کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


كاك ئەبوبەكر عەلى،نەموت ئەكەپە(akp) دەیەوێت لاسایى ئەرتەشى تورك بكاتەوە

Saturday, 29/10/2011, 12:00






ئێوارەى 11-9-2010 لە كەناڵى تەلەفزیۆنى k n nلە بەرنامەى ئاراستەدا، كە براى رۆژنامەوان كاك محەمەد رەوف ئامادە و پێشكەشى دەكات،لەگەڵ كاك ئەبوبەكر عەلى میواندارى كرابوین،بابەتى ئەو بەرنامەیە لە سەر پرۆژەى ریفۆرمى چەند بەندێكى دەستورى توركیا بو كە لە لایەن پارتى داد و گەشەپێدان (ئە كە پە) ەوە ئامادەكرابو و بۆ رۆژى دوایى لە لایەن خەڵكى توركیاوە راپرسى لەسەر دەكرا.بەرامبەر بە پرۆژە ریفۆرمخوازەكەى ئە كە پە،3 سێ هەڵوێستى جیا هەبو،ئە كە پە داوای لە خەڵكى توركیا دەكرد دەنگ بە پرۆژەكەیان بدەن، پارتە نەتەوەپەرستەكانى توركیا داوایان لە خەڵكى توركیا دەكرد دژى برۆژە ریفۆرمخوازەكەى ئەكەپە دەنگ بدەن،هەرچى پارتى ئاشتى و دیموكراتى و لایەنگرانى بزاڤى ئازادیخوازى گەلى كوردبو،نە لەگەڵ پرۆژەكە بو نە لە دژى دەوەستا،بەم شێوەیە كورد لە توركیا هەڵوێستێكى تایبەتى هەبو نە لەگەڵ ئەكەپە بو نە لەگەڵ پارتە نەتەوەپەرستەكان بو.
پرۆژە بە ناو ریفۆرمخوازەكەى ئەكەپە حزبە سیاسەكان و دەسەڵاتى هەرێم و خەڵكى باشورى كوردستانیشى هەژاندبو،زۆربەى لایەنە سیاسیەكانى هەرێمى كوردستان، لەگەڵ پرۆژەكەى ئەكەپە بون و بە ئاشكرا و بە نهێنى كاریان دەكرد بۆ ئەوەى لە راپرسى 12-9 دا خەڵكى باكورى كوردستان دەنگ بە پرۆژەكەى ئە كەپە بدەن،خەڵكى كوردستانیش بە گومانەوە سەیرى پرۆژەكەى ئەكەپەیان دەكرد و پشتیوانى پارتى ئاشتى و دیموكراتى كوردیان دەكرد.لە بەرنامەكەى ئەو ئێوارەیەى knn دا،من داكۆكیم لە هەڵوێستى پارتى ئاشتى و دیموكراتى دەكرد و دەموت با خەڵكى باكورى كوردستان بەشدارى راپرسى نەكەن،كاك ئەبوبەكر عەلى لەگەڵ ئەوەدا بو، و ە داواى دەكرد گەلى كورد لە باكورى كوردستان دەنگ بۆ پرۆژەكەى ئەكەپە بدەن،كاك ئەبوبەكر پێیوابو بەو گۆرانكاریانە كێشەى كورد لە توركیا چارەسەردەكرێت،منیش پێموابو ئەو گۆرانكاریانە سودى بۆ كێشەى كورد نیە و دیموكراسیەتى توركیا پێشناخات،لە درێژەى گفتوكۆكاندا من بە كاك ئەبوبەكرم وت ئەكەپە بۆیە ئەم جۆرە ریفۆرمانە دەكات تا لە رێگەى ئەو گۆرانكاریانەى دەستورى توركیاوە دەسەڵاتى دام و دەزگاكانى دەوڵەت كەم بكاتەوە و زۆربەى دەسەڵاتەكان بخاتە دەستى حكومەت و لەوێشەوە ئەو كارە نادیموكرات و شۆڤینایانە ئەنجام بدات كە پێشتر ئەرتەشى تورك ئەنجامى داون.
وا ساڵێك بەسەر وتووێژە بە ململانێكەى من و كاك ئەبوبەكردا تێپەرى،ئەگەر مرۆڤ بە ویژدانەوە لە سیاسەتى دواى پرۆژە ریفۆرمخوازەكەى ئەكەپە وردببێتەوە،باش بۆى روندەبێتەوە ئەكەپە لە پێناوى بەهێزكردنى دەسەڵاتى حزب و حكومەتى خۆیدا ئەو گۆرانكاریانەى لە دەستورى توركیادا كردوە،ئەو گۆرانكاریانەى بۆ پێشخستنى دیموكراتى و رێزگرتنى ماف و ئازادى پێكهاتە نەتەوەیى و ئەتنیكیەكانى غەیرە توركى وڵاتى توركیا نەكردوە.
لە دواى ئەوەى پرۆژە ریفۆرمخوازەكەى ئەكەپە لە لایەن خەڵكى توركیاوە لە راپرسى 12-9-2010دا دەنگى پێویستى هێنا،لەو رۆژەوە زیندانى كردن و سزاى سیاسى سەر گەلى كورد زیادى كردوە،كەمى نەكردوە،هەزاران سیاسەتمەدارى كورد لە زیندانەكانى توركیا توندكران، ئەردۆغان لە بۆنەیەكدا وتى ئەگەر عەبدوڵا ئۆج ئالان لە سەردەمى سەرۆك وەزیرى مندا دەستگیر بكرایە لە سێدارەم دەدا،دواى هەڵبژاردنەكانى ئەمساڵیش وا بۆ ماوەى 3 سێ مانگە ریگە نادات پارێزەرەكانى عەبدوڵا ئۆج ئالان ببینن.ئەگەر ئەكەپە لە دادگاى باڵاى توركیادا زۆرینەى دەنگى نەبوایە، چۆن دەیتوانى مافى ئەندام پەرلەمانى لە خەتیب دجلەى كورد وەربگرێتەوە و شوێنەكەى بە ئەندام پەرلەمانێكى سەر بە ئەكەپە پڕبكاتەوە؟
سەرفەرماندارى ئێستەى ئەرتەشى تورك،لە لایەن ئەكەپەوە ئەركدار كراوە،كەچى لە فەرماندارەكانى ترى سوپاى تورك زیاتر هێرشى سەر گەلى كورد دەكات و هۆڤانە تر لەگەڵ مرۆڤى كوردا دەجوڵێتەوەە،تەرمى ئەو 24 شەهیدە كوردە كە لەم رۆژانەدا لە ناوچەى جولەمێرك شەهیدكران تا ئێسەتەش كەس نایاناسێتەوە و نازانن گەریلان یان خەڵكى مەدەنین،لەبەر ئەوەى تەرمەكان شێوێنراون و سەر و لاق و دەست و پێیان لە لەشیان جیاكراوەتەوە.
بەڵى بەو شێوەیە دەردەكەوێت كە پارتى داد و گەشەپێدان ئەو پرۆژە ریفۆرمخوازەى دەستورى توركیاى بۆ ئەوە بوە تا هێندە دەسەلات پەیدا بكات سیاسەتى سەركوتكردن و لە ناوبردنى گەلى كورد زێدەتر لە ئەرتەشى تورك ئەنجام بدات،نەك بۆ ئەوە بێ كە بیەوێت كێشەى كوردى پێ چارەسەر بكات و توركیا دیموكراتیزە بكات وەك ئەوەى كاك ئەبوبەكر و هاوشێوەكانى پرۆپاگەندەیان بۆ دەكرد.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە