کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


زێباریەكان و جەژنى نەورۆز لە یادەوەری پێشمەرگەیەكدا

Thursday, 25/03/2010, 12:00


ئەگەر هەر تاك و پێكهاتەیەك نیازى خۆپێشخستنى هەبێت،دەبێت باش لە خۆى و لە دەوروبەرى تێبگات،مرۆڤ كاتێك دەتوانێت لە خۆى تێبگات و كۆمەڵیش لێى تێبگات ،كە هەموو تێگەیشتنە نامۆ و ناكۆك و راست و ناراستەكانى خۆى و دەوروبەرى ئاشكرا بكات، بۆ ئەوەى هەموو كەس بتوانێت راست هەڵسەنگاندن بكات،باس كردنى ئەو هەڵوێست و تێگەیشتنە ناكۆك و نامۆ و راست و ناراستانەش هەندێك جار شتێكى تایبەتە و پێشێلكردنى مافى تاك و پێكهاتەى بەرامبەرە،بەڵام هەمیشە بەرژەوەندى گشتى لە سەرووى بەرژەوەندى تایبەتەوە بووە و ئێمەى كوردیش كە تا ئەمرۆ چەندان كێشەى گشتیمان هەیە،كە ببینین چارەسەركردنى كێشە گشتیەكان و بە دەستخستنى مافە گشتیەكان ئامانجى سەرەكیمانە و لە رێگەى باسكردنى چەندان تایبەتمەندى تاك و پێكهاتەى گەلى كوردەوە دێتەدى و هەر لەوێشە دەچینە سەر رێگەى چارەسەرى كێشە تایبەتەكان و وەرگرتنەوەى مافە تایبتەكانى تاك و پێكهاتەكان،ئەو كاتە دەگەینە ئەو بروایە كە باسەكەمان مەبستى ناوزراندن و چەواشەكردنى تێدا نیە.
لە كۆتایى حەفتاكاندا كاتێك خوێندكارى كۆلێژى پزیشكى زانكۆى موسڵ بووم،هاوپۆلێكى خەڵكى ناوچەى بادینانم سەماعەیەكى ئاڵتوونى هەبوو،وتم ئەو سەماعە بە نرخەت لە كوێ بوو،وتى ئەوە سەرۆك عەشیرەتەكەمان لە گەشتێكى ئەوروپادا بۆى هێناوم،وتم ئەو سەرۆك عەشیرەتەتان ناوى چیە؟ وتى ناوى ئەرشەد زێباریە،تا ئەو كاتە وامدەزانی پێوەندى نێوان سەرۆك عەشیرەت و ئەندامى عەشیرەت وەك پێوەندی نێوان كۆیلە و خاوەن كۆیلەیە و سەرۆك عەشیرەتم وەك دەعبا دەهاتە بەرچاو .
لە سەرەتاى هەشتاكاندا كاتێك چەكى پێشمەرگایەتیم لە شان كرد،بە هۆى ئەو هەواڵ و پرۆپاگەنداى لە ناو پێشمەرگەدا بلاودەبۆوە، دەربارەى عەشیرەتى زێبارى زۆر شتى خرابم بەرگوێ دەكەوت،دەیانوت ئەو عەشیرەتە هەر هەمویان جاشن، وا بَڵاوبوو لە كاتى شەرى نێوان پێشمەرگە و سوپاى رژێمى عراقداجاشەكانى زێبارى لووتكە شاخ و شوێنە ستراتیجیەكانیان بە قونترات لە سوپاى عراق وەردەگرن، یان هەموو هێزەكەیان لە ناودەچێ یان یان ئەو شوێنە ستراتجیانە لە دەستى پێشمەرگە دەسەنن و تەسلیمى سوپاى رژێمی دەكەن،ئەوانەو چەندان پرۆپاگەندى تر لە سەر عەشیرەتى زێبارى بەرگوێم دەكەوتن و لە گوێمەوە دەووچنە ناو مێشكم و لە مێشكمدا وێنەیەكى زۆر ناشیرین و نامرۆڤانەم لە سەر سەرتاپاى عەشیرەتى زێبارى پێ دروستدەكرد.
پاش راپەرینى بەهارى ساڵى 1991 كە گەرامەوە سلێمانى،لە نزیكەوە گوێم لە خەڵك دەگرت كە باسى فەرمانرەوایى پارێزگارەكانى سلێمانیان دەكرد،یەك لەو پارێزگارانە كە ناوى بە باش دەهات و خەڵك دەیوت ئیشى باشى بۆ سلێمانى كردووە،ئەرشەد زێبارى بوو،دیارە ئەرشەد یەك لە سەرۆك خێلەكانى عەشیرەتى زێباریە،پێشمەرگە واتەنى سەرۆك جاشیش بوو.لە ئەنجامى ئەو باس و خواسەى خەڵك لە سەر كارە باشەكانى ئەرشەد دەیكرد، خەریك بوو هەندێك گۆرانكارى لە هزرمدا بەرامبەر بە عەشیرەتى زێباری درووست ببێت.پاش هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان و پێكهێنانى حكومەتى هەرێم و دەستپێكردنى چالاكى دبلۆماسى كورد لە دەرەوەى وڵات، ناوى هووشیار زێباریم بیست، دەیانوت بەرپرسى پێوەندیەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستانە(پ د ك) و كەسێكى چالاكە و خاڵى سەرۆكى (پ د ك) مەسعود بەرزانیە،تا ئەو كاتە واى بۆ دەچووم هەموو زێباریەكان لەگەڵ حكومەتى عراقن و دوژمنى كوردن و دوژمنى عەشیرەتى بەرزان و ماڵى مەلا مستەفان،كەچى دەرچوو هووشیار زێبارى ئەندامى مەكتەبى سیاسى (پ د ك)یە و خاڵى مەسعود بەرزانیشە،من لە لاى خۆمەوە هەستم بە شەرم دەكرت كە چۆن بە هەڵە لە هەموو زێباریەكان تێگەیشتم و كەمێكیش دڵخۆش بووم بەوەى لە ناو عەشیرەتى زێباریدا خەڵكى باش هەیە.بەڵام كاك هووشیار زێبارى هەرزوو بێ ئۆمێدى كردم.
لە كۆتایى ساڵى 1993 دا كاتێك ئەندامى پەرلەمانى كوردستان بووم،رۆژێكیان جفرى ئارچەرى نوێنەرى جۆن مێجەرى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیا هاتە كوردستان و نامەیەكى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیاى بۆ سەرۆك وەزیرانى هەرێمى كوردستان هێنا،بە ئامادەبوونى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى هەریم (كۆسرەت رەسوڵ) ،بۆ بەخێرهێنانى نوێنەرى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیا، كۆبوونەوەیەكى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان رێكخرا،لەو كۆبوونەوەیەى پەرلەماندا جفرى ئارچەر نامەكەى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیاى دەخوێندەوە و هووشیار زێباریش بە شوێنیدا نامەكەى وەردەگێرایە سەر زمانى كوردى،هووشیار بە گوێرەى بەرژەوەندى حزبەكەى خۆى نامەكەى وەردەگێرا،بۆیە بە بەرچاوى هەموو ئەندامانى پەرلەمانەوە شەرمى نەكرد لە باتى ئەوەى بڵێت بەرێز سەرۆكى وەزیرانى هەرێم وەك لە نامەكەى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیادا هاتبوو، وتى بەرێز سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان،هووشیار زێبارى وا نامەكەى وەرگێرا كە سەرۆك وەزیرانى بەریتانیا نامەى بۆ سەرۆكى پەرلمەمانى كوردستان ناردووە نەك بۆ سەرۆك وەزیرانى هەرێمى كوردستان،هۆكارەكەش ئەوەبوو كە لەو كاتەدا سەرۆكى پەرلەمان پارتى بوو سەرۆكى حكومەت یەكێتى بوو.ئەو درۆ زلە حزبی و چەواشەكاریەى هووشیار زێبارى كە لە پەرلەمانى كوردستان كردى، جارێكى تر بە شێوەیەكى تر وێنەیەكى ناشیرینى عەشیرەتى زێبارى لە مێشكمدا درووستكردەوە.
هەر ئەو رۆژە دواى كۆبوونەوەكەى پەرلەمان، هووشیار زێبارى و حەمەتەوفیق رەحیم و دكتۆر عزەدین و من لەگەڵ جفرى ئارچەر چووین بۆ زانكۆى سەلاحەدین،جفرى ئارچەر پرسیارى لە خوێنكارانى زانكۆ دەكرد كە چیتان بۆ كورد دەوێت ؟ حوكمى زاتى؟ فیدراڵى؟ یان سەربەخۆیى؟ هەموو خوێندكارەكان دەیانوت سەربەخۆیى كوردستانمان دەوێت،دواى ئەو پرسیارانەى جفرى ئارچەر، لە دیوانى سەرۆكایەتى زانكۆى سەلاحەدین دانیشتین،جفرى ئارچەر بە هووشیار زێبارى وت ،خەڵكى ئێوە هەمووى داواى سەربەخۆیى دەكات،بۆچى ئێوە بە گوێرەى داواكارى خەڵكى خۆتان سیاسەت ناكەن و هەر باس لە حوكمى زاتى و فیدرالى دەكەن و داواى سەرەبەخۆیى ناكەن؟ هووشیار زێبارى حزبیانە وەڵامى پرسیارەكەى جفرى ئارچەرى دایەوە وتى: خۆ برادەرانى یەكێتیش(ى ن ك) داواى سەربەخۆیى كوردستان ناكەن،هێندەى تر رقم لە هووشیار زێبارى هەستا و هێندەى تر عەشیرەتى زێباریم لەبەرچاو كەوت.
ساڵى 2004 كاتێك هووشیار بوو بە یەكەم وەزیرى دەرەوەى عراق، یەكەم بریارى حكومەتى عراق ئەوەبوو كە (پ ك ك) و كۆنگرەى گەل(ك ج ك)ى وەك رێكخراوى تیرۆریستى ناساند،ئەمە لە كاتێكدایە كە توركیا چەندان جار داواى لە ولاتانى ناوچەیى و جیهانى تر كردووە بۆ ئەوەى (پ ك ك) وەك رێكخراوێكى تیرۆریستى بناسن،بەڵام كەمێك لەو وڵاتانە ئەو بڕیارەیان داوە.لەوەتەى هووشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عراقە، نە بۆ عراق و نە بۆ كورد، جێ پەنجەى لە كارى دبلۆماسیدا دیار نیە،ئەوە نەبێت بۆ دڵخۆشكردنى توركەكان جار نا جارلێدوانە سواوەكانى دووبارە دەكاتەوە و دەڵێت پ ك ك هێزێكى تیرۆریستە.
لە دواى رووخانى رژێمى سەدام و پێكهێنانەوەى عراقى نوێ و دامەزراندنى وەزارەتى بەرگرى عراق،بابەكر زێباری وەك پێشمەرگەیەكى كۆن و بەرپرسێكى (پ د ك) دەركەوت،بۆم رونبووەوە كە بابەكر پێشمەرگەى كۆنەو ئەندامى سەركردایەتى (پ د ك)یە و كاتى خۆشى كۆلیژى سەربازى عراقى تەواو كردووە،لە سوپاى نوێى عراقدا پلەى سەرۆكى ئەركانى پێدراوە،ئەمەش كەمێك دڵیخۆشیكردم و خەریك بوو تێگەیشتنم بەرامبەر بە زێباریەكان بگۆردرێت،بەڵام ساڵى 2008 كاتێك لە خانەقین و كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانى ترى كوردستان كێشە و تەنگژە لە نێوان سوپاى عراق و هێزى پێشمەرگەدا درووستبوو،بابەكر زێباریش وەك هووشیار زێبارى لە ئاست مافە نەتەوەییەكانى گەلى كوردا بێ ئۆمێدى كردم.
لەم ساڵانەى دواییدا دەمبیست و دەمبینى كەسێكى تر بە ناوى دیندار زێبارى نوێنەرى حكومەتى هەرێمە لە un))، گەیشتمە ئەو بروایەى كە ئەبێ ئەو كاك دیندارەش لە خزمەكانى سەرى دایكى سەرۆكى هەرێم بێت و ئەویش وەك هووشیار زێبارى و بابەكر زێبارى ئامانجیان چارەسەركردنى كێشەى كورد و پاراستنى دەسكەوتەكانى باشورى كوردستان نەبێت،ئامانجیان ئەوە بێت لە رێگەى ئەو پۆستانەوە دەسەڵاتى مەسعود بارزانی فراوان بكەن و هیچى تر.
ئەوەى پاڵى پێوەنام لەم كاتەدا لە سەر زێباریەكان بە یادەوەریەكانى خۆمدا بچمەوە،ئەو بریارەى نەتەوە یەكگرتوەكان بوو كە لە نەورۆزى ئەمساڵدا جەژنى نەورۆزى كردە جەژنێكى جیهانى چەندان گەل و نەتەوە و كوردى لێ بێبەش كرد،لە بریارەكەى un دا هاتووە كە ئەو جەژنە جەژنى چەندان نەتەوەى وەك فارس و ئەفغان وبلوجە و هى ترە،كەچى باس لەوە نەكراوە كە ئەو جەژنە جەژنى گەلى كوردیشە،منیش لە لاى خۆمەوە وتم هۆكارى فەرامۆشكردنى كورد لەو بریارەى unدا،بۆ لاوازى دبلۆماسیەتى كورد دەگەرێتەوە،لەبەر ئەوەیە نوێنەرەكەى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە نەتەوە یەكگرتوەكان دیندار زێباری بووە،كە زۆرتر بابەتەكە كارى تێكردم،بیرم كەوتەوە كە نوێنەرى دبلۆماسیەتى عرااقیش، عرااقى كورد و عەرەب و پێكهاتەكانى تر،هووشیار زێباریە،بۆیە لە بریارى فەرمیكردن و بە جیهانیكردنى جەژنى نەورۆزدا ناوى كورد لە (un) نەهاتوە،ئەگەر لە ئایندەشدا زێباریە بەرزانیەكان ئەو پۆستانە مۆنۆپۆڵ بكەن نەك لە un، لە هیچ ساحەیەكى ترى دبلۆماسیدا لە كوولەكەى تەریشدا ناوى كورد ناهێنرێت.
فائیق محەمەد گولًپى 25-3-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە