کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


خەڵك لەگەڵ هێزى گەریلادایە، بە سیاسەتى نانەتەوەیى دەسەڵات رازى نابێت

Friday, 21/10/2011, 12:00








رۆژى 19-10-2011 هەواڵى شەرى نێوان گەریلاكانى پەكەكە و سوپاى توركیا لە ناوچەى چەلێ ى باكورى كوردستان بڵاوكرایەوە،لەو شەرەدا گەریلاكان زیانێكى مەزنیان بە سوپاى تورك گەیاند و نزیكەى 100 كەسیان لێكوشت و برنیدار كرد.
ئەو كردە سەربازیەى هێزەكانى پاراستنى گەلى باكورى كوردستان دژى سوپاى توركیا،كاردانەوەى جیا جیاى لێكەوتەوە،بەرپرسانى توركیا دەستیاندایە لێداوانى هەرەشەئامێز و پەیمانى تۆڵەكردنەوەیان دا،بەرپرسانى ئەمریكا و فەرنسا و پەیمانى ناتۆ، كردە سەربازیەكەیان ئیدانە كرد و جارێكى تر پشتیگیرى خۆیان بۆ توركیا لە دژى شۆرشى گەلى كورد دوپاتكردەوە.
لە هەرێمى كوردستانەوە سەرۆكایەتى هەرێم كردە سەربازیەكەى ئیدانە كرد و بە تاوان وەسفى كرد،سەرەخۆشى لە بنەماڵەى سەربازە كوژراوەكان و حكومەتى توركیا كرد ،بۆ رۆژى دوایى نێچیروان بەرزانى سەردانى توركیاى كرد و لە كۆنگرەیەكى رۆژانامەوانیدا ئیدانەى كردە سەربازیەكەى كرد و ئاماژەى بەوەدا كە بۆ رێگەگرتن لە دوبارەبونەوەى ئەو روداوانە لەگەڵ توركیا درێژە بە پێوەندى و كارى هاوبەش دەدەن.ئەم هەڵوێستە نا نەتەوەیى و نالۆژیكیەوى دەسەڵاتدارانى باشور لە كاتێكدایە ساڵانێكە هێزى پاراستنى گەلى باكورى كوردستان لە لاى خۆیەوە ئاگربەسى راگەیاندوە،بەڵام رۆژانە بەرهێرشى سوپاى تورك دەكەوێت و شەهید و بریندار دەدات ،كەچى بەرپرسانى هەرێم ئیدانەى هێرشەكانى سوپاى توركیا ناكەن، ئەم هەڵوێستەى بەرپرسانى باشور لە كاتێكدایە، حكومەتى توركیا بە بەردەوامى هەڵمەتى دەستگیركردنى چالاكوانانى سیاسى و پەرلەمانتاران و سەرۆكى شارەوانیەكانى باكورى كوردستان ئەنجام دەدات،بەرپرسانى هەرێم ئیدانەى ئەو سیاسەتە سەركوتكەرەى حكومەتى توركیا ناكەن.بەڵام كاتێك گەریلاكانى باكور وەك هەوڵدان بۆ سنورداركردنى هێرشى سوپا و سەركوتكردنى حكومەتى توركیا چالاكیەك دەكەن، بەرپرسانى هەرێم سەرى دنیایان لێدێتەوە یەك و نازانن بۆ رازیكردن و دڵدانەوەى بەرپرسانى تورك و نێگەران كردنى گەلى كورد چى بكەن ،دێن و ئیدانەى چالاكیە سەربازیەكەى گەریلا دەكەن و بەرامبەر بە هێرشە سەربازى و سیاسیەكانى توركیا هیچ ناڵێن،دێن و سەرەخۆشى لە بنەماڵەى سەربازەكانى توركیا و لە حكومەتى توركیا دەكەن،بەڵام نەك هەر سەرەخۆشى لە بنەماڵەى گەریلا شەهیدەكان ناكەن،چالاكى گەریلاكان بە تاوان لە قەلەَم دەدەن و دەڵێن ئەو چالاكیە گەورەترین زیانى بە بەرژەوەندى نێوان گەلى كورد و گەلى تورك گەیاندوە.
ئەو هەڵوێستەى سەرۆكایەتى هەرێم و سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرى سەرۆكى پ د ك، پشتیوانیە لە توركیا و دژایەتى شۆرشى باكورى كوردستانە،هەڵوێستى گەلى كورد نیە،تەنها هەڵوێستى پێكهاتەیەكى دەسەڵاتدارى هەرێمى كوردستانە كە بە بەرژەوەندى ئابورى و هەواڵگرى و شتى ترەوە بە پێكهاتەى دەسەڵاتدارى توركیاوە بەستراوە و هیچى تر،هەڵوێستى گەلى كورد لە باشورى كوردستان پێش هەر شتێك ئیدانەى سەركوتكردنى سیاسى و زیندانیكردنى سیاسەتمەدارانى كورد دەكات كە رۆژانە لە لایەن حكومەتى ئەردۆغانەوە ئەنجام دەدرێت ،هەلوێستى گەلى كورد ئیدانەى هێرشەكانى سوپاى توركی و شەهیدكردن و شێواندنى تەرمى گەریلا دەكات،ئیدانەى ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەى باكور دەكات كە تەرمى خەڵكى سڤیلى باكورى كوردستان و گەریلا شەهیدەكانى تیدا شاردراوەتەوە.ئەگەر دەوڵەتى توركیا لە گۆرى بە كۆمەڵدا تەرمى خەڵكى سڤیل و گەریلاى باكورى كوردستان نەشارێتەوە،مافە سیاسیەكانى خەلكى كوردستان پێشێل نەكات،هەزاران كەس نەخاتەزیندانەوە،لە ناو زیندانیش گۆشەگیرى لە سەر رێبەرى پەكەكە عەبدۆڵا ئۆج ئالان نەسەپێنێ،ئەو كات چالاكى سەربازى گەریلاكان پێویست نابێت،بۆیە بە پێى هەست و لۆژیك، چالاكیەكەى رۆژى 19-10 ،وەڵامى سیاسەتى شۆڤینى و سەركوتكەرى دەوڵەتى توركیایە بوە،دەبو بەرپرسانى هەرێمى كوردستان ئیدانەى لایەنى سەرەكى روداوەكەیان بكردایە كە سیاسەتى حكومەتى ئەردۆغا ن و هێرشەكانى سوپاى توركیایە،نەك چالاكیەكى خۆپارێزانەى هێزەكانى پاراستنى گەلیان بەو شێوەیە ئیدانە بكردایە و ملى رێگەى ئەنقەرەیان بگرتایە..
خاڵێكى تر لە هەڵوێستى بەرپرسانى هەرێمى كوردستان لە سەر شەرى نێوان گەریلا و سوپاى تورك كە لە زمانى نێچیروان بەرزانیەوە دزەى كرد،ئەوەبو كە هەردولا لە پێوەنیدا دەبن و دژى (پ ك ك)پێكەوە كار دەكەن،بریاریشە بەم نزیكانە سەرۆكى هەرێمى كوردستان سەردانى توركیا بكات،لەوەش مەترسیدارتر ئەوەبو،لە دواى قسەكانى نێچیروان بەرزانى لە ئەنقەرە،سوپاى توركیا دەستى بە هێرشێكى فراوانى سەربازى كرد بۆ سەر سنورەكانى باشورى كوردستان.ئەمەش نیشانى دەدات كە بەرپرسانى هەرێمى كوردستان رزایبونى خۆیان نیشانداوە بۆ هێرشى سوپاى توركیا،ئەگەرى ئەوەش هەیە جارێكى تر بۆ هێرشى سەر گەریلاكانى پەكەكە هاوكارى سوپاى توركیا بكەن.
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە سازشكارەى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستاندا،گەلى كورد بە پێچەوانەى دەسەڵاتەوە هەڵوێست نیشاندەدات،رەوایى بە چالاكى گەریلا دەدات و ئیدانەى كردە سەربازیەكانى سوپاى توركیا و ئۆپراسیۆنە سیاسیەكانى حكومەتى ئەردۆغان دەكات،سەرەخۆشى لە بنەماڵەى گەریلا شەهیدەكان و هێزى پاراستنى گەل دەكات،بە چالاكى جەماوەرى و دیموكراتى، سیاسەتە شۆڤینى و سەركوتكاریەكانى توركیا و هەڵوێستە نانەتەوەیى و نادیموكراتەكانى بەرپرسانى هەرێم ریسوا دەكات.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە