بۆچی هێزی گەریلا لە باشوری کوردستان دەکشێتەوە؟

Saturday, 07/02/2015, 12:00


لە سەرەتای مانگی ئۆگۆستی سالی ٢٠١٤ دا،دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان روبەروی هێڕشی داعش بوەوە و شەنگال و گوێر و مەخمور و شوێنیتر داگیرکران،هێزەکانی گەریلای رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان یەکسەر هاتنە ناو بەرەی شەر و بەربەستێکیان دژی هێرشی داعش دروستکرد و لە بەرگری و لە ئازادکردنی زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا، دژی داعش، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری شەریان کرد و سەدان شەهید و برینداریان دا.
بەرپرسانی سیاسی و سەربازی گەریلاکان، بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد تا مەترسی لەسەر دەسکەوتەکانی باشور بەردەوام بێت پاشەکشە بە هیزی گەریلا ناکەن و دژی داعش شەر دەکەن.بەلام شەوی رابوردو لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی گەریلای شەهید ئارمانج کوردی لە بناری قەندیل،کە لە شەری بەرگری کەرکوکدا دژی داعش لە گوندی تەلوەرد بریندار بوبو و رۆژی ٦-٢- شەهید بوو،موراد قەرەیلانی ئەندامی کۆنسەی بەریوەبەرایەتی K C K ،رایگەیاند دەربارەی پاشەکشەپێکردنی هیزەکانایان لە بەرەکانی شەر لە باشوری کوردستان گفتوگۆ دەکەن.
چاودێرانی سیاسی وایبۆدەچن چەند هۆکارێک هەبن بۆ پاشەکشەپیکردنی هێزەکانی گەریلا لە بەرەکانی شەری دژی داعش،ئەگەر نا دەبوایە داعش زۆر لاواز بوایە و مەترسی دروستنەکردایە بۆ سەر هەرێم و پیشمەرگە زۆر بەهێزبوایە و چیتر وەک جاران پێویستی بە هاوکاری هێزی گەریلا نەبوایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعش،ئەو کات گەریلا پاشەکشەی بکردایە.بەلام چاودێرانی سەربازی هەرێمی کوردستان لەو باوەرەدا نین کە لەم کاتەدا هێزی پیشمەرگە لەو ئاستەدا بێت پیویستی بە هاوکاری و پشتیوانی گەریلا نەبێت و مەترسی لەسەر هەرێم نەمابێت،کەوابو هۆکاری تر لە پشت هەلویستی نویی بەرپرسانی بالای K C K وە هەیە بۆ ئەوەی گەریلا لە بەرەی شەری دژی داعش بکێشنەوە.
یەک لەو هۆکارانەی پالی بە بەرپرسانی K C K ناوە بیر لە گفتوگۆی پاشەکشەی گەریلا بکەنەوە،هۆکاری سیاسیە،لە دروستبونی شەری داعشەوە دژی دەستکەوتەکانی رۆژئاوا و باشور کوردستان،بەرپرسانی K C K داوای کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی و هیزی هاوبەشی نەتەوەیی دەکەن لە هەرێمی کوردستان،بۆ ئەوەی کورد باشترخۆی ریکبخات وبتوانێت بە باشی روبەروی تیرۆری داعش ببێتەوە ،بەلام لایەنە بەرپرسەکانی باشور تا ئەمرۆ بە فەرمی وەلامی داخوازیەکانی K C K نادەنەوە و هیچ هەنگاوێکیان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی و هیزی پاراستنی نەتەوەیی نەناوە و تەنانەت هیزە حزبیەکانی باشوریشیان بە تەواوی لە ناو وەزارەتی پیشمەرگەدا ریکنەخستوە..
هۆکاریکی تری هەلوێستی نوێی بەرپرسانی K C K بۆ پاشەکشەپێکردنی گەریلا،بۆ ئەو بێمنەتیەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە بەرامبەر بە فیداکاری و قوربانی گەریلاکان لە شەرەکانی روبەروبونەوەی داعشداپیشانی دەدن ،لە کەنالەکانی راگەیندنی باشوردا رۆلی گەریلا و فیداکاریەکانی و قوربانیەکانی باس ناکرێت و پشتگوێ دەخرێت،وا دەردەکەوێت لە دابینکردنی پیویستی سەربازی و لۆجستیکی گەریلادا لایەنی بەرپرس کەمتەرخەمی دەکەن و بە ئەرکی خۆیان هەلناسن.
هۆکاریکی تری گفتگۆی پاشەکشەی گەریلا لە بەرەکانی شەر،بۆ ئەو هەلویستە نادیمکرات و نا یاساییە دەگەرێتەوە کە بەرپرسانی هەریمی کوردستان بەرامبەر بە دۆست و لایەنگرانی K C K لە هەرێمی کوردستان پەیرەوی دەکەن.لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ دەسەلاتدارانی هەرێم بە مۆلەت پێنەدانی چالاکی سیاسی و زیندانکردن و تۆمەت بۆ دروستکردن و هەندێک جار بە زەبروزەنگی چەکداری روبەروی ئەو رێکخستن و کەسایەتیە سیاسیانە بونەتەوە کە دۆست و لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان بون.ماوەی ٣ مانگ زیاترە رێکخستنێکی سیاسی بە ناوی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان لە کوردانی باشوری کوردستان دروستبوە، لەو کاتەوە داوای مۆلەتی کاری سیاسیان لە حکومەتی هەریم کردوە،بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ وەلامی داخوازی تەڤگەر نادانەوە و مۆلەتی کاری نادەنێ، لەبەر ئەوەی ئەو تەڤگەرە لە روی فکریەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نزیکە.
دامەزراندنی ئەنجومەنی یەزیدیەکان لە مانگی رابوردودا لە لایەن کۆمەلێک جالاکی یەزیدی لە شەنگال و دەوروبەریدا،تورەبونێکی توندی زۆربەی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم و پارتی دیمۆکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و وا لێکدرایەوە کە ئەمە پیلانی K C K یە بۆ دەستخستنە ناو کاروباری باشوری کوردستانەوە و پەسەند ناکرێت،ئەم هەلویستەی بەرپرسانی باشور بەرامبەر بە ئیرادەی ئەنجومەنی یەزیدی و تومەتبارکردنی P K K بە دابەشکردنی باشوری کوردستان لە رێگەی ئەو ئەنجومەنەوە بەرپرسانی K C K ی نیگەران کرد.
لە رۆژی ٢٥-١-٢٠١٥ ئەندامێکی بەریوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان بە ناوی حەسەن سالح زاخۆیی لە لایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستگیرکراوە و بیسەروشوێن کراوە،چالاکی چەند مانگی رابوردوی حەسەن سالح ئەوەبوە کە سەرپەرشتی هێنانەوەی تەرمی ئەو گەریلا شەهیدانەی باشور و رۆژهەلاتی کوردستانی کردوە کە لە رۆژئاوای کوردستان و لە شەنگال شەهید بوون،دەسەلاتدارانی دەڤەری زاخۆ مەرجیان بۆ ئازدکردنی حەسەن زاخۆیی ئەوەیە کۆتایی بە چالاکی سیاسی خۆی بێنێت لەگەل تەڤگەر و کورەکانیشی کە بەقسەی ئاسایشی زاخۆ لەگەل P K K کار دەکەن بگەرێنێتەوە و تەسلیم پارتیان بکاتەوە.
بە بروای من ئەمانەی ئامەژەم پێکردن بەشێک لەو هۆکارانەن کە گرژی و دورکەوتنەوەی لە نێوان بەرپرسانی هەرێم(بە تایبەتی پ د ک) و بەرپرسانی K C K ،دروستدەکردوە.هیوادارم بەرژەوەندی بالای نەتەوەیی کورد و پێشخستنی سیستەمی دیمۆکراسی هەرێم ،ببنە فاکتەری لێکتێگەیشتن و ریکەوتنی هیزە سیاسیەکانی کوردستان بە گشتی و کۆما چڤاکێ کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی.
د.فایق گۆلپی ٧-١-٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە