کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


لە سەر تاوانەكانى هەڵەبجە،دەسەلاتدارانى كوردیش دادگایى دەكرێن.

Sunday, 15/03/2009, 12:00


ژیانى تاك و پێكهاتە كۆمەلایەتیەكان بە سەركەوتن و ژێركەوتن رازێنراوەتەوە، پێكاهاتە و تاكى چالاك بەردەوام بۆ ئەوە تێدەكۆشێت چەندایەتى و چۆنایەتى ژێركەوتنەكانى كەم بكاتەوە وچەندایەتى وچۆنایەتى سەركەوتنەكانى زۆر بكات،لە مانگى ئازارداگەلى كورد زۆرترین سەركەوتن و ژێركەوتنى بەخۆوە دیوە،بەڵام دەسەڵاتى باشورى كوردستان نەك هەر سەركەوتنەكانى كوردى زۆر نەكردووە و ژێركەوتنەكانى كەم نەكردۆتەوە،بە سیاسەتى نانەتەوەیى و نادیموكراتى و سیستەمى ملهوڕى، سەركەوتنەكانى بەرەو شكست بردوە و ژێركەوتنەكانى كردووە بە كارەسات و دووبارەى كردوونەتەوە.
دەسەلاتى كوردى لە یادى ژێركەوتن و شكستەكاندا چاو و دەمى دەنوقێنێ و چەندان بڕوبیانوى لاواز بۆ شكستەكان دێنێتەوە وخۆى بە بێ تاوان دەردەخات،لە بەرامبەر سەركەوتنەكاندا هەموو شتێك دەكاتە موڵكى حزب و بنەماڵە و خێزان و سەركردە،رەنج و قوربانیەكانى گەل دەشارێتەوە و سەركەوتنەكانى گەل بە ناوى خۆیەوە تۆمار دەكات.
یەك لە كارەساتە جەرگبڕە زیندووەكانى گەلى كورد كە لە مانگى ئازاردا روویداوە،كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجەیە،لەگەڵ ئەوەشدا بیست و یەك ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا تێدەپەڕێ، بەڵام قورسایی كارەساتەكە تا ئەمرۆش لە هزر و ژیانى خەڵكى هەڵەبجە و گەلى كوردا زیندووە.لە یادى بیست و یەكەم ساڵەى ئەو كارەساتە گەورەیەى گەلى كوردا هەر هێندە بەس نیە كە درود بۆ گیانى شەهیدان بنێرین و هیواى چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان بخوازین و دڵى بنەماڵەى شەهیدەكان بدەینەوە!!،بەڵكوو دەبێت لە یادەكانى هەڵبجەدا رەهەندە جیاكانى كارەساتەكە شیبكەینەوە و دەست بخەینە سەر برینەكان و رێگەى دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە كارەساتانە بگرین.
ئەگەر سەیرى مێژووى شەرەكانى جیهان بكەین،زۆربەى كات كۆمەڵكوژى بەرامبەر بە گەلێك پێكهاتەیەكى ئاینى مەزهەبى یان ئەتنیكى ئەنجامدراوە،لە جەنگى جیهانى یەكەمدا ئەرمەنەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانى ئەو سەردەمەى توركیاوە كۆمەڵكوژ كران،لە جەنگى جیهانى دووەمدا جوولەكەكان لە لایەن نازیەكانى ئەڵمانیاوە كۆمەڵكوژ كران،شەرى نێوان عراق و ئێران كە ماوەى هەشت ساڵى خایاند و شەرێكى ناڕەوابوو،سەركردایەتى ئەو كاتەى كورد لە بڕیارێكى ستراتیجى هەڵەدا گەلى كوردى لەو شەرەوە ئاڵاند،بەو شێوەیە لە شەڕى عراق و ئێراندازەمینەى كۆمەڵكوژى بۆ گەلى كورد هاتە پێشەوە.لە شەرى ناڕەواى ئێران و عراقدا،سەركردایەتى سیاسى ئەو كاتەى شۆرشى كورد لە باشور، بە هەلەَیەكى ستراتیجى گەورە،خۆى كردە بەشێكى شەرى ئێران و عراق و شانبەشانى سوپاى پاسداران لە دژى هێزە چەكدارەكانى عراق لە دەیان ئۆپراسیۆنى سەربازیدا بەشدارى كرد و درێژەى بە شەڕەكەردا،ئەم هەڵە ستراتیجیەى سەركردایەتى ئەو كاتەى كورد وایكرد رژێمى سەدام هێندەى تر رقى شۆڤینیانەى بەرامبەر بە گەلى كورد ئەستور ببێت و لە تۆڵەسەندنەوەى گران بگەرێت،لە سێبەرى رێكەوتنى نێوان كوردەكان و دەوڵەتى ئێراندا رژێمى بەعس هێندەى تر هەستى دەكرد ئاسایشى نەتەوەیى عراق دەكەوێتە ژێر مەترسیەوە ولە خۆپاراستنى شێتانە دەگەرا.سەركردایەتى شۆرشى باشورى كوردستان لە شەرى عراق و ئێراندا بوونە هاوپەیمانى دەوڵەتى ئێران كە لەو كاتەدا هەر هەموو هێزە ناوچەیى و جیهانیەكان دژى سیاسەتى كۆمارى ئیسلامى ئێران و دژى ئایدۆلۆژیاى شۆرشى ئیسلامى ئێران راوەستابوون،لە رووى سەربازى و سیاسیشەوە كورد لاواز و بێ بەرنامە و بێ پشتیوان بوو،بۆیە دەتوانین بڵێین لە شەرى عراق ئێراندا كورد لاوزاترین ئەڵقەى شەرەكە بو و بە ئاسانى بەرنامەى كۆمەڵكوژى بە سەردا جێبەجێدەكرا،سەركردایەتى ئەو كاتەى كوردیش بیرى لەوە نەدەكردەوە چۆن گەلى كورد لە ئاگرى ئەو شەرە بپارێزێت و لە كۆمەڵكوژى دووریبخاتەوە.لە ناوەراستى مانگى ئازارى ساڵى 1988 دا هێزى پێشمەرگە و سوپاى پاسدارانى ئێران پێكەوە شارى هەڵبجە و ناوچەى هەورامان و بەشێكى دەشتى شارەزوریان خستە ژێر كۆنترۆڵى خۆیانەوە،بەم شێوەیە زەمینەى سیاسەتى كۆمەڵكوژى كوردیان بە دەستى رژێمى سەدام هێندەى تر لە جێبەجێكردن نزیك كردەوە و هێزى ئاسمانى سوپاى عراق بە فەرمانى سەدام حسەین هەڵبجەیان بە چەكى كیمیاوى بوردەمان كرد و تاونى جینۆسایدى گەلى كوردیان تۆمار كرد.حزبى بەعس و رژێمى بەعسى عراقى لە دێر زەمانەوە بەرنامەى كۆمەڵكوژى و تواندنەوە و لە ناوبردنى گەلى كوردیان دارشتبوو، بە شوێن كات و شوێنى لە باردا دەگەران تا بەرنامەكە جێبەجێبكەن،كاتێك سەركردایەتى كورد لە باشورى كوردستان بوونە بەشێك لە شەرى ئێران و عراق،رۆژى جێبەجێكردنى سیاسەتى شۆڤینى بەعس نزیك بوەوە و لە كارەساتى كیمیابارنى هەڵبجەدا ئەو سیاسەتە شۆڤینیەى بەعس بە ئاستى هەرە بەرز گەیشت.ئەمە راستیەكە هەموو لایەك دەیبینێ،بۆیە لە جێدایە كاتێك بكەرانى سەركى تاوانەكە لە دادگا لە سەر ئەنجامدانى كارەساتى جینۆسیادى گەلى كورد لە هەڵبجەدا دادگایی دەكرێن،ئەبێ سەركردایەتى شۆرشى ئەو سەردەمە و دەسەلاتدارانى ئەمرۆى عراق و هەرێمیش وەك ریخۆشكەر بۆ جینۆسایدى گەلى كورد لێكۆڵینەوەیان لەگەڵبكرێت و دادگایی بكرێن.
هەندێك لە چاودێرانى سیاسى واى بۆ دەچن كە گەرمبوونى شەرى عراق ئێران لە شارۆچكەى فاو و لە كەنداوى عەرەبى،لە بەرژەوەندى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریكادا نەبوو و رێگەى گەیشتنى نەوتى كەنداوى بۆ رۆژئاوا ئاستەنگ دەكرد،بۆیە راگرتنى شەڕەكە، یان گواستنەوەى شەرەكە بۆ ناوچەیەكى تركە بەرژەوەندیەكانى رۆژئاوا نەخاتە مەترسیەوە ئامانجی دبلۆماسیەتى ئەو كاتەى رۆژئاوا و ئەمریكا بوو،لێرەشەوە مرۆڤ بۆى هەیە بڵێت كە دەسەلاتدارانى كورد بە فەرمانى ولاتانى رۆژئاوایى و ئەمریكا دەوڵەتى ئێرانیان هانئەدا بۆ ئەوەى بەرەى شەرەكە لە كەنداوەوە بگوێزێتەوە بۆ كوردستان و شەربخاتە ناو ماڵى كورد،بۆ ئەوەى لەوە زیاتر بەرژەوەندى ولاتانى رۆژئاویى نەكەوێتە مەترسیەوە،بۆیە دەتوانین بڵێین بە ئاگادارى و رەزامەندى ولاتانى رۆژئاوا ێشمەرگە و پاسدار ئۆپراسیۆنى هاوبەشیان دژى سوپاى عراق ئەنجام داوە،ئەم گریمانیەش لۆجیكیە و لە راستیەوە نزیكە و سەركردایەتى شۆرشى كوردى ئەو كات و دەسەڵاتدارانى ئەمرۆى باشورى كوردستان هەموو كاتێك كوردیان كردۆتە قوربانى بەرژەوەندى وڵاتە رۆژئاوایەكان و لە پێناوى بەرژەوەندى ئابورى ڵاتانى رۆژئاوادا ئەو كاتە كوانووى شەرەكەیان لە كەنداوەوە بۆ باشورى كوردستان گواستۆتەوە و ئاگریان لە ماڵى كورد بەرداوە.بۆیە ئەبێت لە سەر ئەم سیاسەتەش سەركردایەتى ئەو سەردەمەى شۆرش و دەسەڵاتدارانى ئەمرۆى عراق و هەرێمى كوردستان لێكۆلینەوەیان لە گەل َبكرێت دادگایى بكرێن.
لایەنێكى ترى كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجە ئەوەیە كە پێش كارەسات زۆربەى بەرپرسە حزبى و سەربازیەكانى ئەو كاتە پێشبینى كارەساتەكەیان كردووە و سەرو ماڵى خۆیان و خێزان و بنەماڵەكانیانیان لە كار ەساتى كیمیابارانەكە پارستووە و گوێیان بە چارەنوسى خەڵكى ترى هەڵەبجە نەداوە،ئەگەر بە وردى سەیرى قوربانیەكانى كارەساتەكە بكەین دەبینین خێزان و خزم و هەتا بنەماڵەى بەرپرسەكانى هەر چوار حزبە بەشداربووەكە(یەكێتى،پارتى،بزووتنەوە،سۆسیالیست) نەك هەر خوێن لە لووتیان نەهاتووە،بەڵكوو بە هەفتە و دە رۆژ پێش كارەسات ئاگادار كراونەتوە كە هەڵەبجە چۆڵ بكەن و بەرە و ئێران یان بەرەو سلێمانى بڕۆن،لە كاتى ڕوودانى كارەساتەكەشدا پێشمەرگەیەك یان پاسدارێك بە چەكى كیمیاوى گیانى لە دەست نەداوە.ئەمەش جۆرێكى ترى تاوانە كە سەركردایەتى شۆرشى ئەو كاتەى باشورى كوردستان و سەكردایەتى مەیدانى شەرەكە بەرامبەر بە خەڵكى هەڵەبجەئەنجامیان داوە و دەبێت لە سەر ئەم تاوانەش لیكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و دادگایی بكرێن.
لە كارەساتى كیمیابارانى هەڵبجەدا كورد جینۆسایدكرا،دەسەڵاتدارنى كورد بۆ خۆیان زەمینەى ئەو جینۆسایدەیان خۆشكرد بۆیە كار بۆ ناساندنى جینۆسایدى كورد ناكەن،دواى كارەساتەكەش بەرپرسانى ئەو كات و دەسەلاتدارانى ئەمرۆ لە رووى روحى و مادیەوە قەرەبووى خەڵكى هەڵەبجەیان نەكردەوە،لە ساڵانى 1994 -2003پیرۆزى و برینى ئەو شارەیان نەبینى و لە هەڵبجە و هەورامان و شارەزووردا چەندان جەولەى ترى شەرى براكوژیان بە توندترین شێواز و بۆ ماوەى دوورو درێژتر دووبارەكردەوە و جارێكى تر لە باتى رژێمى سەدام هەڵەبجەیان كۆمەڵكوژ كرد، دەسەڵاتدارنى كورد بنكە و بارەگاى رێكخراوە توندرەوەكانى سەر بە قاعیدەیان لە ناوچەى هەورامان جێگیركرد وساروخە پێشكەوتوەكانى ئەمریكایان لە دەریاى سوورەوە بەرەو گوندەكانى هەورامان ئاراستەى ئەو رێكخراوانە كرد، بەم شێوەیە بە چاوساغى دەسەڵاتدارنى كورد ئەمریكاش دواى عراق و ئێران و توركیا هێزى خۆى لە سەر خاكى كوردستان تاقیكردەوە وئەمریكاش جارێكى تر گوندەكانى هەورامانى وێرانكردەوە.ئەمەش تاوانگەلێكى ترى دەسەلاتدارانى باشورى كوردستانە بەرامبەر شارى هەڵەبجە و ناوچەى هەورامان ئەنجامیاندا،دەبێت لە سەر ئەم تاوانەش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێ و دادگاییبكرێن.
ساڵى 2006 لە یادى كارەساتى هەڵەبجەدا،هەموو پێكهاتەكانى شارى هەڵەبجە بۆ نارەزایى دەربرین لە سەر فەرامۆشكردنى خزمەتگوزارى شارەكەیان،رێپێوانێكى هێمنانەیان ئەنجامدا،هێزە چەكدارەكانى دەسەلاتى كوردى بە گوولە بەربوونە گیانى خەڵكانى بێچەكى بەشداربووى رێپێوانەكە و یەكێكیان لێ شەهید كردن و یانزە كەسیان برینداركرد و سەدان كەسیان بۆ ماوەى چەند مانگێك زیندانى كرد و هەزاران كەسیش لە ترسى گرتن و سەركوتكردنى دەسەڵات ،جارێكى تر هەلەَبجەیان بەجێهێشت و ئاوارە بوون.بەرپرسانى دەسەلات بەو كوشتن و برینداركردن و گرتن و راونانە تێریان نەخوارد و لە رێگەى كەناڵەكانى راگەیاندنیانەوە هەرەشەیان لە خەڵكى هەڵبجە دەكرد و داواى سزاى توندتریان بۆ دەكردن.ئەمەش تاوانێكى ترى نوێى دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستانە بەرامبەر بە خەڵكى هەڵبجە ئەنجامیاندا و دەهێنێ بۆ ئەم تاوانەش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و دادگایی بكرێن.
ڕووداوى هەڵهاتن و دیارنەمانى ئەو فڕۆكەوانەى كە بەرپرسى سربى فرۆكەكانى كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجە بوولە زیندانى ئاسایشى سلێمانى،ئەو لێكۆڵینەوە و بە دواچوونەى بۆ ئەو روداوە كرا و بێ ئەنجام مایەوە، هیچ كەس و لایەنێك لە سەر رووداوەكە لێكۆڵینەوەى لەگەڵ نەكراو كەس لە سەر كەمتەرخەمى و هاوكاریكردنى هەڵهاتنى فرۆكەوانەكە نەدرایە دادگا،ئەوەى سەلماند كە كە دەسەلاتداران بە ئاگاییەوە ئەو فڕۆكەوانەیان بەرداوە و سەلماندى كە دەسەلاتى ئەمرۆى باشورى كوردستان و دەسەلاتى بیست ساڵى پێش ئێستەى شۆرشى باشورى كوردستان،بەها و ماف و پیرۆزى نەتەوەى كورد و ئێش و ئازار و خۆشى و ناخۆشى گەلى كورد وخەڵكى هەڵەبجە بە سوپاسێكى سەرۆك خێڵێكى غەیرە كورد و بە پشتگیرى كۆنە بەعسیەك بۆ مانەوەى دەسەڵاتدارێك لە دەسەلاتدا دەگۆرێتەوە.ئەمەش تاوانێكى نەتەوەیى و ئەخلاقیە كەبەردەوام دەسەلاتدارانى باشور دژى گەلى كورد دەیكەن و دەبێ لە سەر ئەم تاوانەش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و دادگایى بكرێن.
  15-3-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە