کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


چۆن ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى،چالاك بكەینەوە؟

Friday, 29/04/2011, 12:00






ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى،لە رۆژانى 20.21.-2 -2011 دا لە لایەن چەندان گروپ و كەسانى ناو خۆپیشاندان و نارەزاییەكانى رۆژانى 17-2 و دواییە وە پێكهێنرا،ئامانج لە پێكهێنانى ئەو ئەنجومەنە رێكخستنى كۆبونەوە نارازییەكانى بەردەركى سەراى سلێمانى بو بەرامبەر بە دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان،بۆ ئەوەى كۆبونەوە و نارەزاییى نیشاندانەكە لە رێرەوى توندتیژى و هەڵكوتانە سەر بنگەو بارەگاكان دوربخاتەوە،ئامانجێكى ترى ئەنجومەن كۆكردنەوە و ئامادەكردنى داواكارى خەڵكى نارزاى هەرێمى كوردستان بو،تا بە شێوەیەكى رێك و پێك و داواكاریەكان پێشكەشى دەسەلاتى هەرێمى كوردستان بكات بۆ جێبەجێكردنیان.
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى بۆ ماوەى 2 دومانگ سەرپەرشتى چالاكیە جەماوەریەكانى پارێزگاى سلێمانى كرد و لەگەڵ ئەنجومەنى شارەكانى دەوروبەرى سلێمانى تەنسیقى دەكرد بۆ ئەنجامدانى چالاكى مەدەنى،لەو ماوەیەدا كەسەرپرشتى چالاكیەكانى دەكرۆد زۆر هەوڵیدا چالاكوانان شەهید و برینداریان نەبێت،لە كاتى چالاكیدا رۆشنبیرى سكۆلار و زاناى ئاینى پێكەوە كۆكردەوە و بۆ ئامانجەكانى خەڵكى كوردستان لە منبەرى مەیدانى ئازادیەوە تێكۆشانى مەدەنیان دەستپێكرد،مەیدانى ئازادى لایەنە ئۆپزسیۆنەكانى هەرێمى كوردستانى بۆ ماوەى دوو مانگ لە جاران زیاتر لە یەك نزیككردەوە،مەیدانى ئازادى بۆ ماوەى دو مانگ ئیسلامى و كۆمونیست، نەتەوەیى و لیبراڵەكانى كوردستانى لەگەڵ یەكتر كۆكردە وە هەمویانى خستە بەرەى گەلەوە،مەیدانى ئازادى بۆ ماوەى دو مانگ گەنجان و خەڵكى بە تەمەن و ئەزموندارى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ یەكتر كۆكردەوە و هەمویانى بۆ تێكۆشانى مەدەنى تەیار كرد،مەیدانى ئازادى ژنى سنورى پارێزگاى سلێمانیشى هێنایە سەرشەقام و شانبەشانى پیاوان كردنیە خاوەن بریار و وەك ژنانى وڵاتانى ترى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەراست بەشدارى راپەرین و شۆرشى سپى خەڵكى كوردستانیان كرد.
كاتێك ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى داواكاریەكانى خەڵكى كوردستانى پێشكەشى دەسەڵات كرد و پەرلەمانى كوردستان وەفدێكى ناردە لاى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى، كارو چالاكیەكانى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى گەیشتە لوتكە، كاتێك ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى پێوەندیەكانى خۆى لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا پێشخست و نوێنەرى بزووتنەوەى گۆران،یەكگرتوى ئیسلامى،كۆمەڵى ئیسلامى، كۆمۆنیستى كرێكارى و پارتى چارەسەرى بە شێوەیەیكى فەرمى بونە ئەندامى ئەنجومەن، كارو چالاكیەكانى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى پێشكەوتنێكى باشترى بە خۆوەدى.لە 26-2 بە دواوە،دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان لە ئاستى جیاوازدا هەوڵیاندا نوێنەرانى ئەنجومەن ببینن و راستەوخۆ لەسەر داواكاریەكانى خەڵك گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن،ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى جێبەجێكردنى داواكاریە هەنوكەییەكانى كردە پێشمەرج بۆ دانیشتن لەگەڵ دەسەڵات،گرنگترین خاڵى داواكاریە هەنوكەییەكانیش دەستگیكردنى بكوژانى شەهیدەكان بو،كاتێك دەسەڵات ئەو مەرجەى جێبەجێنەكرد،گفتوگۆى نێوان ئەنجومەن و دەسەلات پێكنەهات.ئەمانە كۆمەڵێك دەسكەوتى دو مانگى تەمەنى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى بو،كە ئاشتى كۆمەڵایەتى لە ناو كۆمەڵگاى كوردستاندا بە باشترین ئاست گەیاند،ناكۆكى نێوان گەنج و خەڵكى بە تەمەنى بە نزمترین ئاست گەیاند،نیشانیدا كە لە كۆمەڵگاى كوردستاندا سكۆلار و ئاینى ئیرادەیان هەیە دور لە ئایدۆلژیا و بەرژوەندى حزبى كێشەكانى خەڵك چارەسەربكەن و نمونەى حوكمێكى دیموكراتیان بۆ ئایندەى هەرێمى كوردستان نیشاندا،لە ماوەى ئەو دو مانگەدا چەمكى دیموكراتى راستەوخۆ،بریاردانى راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە بە بێ پشتبەستن بە دیموكراتى نوێنەرایەتى،بە جوانترین شێوە ئەنجامدرا.
لەبەر ئەوەى ئەنجومەن بە شێوەیەكى كتوپرَ پێكهات،كەسانى جیاوازى لە ئاستى رۆشنبیرى و ئایدۆلۆژى و ئەزموندا لە خۆى كۆكردبوەوە،وە دەرگاى ئەنجومەن كراوەبو بۆ وەرگرتنى ئەندامى نوێ،رۆژانە چەندان كێشە دەهاتنە رێگەى ئەنجومەن و زۆربەى كێشەكان بە بێ چارەسەرى دەمانەوە،زۆرى ئەو كێشانە واى لە چەندان ئەندامى چالاك كرد ریزەكانى ئەنجومەن بە جێبهێڵن و واى لە هەندێكى تر كرد بۆ هەلێك بگەرێن بۆئەوەى ئەنجومەن كۆتایى بە كارەكانى بێنێت.دواى ئەوەى ئێوارەى 17-4 هێزە ئەمنیەكانى پارێزگاى سلێمانى كۆنترۆڵى مەیدانى ئازادیان كرد و سەكۆى وتاردانەكەیان گرتێبەردا،كارو چالاكى ئەنجومەن چوە قۆناغێكى ترەوە،بۆ رۆژانى دواتر هەوڵدرا مەیدانى ئازادى لە دەستى هێزە ئەمنیەكان وەربگێرێتەوە،بەڵام شیەهیدێك و دەیانبریندارى لێكەوتەوە،رۆژى 19-4 ئەنجومەن بریاریدا پشتیوانى چالاكى خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى بكات و لەگەڵ خوێندكاران بچنە بەردەم دادگاى سلێمانى،بەڵام بریارى لێژنەى ئەمنى پارێزگاى سلێمانى بە رێگەگرتن لە خۆپیشاندانى بێ مۆڵەت و دابەزاندنى هەزاران چەكدار بۆ بەردەم و دەوروبەرى دادگا،بەرنامەكەى ئەنجومەنى پەكخست.لەو رۆژەوە تا بەروارى 26-4 ئەنجومەن كارێكى ئەوتۆى پێنەكرا،رۆژى 26-4 -2011 ،31 سى ویەك كەس لە ئەندامانى ئەنجومەنى كاتى،كۆبونەوەیەكمان كرد و دەربارەى چارەنوس و ئایندەى ئەنجومەن قسە كرا،سێ بۆچون لەسەر چارەنوسى ئەنجومەن هەبو،هەڵوەشانەوەى ئەنجومەن،ئەو كەسانەى ئەم بۆچونەیان هەبو ئەوانە بون دەیانوت ئەنجومەن تایبەت بوە بە مەیدانى ئازادیەوە و ئێستە مەیدانى ئازداى داگیركراوە و ئتر بەڵگەى مانەوەى ئەنجومەن نەماوە،هەڵگرانى ئەم بۆچونە ئەو كەسانە بون كە كێشەچارەسەرنەكراوەكانى ناو ئەنجومەنیش نێگەرانى كردبون و دەیانویست بە زوترین كات لە كێشەكان دوربكەونەوە.بۆچونى دوەم ئەوەبو كە ئەنجومەن لە سەر كارەكانى خۆى بەردەوام بێت و لە روى رێكخستنەوە خۆى رێكبخاتەوە و داواكاریەكانى خەڵكى كوردستان بكاتە بەرنامەى كار و چالاكى ئایندەى،ئەگەرچى لەم كاتانەدا مەیدانى ئازادى داگیركراوە،بەڵام ئەو داواكاریانەى خەڵكى كوردستان كە ئەنجومەن دابونیە دەسەلات پێویستى بە هێزێكى رێكخراو هەیە كارى لەسەر بكات و بیگەیەنێتە ئامانج .ژمارەیەكى ترى ئەندامانى ئەنجومەن بروایان وابو بۆ ماوەیەكى كاتى كارەكانى ئەنجومەن سڕبكرێت و لەو ماوەیەدا كەس بە ناوى ئەنجومەنى كاتیەوە لێدوان نەدات بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن،بەڵگەى ئەم كەسانە بۆ سڕكردنى ئەنجومەن ئەوەبو رەوشى هەرێم پێویستى بە هێوركردنەوەیە و زۆر كەس بە ناوى ئەنجومەنەوە لێدوانى ئاگرین بڵاودەكاتەوە، بۆ رێگرى لە دروستبونى پشێوى زیاتر سرَكردن(هەڵپەساردنى) ئەنجومەن بریارێكى گونجاوە.ئەم سێ بۆچونە لە كۆبونەوەكەدا خرانە دەنگەوە،سڕكردنى ئەنجومەن زۆرترین دەنگى هێنا و لە هەمان رۆژدا ئاكاداریەك بڵاوكرایەوە كە ئەنجومەن سڕكراوە،بەڵام ماوەى سركردنى ئەنجومەن دیارى نەكرا.
ئەوەى دواى كۆبونەوەكە بینیمان ئەوەبو دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان و هێزە ئەمنیەكانى پارێزگاى سلێمانى لە سەر بریار و كارى خۆیان بەردەوامن بۆ دەستگیكردن و راونانى كەسە چالاك و دیارەكانى ئەنجومەن،هەر رۆژى دواى سڕكردنەكە،ئاسایش هەوڵى دەستگیركردنى فاروق رەفیق و چەند ئەندامێكى ترى ئەنجومەنى داوە ، رۆژى 28-4 ئاسایشى سلێمانى مامۆستا رزگارى دەستگیكرد لەبەر ئەوەى كەسێكى چالاكى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى بو لە دروستكردنى مەنەسەكەى مەیدانى ئازادیدابەشدارى كردبو.ئەمە سەرەراى ئەوەى رۆژانە چەندان روداو و پێشهاتى تر دێنەپێشەوە و پێوەندیان بەو كەسانەوە هەیە كە ئەندامى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى بون،وەك راپۆرتى راستیەكان كە لێژنەیەكى لێكۆڵینەوە ئامادەى كردوە.
ئەو روداوانەى لە رۆژانى 17-2 دواتر لە هەرێمى كوردستاندا هاتنە پێشەوە،روداوى سیاسى بون،پێویست بوو رێكخراوى سیاسى و كەسایەتى سیاسى هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەن،بەڵام كارو چالاكیەكانى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى،لە لایەكەوە بە هزرى رۆشنبیرانە و ئایدۆلۆژیانە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا كرا،لە لایەكى تریشەوە كاریگەرى هەر سێ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكەى لەسەربو، وە بەرنامەى ئەنجومەن و بەرنامەكەى ئۆپۆزسیۆن لە یەكەوە دوربون،بۆیە لە كاتى بریارو چالاكیدا كۆمەڵێك كێشەى رۆژانە دەهاتنە پێشەوە و بە بێ چارەسەركردن دەمانەوە.
روداوەكانى دواى دورۆژى هەلّپەساردنى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى دەیسەلمێنێت، كە درێژەدان بە كارو چالاكى ئەنجومەن پێویستە،بۆیە هەڵوەشانەوەى بریارى هەڵپەساردنى ئەنجومەن و چالاك كردنەوەشى پێویستە.بۆ ئەوەى كاروچالاكیەكانى ئەنجومەن بە باشى بەرێوەببرێت،باشترە لەمەوداو ئەو ئەنجومەنە بە عەقلێكى سیاسی كارو چالاكیەكانى بەرێوەببرێت و ئەنجومەن لە ژێركاریگەرى هزر و ئایدۆلۆژیاى ئۆپۆزسیۆن دەربهێنرێت وپێوەندى دبلۆماسى لەگەل َلایەنەكانى ئۆپۆزسیۆندا دروستبكرێت .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە