کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


قانعى فەرد ناتوانێت لە رێگە كارەساتى هەڵەبجەوە یەكێتى نەتەوەیى كورد تێكبدات

Wednesday, 11/04/2012, 12:00







لە سایتى كوردستانپۆستدا وتارێكى (هاورێ قەندیل)م خوێندەوە،لە وەڵامى ئەوبۆچونانەى قانعى فەردا نوسیبوى كە لە تەلەفزیۆنى ئەندێشەى فارسى دەربارەى دۆزى كورد دركاندبونى،دواى خوێندنەوەى وتارەكە، سەیرى دیدارەكەى قانعى فەردم كرد.لە وەڵامى پرسیارى پێشكەشكەرى بەرنامەكەدا،هەرچى بشَى و نەشێ قانعى فەرد بە شۆرشى هەرچوارى پارچەى كوردستانى دەكات و داكۆكیەكى زەق و بێ لەزەت لە سیاسەتى داگیركەرانى كوردستان دەكات، كورد بە ئێرانى لەقەلەم دەدات،ئازادى و سەربەخۆیى كوردستان بە چەمكیكى كۆن و دواكەوتوانە(عەقەبمەندە) دەبینێت و گۆمان دەخاتە سەر شەهیدكردنى دكتۆر قاسملۆ لە لایەن ئێرانەوە و زۆر شتى تریش.
من نامەوێت بە وەڵامى هەموو بۆچونە دواكەتوەكانى(عەقەبمەندانەى) كەسێكى خزمەتكارى داگیكرانەوە خۆم خەریك بكەم،لەبەر ئەوەى خەلكى كورد ئەمرۆ هوشیارە و بروا بەو تێراونینانەى قانعى فەرد ناهێنێت و گاڵتەى بەو جۆرە بۆچونانە دێت،تەنها دەمەوێت لەسەر قسەكانى قانعى فەرد كە دەربارەى كارەساتى كیمیابارنى هەڵەبجە و هەڵوێستى حزبەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان كردنى، قسە بكەم.
1.من وەك یەك لەو كەسانەى كە نزیكەى بیست كەس لە بنەماڵەكەمان لە كارەساتى كیمیابارانى هەڵبجەدا شەهید بون و بۆ ماوەیەكیش سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیابارانى هەڵەبجە بوم و ئەندامى خولى یەكەمى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان بوم،بە هیچ شێوەیەك رازى نابم كەسێكى وەك قانعى فەردى خزمەتكارى داگیركەرانى كوردستان ناوى هەڵەبجە و كارەساتى هەڵەبجە بهێنێت و هەڵەبجەى پیرۆز گڵاو بكات و هەوڵبدات لە رێگەى هەڵەبجەوە زیان بە یەكێتى نەتەوەیى گەلى كورد بگەیەنێت.
2.لە كاتى كارەساتى كیمیابارانى هەلەبجە و ئەنفالدا،لەگەڵ ئەوەشدا كەحزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران(حدكا) و كۆمەڵەى زەحمەتكێشان، بارى سیاسى و سەربازیان باش نەبو،بەڵام ئەوپەرى هاوكارى خەڵكى لێقەوماوى باشورى كوردستانیان كرد، هەزاران پێشمەرگە و خەڵكى مەدەنى باشورى كوردستانیان لە هەڵمەتى ئەنفالى بەعس پاراست، چەندان كەسیان بە نهێنى لە گەرمیان و قەرداخەوە گەیاندە ناوچە رزگاركراوەكانى نزیك سنور.
3.جونەسن راندلى نوسەرى ئەمریكى دۆستى كورد، لە كتێبى كڵۆى نەتەوەیەكدا(الامە فى شقاق) باش باسى لەوە كردوە كە شەهید قسملۆ لەسەر تاوانەكانى رژێمى بەعس دەرهەق بە كوردى باشور،بەبەردەوامى سەفارەتى ئەمریكاى ئاگادار كردوەتەوە.
4.بە گوێرەى زانیارى بەشدارانى راپەرینى بەهارى ساڵى 1991 لە رانیە، پێشمەرگەكانى كۆمەڵەى زەحمەتكێشانى رۆژهەڵاتى كوردستان،شانبەشانى برا پێشمەرگەكانى باشورى كوردستان دژى بنكە و بارەگاكنى رژێمى سەدام بەشدارى راپەرینان كردوە و رۆڵیان هەبوە لە راماڵینى پۆستاڵى رەشى داگیركەراندا .
بۆیە ئەو قسانەى قانعى فەرد لە چاوپێكەتنەكەدا گوایە حزبەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان دەربارەى كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجە هەڵوێتسان نیشان نەداوە و پیاوى رژێمى عراق بونە،لە راستیەوە دورە،ئەو هەوڵانەى قانعى فەرد بۆ تێكدانى ریزى یەكێتى نەتەوەیى گەلى كوردە،وە بە تایەبتى بۆ ناشیرینكردنى هێزە سیاسیەكانى رۆژهەڵاتى كوردستانە لە بەر چاوى خەڵكى باشورى كوردستان،بەڵام با قانعى فەرد و ئاغاكانى باش بزانن كە ئەو جۆرە هەوڵانە هیچ ئەنجامێكیان نابێت .
لە كۆتاییدا ماوەتوە بڵێم ئایا بەرپرسانى سایتى كوردستانپۆست بە چ مەبەستێك ئەو كاسێتەى قانعى فەردیان داناوە؟ ئایا سایتى كوردستانپۆست بەرامبەر بەو سوكایەتیەى قانعى فەرد بە گەلى كوردى دەكات رەئیان چیە؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە