى توركیاو ئێران بوردومانى سەنگە ر و پێگەكانى پەژاك و كۆما جڤاكى كوردستان(ك ج ك) یان دەستپێكردەوە،ئاسایشى رانیە و ئاسایشى زاخۆ دەستیان بە دەستگیر كردنى ئەندامانى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستانى(پ چ د ك) كردەوە ،تاڵەبانى و بەرزانى هەر یەك لە لاى خۆیەوە لەگەڵ بەرپرسانى دەوڵەتى توركیا دانیشتنیان كرد و ناوەرۆكى گفتووگۆكانیان بۆ راى گشتى ئاشكرا نەكرد.ئەم جمووجووڵەى دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان ئاشكراى كرد كە بەرپرسانى كورد لە عراق و لە حكومەتى هەرێم،لە ململانێى نێوان كورد و توركا،لایەنگیرى تورك دەكەن،ئەو جمووجوڵە نادیموكرات و نانەتەوەییەى دەسەڵاتدارانى باشور لە كاتێكدایە كە حكومەتى داد و گەشەپێدان لە لایەكەوە باس لە چارەسەرى دیموكراتى دۆزى كورد دەكات،لەولاشەوە رۆژانە دەیان كەسایەتى سیاسى باكورى كوردستان دەستگیر دەكات و داوا لە دادگاى توركیا دەكات سزایان بۆ ببرێتەوە، بەڵام نە كوردە بەرپرسەكانى حكومەتى عراق،نە كاربەدەستانى حكومەتى هەرێمى كوردستان،بەرامبەر بەو سیاسەتە سەركوتكاریەى حكومەتى داد و گەشەپێدان نارەزاییەك نیشان نادەن و بەردەوام بە شان و باڵى ئەردوغاندا هەڵدەدەن.سەرچاوەكانى نزیك لە پارتى ئاشتى و دیموكراتى(ب د پ) رایدەگەیەنن لە كاتێكدا حكومەتى توركیا هەڵدەكوتێتە سەر ئەندام و لایەنگرانى پارتەكەیان و دەستگیریان دەكات، دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان نەك هەر بەرامبەر بەو سیاسەتە نادیموكراتیەى حكومەتى داد و گەشە هەڵوێست نیشان نادەن،بەڵكوو لە پشتگیرى كوردەكانى ناو حزبى داد و گەشەپێدان كەمتەرخەمى ناكەن و لە هەوڵى ئەوەدان لە باكورى كوردستاندا دژى (پ ك ك) و (ب دپ) هێزێكى سیاسى گرێدراوى داد و گەشەپێدان راست بكەنەوە.
دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان لەم كاتەدا رووبەروى كێشەى گەورە بوونەتەوە،پێوەندى نێوان گەل و دەسەڵاتى كوردى تا دێت درزى زیاترى تێدەكەوێت،پێوەندى نێوان حكومەتى هەرێم و حكومەتى عراقى ناوەندى تا دێت سارد دەبێتەوە و جێبەجێكردنى مادەى 140 تەگەرەى تێدەكەوێت،لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عراقدا كوردەكانى باشور بە چەند لیستێك بەشدارى هەڵبژاردن دەكەن و ئەگەر زۆرە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا دەنگى كورد زۆر بسووتێ و نوێنەرانى كورد لە پەرلەمانى عراق ژمارەیان لەوەى ئێستە كەمتر بێتەوە و پێگەى كورد لە عراقدا هێندەى تر لاواز ببێت،كەچى دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان گوێیان لە كێشەكانى هەرێمى كوردستان و عراق نیە،لە باتى ئەوەى كات و تواناى خۆیان بۆ چارەسەرى كێشەكانى باشورى كوردستان و عراق تەرخان بكەن و گەلى پارچەكانى ترى كوردستان بكەنە پشتیوانى خۆیان،وا خەریكە ئاشكرا دەبێت كە زۆربەى كات و تواناى خۆیان بۆ دژایەتى كردنى بزاڤى ئازادیخوازى باكورى كوردستان و پشتگیرى توركیاى داگیركەرى كوردستان بە سەر دەبەن.
لێرەدا چەند پرسیارێك لەلاى هەموو كوردێكى هووشیار و ئازاد بەرەو رووى دەسەڵاتدارانى باشور راست دەبێتەوە:ئایا توركیا هێندە جێى متمانەى گەلى كورد و گەلانى ترە تا ئێوە هێندە بە دۆستى ستاراتیجى خۆتانى دابنێن و لە بەر بەرژەوەندى ئەو لە بنەوە خنجەرى ژەهراوى لە پشتى براكانى خۆتان بدەن؟
ئایا ئەو كوردانەى ئێستە لەگەڵ پارتى داد و گەشەپێدان كار دەكەن وەك ئەو كوردانە نین كە لە رابوردوودا لە گەڵ حزبى بەعس و رژێمى عراق بوون و ئێوە بە جاش وخائین ناوتان دەبردن و لە لاى خەڵكى كوردستانیش سووكتان كردن،چەندە رژێمەكانى عراق هەوڵیان دا بیانكەنە نوێنەرى كورد بەڵام گەلى كورد بە نوێنەرایەتى ئەوانە رازى نەبوو و نوێنەرى راستەقینەى خۆى دیارى كرد؟ئەى مەگەر نازانن ئەوانە دوارۆژیان نیە؟ئەى بۆچى هاوكاریان دەكەن؟
ئایا لاوازكردنى هێزێكى كوردى بە واتاى ئەوە نیە كە لە دواى لاواز كردنى ئەو هێزە سەرەى ئێوەش دێت، ئەگەر ئێوە وەك هێزى كوردى مابنەوە و هێزى كورد بن بە دڵنیایەوە ئەوەى ئەمرۆ بە (ك ج ك) (ب دپ) دەكەن سبەینێ بە ئێوەشى دەكەن و لە ناوتان دەبەن!.
لە كۆتاییدا روو لە كوردەكانى باكور دەكەم و پییان دەلێم،گوێ لە هەڤالانى مەر ئێمە مەگرن،بۆچى بۆ باشور چییان كردووە تا ئازادى و سەرفرازى بۆ ئێوە بێنن،پارتى و یەكێتى رەوشى باشورى كوردستانیان تێكداوە و دۆزەكەیان بە بنەبەست گەیاندوە،لە پاى ئەو هەموو قوربانیەى كە گەلى كورد لە پەنجا ساڵى رابودوودا بۆ ئازادى و رزگارى پێشكەشى كرد،تا ئێستە گەلى كورد لە باشور لە مافەكانى سەردەمى حكومەتى عەبدولكەریم قاسم (1958) زیاترى دەست نەكەوتووە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە