کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


حاكمەكانى كوردستان وەك مامەیان شۆرشگێران سزادەده‌ن و پیاوەكانى رژێمى سەدام بێ گوناه دەردەخەن

Friday, 31/12/2010, 12:00


بەرێز جەنابى ....دادوەر..
بابەت-خۆپاراستن
دەربارەى سكالاى سكاڵاكار (عەبدولكەریم هەڵەدنى) كە سكاڵاى لە سەر من تۆمار كردووە لەبەر ئەوەى تەشهیرم پێكردووە و داوا دەكات سزا بدرێم،بە پێویستم بینى ئەم روونكردنەوەیە بۆ ئێوەى بەرێز بنووسم .
1.ئەگەر من بە نوسین باسم لە كارێكى سكاڵاكار كردبێت،كە تەسلیبوونەوەى ناوبراوە بە رژێمى سەدام لە كاتى پرۆسەكانى ئەنفال و كیمیابارانى ساڵى 1988كوردستاندا،وتبێتم ئەو كارە خیانەتە،خیانەت دەستەواژەیەكى سیاسیە و لەو سەردەمانەدا بۆ ئەو كادرانە بە كاردەهات كە ریزەكانى پێشمەرگەیان بە جێدەهێشت و تەسلیمى رژێم دەبوونەوە،ئەگەر سكاڵاكەر ئەوە بە تەشهیر بزانێت و واى بۆ بچێت كە من كەسێتى ئەوم لەكەدار كردووە،من دەڵێم پێش من، سكاڵاكەر خۆى خۆى تەشهیر كردووە كە تەسلیم بۆتەوە و لە پێشمەرگایەتیەوە پێوەندى بە سوپاى عراقەوە كردووە،ئەو سوپایەى كە پرۆسەكانى كیمیاباران وئەنفالى هەرێمى كوردستانى ئەنجامداوە.من باسم لە كارێك كردووە كە كەسێكى تر ئەنجامى داوە،ئەگەر من لە سەر باسكردنى ئەو كارە سزابدرێم، ئەبێت بكەرى كارەكە كە سكاڵاكار خۆیەتى لە من زیاتر سزابدرێت،لەبەر ئەوەى من باسى ئەو كردەیەم كردووە كە سكاڵاكار بە خۆى كردوویەتى و بە تەشهیرى دەزانێت،بۆیە جارێكى تر دەڵێم پێش من و زیاتر لە من سكاڵاكار خۆى خۆى تەشهیر كردووە و سزاى ئەو لە سەر تەشهیركردنى خۆى، لە سزاى من گرانترە.
2.ئەو كەسانەى كە لە سەردەمى پێشمەرگایەتیدا تەسلیمى رژێم دەبوونەوە،دەبوو لە دەزگا ئیستخباراتیەكانى رژێمداپاكانەیان بۆ رژێم بكردایە كە ماوەیەك هەڵخەڵەتاون و بە هەڵەداچوون كە بوونەتە پێشمەرگە و چوونەتە سەنگەرى دوژمنانى عراقەوە،پاش ئەوەى بۆیاندەركەوتوووە كە ئەو تاقمە(شۆرشى كورد) پیاوى بێگانەن و خیانەتیان بە نیشتمان كردووە،دەستیان لە یاخیبوون هەڵگرتووە و گەراونەتەوە ریزى نیشتمانى و داوا دەكەن رژێمى سەدام و سەرۆكى فەرماندە بە بەزەیى خۆى بیانبەخشێت.ئەگەر كادرێكى پێشمەرگەى وەك سكاڵاكار لە كاتى تەسلیبوونەوەیدا ئەم پاكانەیەى نەكردایە، رژێمى سەدام لێى قبووڵ نەدەكرد و رێگەى نەدەدا لە عراقدا بژیت.بۆیە سزادانى من و بى تاوانكردنى سكاڵاكار بە واتاى ئەوە دێت شۆرشى كورد لە سەر تاوانێك سزا بدرێت و رژێمى سەدام لە سەر تاوانەكانى بێ گوناه بكرێت .
من كە پێشمەرگەیەكى دانەبڕاو بووم،باوك و دایك و براو مام و، دەیان كەسى ترم شەهیدى سەنگەر و شەهیدى شەرى ناوخۆ وشەهیدى زیندانەكانى رژێم و شەهیدى كیمیابارانن، لە ساڵانى 1982-1991 پزیشكى پێشمەرگە و جەماوەرى كوردستان بووم،ئەندامى خولى یەكەمى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان بووم، شاهدى دادگاى ئەنفال بووم ،سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیانى چەكى كیمیاوى هەڵبجە بووم، مافى ئەوەم هەیە وتارێك بنوسم و بڵێم با كەسێك بەرپرسى دەزگاى شەهیدانى ئەنفال و كیمیاباران نەبێت كە تەسلیمى رژێمى بەعس بۆتەوە و بووە بە خزمەتكارى رژێمى ئەنفال و كیمیاباران.بۆیە سزدانى من بە واتاى سزادانى ئەو كەسانە دێت كە داكۆكیان لە ماف و ئازادى گەلى كورد كردووە،گیان و ژیانى خۆیان و بنەماڵەكەیان لە پێناوى رزگارى گەلى كوردا بەخت كردووە،سزادانى من بەو واتایە دێت یاسا پشتى ئەو كەسانە دەگرێت كە لە كاتى هەرە هەستیاردا پشتى گەلى كورد و شۆشى گەلى كوردیان بەرداوە،بەو واتایە دێت كە یاسا داكۆكى لە لێقەوماوانى پرۆسەكانى ئەنفال و كیمیابارانى كوردستان ناكات،لەبەر ئەوەى لێرەدا ململانێكە لە نێوان دوو كەسدایە،كەسێك سەنگەرى تێكۆشانى شۆرشى كوردى بەرداوە و خۆى تەسلیم بە دوژمنى گەلى كورد كردۆتەوە،كەسێك لە سەنگەرى بەرگرى و تێكۆشاندا ماوتەوە تا رووخانى رژێمى ئەنفال و كیمیاباران.
3.رووى دەمم دەكەمە جەنابى داواكارى گشتى و دەڵێم ئەگەر كەسێك لەو كاتە هەرە ناسكەدا ریزەكانى شۆرشى كوردى جێهێشتبێت و تەسلیمى رژێمى سەدام بووبێتەوە و لە ناو ئەو دەزگایەدا كە ئەنفال و كیمیابارانى ئەنجام داوە بووبێتە سەرباز،باسكردنى ئەو كردەوانە تەشهیرە
؟تەشهیر چیە؟باسكردنى راستى تەشهیرە؟،نازانم جەنابى داواكارى گشتى دەیەوێت ئەو راستیە كە مێژووى گەلى كوردە هەر باس نەكرێت!،یان باس بكرێت بەڵام لە باتى خیانەت و خزمەتكارى رژێمى ئەنفال و كیمیاباران،دەستەواژەى تر بەكاربهێنرێت،ئایا ئەو دەستەواژانە چین كە زیاتر لە دەستەواژەكانى من بەكارم هێناون بۆ ئەو رووداوە گونجاو بێت و یاسایى بێت و تەشهیر نەبێت؟
  29-12-2010
تێبینى : بە بێ مانشێتەكە لە كاتى دادگاییكردنمدا ئەم نووسینەم لە دادگا خوێندەوە
مامە: مەبەستم مام جەلالە:كە تارق رەمەزان ئازاد دەكات،وەفیق سامەرایى دەشارێتەوە،داكۆكى لە خەزرەجى دەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە