کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئایا عوسمانى حاجى مەحمود داواى لێبوردنى لە خەڵكى دەربەندیخان كردووە؟

Saturday, 13/02/2010, 12:00


كاتێك كۆمپانیاى وشە و بزووتنەوەى گۆران دەستیان بە تێكۆشان كرد،لە ناو پێكهاتەجیاكانى كۆمەڵگاى كوردستاندا یاخیبوون و نارەزایەكى زۆر دژى دەسەلاتى هەرێم دروست بووبو،بە حوكمى ئەوەى بەرپرسەكانى كۆمپانیاى وشە كەسانى دیار و خاوەن ئەزموون بوون،وە تواناى مادى و راگەیاندنیان لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ دابینكرا،توانیان زۆر لەو تاك وپێكهاتە نارازییانەى هەرێمى كوردستان لە خۆیان كۆبكەنەوە و ئارامیان بكەنەوە و بۆ سەرخستنى بزوتنەوەكەى خۆیان بەكاریان بهێنن.لە بەرامبەر ئەوەدا كە خەڵكى نارازى كوردستان پشتیوانى بزوتنەوەى گۆران دەكات،مەرجێكى هەبو،كە بزووتنەوەى گۆران وەك حزبە دەسەلاتدارەكانى ترى هەرێمى فێڵ لە خەڵك نەكات و لە كاتى سەركەوتندا ئەو بەلێنانەى لە بیر نەكات كە پێش سەركەوتن بە خەڵكى داون.بە بۆچوونى زۆر كەس باشترین نیشانەو بەڵگە بۆ ئەوەى بزووتنەوەى گۆرانیش لە دواى سەركەوتن وەك حزبە دەسەلاتدارەكانى ترى كوردستانى لێنەیەت، ئەوەیە، ئەو هەڵسوراوانەى گۆران كە كاتى خۆى لە هەندێك دەزگاى حكومەتدا بەرپرس بوون و پێگە و دەسەڵاتى خۆیان خراب بەكارهێناوە و بەرامبەر بە خەڵك تاوانیان ئەنجام داوە و مافەكانى خەڵكیان ژێرپێ خستوە،دەبێت پێش هەموو شتێك داواى لێبوردن لە خەڵكى كوردستان بكەن و پەیمانى شەرەف بدەن كە ئەگەر لە ئایندەدا دەسەڵاتیان وەرگرت، هەمان رەفتار و كردارى جاران لەگەڵ خەڵك دووبارە ناكەنەوە.
وا ماوەى دوو ساڵ بە سەر دامەزراندن و پێشكەوتنى بزووتنەوەى گۆراندا تێپەرى،ئەو كەسانەى كە لە رابوردوودا پێگەو دەسەلاتى خۆیان دژى خەڵكى كوردستان بەكار هێناوە و ئێستە لە بزووتنەوەى گۆراندا كار دەكەن، تا ئێستە ورتەیان لێوە نەهاتوە ولەوە ناچێت بیریشیان لەوە كردبێتەوە كە زیانیان بە كەس گەیاندبێت تا داواى لێبوردن لە خەڵك بكەن،ئەمەش واى كردوە خەڵكى كوردستان بە گۆمانەوە چاوەروانى ئایندەى بزوتنەوەى گۆران بكەن.
لە هەواڵەكانى ئەم شەوى(13-2-2010) كەناڵى تەلەفزیۆنى K N N)) دا باس لەوە كرا كە لیستى گۆران لە شارۆچكەى دەرەندیخان ئۆفیسى كردەوە،لەو هەواڵەدا هات كە عوسمانى حاجى مەحمود وەك چالاكوانى لیستى گۆران بە بۆنەى كردنەوەى ئۆفیسى گۆرانەوە قسەى بۆ خەڵكى دەربەندیخان كردووە.هەموومان دەزانین كە عوسمانى حاجى مەحمود ئەندامى مەكتەب سیاسى ى ن ك بو، بۆ ماوەى چەندین ساڵى وزیرى ناوخۆى حكومەتى هەرێمى كوردستان بو،عوسمانى وەزیر و داناى ئەحەمد مەجیدى پارێزگارى سلێمانى و سەركەوت عەزیز بەرێوەبەرى ئاسایشى سلێمانى لە ساڵانى 2005-،2008 دا، راستەوخۆ دەستیان لە سەركوتكردنى خۆپیشاندان و نارەزایەكانى خەڵكى كوردستاندا بووە،ئەمرۆ بەرپرسى چالاك و هەڵسووراوى بزووتنەوەى گۆرانن،لەو سالانەدا چەندان جار گەنجانى هەرێمى كوردستان لە بەر نەبوونى كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارى تر، بە شێوازى مانگرتن و رێپێوان نارەزایان نیشاندا،عوسمان و داناو سەركەوت و ئەو سەیفەدینەى كە تارق رەمەزانى ئازاد كرد،بە گرتن و راونان و برینداركردن و كوشتن، بەربوونە گیانى خەڵكى نارازى كەلار و هەڵەبجە و كفرى و دەربەندیخان و سلێمانى و شوێنەكانى ترى كوردستان و بە ئاژاوەچى و دەستى دوژمن ناوزەدیان كردن.
ئەمرۆ(عوسمان و داناو سەركەوت)ئەندامى باڵا و چالاكوانى بزووتنەوەى گۆرانن و لە بانگەشەى هەڵبژاردندا بەشدارى دەكەن و داوا لەو گەنجانە دەكەن كە پێش چەند ساڵێك برینداریان دەكردن ودەیانكوشتن و زینداینان دەكردن،دەنگ بدەن بە لیستى گۆران،واتە داوا لە قوربانیەكانى خۆیان دەكەن دەنگ بدەن بە جەلادەكانیان.
باش لە بیرم دێت لە دواى رێپێوانى خەڵكى دەربەندیخان، ژمارەیەكیان دەستگیر كران،هەندێكى تریان وەك دكتۆر حەكیم و برادەرەكانى بریارى دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو بوو،بەڵام خۆیان لە دەستى هێزەكانى ئاسایش قوتار كردو،تا ماوەیەكى درێژ خۆیان حەشار دا،عوسمانى وەزیرى ناوخۆى ئەوكات و چالاكوانى بزووتنەوەى گۆرانى ئەمرۆ هەموو تواناى خۆى بەكاردەهێنا بۆ ئەوەى دكتور حەكیم و برادەرەكانى دەستگیر بكات.ئەمرۆ عوسمانى حاجى مەحموود چۆتە دەربەنیخان بە بۆنەوەى دەستپێكردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى لیستى گۆرانەوە قسەى بۆ خەڵكى دەربەندیخان كردووە،من نازانم چۆن قسەى كردووە و چى وتوە،بەلام من واى بۆ دەچم باشترین كات بۆ ئەو چالاكوانەى گۆران ئەمرۆبوو كە داواى لێبوردن لە خەڵكى دەربەندیخان بكات،بۆ ئەوەى خەڵكى كوردستان زیاتر بروا بە بزووتنەوەى گۆران بكەن و بزووتنەوەى گۆرانیش نیشانى بدات كە گۆراون و ئەگەر جارێكى تر دەسەڵاتیان وەرگرتەوە وەك جاران لە بەرامبەر نارەزایى خەڵكى كوردستاندا بە گوللە و زیندان ووڵامى خەڵك نادەنەوە.
13-2-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە