کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


رێبەر ئاپۆ،لە سوریاوە بۆ ئەوروپا؟یان بۆ شاخ؟

Friday, 27/12/2013, 12:00






دوای کودەتای ئەیلولی ١٩٨١ سوپای تورکیا، دەستگیرکردن و زیندانکردنی کادر و بەرپرسانی (پ ک ک) لە لایەن کودەتاچیەکانەوە دەستیپێکرد،سەرۆک ئاپۆ و ژمارەیەک بەرپرسی تر،بۆ خۆدەربازکردن لە دەستگیرکردن و زیندانی،وڵاتیان جێهێشت و رویان کردە سوریا، لە ناوچەی بقاع نیشتەجێ بون.
لە ئاوارەییدا خەباتی سیاسی بۆ ماوەی دو سال زیاتر درێژەی کێشا،لە ١٥-٨-١٩٨٤ دا،خەباتی چەکداری راگەیەنرا،پاش نۆ ساڵ، لە سالی ١٩٩٣ (پ ک ک) ئاگربەستی راگەیاند و ئامادەیی نیشاندا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد،بە ناوبژیوانی جەلال تالەبانی سکرتێری (ی ن ک)، گفتوگۆ لە نێوان سەرۆک ئاپۆ و سەرۆک وەزیرانی کۆچکردوی ئەو کاتەی تورکیا،تورکوت ئۆزاال دەستیپێکرد،بەلام گفتوگۆ هێندەی نەخایاند، تورگۆت ئۆزال لە روداوێکی تەمومژاویدا کۆژرا و شەڕ لە نێوان (پ ک ک) و سوپای تورکیا دەستی پێکردەوە.
لە دوای شکستی گفتوگۆکان لە رۆژی ئاشتی هەمو سالێکدا(١-٩-) سەرۆکی (پ ک ک) لە لای خۆیەوە تاکلایەنە بریاری راگرتنی شەری رادەگەیاند و پرۆژەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردی لە باکوری کوردستان دەخستە بەردەم بەرپرسانی دەولەتی تورک ،بەلام حکومەتی تورکیا بە هێرشی سوپا وەلامی ئاگربەست و پرۆژەی ئاشتی (پ ک ک) ی دەدایەوە.
تورکیا و هاوپەیمانەکانی گەشتبونە ئەو بڕوایە،دەستگیرکردنی سەرۆکی (پ ک ک)و ،زیندانیکردنی و دابراندنی لە گەل و گەریلا،تاکە هۆکارە بۆ شکستپێهێنانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و کۆتاییهێنان بە شەری نیوان سوپای تورک و شۆرشگێرانی کورد،وە دەستگیرکردنی عەبدوللا ئوجئالان،کۆتاییهێنانە بەو سیستەمە سیاسیەی کە دەیەوێت لە ئایندەدا بونیادی بنێت.
لە پایزی سالی ١٩٩٨دا،سوپای تورک ئاگاداری حکومەتی سوریای کرد ، کە دەبێت سەرۆکی (پ ک ک) رادەستی حکومەتی تورکیا بکات،ئەگەرنا سوپا هێرش دەکات و ولاتی سوریا داگیردەکات.سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی سوریا ،کۆچکردو حافز ئەسەد، رازی نەبو سەرۆکی (پ ک ک) رادەستی تورکیا بکات،دوای چەندان دانیشتن و راگۆرینەوە لە نێوان سەرۆک ئاپۆ و نوێنەرانی حکومەتی سووریا و حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەو کاتەی مسر، لەسەر ئەوە رێکەوتن کە سەرۆک ئاپۆ سوریا بەجێبهێلێت و بەرەو ئەوروپا بروات.لە هەمان کاتدا نوینەرەکانی (پ ک ک) لە ولاتانی ئەوروپا، ئامادەکاریان کردبو کە یۆنان،یان روسیا مافی پەنابەری سیاسی بدەنە سەرۆکەکەیان،.چونی سەرۆکی (پ ک ک) بۆ ئەوروپا و مانەوەی لە یەکێک لە ولاتانی ئەوروپادا، رێگەی بۆ راگرتنی شەری نێوان کورد تورکیا خۆشدەکرد، جارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردی دەخستە سەر سکە.بەلام وەک دواتر دەرکەوت دەرخستنی سەرۆک ئاپۆ لە سوریا، رەوانەکردنی بۆ ئەوروپا،پیلانێکی گەورەی تورکیا و کۆمەلێک ولاتی هاوپەیمانی تورکیا و ئەمریکا بوە، بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک و رادەستکردنی بە تورکیا،ئەو پیلانەش لە ١٥-٢-١٩٩٩ لە نایروبی پایتەختی وڵاتی کینیا جێبەجێکرا.
لەو کاتەدا کە سوریا سەرۆک ئاپۆی دەرکرد،بەرپرسانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان،ئاوارەکانی باکوری کوردستانیان لە کەمپی (ئەتروش) دەرکرد و مۆلەتی جەند رۆژێکیان دانێ تا کەمپی ئەتروش چۆڵبکەن،ئەگەرنا دەبێت بگەرێنەوە تورکیا.رەمزی کارتاڵ کە لەو کاتەدا نوێنەری (پ ک ک) بو لە باشوری کوردستان،زۆرهەوڵیدا،دەسەلاتدارانی یەکێتی قەناعەت پێبکات رێگەبدەن ئاوارەکانی باکور لە سنوری دەسەلاتی یەکێتیدا نیشتەجێ بکرێن،بەرپرسانی یەکێتیش رازی نەبون ئاوارەکانی باکور لە سنوری دەسەلاتیاندا نیشتەجێبکرێن،دواتر بۆ ئەوەی ئاوارەکانی باکور نەچنەوە تورکیا و لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیر نەکرێن،ناجار پەنابرایە بەر رژێمی سەدام، تا رێگە بدات ئاوارەکانی باکور لە کەمپی مەخمور نیشتەجێ ببن،رژێمی سەدام رەزامەندی نیشاندا و ئاوارەکانی باکور لە رادەستکردنەوە پاراست.
کاتێک کە سەرۆک ئاپۆگەیشتە ئەوروپا،وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی سەر بە پارتی دیمۆکراتی کورستان(بەرێوەبەرایەتی هەولێر)،نامەیەکی بۆ وڵاتی ئیتالیا و وڵاتانی تری ئەوروپا و دەزگا نیودەولەتیەکان نارد، لە نامەکەدا وەزیری داد داوای دەکرد مافی پەنابەری نەدەنە سەرۆک ئاپۆ.هەر لە هەمان کاتدا لە سنوری دەسەلاتی یەکێتیدا، لە شاری سلێمانی،بومبێک لەبەردەرگای بارەگای ئۆفیسێکی (پ ک ک) تەقیەوە، وە بەرپرسانی یەکێتی لە ئاستی بلندا هەوڵیان ئەدا بۆ جێگرەوەی سەرۆک ئاپۆ کەسێکی تر دیاری بکرێت و شوێنی ئەو بگرێتەوە، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە پێوەندیەک لە نێوان (پ ک ک) و سەرۆکدا نەمینێت و کێشە لە ناو ریزەکانی (پ ک ک) دا دروست ببێت.
ئەم راستیانە دەریدەخەن کە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان، لەو کاتەدا بەشێک بون لەو پیلانگێریەی (تەڵەیەی) کە بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک ئاپۆ بۆ شکستپێهێنانی (پ ک ک) ئامادەکرابو،بۆیە لەو کاتەدا هەرگیز لۆژیک نەبوە سەرۆکی (پ ک ک) روبکاتە باشوری کوردستان و لەوێوە بچیتە شاخەکانی کوردستان و ببێتە گەریلا. لە حالەتێکیشدا ئەگەر سەرۆک ئاپۆ بیتوانایە بە بێ ئاگاداری و زانیاری دەسەلاتدارانی باشور خۆی بگەیەنێتە لای هێزی گەریلا،کە زۆر زەحمەت بو،ئەو کات حکومەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی هەمان ئەو فشارەی خستیانە سەر حکومەتی سوریا، دەیانخستە سەر دەسەلاتدارانیی هەرێم بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک ئاپۆ، یان دەرکردنی سەرۆک ئاپۆ،ئەنجامەکەی یان دروستبونی شەرێکی گەورەی نێوان گەلی کورد دەبو،یان داگیرکردنی هەرێمی کوردستان دەبو لە لایەن سوپای تورکیاوە،یان دەستگیرکردن و رادەستکردنی سەرکردەیەکی کورد بو بە داگیرکەران بە دەستی کورد.
لە لایەکی ترەوە،(پ ک ک) هەمیشە ساحەی ئەوروپا و دەرەوەی ولاتی،بە جێگەیەکی پر بەها زانیوە بۆ خەباتی دبلۆماسی و ناساندنی دۆزی رەوای کورد بە جیهان،زۆرینەی بەرپرسەکانی (پ ک ک) بۆ ماوەیەک لە ئەوروپا ماونەتەوە و خەباتی دبلۆماسیان کردوە و شارەزای سیاسەتی ئەو ولاتانە بون.بۆیە هەلوێستی بەرپرسانی یۆنان و روسیا بۆ پێدانی مافی پەنابەری بە سەرۆکەکەیان،لە لایەن (پ ک ک) وە بە دەرفەتێکی باش بینرا بۆ پێشخستنی خەباتی دبلۆماسی و ناساندنی دۆزی کورد بە ولاتان وهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد لە ئەوروپاوە.سەرکردایەتی ئەو کاتەی (پ ک ک) وای دەبینی کە چونی سەرۆک بۆ ئەوروپا بە واتای کرانەوەی دەرگای چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد دێت،وە چونی سەرۆکی (پ ک ک)بۆ شاخ، بە واتەی درێژەکێشان و قولبونەوەی شەر دێت.
ئەمانە هەندێک لەو هۆکارانە بون کە وایانکرد، کاتێک سەرۆک ئاپۆ ناچار کرا لە سوریا دەربکەوێت،ساحەی ئەوروپای هەلبژارد، نەچوە شاخەکانی کوردستان و لە ریزەکانی گەریلادا نەمایەوە.

دکتور فایق محەمەد گۆلپی ٢٨-١٢-٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە