کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


رەخنە لە تێگەیشتنێكى دكتۆر مەریوان وریا قانع

Tuesday, 04/01/2011, 12:00


شەوى یەك شەممە2-1-2011، سەیرى ئەو بەرنامەیەى كەناڵى ((knn كرد،كە بۆ هەردوو نوسەر و رۆشنبیر رێبین هەردى و دكتور مەریوان وریا قانع رێكخرابوو،رێبین لە ستودیۆوە، مەریوان بە تەلەفۆن، بەشدارى بەرنامەكەیان كرد،بە شێوەیەكى گشتى بەرنامەكە باش بوو،تێبینیم لە سەر بۆچوونەكانى رێبین هەردى نیە،بەڵام تێبینم لە سەر ئەو بۆچوونەى دكتۆر مەریوان وریا قانع هەیە كە وتى راگەیاندنى سەربەخۆ و نوسەران هەڵەیان كردووە، یان وتى هەڵەمان كردووە كە لە ساڵانى رابوردوودا رەخنەى زۆرمان لە (ى ن ك) گرتووە،دەبوو هەر لەو كاتەوە رەخنەكانمان ئاراستەى پارتى دیموكراتى كوردستان بكردایە.
پێش ئەوەى بچمە سەر شیكردنەوە و راستكردنەوەى بۆچوونەكەى دكتور مەریوان، بە گرنگى دەبینم ئاماژە بەوە بكەم كە لە رۆژانى 28،29-12-2010 دادگاى كەتنى سلێمانى لە سنوورى دەسەڵاتى (ى ن ك)دا، سزاى بە سەر سێ رۆژنامەنوسدا سەپاند كە لە لایەن بەرپرسى دام و دەزگاكانى سەر بە دەسەڵاتى (ى ن ك) سكاڵایان لەسەرتۆمار كرابوو،شوان داودى و رۆژنامەى هەواڵ بە بڕى 21 ملیۆن دینار سزادران،لەبەر ئەوەى رەخنەى لەئەداى دادگاى سلێمانى گرتبوو،بنار هیدایەت بە برَى یەك ملیۆن دینار سزادرا،لەبەر ئەوەى بە نووسینێك لە سایتى كوردستانپۆستدا رەخنەى لە جێگرى وەزیرى ناوخۆى هەرێمى كوردستان گرتبوو،نووسەرى ئەم بابەتە بە بڕى یەك ملیۆن دینار سزادرا،لەبەر ئەوەى بە نووسینێك لە سایتى كوردستانپۆستدا رەخنەى لە دانانى بەرێوەبەرى پێشووى دەزگاى شەهیدانى ئەنفال و كیمیاباران گرتبوو.
لە ساڵانى 2005-2007دا، چەندین جار خەڵكى هەرێمى كوردستان،بەرامبەر بە گەندەڵى و كەمى خزمەتگوزارى بە خۆپیشاندان نارەازایى خۆیان نیشاندا،ئاسایش و پۆلیسى سەر بە دەسەلاتى (ى ن ك) بە گووللە و زیندان و شەق و زللە، وەڵامى خەڵكى نارازى دایەوە وشەهید و بریندار و زیندانكردنى خەڵكى كوردستانى لێكەوتەوە.
با باسى ئەو خەڵكانە نەكەین لە شارەكانى ژێر دەسەلاِتى (ى ن ك) شەهیدكراون ،باسى ئەوانە نەكەین لە خاڵى پشكنینى ژێر دەسەڵاتى (ى ن ك) تەقەیان لێكراوە و گیانیان لە دەستداوە.
من چەندان جار بە بێ بریارى دادگا و بە بریارى سیاسى زیندان كراوم،چەندان جار لە لایەن حزبى دەسەڵاتدار و دام و دەزگاكانى سەر بە (ى ن ك) وە سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە و بانگێشتى پۆلیسخانە و دادگا كراوم،چەندان جارسكڵام لەسەر هێزەكانى ئاسایش و كەناڵەكانى راگەیاندنى ى ن ك كردووە،دادگا لێپرسینەوەى لە سەر نەكردوون.
نازانم دكتور مەریوان ئاگاى لەوتاوانانە هەیە كە من ئاماژەم پێكردن،یان ئەو كەس و لایەنانە بە خەڵك و لایەنى پلە دوو پلە سێ سەیردەگات و بە لایەوە گرنگ نیە چییان بەسەرهاتووە؟ یان ئاگاى لێبووە لەبیرى خۆى دەباتەوە،لەبەر ئەوەى لەم كاتەدا تواناى نیە لە یەك كاتدا ململانێى پارتى و یەكێتى بكات و بەو هەڵوێستەى ئەستۆپاكى (ى ن ك) دەردەخات و هەڵەى خۆى و هاوكارەكانى دەردەخات،كە لە رابوردوودا زۆر رەخنەى(ى ن ك)یان كرووە،بەو تێڕوانینە دەیەوێت دۆستایەتى لەگەڵ (ى ن ك) دروستبكات،لێرەدا دەرفەت دەبێت مرۆڤ بڵێت ئەم هەڵوێستەى دكتۆر مەریوان ئەوە دەگەیەنێت كاتێك دكتۆر مەریوان دژایەتى (ى ن ك)كردووە،هەندێك مراعاتى (پ د ك) كردووە و چاوى لە تاوانى شەهیدبوونى چەندان كەسى نیشتمانپەروەرى دەڤەرى بادینان و دیارنەمانى دیلەكانى شەرى ناوخۆ و كۆمەڵێك شتى ترى پارتى پۆشییوە،بۆیە ئێستەش كە پارتى بە شێوەیەكى راستەوخۆ هاتووە بە گژ دكتۆر مەریواندا،دكتۆر بە تەمایە جێگۆڕكى بە پارتى و یەكێتى بكات و یەكێكیان بكات بە دۆست و تەنها یەكێكیان بە دوژمن بهێڵێتەوە.چەمكى هەڵەى ئۆپۆرتۆنیستى لە پشتى هەڵوێستەكەى دكتۆر مەریواندا شاراوەیە،ئەمە یەك لەو چەمكە هەڵانەیە رۆشنبیر و سیاسەتمەدراى دووچارى هەڵوێست و بریار و كردارو رەفتارى هەڵەو پشووكورتى سیاسى كردووە و دەبێت رەخنە بكرێت.
ئەگەر دكتۆر مەریوان بیوتایە هەڵوێستى دیموكراتى ئەمرۆى (ى ن ك) لە هەڵوێستى ئەمرۆى (پ د ك)،باشترە من رەخنەم لە بۆچوونەكەى نەدەگرت و بە راستیشم دەزانى،بەڵام لەبەر ئەوەى پارتى سكالاى لەسەر دكتۆر تۆمار كردبێت و هەڵە و تاوانەكانى رابوردووى (ى ن ك)بسرێتەوە،ئەمە نە بۆچوونێكى راستە و نە دادپەروەرى تێدایە.
ئەگەر بەرامبەر بە رەخنە و نارەزایى خەڵكى كوردستان،سەیرى هەڵوێستى ئەمرۆى (ى ن ك)بكەین ،دەبینین لە چاو ساڵانى رابوردوودا كەمێك ئارامى ونەرمى پێوە دیارە،بەڵام ئەم هەڵوێستە نەرمەى (ى ن ك) هەڵوێستێكى مەبدەئی نیە،وەكوو خۆیان جاران دەیانوت ئەوە (شەقى زەمانەیە) وایلێكردوون كەمێك نەرم بن،بە بۆچوونى من ئەم نەرمى و كەم دەنگیەى بەرپرسانى (ى ن ك) لە سەر رووداوەكانى ناوخۆ چەند هۆكارێكى هەیە لەوانە:
1.بەو كەمدنگى و نەرمیە كاتى و رێژەییەیان،دەیانەوێت بە خەڵكى كوردستان بڵێن ئەو بەرپرسانەى(ى ن ك) كە كاتى خۆى بە توندى لەگەڵ جەماوەرى كوردستان و لایەنە سیاسیەكانى كوردستاندا جووڵاونەتەوە،ئەو كەسە توندرەوانە بون كە ئێستە ریزەكانى (ى ن ك) بەجێهێشتووە و بزووتنەوەى گۆڕانیان درووستكردووە،ئەمە سیاسەتێكى ناوخۆیى (ى ن ك) كە دواى جیابوونەوەى بزووتنەوەى گۆران كارى بۆ دەكات،بۆ ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لەكەدار بكات و خۆى بێ گوناه بكات.
2.مەنتق دەڵێت بە گوێرەى رێككەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكێـى،دەسەڵاتى كورد لە هەرێمى كوردستاندا دراوە بە پارتى و دەسەڵاتى كورد لە عراقدا دراوە بە یەكێـتى،بۆیە یەكێتى لە سەر كێشە ناوخۆییەكانى هەرێمى كوردستان وەك جاران خۆى بە بەرپرس نازانێت و تا رادەیەك وەك هێزێكى نیمچە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمداهەڵسووكەوت دەكات.
3.دواى جیابوونەوەى بزووتنەوەى گۆڕان، (ى ن ك) لاواز بووە،یەكێتى زۆربەى تواناى خۆى بۆ رێكخستنەوە و گەشەپێدانى حزب تەرخان كردووە،هەوڵیش دەدات پارتى و گۆڕان بە ململانێى حزبیەوە خەریك بكات و لە سێبەرى ئەو ململانێ حزبیەدا كەمێك بحەسێتەوەو لە سەر سلبیاتى پارتى و گۆڕان كەمێك ئاهى بە بەردا بێتەوە..
بۆیە گرنگە رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانى باشوورى كوردستان،وەك دكتۆر مەریوان، نەكەونە داوى ئەم هەڵوێستە تەكتیكیانەى سەركردایەتى یەكێتى نیششتمانى كوردستانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە