کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بەیاننامە رەخنەگرییەكەى گۆڕان و وەڵامە ناشارستانیەكەى پارتى و یەكێـى

Sunday, 30/01/2011, 12:00


ئێوارەى 29-1-2011 ،بزووتنەوەى گۆڕان لەبەیاننامەیەكدا ر رەوشى سیاسى هەرێمى كوردستانى هەڵسەنگاند و بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانە هەمە لایەنانەى هەرێمى كوردستانى گرتۆتەوە، چەند خاڵێكى دەستنیشان كرد،ئەم جۆرە هەڵسەنگاندن و رەخنە و پێشنیارانە،دیاردەیەكى سرووشتى كۆمەڵگا دیموكراتەكانى جیهانە، لەبەر ئەوەى كۆمەڵگاى كوردستان تازە بە كڵتوورى دیموكراسى ئاشنا دەبێت،ترس و دڵەڕاوكێ دڵى هەندێك لە تاك و توێژەكانى كوردستانى داگرت ،بەڵام بە لاى خەڵكى سیاسى و چاوكراوەوە،ئەو بەیانە بە هەڵوێستێكى ئاسایى وەرگیرا.
ئەگەر مۆرڤ باش لە ناوەرۆكى بەیاننامەكە وردببێتەوە،ناوەرۆكى بەیانەكە هیچ شتێكى تێدا نیە كە لە ناخى زۆرینەى خەڵكى ئەمرۆى كوردستاندا پەنگى نەخواردبێتەوە، پێویستى بە كەسێك بووە ئەو گۆمە پەنگخواردووە دەربدات و خەڵك ئاسوودا بكات، بزووتنەوەى گۆڕان تەنها ئەو كارەى كردووە.
پاش بەیانەكەى گۆڕان بە چەند سەعاتێك، سەرۆكایەتى هەرێم و هەردوومەكتەبى سیاسى پارتى و یەكێتى،لە دوو بەیاندا، بە شێوازێكى ناشارستانى،وەك ئەوەى بە تەنها ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە دڵسۆزى گەلى كورد بن و دەسكەوتەكانى گەلى كورد بە مان و نەمانى ئەوان و بە عەقڵى دەسەڵاتپەرستى ئەوانەوە گرێدراوبێت،بە چەندان هەرەشە و بە چەندان ناو و ناتۆرە وەڵامى بەیانەكەى بزووتنەوەى گۆرانیان دایەوە .
من بەش بە حاڵى خۆم بەیانەكەى بزووتنەوەى گۆڕان بە هەڵوێستێكى ئاسایى دەبینم، تێكۆشانێكى سیاسیە بۆ دیموكراتیزەكردنى هەرێمى كوردستان،هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەى كێشەكانى هەرێم كوردستان،پێموایە لە رابوودرد و لە ئێستە و لە داهاتووشدا،بزووتنەوەى گۆران لە پێكهاتە سیاسیە هەرە دڵسۆزەكانى گەلى كورد بن، لەبەر ئەوەى هەڵوێستێكى رەخنەگرانەیەان لە دەسەلاتى ئەمرۆى هەرێمى كوردستان گرتووە،دەسەڵات هەوڵبدات بەو شێوەیە بە بێ بنەماو بە بێ پێوانە بیانخاتە خانەى ئاژاوەگێر و هەڕەشەیان لێبكات،راست نیە و بێ ویژدانیە و گەلى كورد پێى رازى نابێت و هەڵوێست نیشان دەدات.
لە سەر ئەو بنەمایە كە بروام وایە سیستەمێكى دیموكراتى نەك سیستەمێكى حزبى، سیستەمێكى نەتەوەیى نەك سیستەمێكى خێڵەكى و بنەماڵەیى،سیستەمێكى یاسایى نەك سیستەمێكى هەڕەمەكى،باشتر دەتوانێت دەسكەوتەكانى گەلى كورد بپارێزێت و لە ئاستى نێونەتەوەییدا سیماى گەلى كورد جوان بكات،پشتگیرى بەیاننامەكەى بزووتنەوەىى گۆڕان دەكەم و داوا لە پارتى و یەكێتى دەكەم واز لە عەقڵیەتى ترساندن و بێ ئیرادەكردنى خەڵك بێنن و بە پەلە فریا بكەون بۆ ئەوەى پەتاى رژێمەكانى تونس و مسر و وڵاتانى تر هەرێمى كوردستان نەگرێتەوە .
  30-1-2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە