کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئێران و هندوراس و كوردستان،مەسعود بەرزانى و دادگا و هێزى پێشمەرگە

Saturday, 11/07/2009, 12:00


ساڵى 1979 لە راپەرینێكى جەماوەریدا بە ریبه‌رایه‌تی ئیمام خومەینى رژێمى شاى ئێران رووخا و كۆمارى ئیسلامى ئێرانى ئاواكرا،پێش راپەرینى گەلانى ئێران دژى رژێمى شا،ئیمام خومەینى بیرمەندى مەزهەبى رێبازى شیعەگەرایى نوێ و سەركردەى رووحى و سیاسى خەڵكى راپەرێوى ئێران بوو،كاتێك شۆرشى ئیسلامى ئێران سەركەوتنى بە دەستهێناو خۆى كردە دەسەڵات، ئیمام خومەینى و بنەماڵەكەى نزیكى فەرمانرەوایى ئێران نەكەوتن و بۆ هەموو لایەكیان سەلماندا كە لە شۆرشیان لە پێناوى دەسەڵاتدا نەكردووە.
لە باشورى كوردستانیشدا عەشیرەتى بەرزان و بنەماڵەى مەلا مستەفاى بەرزان یەك لەو پێكهاتانەى كوردستانن كە لە چلەكانەوە لە چالاكى بەرخۆدانى نەتەوەییدا لە پێشى پێشەوە جێگەیان گرتوە،ئەگەر باس لە كەم و كورى و شكستەكانى ئەو پێكهاتە سیاسیە نەكەین و تەنها ئەوە بڵێین كە راپەرین لە ئەنجامى شكستى دەرەكى رژێمى بەعس و خۆئامادەكردنى خەڵك و بێ خەبەرى چەندان لایەنى سیاسى وەك پارتى دیموكراتى كوردستانى بەرزانیەكان لە دایك بوو،ئەوا ئەگەر بنەماڵەى بەرزانى لاسایى بنەماڵەى خومەینى نەكەنەوە و دەست لە دەسەڵات وەربدەن و لە پێناوى دەسەڵاتدا شۆرشیان كردبێت و داواى پاداشتى تێكۆشانى رابوردوویان بكەن، بۆیان نیە ببنە تاقە سەركردە و رابەر و فەرمانرەواى باشورى كوردستان،وەك لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ لە ژێر سایەى شەرعیەتى خەباتى شاخ و شەرى ناوخۆیى و فروفێڵى هەڵبژاردن و خۆگرێدان بە داگیركەرانى كوردستانەوە دەستیان گرتووە بە سەر دەسەڵاتى هەرێمى كوردستاندا و بەردەوامی بە فەرمانڕەوایى خۆیان دەدەن و ئامادەكاریش دەكەن بۆ ئەوەى لە رێگەى دەستورێكى نادیموكراتى و حزبیەوە ئەو فەرمانرەواییە ئەبەدى بكەن،ئەگەر بە گوێرەى برى تێكۆشان و قوربانیدان بێت،ئەگەر بە گوێرەى بڕى هەڵە و كەم و كورى و بەفێرۆدانى هەلى گونجاوى چار ەسەركردنى كێشەى كوردیش بێت،بنەماڵەى مەلا مستەقاى بەرزانی تەنها مافى ئەوەیان هەیە وەك یەكێك لە پێكهاتە تێكۆشەرەكانى بزووتنەوەى رزگارى نیشتمانى كوردستان سەیر بكرێن و لە كۆمەڵگاى كوردستاندا پلەو پایە و شوێنى خۆیانیان هەبێت،نەك وەك ئێستە كە هەموو لایەنێكى ژیانى گەلى كوردیان قورخ كردوە و بە نیازن لە ئایندەشدا لە سەر خۆیان تاپۆى بكەن.لە سیاسەتى سەردەمدا شۆرشگێر و نیشتمانپەروەرەكان ئەو كاتە دەبنە شۆرشگێر و نیشتمانپەروەرى راستەقینە كە بێ بەرامبەر كار بۆ ئازادى نەتەوە و نیشتمان بكەن،وەك بنەماڵەى ئیمام خومەینى لە ئێران، نەك وەك بنەماڵەى بەرزانى لە باشورى كوردستان كە لەبەر ئەوەى خەباتى چەكداریان كردووە ئتر دەبێت تا هەتا هەتایە ئەوان بیرمەند و پادشا و بەرێوەبەرى و گەلى كوردستان بن.
لە 28-6-2009 دادگاى بالاى ولاتى هندۆراس بریارى لە سەركار لابردنى سەرەك كۆمارى وڵاتەكەیانى دەركرد و سوپاى ولاتى هندۆراسى راسپارد كە لە سەركارلادانى (زیلایا) ى سەرۆك كۆمار ئەنجام بدات،سوپاى هندۆراسیش لە ماوەیەكى كورتدا دەستى بە سەر كۆشكى كۆماریدا گرت و سەرەك كۆمارى لە شوێنى خۆى لابرد و رەوانەى ولاتى كوستاریكاى كرد و سەرۆكى پەرلەمانى ولاتەكەیانى كردە سەرەك كۆمارى كاتى وڵات و بریارى دا لە مانگى سپتەمبەرى ئەمساڵدا هەڵبژاردنى سەرەك كۆمارى نوێ ئەنجام بدرێت.هۆكارى بریارى دادگا بۆ لە سەر كار لادانى زیلایا ئەوەبوو كە زیلایا ئامادەكارى دەكرد بۆ ئەوى ریفراندۆمێك بكات لە سەر ئەوەى كە رێگەى پێبدرێت بۆ خولێكى تر خۆى بۆ پۆستى سەرەك كۆمارى بپاڵێوێت،بە گوێرەى دەستورى ولاتى هندۆراس ئەم ریفراندۆمە لادانە لە سیستەمى دیموكراتى ولات و هەوڵدانە بۆ پێشخستنى سیستەمى دكتاتۆرى و لەگەڵ بنەماكانى دەستورى هندۆراسدا ناكۆكە،بۆ پارستنى سیستەمى دیموكراتى و بۆ پابەندبوون بە دەستورى ولاتەوە و بۆ رێگە گرتن لە هەر لادانێك، دادگاى هندۆراس ئەو بریارەى وەرگرت و سوپاش بریارەكەى جێبەجێكرد و سەرەك كۆمار لە سەر كار لادرا.
لە 4-5 -2009 دا مەسعود بەرزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان داواى لە پەرلەمانى هەرێمى كوردستان كرد كە لەمەو دوا هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم راستەوخۆ لە رێگەى خەڵكەوە بێت،ئەم داوایەى سەرۆكى هەرێم بە پەراوێزخستنى پەرلەمان و تاكرەوى سەرۆكى هەرێم و ئاستەنگ كردنى سیستەمى دیموكراتى هەرێمى كوردستان دەژمێردرێت،ئەو داوایەى سەرۆكى هەرێم بە واتاى ئەوە دێت كە سیستەمى فەرمانرەوایى لە هەرێمى كوردستاندا سیستەمێكى سەرۆكایەتیە و دژى دەستورى كۆمارى عراقى فیدرڵە كەسیستەمەكەى پەرلەمانیە و سەرۆكى ولات لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەژێردرێت،دژى ئەو دەستورەیە كە برێك ماف و دەسكەوتى گەلى كوردى تێدا گەرەنتى كراوە،بەڵام لە كوردستاندا بەرامبەر بە داواكاریە نارەوا و ناوەندگەراو دژە دیموكراتى و دژە دەستوریەكەى سەرۆكى هەرێم نە پەرلەمان نارەزایى نیشاندا،نە دادگا بریارێكى دەركرد ونەپێشمەرگەش ئامادەیى لادانى سەرۆكى هەرێمى نیشاندا.
  4-7-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە